دەربارەی وتارەکە: ئەم شیکارییە لەلایەن مەتیو بەمبەر-زەرید، ڕاوێژکاری کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سور (ICRC) لە بوارەکانی پەیوەندیدار بە گرووپە چەکدارەکان نووسراوە. دەقی سەرەکی لە بەرواری ۶ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۵ لە بڵاڤۆکی «یاسا و سیاستە مرۆییەکان»ی سەر بە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سور بڵاوکراوەتەوە.
کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سور بەپێی ئەرک و ڕاسپێردراوی خۆی، لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی تێوەگلاو لە ململانێ چەکدارییەکان، لەوانەش گرووپە چەکدارە ناپەرلەمانییەکان دەست بە دیالۆگ دەکات. ئەم ڕێکخراوە مێژوویەکی درێژی لە دروستکردنی پەیوەندی نھێنیدا لەگەڵ ئەم گرووپانە هەیە، بە ئامانجی ڕێگریکردن و کەمکردنەوەی ئازاری ئەو خەڵکەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەواندا دەژین. بەڵام ئەم ئەرکە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر بووە. لەبەر ئەوە، کۆمیتەکە ساڵانە هەڵسەنگاندنی ناوخۆیی لە تەواوی نوێنەرایەتییەکانیدا ئەنجام دەدات تا ڕەوشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بپشکنێت و ڕێگەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگی لە داهاتوودا دەستنیشان بکات.
ئاماری گشتیی گرووپە چەکدارەکان لە ۲۰۲۴دا
بەپێی خەمڵاندنی کۆمیتەکە، لە ساڵی ۲۰۲۴دا زیاتر لە ۴۵۰ گرووپی چەکدار لە سەرانسەری جیهاندا بوونیان هەبووە کە لە ڕوانگەی مرۆییەوە گرنگییان هەیە؛ زیاتر لە ۱۳۰ دانەیان وەک گرووپە چەکدارە ناپەرلەمانییەکان پۆلین دەکرێن و بەم پێیەش دەکەونە ژێر پابەندبوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی.
ئەفریقا تا ئێستاش گەورەترین پشکی لە نێوان ناوچەکاندا هەیە و ۴۴٪ (۱۹۵ گرووپ)ی تەواوی گرووپە چەکدارەکانی جیهان لەم کیشوەرەدا چالاکی دەکەن. لە دوای ئەو، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک بە ۲۰٪ (۸۹ گرووپ)، کیشوەری ئەمریکا بە ۱۸٪ (۸۴ گرووپ)، ئاسیا و ئۆقیانوسیا بە ۱۷٪ (۷۶ گرووپ) و ئۆراسیایش تەنها بە ۲٪ (۱۱ گرووپ) جێگیر بوون. ئەم ژمارە بەرزەی زیاتر لە ۴۵۰ گرووپ لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بەبەردەوامی دووبارە بووەتەوە و ئاماژەیە بۆ چەسپاو بوونی ئاڵۆزییە کردارییەکان بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان.
ژمارەی ئەو دانیشتوانەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تەواو یان جێی ناکۆکی گرووپە چەکدارەکاندا دەژین لە ساڵی ۲۰۲۴دا گەیشتووەتە نزیکەی ۲۱۰ ملیۆن کەس؛ لەم ژمارەیە، ۸۳ ملیۆن کەس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تەواو و ۱۲۷ ملیۆن کەسیش لە ناوچە جێ ناکۆکەکاندا دەژین. نزیکەی نیوەی ئەم دانیشتوانە (۱۰۲ ملیۆن کەس) لە ئەفریقادا جێگیرن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکدا ۴۰ ملیۆن کەس بە شێوەیەکی سەرەکی لەژێر کۆنترۆڵی تەواودا دەژین، لە کاتێکدا لە کیشوەری ئەمریکا زۆرینەی ۴۱ ملیۆن کەسی دانیشتوو، لە ناوچە جێ ناکۆکەکاندا بەسەر دەبەن.
یەکێک لە دیارترین ڕەوتەکانی ساڵی ۲۰۲۴، زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی دانیشتوانی ژێر کۆنترۆڵی تەواوی گرووپە چەکدارەکانە؛ بە بەراورد بە ساڵی ۲۰۲۳، نزیکەی ۱۹ ملیۆن کەسی دیکە چووبە سەر ئەم ژمارەیە کە بە پلەی یەکەم بەهۆی فراوانبوونی کۆنترۆڵی خاکی گرووپە چەکدارەکان بووە لە ئەفریقا و ئاسیا. هاوکات، ڕێژەی ئەو گرووپانەی کۆنترۆڵی تەواوی خاکیان هەیە ۱۰٪ زیادی کردووە و لە بەرامبەردا، پشکی ئەو گرووپانەی کە تەنها کۆنترۆڵی جێ ناکۆکیان هەیە بە هەمان ڕێژە کەمی کردووە.
