خۆسووتاندن، خۆکوژی و هاوسەری منداڵ لە داڵاهۆ، لەبێدەنگی میدیاکانی ئێران

  • ۹ مانگ پێش

ڕۆژنامەی شەرق چاپی تاران ڕۆژی یەکشەمە 4ی پووشپەڕی 1402، لە ڕاپۆرتێکدا دۆخی خۆکوژی و خۆسووتاندن ژنان و کچانی کورد لەداڵاهۆ خستۆتە ڕوو و نووسیوەیە:

“بەسەرهاتی هەریەک لەم ژنانە گرێدراوی گیڕانەوەیە بە شێوەی توندوتیژی و تەنیاییە. خۆکوژی و خۆسووتاندن ژنانی داڵاهۆ، وەک هەندێک ناوچەکانی دیکە وڵات، چاندێکی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆتە کردارێکی تەشەنەسەندوو بۆ دەربڕینی توندوتیژی و ناڕزایەتی ئەم ژنانە کە لەزۆربەی نموونەکاندا ئەنجامەکەی مردنە. بەسەرهاتی هەندێک لەم ژنە قوربانی بووانە بە هۆی کەشی کۆمەڵایەتی تایبەتی ناوچەکە، هەرگیز ناگوترێنەوە. ئەو ژنانەی کە لە تەنیایی دا باری توندوتیژی ماڵباتیان لەسەرشانە و لە کۆتایی دا لەڕێگەی خۆسووتاندن کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. مردنە ترسناکەکان کە لەوانەیە هۆکاری بەشێک لەوانە بۆ کەشی پیاوسالارانەی زاڵ لەناوچەکە و سنوردارکردنی پیاوانە بۆ ژنان، بگڕیتەوە”.[i]

ڕاستییەکە ئەوەیە کە وێڕای پەرەسەندنی شارستانییەت و سەرنج خستنە سەر مافی ژنان و کچان، هەڵکشانی ژمارەی ژنانی خوێندەوار و بەڕێوەبەر و مامۆستای زانکۆ و چالاکی ئابووری، پەرەسەندنی تۆڕەکانی پەیوەندی تەنانەت لە دوورتردین شوێنی سەر سنوور، زیادکردنی ژمارەی ژنانی ئیشکەر و… و فاکتەرەکانی دیکە کە بۆ کۆمەڵگایەکی ئاسایی لە وێژەوانی کۆمەڵناسی و زانستە ڕامیاریەکانی دا دەخرێتە بەر باس، هێشتا ژنان لە ئێران دا و هەڵبەت لە جیهان دا، ڕووبەڕووی سنورداربوونی ڕژدن. ئەمانە وێڕای ئەوەی کە ئیش و ئەرکی یەکسانیان هەیە، لە پێگەی یەکسان، مووچەی کەمتر لە پیاوان وەردەگرن، ڕووبەڕووی توندوتیژی زارەکی، ڕەگەزی و جەستەیی دەبنەوە و هێشتاش وەک ڕەگەزی دووەم هەژمار دەکرێن. ئەمە لە ئێران دا، هەرچەندە لە ناوەندەوە بەرە پەراوێز و پارێزگا پەرەنەسەندووەکان دەڕۆیت، زۆرتر خوی دەنوێنێت. ئاستی خۆسووتاندنی ژنان و کوشتنی نامووسی و منداڵ هاوسەری لە گوندەکان و ناوچە سنووریەکان زۆرترە لە شارەکانی وەک تاران و شیراز. هاوسەرگیری زۆرەملێ لە ئەنجام دا دەبێتە هۆی خۆسووتاندن و خۆکوژی کە شێوەیەکە لە بەیانی ناڕزایەتی و ئەم پرسە لە ناوچە کوردنشینەکان دا تۆخترە.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی شەرق کە چەند گێڕانەوەی لێکداوەتەوە لەبارەی ژنانی داڵاهۆ، چەند خاڵ لە خۆ دەگرێت:

  • هەڵکشانی ژمارەی هاوسەرگیریە زوو و زۆرەملێیەکان بە گوشاری ماڵبات
  • کەشی پیاوسالارانی ناوچە و ماڵبات
  • کرداری کردنی سنوورداری لەسەر ژنان و کچان بەتایبەت لە هاتۆچوو و خوێندن
  • حەزی کچان لە خوێندن و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرکوتی ئەم حەزە لە لایەن هەستی خاوەنداریتی باوک/برا/ پیاو
  • گۆشەگریری ژنان تەنانەت دوای هاوسەرگیری و دەوری هاوسەری / هاوسەر لەم بوارەدا
  • سەرکوتی حەز و سەپاندنی هێنانی منداڵ/ لەماڵەوە بووین بەس بۆ ژنان
  • سەپاندنی ئیشی قورس و لەدەرەوەی توانای ژنان و کچان لەسەر دەستی چاندی ماڵبات/ ناوچە
  • خویندنەوەی هەڵە لە چەمکی خیرەت و پاڵپشتی کران لەلایەن پیاوان کە بۆتە هۆی جوێن داین و لێدانی ژنان و کچان
  • نەبوونی کەرەستەی ئاسایش/ سەیران بۆ ماڵباتەکان لەناوچە جیاوازەکان
  • توندوتیژی سەیری پیاوان لەدژی ژنان
  • ئاستی بەرزی توندوتیژی ماڵباتی
  • خوێندنەوەی نەرێنی کۆمەڵگا/ ماڵبات لە چەمکی ژن و مافی جیابوونەو ە خوێندنی ژنان و کچان
  • نەبوونی دەوری پاڵپشتی باوک/ ماڵبات لە کچان و ژنان
  • نەبوونی زانیاری ژنان و کچان لەمافی خۆیان (بە هۆی لاوازی چاندنی، کەموکۆڕی سیستمی فەرمی پەروەردە و ڕاهێنان و …
  • نەرێنی خوێندنەوەی کردارە ئاساییەکان وەک ڕێگەچوونی ژنان لە شوێنە گشتییەکان
  • هەژاری ئابووری ناوچەکە و…

