چاوپێکەوتنەکەی دوایی ڕێوار ئابدانان، ئەندامی شورای ڕێبەری و وتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەگەڵ ڕۆژنامەی The Hindu، زیاتر لەوەی وتووێژێکی هەواڵگری بێت، دەبێت وەک هەوڵێک بۆ پێناسەکردنەوەی پێگەی سیاسیی ئەم گرووپە لە کەشوهەوای ئاڵۆزی ناوچەکەدا سەیر بکرێت. لەم گفتوگۆیەدا، پەژاک هەوڵ دەدات خۆی نە وەک گرووپێکی تەواو چەکدار، بەڵکو وەک ئەکتەرێکی سیاسی بنوێنێت کە بەکارهێنانی هێز تەنیا لە چوارچێوەی «بەرگریی ڕەوا»دا پاساو دەدات، بە مەرج پێشوازی لە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەکی دەکات و چوونە ناو هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوان دەبەستێتەوە بە گۆڕانکارییەکانی داهاتووەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە ئاخاوتنی سیاسی، هەرچەندە لە ڕوانگەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانەوە جێی سەرنجە، بەڵام پرسیاری گرنگ لە ڕوانگەی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دێنێتە ئاراوە.
یەکەم، جەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر «سیاسیبوون»ی گرووپێک، بە تەنیا پێگە یاساییەکەی ناگۆڕێت. لە یاسای نێودەوڵەتیدا، شەرعییەتی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی نە لەسەر بنەمای میدیایی، بەڵکو لەسەر بنەمای ڕەفتاری کرداری دەپێورێت. هەر گرووپێکی چەکدار، جیا لە ئامانجە سیاسییەکانی، پابەندە بە ڕەچاوکردنی یاسا بنەڕەتییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لەوانە ئەسڵی لێکجیاکردنەوەی سەربازان و مەدەنییەکان، ئەسڵی هاوسەنگی، قەدەغەکردنی هێرش بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان و قەدەغەی بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕی چەکداریدا.
ڕێک ڕێکخراوی پەژاک خۆشی بە فەرمی ئەم بنەمایانەی قبووڵ کردووە. ئەم گرووپە لە ساڵی ۲۰۱۰دا بە ئیمزا کردنی «بەڵێننامەی پابەندبوون» (Deed of Commitment) لە لایەن ڕێکخراوی ژنێڤ کۆل (Geneva Call)، بەڵێنی دا کە کەسانی ژێر ۱۸ ساڵ ڕانەکێشێت یان لە شەڕی چەکداریدا بەکاریان نەهێنێت، تەواوی کەسانی ژێر تەمەنی یاسایی لە پێکهاتە سەربازییەکانی دەربکات، منداڵان لە هیچ ڕۆڵێکی سەربازی یان پشتیوانی سەربازیدا بەکارنەهێنێت و دەرفەتی چاودێری و ڕاستکردنەوەی جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانە بۆ ژنێڤ کۆل دەستەبەر بکات. بۆیە، هەر جۆرە بانگەشەیەکی ئەمڕۆ دەربارەی جووڵە بەرەو چالاکیی سیاسی، تەنیا کاتێک لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە بڕواپێکراو دەبێت کە بە جێبەجێکردنی تەواوی ئەم بەڵێنانە، ڕووناکی لە بەرامبەر ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە ڕاکێشانی منداڵان و لێپرسراوێتی بەرامبەر کەیسەکانی پێنێنان بە مافی مرۆڤدا هاورێ بێت.
بەشێکی دیکەی ئەم هەڤپەیڤینە کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، خۆبوردنی پەژاکە لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانییەکان. وتەبێژی ئەم گرووپە، لە بڕی سەرکۆنەکردن یان پشتگیری ئاشکرا، بەرپرسیارێتی سەرەکی جەنگەکە دەخاتە سەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و لە هەمان کاتدا، گوشاری سەربازی بۆ سەر حکومەت، بە مەرجی زیان پێنەگەیشتنی مەدەنییەکان، بە قبووڵکراو دەزانێت. ئەم هەڵوێستە نیشان دەدات کە پەژاک لە ئاخاوتنی نەریتیی دژایەتیکردنی دەستوەردانی دەرەکی دوور دەکەوێتەوە و بەرەو جۆرێک لە پرۆماتیزمی سیاسی هەنگاو دەنێت؛ ڕێبازێک کە هاوكات هەوڵ دەدات دەرفەتی پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە دەرەکییەکان بپارێزێت.
