توندوتیژی ڕەگەزی لەدژی منداڵان

  • ۱۱ مانگ پێش

لەڕاپۆرتە پێشووەکانی چاودێر لەبارەی تاوانە جیاوازەکان لەدژی منداڵان، باس کرا کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێگای دانانی “نوێنەری تایبەت لەبواری منداڵان و پێکدادانە چەکدارییەکان” لەساڵی 1996، بە فەرمی لەمەڕ پرسی بوونی منداڵان لە شەڕ و پێکدادانە چەکداریە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، دەست بەکار بووە.

لە هەمان کات دا کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدوای کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی سکاڵای منداڵانی زیان بەرکەوتوو لەشەڕ، بەرز کردنەوەی ئاستی زانیاری و بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەڵەتییەکان بۆ پاراستنیانەوە بوو.

لەساڵی 1999 یەکەمین بڕیارنامە لەبارەی منداڵان و پێکدادانە چەکدارییەکان لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشێ نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا و بەمجۆرە، بابەتی منداڵانی زیان بەرکەوتووی خستە ئەجێندای کاری ئەم ئەنجوومەنەوە. ئەم بڕیارنامە شەش سەرپێچی قورسی باس کردووە کە زۆرترین منداڵی لە کاتی شەڕدا دەخاتە ژێر باندۆری خۆی و ئەمانەی ئیدانە کردووە و داوای لە سکێرتێری گشتی کردووە تا ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەم بابەتەوە پێشکەش بکات. کۆتایی هێنان و پێشگرتن لەڕوودانی ئەم شەش سەرپێچییە ڕژدە، قەوارەی ئیش و ئەرکی نوێنەری تایبەتە.

شەش سەرپێچییەکە

شەش سەرپێچی ڕژد وەک بنەمایەک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و ڕاپۆرتی ئەو سەرپێچیانەی کە کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە، بریتین لە:

دامەزراندن یا بەکارهێنانی منداڵان وەک سەرباز

ڕفاندنی منداڵان

کوشتن و لێدانی منداڵان

توندوتیژی ڕەگەزی لەدژی منداڵان

هێرش بۆ سەر قوتابخانە یا نەخۆشخانەکان

پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی منداڵان بە یارمەتییە مرۆڤییەکان

لەم دەقەدا باسی توندوتیژی ڕەگەزی لەدژی منداڵان دەکەین. بەتایبەت ئەوەی کە ئەم ڕووداوە تاڵە لە کاتی پێکدادانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لەلایەن گرووپەکانی شەڕ، زۆرتر ڕوو دەدات و لەم بوارەداش گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان بە هۆی نەبوونی چاودێری، زۆرتر لە لایەنەکانی دیکە، لەم ڕووداوەدا دەستیان هەیە. وەک باس کرا توندوتیژی ڕەگەزی لەدژی منداڵان لە کاتی پێکدادانەکان دا یەک لە شەش سەرپێچییەکانە کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئاماژەی پێدراوە و ئیدانە کراوە. شەش سەرپێچی گەورە، بنەمای ئیشی ئەنجوومەنەکە بۆ چاودێری، ڕاپۆرت و وڵام دانەوە بەو ئازارانەی کە لەکاتی شەڕدا بەرۆکی منداڵان دەگرێت، پێک دێت. کۆتایی هێنان بەم سەرپێچیانە و پێشگرتنیان، بنەمای ئیش و پشتیوانی نوێنەری تایبەتە [1]. توندوتيژي رەگەزی بەشێوەی هەڵکشان یەک لە تایبەتمەندییەکانی شەڕی چەکدارییە و زۆرتر لە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادا لەدژی کچان و کۆڕان ئەنجام دەدرێت. لە هەندێک نموونەداش توندوتیژی وەک تاکتیکێکی شەڕ بۆ بچوک خستنەوەی کۆمەڵێک مرۆڤ یا ناچارکردنیان بە ئاوارەبوون بەکار دێت.

توندوتیژی ڕەگەزیش دەتوانێت بە شێوازی ستراتژیک یا تاکتیکی لەلایەن لایەنەکانی پێکدادنە چەکدارییەکەوە بەکار بێت. لە زۆربەی کات، دەرئەنجامی کاولکارانەی بەدواوە دایە، هەڵبەت لە پلەی یەکم بۆ خودی قوربانیان، بە هۆی کاریگەریە نەرێنیە جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی. بەڵام بۆ خزم و کەسوکاری قوربانیانیش کاریگەری نەرێنی هەیە، کە بە ترۆمای شیمانە کراوە، ڕووبەڕووی هەستی بچووکایەتی و تاوان  دەبنەوە، لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە منداڵەکانیان بپارێزن. هەروەها لەوانەیە دەرئەنجامی بۆ گشت کۆمەڵگا هەبێت کە ببێتە هۆی ترس و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی.