بەشێکی بەرچاو لەم شیکارییە تەرخان کراوە بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی ئیسلامیان وەک چوارچێوەی سەرەکیی ئایدۆلۆژی و کرداریی خۆیان دیاری کردووە؛ نزیکەی ۴۰٪ لە تەواوی دانیشتوانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم دەستە لە گرووپانەدا دەژین. بەشێک لەم گرووپانە کە سەر بە ئەلئەلقاعیدە یان داعشن، نزیکەی ۱۸٪ لەم دانیشتوانە (نزیکەی ۳۷ ملیۆن کەس)یان لەژێر کۆنترۆڵدایە. نووسەر جەخت دەکاتەوە ئەم ئامارانە پێویستی بەگەڕخستنی سەرمایەی زیاتری کۆمیتەکە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو گرووپانەی مەرجەعییەتی ئیسلامییان هەیە دەردەخات، تا تێگەیشتن لە یاسای ئیسلامی وەک سەرچاوەیەک بۆ ڕێسا و سنووردارکارییەکان بەهێزتر بکرێت.
حوکمڕانیی گرووپە چەکدارەکان
زۆرێک لەم گرووپانە، تەنانەت هەندێکیان کە کۆنترۆڵی خاکیان نییە، لە کردودا جۆرێک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری یان حوکمڕانیی خۆجێیی جێبەجێ دەکەن. لە ۲۰۲۴دا، نزیکەی ۸۰٪ لە گرووپە چەکدارەکان (۳۶۵ گرووپ) خزمەتگوزاری گشتییان پێشکەش کردووە یان باجیان لە دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتیان وەرگرتووە. زیاتر لە نیوەی گرووپەکان (۵۶٪) ڕێکاری ئاسایشییان جێبەجێ کردووە، ۵۱٪ جۆرێک لە باجیان وەرگرتووە و ۳۴٪یش سازوکارێکیان بۆ ڕاپەڕاندنی دادوەری یان چارەسەری ناکۆکییەکان هەبووە.
خزمەتگوزارییە ئاڵۆزترەکان وەک پشتیوانی کۆمەڵایەتی، تەندروستی، پەروەردە، خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان یان دەرکردنی بەڵگەنامە یاساییەکان بەگشتی لەلایەن ئەو گرووپانەوە پێشکەش دەکرێن کە کۆنترۆڵی درێژخایەن و سەقامگیریان بەسەر ناوچەکەدا هەیە. بەڵام نووسەر هۆشداری دەدات کە ئەم ئامارانە بە تەنها ناتوانن کوالێتی یان دەستڕەسی ڕاستەقینەی خەڵک بەم خزمەتگوزارییانە نیشان بدەن، و دانیشتوانی ئەو ناوچانە هێشتا ڕووبەڕووی زیانپێگەیشتنی جدی دەبنەوە لەوانە نزیکی لە شوێنی ململانێکان، سنوورداربوونی دەستڕەسی بە ژێرخانەکان، مەترسی گەمارۆدان یان سزادان، و نەبوونی دامەزراوە دەوڵەتییەکان بۆ دەرکردنی بەڵگەنامەی یاسایی.
ئاستی پەیوەندیی کۆمیتەکە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان
لە ساڵی ۲۰۲۴دا، ئاستی پەیوەندیی کۆمیتەکە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو وەک خۆی ماوەتەوە و ئەم ڕێکخراوە لەگەڵ نزیکەی ۶۰٪ لە تەواوی گرووپە چەکدارە تاووتوێکراوەکاندا لە پەیوەندیدایە. زیاتر لە نیوەی ئەم گرووپانە (۵۴٪) تەوەرەی دیالۆگی کرداریین دەربارەی دەستڕەسی و دەستەبەرکردنی ئاسایش؛ لەگەڵ یەک لەسەر سێیان (۳۴٪) کۆبوونەوەی هۆشیارکردنەوە ئەنجام دراوە و لەگەڵ نزیکەی یەک لەسەر سێشیاندا (۳۰٪) بابەتە تایبەتەکانی پێوەندیدار بە پاراستن خراونەتەڕوو.