لە هەمان ئاڕاستەدا، ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ پەیوەندی لەگەڵ «هەموو دەوڵەتان» جێی سەرنجە. ئەگەرچی وتەبێژی پەژاک جەخت دەکاتەوە کە ئەم گرووپە «هێزی وەکالەتی هیچ کەسێک نیست»، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕوونی دەکاتەوە کە هر پەیوەندییەک لە ئاڕاستەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی کورددا بێت، لە ڕوانگەی ئەم گرووپەوە شەرعییە. ئەم هەڵوێستە، لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، لێپرسراوێتییەکی دوو بەرامبەر بۆ ئەم گرووپە دروست دەکات؛ چونکە هەر ئەکتەرێک کە خوازیاری گێڕانی ڕۆڵی سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بێت، نچارە دەبێت پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی لێپرسراوێتیش قبووڵ بکات.
لە لایەکی دیکەوە، وەڵامی وتەبێژی پەژاک دەربارەی ئەگەری بەرفراوانبوونی ئۆپراسیۆنی سەربازی نیشان دەدات کە بژارەی بەکارهێنانی هێز هێشتا بەشێکە لە ستراتیژی ئەم گرووپە. ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر «بوونی نەتەوەی کورد» بکەوێتە مەترسییەوە، بڕیاری پێویست دەدرێت. ئەم پێوەرە، بەهۆی گشتیبوونی، مەودایەکی بەرفراوان لە لێکدانەوە دروست دەکات و پێویستی چاودێری لەسەر ئەرکی مەیدانیی ئەم گرووپە زیاتر لە جاران دەخاتە ڕوو.
لە نێواندا، پرسی لێپرسراوێتی دادوەری نابێت پەراوێز بخرێت. لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە بڕیارەکانی دادگا، داواکارییەکانی ڕادەستکردنەوە و ئاگادارییە سوورەکانی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) دەربارەی ژمارەیەک لە ڕێبەران و ئەندامانی گرووپە چەکدارەکانی کورد بڵاوکراونەتەوە. بێ ڕەچاوکردنی ئەنجامی کۆتایی ئەم پرۆسە دادوەرییانە، ئەسڵی بنەڕەتی سەروەری یاسا دەیازێت کە ئەم کەیسانە لە وڵاتانی نیشتەجێبوونی ئەم کەسانەدا، بەتایبەتی لە ئەورووپا، بە شێوەیەکی سەربەخۆ، بێلایەنانە و لەسەر بنەمای پێوەرەکانی دادپەروەری داوەریکردن لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت.
حکومەتە ئەورووپییەکان هەمیشە جەختیان لەسەر ئەسڵی بەرەنگاربوونەوەی پارێزراوی لە سزادان بۆ پێشێلکارانی جدی مافی مرۆڤ کردووەتەوە. ئەم ئەسڵە نابێت تەنیا دەربارەی دەوڵەتان جێبەجێ بکرێت. ئەگەر گرووپێکی چەکدار خوازیاری دانپێدانانی سیاسی، دیپلۆماسی و گێڕانی ڕۆڵ لە داهاتووی ئێراندا بێت، دەبێت لە بەرامبەر بانگەشەکانی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، لەوانە بەکارهێنانی منداڵان، هێرش بۆ سەر مەدەنییەکان و سەرپێچییەکانی دیکەدا لێپرسراو بێت. فەرامۆشکردنی ئەم لێپرسراوێتییە، نە تەنیا بڕواپێکراویی سیستەمی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لاواز دەکات، بەڵکو ئەم پەیامەش دەگەیەنێت کە پێوەرەکانی لێپرسراوێتی سەر بە ڕەچاوکردنی سیاسیین.
چاوپێکەوتنەکەی دوایی پەژاک، زیاتر لەوەی نیشانەی وەلا نانی بژارەی سەربازی بێت، دەربڕینی هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنەوەی ئاخاوتنی سیاسی ئەم گرووپە لە مەرجە نوێیەکانی ناوچەکەدا. بەڵام لە بوار مافی مرۆڤدا، گۆڕینی وشەکان شوێنی گۆڕینی ڕەفتار ناگرێتەوە. ئەوەی بڕواپێکراویی ئەکتەرێک دیاری دەکات، نە بانگەشەی پابەندبوون بە سیاسەت، بەڵکو ئاستی پابەندبوونی کردارییە بە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان، ڕێزگرتن لە مافی قوربانییان و ئامادەیی بۆ لێپرسراوێتی لە بەرامبەر بیروڕای گشتی و مەرجە یاساییەکاندا. بۆ کۆمەڵگەی مافی مرۆڤیش دەبێت پێوەرەکە ڕوون بێت: هیچ ئەکتەرێکی چەکدار، بێ ڕەچاوکردنی ئامانج یان ئاخاوتنی سیاسی خۆی، نابێت لە بازنەی لێپرسراوێتی بەرامبەر پێشێلکارییە ئەگەرییەکانی مافی مرۆڤ بەدەر بێت.