دەستدرێژی ڕەگەزی و توندوتیژی ڕەگەزیش دەتوانن بەشێک لە پێکهاتەی تاوانەکان بن لە ژێر یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە. دادگای سزای نێودەوڵەتی یۆگۆسلاڤیای پێشوو ڕایگەیان کە دەسدرێژی بۆ سەر نامووس دەتوانێت بە واتای ئەشکەنجە لە مەرجێکی تایبەت دا بێت. هەروەها دادگای سزا نێودەوڵەتییەکانی ڕواندا ڕایگەیان کە دەسدرێژی سێکسی و توندوتیژی ڕەگەزی کاتێک کە مەرجە تایبەتەکانی نەوە کوژی هەبێت، ئەوە وەک نەوە کوژی دەناسرێت [2].

دەرئەنجامە کاولکاریەکانی

  • ئەو منداڵانەی کە توشی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە، تووشی زیانی دەروونی درێژخایەن دەبن (پلەکانی سەرسووڕهێنەری، گورز و شوکی دەروونی، دڵەڕاوەکێ و خەمۆکییە)، دەرئەنجامە خراپەکانی بۆ تەندروستی لەوانە هەوکردنە گوازراوەکان و دووگیانییە کە ئازاریان دەدات. تێکەڵبوونی دووبارەیان لەنێو کۆمەڵگا، ئالنگارێکی گەورەیە، چونکە کۆمەڵگا جیاوازەکان، زۆرتر ئەو کچانەی کە پەیوەندیان بە گرووپە چەکداریەکانەوە بووە و گۆمانی ئەوەیانە لەسەر کە دەسدرێژیان لەسەر کرابێت، بۆختانی جۆراوجۆریان بۆ هەڵدەواسن و بە دژواری وەریاندەگرنەوە.
  • منداڵانی زۆڵی دایکانی گەنج، زۆرتر بە هۆی پەیوەندی ماڵباتی و گرێدانێک کە لەدرێژخایەن دا پێکهاتووە و بۆ پێشگرتن لەوەی کە کۆمەڵگا تانەیان لێنەدەن، لەکۆمەڵگا دواکەوتووەکان دا، ناچارن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان درێژە بە ژیانیان بدەن. ئەم کچانە و منداڵەکانیان بەتایبەت لەبەرانبەر جۆرەکان کۆێلەکردن لەوانە حیزی و قاچاخ، ڕووبەڕووی زیان دەبنەوە و پێویستیان بە پشتیوانی تایبەت هەیە.
  • هاوسەرگیری لەتەمەنی خوار لەنێوان کچان دا، یەکێک لە کێشە باوەکانە لەنێو منداڵان دا کە لەو ناوچانەی پێکدادانی تێدایە ڕوو دەدات. ئەو ماڵباتانەی کە ناتوانن لەبواری دارایی، پاڵپشتی منداڵەکانیان بکەن، ناچاریان دەکەن لەگەڵ ماڵباتە لەخۆیان سەرووترەکانەوە هاوسەرگیری بکەن کە لانی کەم بتوانن ئاگایان لێیان بێت، بۆیە دەیاندەن بەم جۆرە ماڵباتانە. دایک و باوکی ئەم کچانە پێیان وایە کچێک کە هاوسەرگیری کردبێت، پێگەیەکی ئەمن و ئارام تری هەیە و ئەمە لەبەرانبەر توندوتیژی و ئازاری سێکسی دەیپارێزێت. ئەنجامی هەمووی ئەم پاساوهێنانەوە ئەوەیە کە کچێکی 11 ساڵان ڕووبەڕووی مەترسی هاوسەگیری ببێتەوە، ئەمانە هەر ئەو کچانەن کە لەوانەیە قەت نەڕۆشبنە قوتابخانە و زۆرێکی دیکەشیان لەگەڵ ترس و هەژار و شەڕ، دەبێت لەم هاوسەرگیریانە لەتەمەنی خوارەوە بترسن.

