کۆڵبەری ئیش نییە! ئیشێکی سەقامگیر بئافرینن

  • ۱۰ مانگ پێش

ئیشی گونجاو، سەقامیگر بە داهاتی تەواو بۆ کەسی ئیش کەر، بەمەبەستی دابین کردنی بژیوی ژیان، یەکێک لە مافە سەرەکییەکانە.

لە ڕاستی دا دەستپێڕاگەیشتن بە ئیش، یەکێک لە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤە، کە بەشێکە لە مافی مرۆڤ و واتای چەمکی ئاسایشی ئیش و داهاتیش بە واتای “نەبوونی هەرجۆرە گوشارێکی دەرەکی لەدەرەوەی کۆنترۆڵی تاکەکانی کۆمەڵگایە، لەپێناو ئیش کردن و وەدەستخستنی ئیش و داهات تا بگاتە ئاستێکی مامناوەندی ئاسایشی ئابووری. هەروەها مافی ئیش کردن وەک بەشێکی دانەبڕاوی مافی مرۆڤە. لە بڕگەی ئا لەمادەی 23ی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دا هاتووە: “هەرکەس مافی ئیش کردن، هەڵبژاردنی ئیش بە شێوەی ئازاد، مەرجی دادپەروەرانە و پەسەندکراو بۆ خۆی هەیە و ئەو مافەشی هەیە کە لەکاتی بێ ئیش بوون دا پاڵپشتی بکرێت”.

لەیاسای کۆماری ئیسلامیش دا سەرنج خراوەتە سەر ئەم پرسە. لە مادەی 28 یاسای بنەڕەتی، هاتووە: “هەرکەس مافی هەیە ئەو ئیشە بکات کە حەزی لێیە و دژی ئیسلام و بەرژەوەندی گشتی و مافی کەسانی دیکە نەبێت، هەڵبژێرێت. دەوڵەت ئەرکدارە بەڕەچاوکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا بە ئیشی جیاواز، بۆ هەموو تاکەکان دەرفەتی ئیش و کار و مەرجی یەکسان بۆ ئیش دار بوون بڕەخسێنێت”. هەروەها لە بڕگەکانی 3 و 4ی مادەی 43 دا جەخت کراوەتەوە لەسەر “ڕێکخستنی بەرنامەی ئابووری وڵات بە جۆرێک کە شێواز و ناوەڕۆک و کاژێری ئیشەکە وەها بێت کە هەر کەس جگە لە ئیش کردن، دەرفەت و توانای تەواوی بۆ خۆپەروەردەکردنی مەعنەوی، ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و بەشداری چالاک لە سەرۆکایەتی وڵات و پەرەدان بە بەهرە و تواناکانی هەبێت و ڕەچاوکردنی ئازادی هەڵبژاردنی ئیش، و زۆر نەکردن لە تاکەکان بۆ ئەوەی کە ئیشێکی دیار بکەن و پێشگرتن لە بێگاری کردن و بردنی قازانجی کەسانی دیکە”.

شایانی باسە کە لە مادەی 29 داش جەخت کراوەتەوە کە “هەبوونی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لەبواری خانەنشین بووین، بێ ئیشی، پیری، نەبوونی توانای ئیش کردن، نەبوونی گەورەی ماڵ، ڕووداوەکان، پێویستی بە خزمەتگوزاریە تەندرووستی – دەرمانییەکان و چاودێری پزیشک بە شێوەی بیمە و…، مافی هەمووانە. دەوڵەت ئەرکدارە بە پێی یاسا لە شوێنی داهاتە گشتییەکان و داهاتی دەسکەوتوو لە بەشداری خەڵک، خزمەت و پاڵپشتی دارایی باس کراو بۆ یەک یەکی تاکەکانی وڵات دابین بکات”.

