بابەتپێشنیاری سەرنوسەر

دادگا ناوخۆییەکان لە بەرامبەر تاوانەکانی جەنگدا؛ ئەزموونی ئۆکراینا و ڕێڕەوی نوێی دادپەروەریی سزایی نێودەوڵەتی

لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی دادگا نیشتمانییەکان لە بەدواداوچوونی یاسایی تاوانەکانی جەنگ و بەرپرسیارێتیی فەرماندەکان لەسەر بنەمای توێژینەوەی مارک کلامبێرگ

نووسینی: ڕۆژین سەرمەدی

لە کاتێکدا زۆرێک لە دۆسیەکانی تاوانەکانی جەنگ بۆ ساڵانێکی درێژ لە چاوەڕوانیی ڕاگەیشتندا لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا دەمێننەوە، ئەزموونی ئۆکراینا نیشانی دا کە دادگا ناوخۆییەکان دەتوانن ببنە هێڵی پێشەوەی تێکۆشان دژ بە بێسزاڕابوردن. مارک کلامبێرگ (Mark Klamberg)، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتیی گشتی لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، لە توێژینەوەیەکی نوێدا پشکنین بۆ ئەوە دەکات کە چۆن سیستەمی دادوەریی ئۆکراینا دوای دەستدرێژیی ڕووسیا هەوڵی داوە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی جەنگ دادگایی بکات و چ وانەیەک لەم ئەزموونەوە بۆ قەیرانە چەکدارییەکانی دیکە دەردەهێندرێت.

وتاری «دادگاییکردنی ناوخۆیی تاوانەکانی جەنگ لە ئۆکراینا – خستنەڕووی بەڵگەکان بۆ ڕوانگەیەکی جیاواز بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتی» (War Crimes Trials Before Domestic Courts in Ukraine – Making the Case for a Differentiated Approach to International Law) لەلایەن مارک کلامبێرگ لە کۆمەڵە توێژینەوەکانی کۆلێژی یاسای زانکۆی ستۆکهۆڵم بڵاوکراوەتەوە. کلامبێرگ کە یەکێک لە توێژەرە ناسراوەکانی بوارەکانی یاسای سزایی نێودەوڵەتی، دادگای سزایی نێودەوڵەتی (ICC) و بەرپرسیارێتیی سزایی نەشیی لە ململانێ چەکدارییەکانە، لەم وتارەدا پشکنین بۆ دادگاییکردنی ناوخۆیی تاوانەکانی جەنگ لە ئۆکراینا دەکات. ئەو هەوڵ دەدات نیشانی بدات چۆن دادگا نیشتمانییەکان دەتوانن بە بەکارهێنانی ڕێساکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی سزایی کەسەکان بپشکنن و هاوکات هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییەکانی یاسای نێودەوڵەتی و بنەماکانی یاسای سزایی ناوخۆییدا ڕابگرن.

جەنگە هاوچەرخەکان جارێکی دیکە پرسیارێکی کۆنیان هێناوەتەوە ناوەندی سەرنجی یاساناسان: کاتێک لە کاتی ململانێیەکی چەکداریدا، کەسانی مەدەنی دەبنە ئامانجی هێرش، یان دەستبەسەرکراوان ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە دەبنەوە یان موڵکوماڵی مەدەنی تێکدەدرێت، چ دامەزراوەیەک دەبێت بەرپرسانی ئەم کردەوانە وەڵامدار بکاتەوە؟

کلامبێرگ لەو بڕوایەدایە وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا لە دامەزراندنی دادگا نێودەوڵەتییەکاندا کورتبوونەوە ناکات. لە ڕوانگەی ئاوە، ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردوو نیشانی داوە کە دادگا نێودەوڵەتییەکان توانایەکی سنوورداریان هەیە و ناتوانن لە سەرجەم دۆسیەکانی تاوانەکانی جەنگ لە سەرتاسەری جیهاندا بکۆڵنەوە. بەم هۆیەوە، سیستەمە دادوەرییە ناوخۆییەکانی وڵاتان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە جێبەجێکردنی دادپەروەریی سزایی نێودەوڵەتی. دەوڵەتان بەپێی پابەندییە نەشییەکان لە کۆنڤێنسیۆنەکانی ژێنێڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، ئەرکیانە سازوکاری سزایی پێویست بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی ناوخۆیدا دروست بکەن.