قەدەخەکان لە یاسای نێودەوڵەتی دا

دەسدرێژی و شێوەکانی دیکەی توندوتیژی ڕەگەزی لەدژی منداڵان، پێشلکاری مافی مرۆڤە و لەوانەیە پێشلکاری زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت. گەر توندوتیژی ڕەگەزی وەک بەشێک لە هێرشی بەربڵاو یا سیستماتیک لەدژی حەشیمەتێکی سڤیل ئەنجام بدرێت، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی دیوانی سزادائینی نێودەوڵەتی، دەتوانێت وەک تاوانی شەڕ و تاوان لەدژی مرۆڤایەتی هەژمار بکرێت. بە پێی بڕیارنامەی 1882 (ساڵی 2009)ی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەم ئەنجوومەنە توندوتیژی ڕەگەزی ئەنجام دراو لەدژی منداڵانی وەک بابەتێکی سەرەکی لەسەرەوە دانا و داوای لە لایەنەکانی شەڕی چەکداری کرد تا بەرنامەکانیان بۆ بەدواداچوونی ئەم سەرپێچییە ئامادە بکەن. توندوتیژی ڕەگەزی هەروەها وروژێنەرێکە بۆ ئەوەی لەنێو لیستی لایەنەکانی شەڕ، لەنێو پێرستی سکێرتێری گشتی دا جێ بگرێت کە لەدژی منداڵان تاوانیان ئەنجام داوە.

مادەی 19 و 34ی کنوانسیۆنی مافی منداڵان، بۆ پارێزوانی لە منداڵان و گەنجان لەبەرانبەر توندوتیژی ڕەگەزی، گرنگایەتییەکی تایبەتی بەم بابەتە داوە. مادەی 19 لەسەر بنەمای بەڵێنی وڵاتەکان بۆ پشتوانی کردن لە منداڵان لەبەرانبەر هەرجۆرە توندوتیژییەک کە توندوتیژی ڕەگەزی لەخۆ بگرێت، جەخت دەکاتەوە. بە پێی مادەی 34ی کنوانسیۆنەکەش، وڵاتەکان دەبێت ڕاشکاوانە بەڵێن بدەن کە پارێزوانی لە منداڵان لەبەرانبەر هەرجۆرە کۆێلەکردن و خراپ بەکارهێنانی ڕەگەز بکەن. مادە 34 ڕاشکاوانە دەڵێت:

“ئەو وڵاتانەی کە کنوانسیۆنەکەیان واژۆ کردووە، ئەمەیان پەژراندووە کە لەمنداڵان لەبەرانبەر هەرجۆرە خراپ بەکارهێنانی و کوێلەکردنی ڕەگەزی پاڵپشتی بکەن.

بۆیە، وڵاتەکان بەتایبەت کردارە نەتەوەیەکانیان، دوو و چەند لایەنە بۆ پێشگرتن لەکردارەکانی خوارەوە، بخەنە گەڕ:

ئا) هان دان و یا ناچار کردنی منداڵان بۆ بەشدارای کردن لەهەرجۆرە چالاکییەکی نایاسایی ڕەگەزی

ب) بەکارهێنانی منداڵان وەک کوێلە لە بواری قەحبەتی و کردەوە نایاساییە ڕەگەزییەکانی دیکە

ج) بەکارهێنانی منداڵان لە کردار و بابەتە پرۆنۆگرافیکییەکان دا

بۆیە ئەم دەوڵەتە ئەرکدارە کە پێش لە خراپ بەکارهێنانی ڕەگەزی منداڵان نەتەنیا لەلایەن یاریزانانی دەوڵەتی، بگرە یاریزانانی تایبەتیش بگرێت و پارێزوانیان لێوە بکات [3].

ئامارەکان چ دەڵێن؟

ئامارەکان پیشان دەدەن کە ژمارەی ئەو منداڵانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی ڕەگەزی بوونەتەوە، دە هێندە زیاترە لەوەی کە لەساڵی 1990 دا بووە. ژمارەی ئەو منداڵانەی کە ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە، لەساڵێک بۆ ساڵێکی دیکە جیاوازە، بەڵام ڕەوتە هەڵکێشراوەکەی زۆر ڕوونە و بەرچاوە. یونیسێف مەزندە دەکات کە ژمارەی ڕاستەقینە زۆر زیاتر بێت لەمە. چونکە دەیتاکان تەنیا ئەو نموونانە دەخاتە ڕوو کە لەڕێگای مکانیسمی چاودێری و ڕاپۆرت دائینی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەبارەی منداڵان لە پێکدادانە چەکداریەکان، پشتڕاست کراوەتەوە. ڕەوتێک کە لەساڵی 2005 لە پێناو بەبەڵگە کردنی سیستماتیک، خراپترین سەرپێچی و دەسدرێژییەکان لەدژی منداڵانی خوار تەمەن یاسایی لەو ناوچانەی پێکدادانی تێدایە، گیرایە بەر. لەم ساڵانەدا دەبینین کە پشکی یاریزانانی چەکدار کە لە پێکدادانەکان دا تووشی توندوتیژی ڕەگەزی دەنبەوە، لە هەڵکشاندایە [4]. واتە، ئێستا گرووپە چەکدار و شەڕکەرەکان (زۆرتر نادەوڵەتییەکان) لەبواری سەرپێچی ڕەگەزی لەدژی منداڵان، لەهەڵکشان دا بووە.