بەم باسە یاسایی و مافی مرۆڤە، ئایا دەکرێت کە ناوی کۆڵبەریش بنرێت ئیش؟ وڵامە سەرەتاییەکان دەڵێت نا. هۆکاری ئەمەش پیشتر لەلایەن چاودێرەوە ڕوونکراوەتەوە: “ئیشی کۆڵبەری بەردەوام نییە و هەر کات و سات لەوانەیە بە هۆکاری ڕامیاری، ئابووری، ئاسایشی و… لەناو بڕوات و دوەم ئەوەی کە بە هۆی ئەوەی کە گیانی کۆڵبەران بەردەوام لە مەترسی ڕژدایە (تەقەی چەکدارانی ئەرکدارە، پێکدادان لەگەڵ قاچاخچییەکان و گرووپە چەکدارەکان، داکەوتن لەشاخەکان و گوشاری ئیشی کۆڵبەری) دان، بە ئیشێکی ئارام و گونجاو هەژمار ناکرێت. واتە مافی کۆڵبەران بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە ئیشێکی گونجاو، پێشلکراوە (پێشلی مافی مرۆڤ و یاسا بنەڕەتییەکان). هەروەها لەم ئیشەدا، پاراستن لەبەرانبەر لەدەست داینی ئیشی بە داهات (ئاسایشی ئیش) واتای نییە. چوونکە فەرمانبەری فەرمی بوونی نییە. بۆیە مافی ئاسایشی ئیشیش پێشل دەکرێت. ئاسایشی داهات (دڵنیا بوون لە وەرگرتنی مووچە)، بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتی لە کاتی خانەنشین بوون و نەبوونی توانای ئیش لەم ئیشەدا بوونی نییە.

بۆیە کۆڵبەری ئیش نییە و دەبێت لابدرێت. کەوایە بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، جەخت لە سەر ڕێکخستنی کۆڵبەران دەکەنەوە؟ لەکاتێکدا کە دەبێت ئیشێکی سەقامگیر و بەداهات لە ناوچە کوردنشینەکان و هەڵبەت لە شوێنە بێ بەشەکانی دیکەی وڵات لە ئەجێندایاندا بێت.

وڵامەکە دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی بیرکردنەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی. لەڕاستیدا دەبێت پێشینەی ڕوانگایان بۆ کۆڵبەری لێکبدرێتەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی کاتێک کە سەرۆکی دەزگای داد بوو لە دیدار لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی دابینکردنی پارێزگای کرماشان جەختی کردوەوە: “وەزارەتی سەمت، گۆمریک و هێزە چەکدارەکان دەبێت ژێرخانەکانی بازارچەی سنووری لە کرماشان و زەمینەی بەیاساکردنی چالاکی کۆڵبەران بڕەخسێنن”. ئەمە واتای ئەوەیە کە بەرپرسانی ئێران نایانەوێت ئەم دیاردە ناشیرینە لەنا ببردرێت؛ بەڵکوو دەیانەوێت بەیاسایی بکەن. واتە لەڕێگای دامەزراندنی بازارچەی سەرسنوور، کۆڵبەران کاڵاکانیان لە بازارچە سنووریەکان بفرۆشن. واتە کۆڵبەری درێژەی هەبێت. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە هەر ئەم دامەزراندنی بازارچە سنووریانە ئەنجامێکی گونجاو و باشی نەبووە. ڕەئیسی کاتێک کە بووە سەرۆک کۆماریش هەر بەدواداچوونی بۆ ئەم ڕوانگەیە کرد. ئەو لەساڵی 1400 فەرمانی دا کە بەمەبەستی پێشگرتن و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ، ئاماژەی بە ڕێکخستنی بازارچە سنووریەکان و کاڵا کۆڵبەریەکان تا هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان دەزگاکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ و دراڤ کرد. واتە بەرپرسانی ئێران، بەدوای چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوازی بنەڕەتی نیین و دەیانەوێت کۆڵبەری ڕێکبخەن. دوای ئەوەش بەم تێگەیشتنە ناتەواوەوە نەگەیشتوونە چارەسەری بۆ پرسەکە و هەر ئەو بازارچە سنووری و یاریدەری بژیوەی ژیان و… یش پرسەکەی چارەسەر و یا مەرجەکانی باشتر نەکردووە. لەڕاستیدا، باسی ڕێکخستنی کۆڵبەران بەم واتایەیە کە دەوڵەت ڕێگای داوە کە بڕۆن و ئەوەندە کۆڵ بێنن.

