بابەت

لە پشتیوانی دەرەکییەوە تا دەستوەردانی سەربازی؛ سنووری یاسایی نێوان جەنگی ناوخۆ و ململانێی نێودەوڵەتی لە سودان

شیکردنەوەیەکی یاسایی بۆ ئاستی دەستوەردانی دەوڵەتانی دەرەکی لە جەنگی سودان و جیاوازی نێوان پشتیوانی دارایی و کۆنترۆڵی گشتی

کاتێک دەوڵەتێکی دەرەکی یارمەتی دارایی و چەکداری بە لایەنێکی بەشدار لە جەنگێکی ناوخۆییدا دەدات، ئایا ئەو ململانێیە هەر بە ناوخۆیی دەمێنێتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئارۆن دومۆنت، توێژەر و خوێندکاری دکتۆرا لە پەیمانگای یاسای نێودەوڵەتیی ئاشتی و یاسای مرۆڤدۆستانە لە زانکۆی ڕوور بۆخوم لە ئەڵمانیا، لە یاداشتێکی کورتدا ژێر ناونیشانی «کەی پشتیوانی دەبێتە دەستوەردان؟» کە لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، وەڵامی دەداتەوە.

کەیسی پێداچوونەوەی ئەو، جەنگی سودانـە. لە نیسانی ٢٠٢٣وە، هێزە چەکدارەکانی سودان بە ڕابەرایەتی ژەنەڕاڵ ئەلبورھان لە بەرامبەر هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF) بە فەرماندەیی مەحمود حەمدان دەقلو (ناسراو بە حەمیدتی) دەجەنگن. هێزەکانی RSF لە ناو جەرگەی چەکدارانی جەنجەوید دەرهاتوون؛ هەمان ئەو هێزەی لە دەیەی ٢٠٠٠ لە دارفوور دژی یاخیبووان بەکارهێنران. ئەوەی ئەم جەنگە ناوخۆییەی ئاڵۆز کردووە، شوێنپێی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییە؛ وڵاتێک کە بەوتەی دومۆنت، لەپاڵ عەرەبستانی سوعودی، بەهۆی بەرژەوەندی بەندەری لە دەریای سوور و دەستگەیشتن بە یەدەگی زێڕی سودان، بەرژەوەندی ستراتیژی لەم جەنگەدا هەیە.

یاسای نێودەوڵەتی جیاوازی لە نێوان دوو جۆر ململانێدا دەکات. ئەگەر جەنگ لە نێوان دوو دەوڵەتدا بێت، بە «نێودەوڵەتی» هەژمار دەکرێت و کۆمەڵەی تەواوی کۆنڤێنسیۆنەکانی ژێنێڤ جێبەجێ دەبێت؛ لەوانە مافی دیلی جەنگ بۆ دەستبەسەرکراوان. بەڵام ئەگەر ململانێکە لە نێوان دەوڵەتێک و گرووپێکی چەکداری ڕێکخراو، یان لە نێوان گرووپە چەکدارە ڕێکخراوەکاندا بێت، دەکەوێتە چوارچێوەی ململانێی نا-نێودەوڵەتی و تەنیا کەمترین ستانداردەکان، وەک قەدەغەی ئەشکەنجە و کوشتنی سڤیلەکان، جێبەجێ دەکرێن. ئەم جیاوازییە تەنیا تیۆری نیست؛ بەڵکو دیاری دەکات کێ چ پاراستنێکی هەیە و چوارچێوەی یاسایی بۆ هەڵسەنگاندنی پێشێلکارییەکان و بەرپرسیارێتی سزادان چۆن دەبێت.

پرسیارە سەرەکییەکە ئامەیە: کەی یارمەتی دەوڵەتێکی دەرەکی ئه‌وەندە زیاد دەکات کە جەنگێکی ناوخۆیی بگۆڕێت بۆ جەنگێکی نێودەوڵەتی؟ دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی (ICJ) لە کەیسی نیکاراگوا لە دەیەی ١٩٨٠ پێوەرێکی توندی دانا: یارمەتی دارایی، مەشق یان تەنانەت چەک بەس نین؛ بەڵکو دەبێت دەوڵەتی دەرەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کردەوە دیاریکراوەکانی کردبێت. بەڵام دادگای سزایی نێودەوڵەتی بۆ یوگۆسلاڤیای پێشوو (ICTY)، لە کەیسی بەناوبانگی تادیچ (Tadić)دا، ستانداردێکی نزمتر پێشنیاز دەکات: ئەگەر دەوڵەتی دەرەکی کۆنترۆڵی گشتی بەسەر ڕێکخراوی چەکدار، پلاندانانی گشتی یان ئاڕاستەکردنی کردەوە سەربازییەکانیدا هەبێت، ڕەنگە ببێتە هۆی نێودەوڵەتیبوونی ململانێکە، تەنانەت بێ فەرمانی ڕاستەوخۆ بۆ هەر کردەوەیەک. دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم پێوەرە بۆ دیاریکردنی جۆری ململانێ بەکاردێت؛ بەڵام بۆ سه‌پاندنی کردەوە دیاریکراوەکانی گرووپی چەکدار بەسەر دەوڵەتی دەرەکیدا، هێشتا پێوەرە توندەکەی «کۆنترۆڵی کاریگەر»ی دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی پێویستە.