پەیوەندی توندوتیژی ڕەگەزی لەگەڵ دەسەڵات و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات

توندوتیژی ڕەگەزی، زۆرتر پەیوەندی هەیە بە حەزی گان کردنەوە نییە، بەڵام لەجیاتی ئەوە بە هێز، زاڵ بوون و خراپ بەکارهێنانەوە، پەیوەندی هەیە. ئەم کردارە کە پێشلکاری مافی مرۆڤە لەوانەی لەلایەن تاوانبارە جیاوازەکانەوە ئەنجام بدرێت: یاریزانانی دەوڵەتی، ئەندامی گرووپە چەکدارە ڕێکخستن کراوە نادەوڵەتییەکان، هێزەکانی پارێزوانی ئاشتی، ئەندامی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی سەربازی و ئاسایشی و …

توندوتیژی زۆرتر بە شێوازی جیا لەیەک ئەنجام نادرێت. بەڵکو سەرپێچی دیکە وەک کوشتنی نایاسایی، دامەزراندنی مندالانی وەک سەرباز، تێکدانی دارایی و یا تاڵان کردنی لەگەڵ دایە. هۆکارەکەشی ڕاستەوخۆ و نەڕاستەوخۆ دەتوانێت زۆر بن، لەوانە کەشی بەری بوون لە سزادائین کە لە پێکدادانە چەکداریەکاندا زۆرە، نەبوونی ئەجێندای ڕوون بۆ پێشگرتن لە توندوتیژی ڕەگەزی، زۆر کردنی چەکە سووک و سادە بۆ بەکارهێنان لە پێناو هەڕەشەکردن لە قوربانیان و هەڵکشانی زیانەکان.

هەروەها لێکۆڵینەوەکان پیشان دەدەن کە گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان کە منداڵەکان بە کار دێنن، ئاستێکی بەرزتر لە توندوتیژی ڕەگەزی لەپێش دەگرن و وەک شێوازێک لە کۆمەڵایەتی بوون لەنێو گرووپێکی چەکدار، کەرەستەیەک بۆ پێکەوە بوونی گرووپ و پەیوەندی وەفاداری، چاو لە توندوتیژی سێکسی دەکەن. هەندێک لە خوێندنەوەکان پیشان دەدەن کە گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان کە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە پەروەردە دەکرێن، زۆرتر شیمانەی ئەوەی هەیە کە تووشی توندوتیژی سێکسی ببنەوە و ئەمە پیشان دەدات کە چۆن توندوتیژی ڕەگەزی دەتوانێت لە نێوان یاریزانە چەکدارەکان وەک کردارێکی ئاسایی پەرە بستێنێت[5]. بەمجۆرە و وەک کۆمکرێتی دەقەکە دەتوانین بڵێین سەرنج خستنە سەر توندوتیژی ڕەگەزی لە پێناسەیەکی بەربڵاوی دا، ئێستا لە مافی نێودەوڵەتی و مافی نێودەوڵەتی مرۆڤ دۆستانە و ڕەوتی دادگا نێودەوڵەتییەکان، شوێن پێی کردووتەوە. لەم بوارەدا زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکانیش لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان، چاودێری دەکرێن.

دۆکتور عەلی فەرهمەند – مافناس و چالاکی مافی مرۆڤ

 

[۱]. https://www.mrmtools.org/1095_1125.htm

[۲]. https://ihl-databases.icrc.org/en/customary-ihl/v1/rule93#Fn_3C5B94FA_00027

[۳]. https://www.cambridge.org/core/journals/international-review-of-the-red-cross/article/sexual-violence-in-armed-conflicts-a-violation-of-international-humanitarian-law-and-human-rights-law/F14982FBF972DE4A86D8399695154FD5

[۴]. https://resourcecentre.savethechildren.net/document/weapon-war-sexual-violence-against-children-conflict/

[۵]. https://www.savethechildren.org/content/dam/usa/reports/ed-cp/weapons-of-war/weapon-of-war-report-2021.pdf

خشونت جنسی علیه کودکان؛ یک مرور مختصر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

کوردی

نوێترین ناوەڕۆک