چاودێر زۆر جار جەختی کردووتەوە، ڕێگاچارەی سەرەکی، پەرەسەندوویی ئابووری و بەڕێ کردنی وەبەرهێنانی بە حسێب بۆ ناوچە سنووریەکان وڵات لە سیستانەوە بگرە تاکوردستان و پاراستنی وەبەرهێنانی خەڵک و کەرتی تایبەتە. ڕێکخستنی کۆڵبەری و سووتەمەنی بردن، ڕێگا چارەی قەیرانەکە نییە. دەوڵەتی ئێران دەبێت بزانێت پەرەسەندوویی و ئاسایش گشتی خەڵکی کورد، ئەرکی یاساییانە. کاتێک کە پارێزگا یەک ملیون و شەشسەد هەزار کەسی بەس فڕۆکەخانەیەکی هەیە و ئەویش لە ڕۆژانی پشودا هیچ فڕینێکی تێدا نییە، پەرەسەندوویی و سەقامگیری و بەرزبوونەوەی بازرگانی لەگەڵ ئێراق و ناوچە جیاوازەکان، چۆن دەبێت بکرێت؟ کاتێک بازرگانی بیانی و ناوخۆیی لەم پارێزگایەدا لە نزمترین ئاستی خۆی دایە، بازارچە سنووریەکان، چۆن کێشەی کۆڵبەری چارەسەر دەکەن؟ فڕینەکانی فڕۆکەخانەی سنە لەکاتێکدایە کە دوای داخرانی پێنج مانگە، ئێستا بەس لەڕۆژانی پێنج شەمە دا فڕینی هەیە کە لەڕۆژێکی بێ کەڵک دایە و گەر کەسێک بە ئارمانجی ئیشی ئیداری بە فڕۆکە بفڕێت بۆ تاران دەبێت یەک هەفتە چاوەڕێ گەڕانەوە بێت. هەر ئەم یەک فڕینەش بەرە تارانە. واتە هیچ فڕۆکەیەک لە سنەوە بەرەوە کیش، قشم، گیلان، مەشهەد، هەولێر، ئێراق، سلێمانی و نەجەف و ئیسفەهان و… بوونی نییە و نافڕێت.

شایانی باسە کە ڕێگاکانی پارێزگای کوردستان و ڕێڕەوی ئاسنی لەم پارێزگایەدا، لەئاستێکی زۆر نزمدایە. پەرەسەندوویی و هەڵکشانی تێکەوتنی وەبەرهێنان، گەشتیاری و کاڵا و گەشانەوەی ئابووری لەناوچە سنووریەکان پێویستی بە ڕێگایەکی باش بە چۆنایەتی و ئارام هەیە. ئایا ئەمە لە کوردستان هەەی؟ وڵام نەخێرە. بۆیە دەبێت جەخت بکرێتەوە کە ڕێکخستنەوەی کۆڵبەری ڕێگا چارە نییە.

بەڕێزان، ئێوە ژێرخانە ئابووری و پەرەسەندووەکان و هەروەها ئیش و کار لەناوچە بێ بەشەکان دا بڕەخسێنن، کۆڵبەری کەم دەبێتەوە. کاتێک کە هیچ ئیشێک نییە و ڕێڕەوی پەرەسەندوویی بوونی نییە، تەنیا و هەڵبەت مەترسیدارترین ڕێگا بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان، هەر کۆڵبەریە.

کولبری شغل نیست! شغل پایدار ایجاد کنید

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

کوردی

نوێترین ناوەڕۆک