ئەم پرسانە کە چاودێر پێشتر ئاماژەی پێدابوو، لە لاوازی دەسەڵات لە پەروەردە، چاندنی چاند و پەرەسەندوویی هەمەلایەنە و جێگیردایە. یەکێک لە هێماکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەتایبەت ئاسایشی دەروونی، ئاست و شێوەی پەیوەندی کوشتن و تاوانە بەتیابەت تاوانە ماڵباتییەکان. لەنێوان تاوانە ماڵباتییەکانیش، کوشتنی نامووسی، چ کوشتنی خۆشک یا برا، کوشتنی ژن یا هاوسەر، کوشتنی منداڵ، باوک یا دایک، پێگەیەکی تایبەتی هەیە. هەڵبەت ژن زۆرتر لە پیاو دەبنە قوربانی کوژرانی نامووسی و ماڵباتی. لەئێڕانیش کوشتنی نامووسی و هەروەها توندوتیژی ماڵباتی، دابەشبوونێکی نایەکسانی هەیە، هەرچەندە لە بەشەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای وڵات بەشێکی زۆر لە ئامارەکان لە خۆ دەگرێت. بەڵگەکان دەریدەخەن کە لە هەموو ولات دا توندوتیژی ماڵباتی لە سەرووی هەموو سەردانەکانن بۆ ناوەندەکانی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی. نیزیکی بیست لە سەدی هەموو کوشتنەکان لە وڵات دا، نامووسین و لەسەدا چلیش ماڵباتین. ئامارەکان دەریدەخەن کە لەساڵی 1400 ئاستی ڕوودانی کوشتنە نامووسییەکان لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوایی وڵات، ڕوو لە هەڵکشانە و لەبەراورد بە ساڵی پار، دە نموونە زیادی کردووە. ئەمساڵیش کوشتنی نامووسی لە ڕۆژئاوای وڵات لە هەڵکشان دا بووە. دە لەسەدی کوشتنە نامووسییەکانی جیهان لە ئێران دایە و ئەمە هۆشداریە بۆ بەرپرسان و ناوەندەکانی زانست، ئاکادمیک و لێکۆڵینەوە کە پێویستە گرنگی زۆرتری پێبدرێت.

چاودێر پێشتر پێشنیازی کردبووە کە گۆڕینی یاسا و پاڵپشتی ڕژد لە کۆمەڵگای ژنان و کچان، پێشکەوتنی ئابووری و چاندنی ناوچەکە، دەستێوەردانی ڕژدی دەزگاکانی بەرپرسیار وەک پەروردە و دەنگ و ڕەن و زانکۆ و … دەتوانێت ڕەوتی توندوتیژی لەدژی ژنان لەناوەچە کوردنشینەکان دا ڕاوەستێنێت. هەمووی ئەم هەنگاوانەی سەرەوە ئەرکی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییە. لەم بوارەدا، کەرتی تایبەت، ڕۆشنبیرانیش ئەرکدارن، بەڵام هەنگاوە گرنگ و سەرەکییەکان لەبواری پەروەردە و پاڵپشتی داد و ماف و … لە ئەستۆی دەوڵەتە. گەر دەوڵەت لەبواری هەژاری، پەروەردە، گۆڕینی ژێرخانی پیاوسالاری کۆمەڵگای کوردی و… دەستێوەردان نەکات، ڕۆشنبیران بە تەنیا هیچیان پێ ناکرێت. ڕێگا چارەی ئەم پرسەش لە ناوخۆی ئێران و لە ناوچە کوردنشینەکانە و یاریزانی سەرەکیش دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە و کۆمەڵگای کورد دەبێت لەپێناو ئەم چالسازیانە هاوکاری بکات.

[i].https://www.sharghdaily.com/fa/tiny/news-885219

[ii].https://www.sharghdaily.com/fa/tiny/news-885198

 

خودسوزی، خودکُشی و کودک‌همسری در دالاهو در سکوت رسانه‌های ایران

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

کوردی

نوێترین ناوەڕۆک