بەپێی کەیسی تادیچ، بۆ ئەوەی ململانێیەکی ناوخۆیی بە «جەنگ» دابنرێت، دەبێت دوو مەرج پێکەوە بەردەست بن: توندوتیژی دەبێت بەردەوام و درێژخایەن بێت، و گرووپی چەکدار دەبێت ئاستێکی دیاریکراو لە ڕێکخراوەیی (سەرکردایەتی و توانای ئۆپراسیۆنی بەردەوام) هەبێت. هەردوو مەرجەکە پێویستن و بوونی تەنیا یەکێکیان بەس نیست.

سەبارەت بە سودان، دومۆنت ئاماژە بە ڕاپۆرتە بەردەستەکان دەکات کە لەوانە دۆزینەوەکانی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) دەربارەی بەکارهێنانی بۆمبی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چینی بەستراوە بە پشتیوانی ئیمارات، و ڕاپۆرتەکان لەسەر گەیشتنی چەکی فەرەنسی و بەریتانی لە ئیماراتەوە و ڕەنگە لە ڕێگەی چادەوە بۆ سودان. ئه‌مانە پێشێلکردنی سزادانی چەکدارین، بەڵام بە تەنیا بەس نین بۆ نێودەوڵەتیبوونی جەنگەکە. خاڵی گرنگتر، دۆزینەوەی چەندین پاسپۆرتی ئیماراتییە لە ئومدورمان نزیک خەرتووم. بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، هەڵگرانی ئەم پاسپۆرتانە ڕەنگە ئەندامی دەزگای هەواڵگری ئیمارات بووبن و ئەم زانیارییانە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کراون. ئەگەر بسەلمێندرێت ئەفسەرانی ئیماراتی ڕاستەوخۆ لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان یان بڕیارە مەیدانییەکانی RSFدا دەستوەردانیان هەبووە، ئەوا ئاماژەی جدی دەبن بۆ هاتنەدی ئاستی «کۆنترۆڵی گشتی» کە دەکرێت بێتە هۆی نێودەوڵەتیبوونی جەنگەکە. بەڵام دومۆنت جەخت دەکاتەوە کە تا ئەمڕۆ هیچ بەڵگەیەکی بڕیاردەرانە پێشکەش نەکراوە.

بەهای ئەم چوارچێوەیە لە سودان تێپەڕدەبێت. هەندێک لەم جیاکارییە چەمکییانە دەکرێت بۆ شیکردنەوەی کەیسەکانی پەیوەندیدار بە گرووپە چەکدارە نا-دەوڵەتییەکان لە ناوچەکانی دیکەش بەسوود بن، لەوانە لە کەیسەکانی پەیوەندیدار بە گرووپە چەکدارەکانی کورد لە ناوچەی ئێران و کوردستانی عێراق — بەڵام بە ئاگادارییەکی گرنگەوە. ئەوەی دومۆنت دەربارەی دەنووسێت، پەیوەندی نێوان دەوڵەتێکی دەرەکی و گرووپێکە کە پشتیوانی دەکات؛ نەەک بەرپرسیارێتی ناوخۆیی فەرماندەکانی گرووپێکی چەکدار بەرامبەر کردەوەی هێزەکانی خۆیان. ئەم دوو بابەتە بە تەواوی لێک جیاوازن و نابێت تێکەڵ بکرێن. تەنیا ئەو بەشەی چوارچێوەی تادیچ کە بە ڕاستی دەکرێت بەکاربهێنرێت، پێوەری ڕێکخراوەییە: ئایا گرووپێکی چەکدار پێکهاتەی فەرماندەیی ڕوون، مەشقی هێزەکان و توانای جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی بەردەوامی هەیە یان نا؟ ئەم پرسیارە، پێش‌مەرجە بۆ ئەوەی ئەسڵەن بشکرێت باس لە گرووپێک وەک لایەنێکی ململانێی چەکدارانە بکرێت.

بەڵام گرووپە چەکدارەکانی کورد لە ناوچەکەدا — لەوانە پژاک (PJAK)، کۆمەڵە (کە خۆی چەند باڵێکی جیاوازە) و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران — لە ڕووی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی، مێژوو و ئاستی ئێستای چالاکییەوە وەکو یەک نین و هەریەکەیان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ هەیە. وتارەکەی دومۆنت بە تەنیا ڕای دەربارەی ئەوە نەداوە کە کدامیک لەم گرووپانە مەرجی ڕێکخراوەیی یان توندی ململانێیان هەیە و نابێت وەک بەڵگەیەک بۆ ئەم بابەتە بەکاربهێنرێت. ئەوەی بە ڕاستی پێشکەشی دەکات، نەخشەیەکی چەمکییە: جیاکردنەوەی ڕوون لە نێوان «پشتیوانی»، «کاریگەری»، «پابەندبوون» و «کۆنترۆڵی ئۆپراسیۆنی» — نەخشەیەک کە دەکرێت ببێتە بنەمای میتۆدۆلۆژی بۆ هەر ڕاپۆرتێکی مافی مرۆڤ کە دەیەوێت جیاوازی لە نێوان بانگەشەی سیاسی و سەلماندنی یاساییدا بکات، بەڵام شوێنی بەڵگەی سەربەخۆ دەربارەی هەر گرووپێکی دیاریکراو ناگرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button