هۆکارەکانی وەک ناوچەی جوگرافی، پەیکەری ڕێکخراوەیی گرووپ و ئاستی کۆنترۆڵی خاک، کاریگەرییان لەسەر کوالێتی ئەم پەیوەندییە هەیە؛ ئەو گرووپانەی ڕەگی قووڵتریان لە کۆمەڵگە خۆجێییەکاندا هەیە یان زیاتر لە چوار ساڵ کۆنترۆڵی سەقامگیری خاکیان هەبووە، بەگشتی پەیوەندیی ڕێکوپێکتر و هەمەلایەنەتریان لەگەڵ کۆمیتەکەدا هەیە.
خاڵی نوێی ساڵی ۲۰۲۴، زیادبوونی پەیوەندیی کۆمیتەکەیە لەگەڵ گرووپەکانی ناسراو بە «هاکەرە مەدەنییەکان» یان «هاکتیڤیستەکان» کە ڕۆڵێکی ڕوو لە زیادیان لە ململانێ چەکدارییەکاندا بینیوە. کۆمیتەکە بە بەکارهێنانی شارەزایی یاسایی خۆی لە بواری ئۆپراسیۆنە سایبەرییەکاندا، هەوڵی داوە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێوەندیدار لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی گشتی، دیالۆگی ڕاستەوخۆ و هۆشیارکردنەوەی دەوڵەتان بەرفراوان ببات.
کۆسپەکانی بەردەم پەیوەندیکردن
گەورەترین کۆسپەکانی بەردەم پەیوەندیی کاریگەر تا ئێستاش ڕەوشی ئاسایش و دەرئەنجامە نەرێنییە ئەگەرییەکانن لەسەر پەیوەندییەکانی کۆمیتەکە لەگەڵ دەوڵەتاندا. ڕەوشی ئاسایش، پەیوەندیکردنی لەگەڵ ۵۰٪ی گرووپەکان (۲۲۸ گرووپ) ئاڵۆز کردووە و سنووردارکارییەکانی دەوڵەتانیش بوونەتە ڕێگر لە پەیوەندیکردن لەگەڵ ۴۸٪ی گرووپەکان (۲۱۳ گرووپ). دانانی گرووپە چەکدارەکان لە لیستە ناوخۆییەکانی «تیرۆریستی»دا تا ئێستاش کاریگەرییەکی ئاشکرا و وێرانکەری لەسەر توانای کۆمیتەکە بۆ پەیوەندیکردن هەیە؛ زیاتر لە یەک لەسەر چواری گرووپە چەکدارەکانی جیهان (۲۸٪، ۱۲۶ گرووپ) لەم ڕەوشەدان و لە نێویاندا، پەیوەندیکردن لەگەڵ ۱۸٪یان بە تەواوی ئاستەنگ بووە و لەگەڵ ۴۵٪یانیشدا سنووردار کراوە.
جێی سەرنجە کە لە ۲۰۲۴دا، بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو، بەرگریی خۆی گرووپە چەکدارەکان لە بەرامبەر دیالۆگ لەگەڵ کۆمیتەکەدا، کۆسپێکی ئەوتۆ نەبووە و تەنها لە ۵٪ی حاڵەتەکاندا بووەتە هۆی بڕانی تەواوەتی پەیوەندی؛ ئەم خاڵە گرنگە چونکە زۆرجار بەخشەرەکان و دەوڵەتان دەستنیشانی ئەم بابەتە دەکەن وەک پاساو بۆ نەبوونی پشتیوانی لە دیالۆگی مرۆیی لەگەڵ ئەم گرووپانەدا. لە ڕاستیدا، بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەوە دەوڵەتانن کە گەورەترین کۆسپ دروست دەکەن و سنووردارکارییە دەوڵەتییەکان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ۷٪ زیادیان کردووە.
نووسەر لە کۆتاییدا ئاماژە بە پەسەندکردنی بڕیارنامەی ۲۶۶۴ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ۲۰۲۲دا دەکات کە ڕێگە بە بەدەرکردنی مرۆیی لە سزاکانی بلۆککردنی سەرمایە دەدات، و ئەوە وەک هەنگاوێکی ئومێدبەخش بەڵام پێویست بە بەدواداچوونی کرداریی لە قەڵەم دەدات. ئەو جەخت دەکاتەوە کە گونجاندنی بڕگەكانی بەدەرکردنی مرۆیی لە یاسا ناوخۆییەکانی دژە تیرۆردا، بۆ کەمکردنەوەی ئەم کۆسپانە لە ساڵانی داهاتوودا بنەڕەتییە.
