یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان لە بەڵگەدارکردنی ڕەفتاری گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا ئەوەیە: کەی ڕەفتاری گرووپێکی چەکدار دەکەوێتە ژێر ڕێساکانی یاسای مرۆڤدۆستانەی نێودەوڵەتی، و کەی تەنیا وەک ململانێیەکی ئەمنیی ناوخۆیی هەژمار دەکرێت کە لە ژێر ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤی ئاساییدا تاوتوێ دەکرێت؟
ئەم جیاوازییە، دیاریکەری جۆری تۆمەت، ئاستی بەرپرسیارێتی و مافەکانی قوربانیانـە. وتارەکەی کلفنەر بە وردی پێداچوونەوە بۆ ئەم سنوورە دەکات.
بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی ململانێیەکی ناوخۆیی بە فەرمی وەک «ململانێی چەکدارانەی نا-نێودەوڵەتی» (NIAC) بناسرێت، دوو مەرج پێویستن: گرووپی چەکدار دەبێت «ڕێکخراو» بێت و توندوتیژیش دەبێت «سەخت و توند» بێت.
دادگا نێودەوڵەتییەکان بە گشتی دەڵێن هیچ کۆمەڵە هۆکارێک بۆ دەستنیشانکردنی ئەم دوو مەرجە بە تەنیا بڕیاردەر نین. بەڵام یان کلفنەر دژایەتی ئەم ڕوانگەیە دەکات؛ ئەو دەڵێت دوو هۆکار هەن کە نەبوونیان بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی بڵێین لە ئەسڵدا هیچ جەنگێک لە ئارادا نییە: بوونی پێکهاتەی فەرماندەیی لە ناو گرووپەکەدا و ڕوودانی نەبەردی واقیعی و دوولایەنە (نەک تەنیا توندوتیژیی یەکلاینە دژ بە مەدەنییەکان).
ئەم خاڵە گرنگییەکی پراکتیکیی ڕوونی هەیە: کاتێک ڕەفتاری گرووپێکی چەکداری کوردی بەڵگەدار دەکرێت — وەک ڕاکێشانی هێز (چەکدارکردن)، دەستبەسەرکردنی کەسەکان و ڕەفتار بەرامبەر مەدەنییەکان — دەبێت پێشتر دیاری بکرێت ئایا ئەو گرووپە سەرکردایەتی و پلەبەندیی فەرماندەیی هەیە و ئایا لەگەڵ هێزی بەرامبەردا نەبەردی واقیعی ڕوویداوە یان نا.
بێ سەلماندنی ئەم دوو خاڵە، ناکرێت گرووپەکە بخڕێتە ژێر شایستەیی و بەڵێنەکانی یاسای جەنگ (وەک ماددەی ٣ی هاوبەشی کۆنڤێنسیۆنەکانی ژێنێڤ)؛ بەڵکو ڕەفتارەکانی لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ و یاسا سزاییە ئاساییەکاندا تاوتوێ دەکرێت، نەەک یاسای ململانێ چەکدارییەکان.
وتارەکە هەروەها ئەم پرسیارە دەکات: ئەم مەرجی ڕێکخراوەییە بۆ کێ دەپێورێت — بۆ گرووپە چەکدارەکە، یان بۆ تەواوی بزووتنەوە سیاسییەکە کە باڵێکی سەربازیشی هەیە؟
کلفنەر دەڵێت تەنیا دەبێت باڵی سەربازی بپێورێت. ئەم جیاکارییە گرنگییەکی ڕاستەوخۆی هەیە: زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکانی کورد پێکهاتەی سیاسی و سەربازیی جیاوازیان لە یەکدی هەیە، و هەڵسەنگاندنی یاسایی دەبێت بە وردی تەرکیز بکاتە سەر باڵی سەربازی، نەەک ئیدیعا سیاسییەکانی تەواوی تەشکیلاتەکە.
بەشی کۆتایی وتارەکە پەرژێتە سەر ئەو دۆخانەی کە چەندین گرووپی چەکدار بە یەکەوە و لە یەک کاتدا چالاکن (وەک سووریا و کۆنگۆ) و دەپرسێت: ئەگەر توندوتیژیی هیچ گرووپێک بە تەنیا نەگاتە ئاستی «سەخت و توند»، بەڵام کۆی گشتیی توندوتیژییەکان زۆر بێت، چی؟
کلفنەر بەرگری لە ڕوانگەی کۆکەرەوە (تجمیعی) دەکات: دەبێت کۆی توندوتیژییەکان لە مەودایەکی دیاریکراوی کاتی و جوگرافیدا ئەژمار بکرێت، دەنا قوربانیان تەنیا بەهۆی پەشێوی و پەرشوبڵاویی ئەکتەرەکانەوە لە پاراستنی یاسایی بێبەش دەبن — خاڵێک کە لە شوێنەکانی وەک کوردستان بە بوونی چەندین گرووپی چەکداری چالاک، دەکرێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دیاریکردنی دۆخی یاسایی ململانێکان بنێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دەدات کە ئەم ڕوانگەیە نابێت بێ سنوور بێت، چونکە لەو دۆخەدا مەترسیی دووبارەبوونەوەی مۆدێلی «جەنگی جیهانی دژ بە تیرۆر» هەیە؛ واتە بەکارهێنانی بێجێی یاسای جەنگ لەبری مافەکانی مرۆڤ لە شوێنێکدا کە هێشتا ئاستی ڕاستەقینەی جەنگ نەهاتووەتە دی.
دۆخی یاسایی گرووپێکی چەکدار بە ئیدیعای سیاسیی خۆی دیاری ناکرێت، بەڵکو سێ شت دیاری دەکەن: بوونی سەرکردایەتیی ڕاستەقینە، ڕوودانی نەبەردی ڕاستەقینە، و — لە کەیسە فرەگرووپییەکاندا — بەردەوامیی کاتی و شوێنیی توندوتیژی.
لە ڕوانگەی دیدەبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان-ئێران (IKHRW)، ئەم چوارچێوەیە دەکرێت ببێتە بنەمایەکی شیکاریی ورد بۆ ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە گرووپە چەکدارەکانی کورد، لەبری پشتبەستن بە ناونیشانە سیاسییەکانی لایەنەکان.