ئۆکراینا نموونەیەکە کە ئەم ڕوانگەیە لەکرداردا پیشان دەدات. دوای هێرشی بەرفراوانی ڕووسیا لە شوباتی ۲۰۲۲دا، داواکاری گشتیی ئۆکراینا هەزاران دۆسیەی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی جەنگی تۆمار کرد و پرۆسەی بەدواداوچوونی دادوەری دژ بە گومانلێکراوان دەستی پێکرد. کلامبێرگ لە وتارەکەیدا تاوتوێی چەند دۆسیەیەک دەکات کە تێیاندا دادگاکانی ئۆکراینا بە پشتبەستن بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بڕیاریان لەسەر کردەوەگەلێکی وەک کوشتنی مەدەنییەکان، هێرش بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە لەگەڵ کەسانی پارێزراودا داوە.

یەکێک لە خاڵە گرنگە سەرنجڕاکێشەکانی نووسەر، شێوازی گۆڕینی ڕێساکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە بۆ ئامرازی یاسایی بەکارهاتوو لە دادگا ناوخۆییەکاندا. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە وڵاتان دوو ڕێڕەوی سەرەکییان هەیە بۆ تاوانناسین و دیاریکردنی تاوانەکانی جەنگ. هەندێک وڵات یاسا ناوخۆییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی سنووردار و بە لیستێکی دیاریکراوی تاوانەکان ڕێکدەخەن؛ لە کاتێکدا هەندێکی دیکە، وەک ئەو ڕوانگەیەی لە یاساکانی ئۆکراینادا دەبینرێت، مەودای تاوانناسین پیوەند دەدەن بە ڕێسا بەربڵاوەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییەوە.

ئەم جیاوازییە ئاڵنگارییەکی یاسایی دروست دەکات. ڕوانگە بەربڵاوەکەی تر دەتوانێت ڕێگری بکات لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی و ڕاهاتنی تاوانباران لە بەرپرسیارێتی، بەڵام لە بەرامبەردا، ئەم نیگەرانییە هەیە کە سنووری وردی تاوانەکە بۆ کەسەکان بە بڕی پێویست ڕوون نەبێت. لە بەرامبەردا، یاسا سنووردارترەکان دەبنە هۆی زیادبوونی پێشبینیپێکراوی، بەڵام ڕەنگە لە گۆڕانکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتی داببڕێن. کلامبێرگ ئارگومێنتی ئەوە دەکات کە باشترین ڕێگە، جیاکردنەوەی نێوان بوارە جیاوازەکانە؛ بەو واتایەی پێناسەی تاوانەکانی جەنگ دەبێت لەسەر بنەمای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بێت، بەڵام بنەماکانی وەک نییەتی تاوانکاری، بەرپرسیارێتیی سزایی و بەرگرییەکان دەبێت زیاتر لەسەر بنەمای یاسای سزایی ناوخۆیی وڵاتان بپشکنرێن.

بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەی کلامبێرگ تەرخانکراوە بۆ بەرپرسیارێتیی فەرماندەکان؛ بابەتێک کە لە زۆرێک لە جەنگەکاندا یەکلاکەرەوەیە. زۆرێک لە تاوانەکانی جەنگ ڕەنگە لەلایەن هێزە پلەنزمەکانەوە ئەنجام بپەڕێندرێن، بەڵام بڕیاردان، ڕێکخستن یان دەستەوسانیی ئەنقەستی فەرماندەکان لە ڕێگری لە تاوان، دەتوانێت ڕۆڵی بنەڕەتی لە ڕوودانی پێشێلکارییەکاندا هەبێت. نووسەر دەپشکنێت کە چۆن نەبوونی یاسای ڕوون لەسەر بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی دەتوانێت پرۆسەی لێپرسینەوە لە ڕێبەرانی سەربازی دژوار بکات و بۆچی سیستەمە یاساییەکان دەبێت چارەسەری دیاریکراویان بۆ ئەم پرسە هەبێت.