ڕوانگەیەکی بەراوردکاری بۆ کارکردی دیدەبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان-ئێران
دەستکەوتەکانی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سور دەربارەی ڕۆڵ، پەیکەر و بەرپرسیارێتییەکانی گرووپە چەکدارە ناپەرلەمانییەکان، چوارچێوەیەکی گرنگ بۆ پشکنینی ڕەوشی گرووپە چەکدارە چالاکەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و دەوروبەری دابین دەکات. وەک چۆن خاچی سور جەختی لەسەر دەکاتەوە، پێوەری سەرەکی لە هەڵسەنگاندنی گرووپێکی چەکداردا، ئیدعا سیاسییەکان یان ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی نین، بەڵکو ئاستی ڕێکخراوەیی، توانای ئەنجامدانی توندوتیژی، کۆنترۆڵ بەسەر کەسەکان یان ناوچەکان، ڕاکێشانی هێز و پابەندبوونیەتی بە ڕەچاوکردنی ڕێساکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی.
ئەم ڕوانگەیە لەگەڵ ئەو پەڕاوانەی دیدەبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان-ئێران دەربارەی کارکردی گرووپە چەکدارە جیاوازەکان پشکنیوینی، گونجانی تەواوی هەیە؛ لەوانە بەڵگەدارکردنی حاڵەتەکانی پێوەندیدار بە ڕاکێشان و بەکارهێنانی کەسانی ژێر ۱۸ ساڵ، بارودۆخی سەربازگەکان، چارەنووسی کەسانی بێسەروشوێنکراو و دەرئەنجامە مرۆییەکانی چالاکییە چەکدارییەکان لەسەر سڤیلەکان.
لە ساڵانی دواییدا، دیدەبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان-ئێران لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا دەربارەی گرووپەکانی وەک کۆمەڵە، پژاک، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و گرووپە چەکدارە کوردییەکانی دیکە، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئامادەیی گرووپێک لە چوارچێوەی ململانێیەکی سیاسی یان هێنانەئارای ئیدعای مافی نەتەوەیی، نابێتە هۆی لادانی بەرپرسیارێتیی لە بەرامبەر بنەماکانی یاسای مرۆییدا.
بابەتەکانی وەک بەکارهێنانی مێرمنداڵان لە پەیکەرە سەربازییەکاندا، کە لە پەڕاوەکانی وەک ڕاپۆرتەکانی پێوەندیدار بە ئامادەیی منداڵان و مێرمنداڵان لە هەندێک لە سەربازگەی گرووپە چەکدارەکاندا جێی سەرنج بوون، بە تەواوی دەکەونە چوارچێوەی نیگەرانییە هێنراوەکانی ئاراوە لەلایەن خاچی سورەوە دەربارەی بەرپرسیارێتی گرووپە چەکدارەکان لە هەمبەر دانیشتوانی ژێر دەسەڵات و ئەندامانی خۆیاندا. هەروەها پرسی بێسەروشوێنکراوان، توندوتیژی دژی ژنان لە پەیکەرە چەکدارەکاندا و کاریگەریی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر ژیانی سڤیلەکان، دەریدەخات کە پشکنینی مافی مرۆیی گرووپە چەکدارەکان دەبێت لە سەرووی گێڕانەوە سیاسییەکان و لەسەر بنەمای پێوەرەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت.
لە ڕوانگەیەدا، ڕاپۆرتی ساڵانەی خاچی سور بیردەهێنێتەوە کە دیالۆگی مرۆیی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا بە واتای پەسەندکردن یان ڕەوایەتیدان بەوان نیست؛ بەڵکو ئامانجەکەی دروستکردنی سازوکارێکە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بۆ سەر سڤیلەکان و زیادکردنی بەرپرسیارێتیی تەواوی لایەنەکانی تێوەگلاو. ئەم بنەمایە دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ هەڵسەنگاندنی بێلایەنانەی ڕەفتاری تەواوی ئەکتەرە چەکدارەکان لە کوردستاندا؛ چ ئەو گرووپانەی خۆیان وەک بزووتنەوەی سیاسی دەناسێنن و چ ئەو گرووپانەی تێوەگلاون لە ئۆپراسیۆنی چەکداریدا. پێوەری کۆتایی، ئاستی پابەندبوونە بە مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و پاراستنی قوربانیانی سڤیل، نە ناسنامەی سیاسی یان ئیدعای ئایدۆلۆژیی گرووپێک.