بایەخی ئەم باسە تەنیا بۆ جەنگی ئۆکراینا سنووردار نییە. لە زۆرێک لە ململانێ چەکدارییەکاندا، لە سوریا و عێراقەوە تا ناوچەکانی دیکەی ئاڵۆز لە توندوتیژی، پرسی سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا پێشێلکاریی یاسای مرۆیی ڕووی داوە یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە چۆن دەکرێت زنجیرەی بەرپرسیارێتی لە ئەنجامدەری ڕاستەوخۆوە تا فەرماندەکان و بڕیاردەرانی سەرەکی بسەلمێندرێت.

بۆ دیدەبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان-ئێران (IKHRW)، چوارچێوەی پێشکەشکراو لە توێژینەوەکەی کلامبێرگدا دەتوانێت بێتە مۆدێلێکی یاسایی بۆ بەستنەوەی نێوان بەڵگەدارکردن و بەدواداوچوونی دادوەری. ڕاپۆرتە مافی مرۆڤییەکان لەسەر پێشێلکردنی مافی مەدەنییەکان، بەکارهێنانی منداڵان لە پێکهاتە چەکدارەکاندا، بێسەروشوێنکراوان، ئەشکەنجە یان هێرش بۆ سەر کەسانی مەدەنی، ئەو کاتە دەتوانن لە ڕێڕەوی دادپەروەریی سزاییدا کاریگەر بن کە بە پێوەرە قبووڵکراوە دادوەرییەکان تۆمار بکرێن؛ واتە زانیاریی ورد لەسەر کات و شوێنی ڕووداوەکە، ناسنامەی ئەنجامدەران، ساختاری فەرماندەیی، بەڵگەی سەربەخۆ و پەیوەندی نێوان فەرماندەران و جێبەجێکاران لەخۆ بگرن.

لە بابەتی منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکاندا، بۆ نموونە، تەنیا تۆمارکردنی حاڵەتەکانی ڕفاندن یان بەکارهێنانی منداڵان بەس نییە؛ بەڵکو پشکنینی ڕۆڵی بەرپرسانی ڕفاندن، فەرماندەی یەکەکان و ئەو کەسانەی ڕێگەی ڕێگریکردنیان لەم کردەوانە لەبەردەستدا بووە، بایەخی بنەڕەتیی هەیە. هەمان لۆژیک بۆ هێرشکردنە سەر مەدەنییەکان یان پێشێلکارییەکانی دیکەی یاسای مرۆییش ڕاستە.

ئەزموونی تاوتوێکراو لەلایەن کلامبێرگەوە هەروەها بایەخی تواناکانی دادوەریی وڵاتانی ئەوروپی دەردەخات. لە دۆخێکدا کە قوربانیان لە وڵاتی شوێنی ڕوودانی تاوانەکەدا دەستیان بە دادپەروەری ڕاناگات، سازوکارەکانی وەک دەسەڵاتی دادوەریی گەردوونی (Universal Jurisdiction) و هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی دەتوانن ڕێڕەوی نوێ بۆ بەدواداوچوونی دۆسیەکان دروست بکەن.

لە کۆتاییدا، توێژینەوەکەی مارک کلامبێرگ پەیامێکی ڕوونی بۆ ڕێکخراوە بەڵگەدارکەرەکانی مافی مرۆڤ هەیە: ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ تەنیا تۆمارکردنی ڕووداوێک نییە؛ بەڵکو دەتوانێت یەکەم قۆناغی پێكهێنانی دۆسیەیەکی دادوەری بێت. مەودای نێوان ئیفادەی قوربانی و ڕاگەیشتنی دادگا، بە کوالێتیی بەڵگەدارکردن، وردبینیی یاسایی و ناسینی پێوەرەکانی یاسای سزایی نێودەوڵەتی کەم دەبێتەوە. ئەزموونی ئۆکراینا نیشانی دەدات کە دادپەروەریی سزایی سەبارەت بە تاوانەکانی جەنگ، تەنانەت لە دۆخی بەردەوامیی جەنگیشدا ئیمکانی هەیە؛ بەو مەرجەی زانیاری، بەڵگە و گێڕانەوەی قوربانیان لە قالبێکی یاسایی شیاوی پێشکەشکردن بە دادگاکان تۆمار و بپارێزرێن.

داگرتنی وتاری سەرچاوە بە فۆرماتی PDF

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button