بحث و گفتوگۆکان لەسەر بڕیارە قضایییەکان، داواکارییەکانی ڕادەستکردنەوە و اعلانەکانی سووری ئینتەرپۆل دژی ژمارەیەک لە سەرکردە و ئەندامانی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانی کوردی، زۆر بە خێرایی گۆڕدراوە بۆ مناقشەیەکی سیاسی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و نەیارە کوردەکانیدا. لەم نێوەندەدا، تەنیا یەک گرووپ هەیە کە زیاتر لە هەمووان لە گێڕانەوەکاندا فەرامۆش کراوە و سڕدراوەتەوە: قوربانیان و ئەو خێزانانەی کە ساڵانێکە داوای لێکۆڵینەوە، وەڵامدانەوە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دادخواهی قوربانیان دەکەن.
ڕاپۆرتی ئەم دواییەی مەکتەبی یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی HANA نموونەیەکی ڕوونی ئەم جێگۆڕکێیەیە لە کێشەکەدا. ئەم ڕاپۆرتە بە دروستی جەخت لەوە دەکاتەوە کە اعلانی سووری ئینتەرپۆل بە واتای بڕیاری دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی نییە، ئینتەرپۆل دەسەڵاتی سەلماندنی تاوانباریی کەسانی نییە و ڕادەستکردنەوەی کەسەکان پرۆسەیەکی سەربەخۆیە کە دەبێت لەژێر ڕۆشنایی یاساکانی وڵاتی داواکراو و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتەدا لێک بدرێتەوە. ئەم بنەمایانە جێگەی ناکۆکی نین. ناکۆکییەکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک لەم بنەمایانە ئەو ئەنجامە وەربگیرێت کە دۆسیە کیفرییەکانی دژی کەسانی دیاریکراو، بڕیارە قضاییە دەرچووەکان، داواکارییەکانی هاوکاریی قضایی و ڕادەستکردنەوە، و ئەو هەنگاوانەی لە چوارچێوەی هاوکاریی پۆلیسی نێودەوڵەتیدا نراون، تەنیا «هەڵوێستێکی سیاسی دەوڵەتێکە» و هیچ کاریگەرییەکی یاسایی نییە. ئەم جۆرە ئەنجامگیرییە نە لە ڕێساکانی ئینتەرپۆلەوە دروستی لێ دەخوێندرێتەوە و نە لەگەڵ لۆژیکی هاوکاریی کیفری نێودەوڵەتیدا دەگونجێت.
بڕیارێکی دادگای ئێران ڕەنگە لە عێراق، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیکا یان سوید ڕاستەوخۆ جێبەجێ نەکرێت؛ داواکاریی ڕادەستکردنەوەش لەوانەیە قبووڵ بکرێت یان ڕەت بکرێتەوە؛ اعلانێکی سووریش دەکرێت تانەی لێ بدرێت یان دوای پێداچوونەوەی کۆمیسیۆنی کۆنترۆڵی فایلەکانی ئینتەرپۆل بسڕدرێتەوە. هەروەها وڵاتی حەوانەوەی کەسەکەش لەوانەیە لەبەر مەترسی ئەشکەنجە، سزای لەسێدارەدان یان پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، لە ڕادەستکردنەوەی کەسەکە خۆی بپارێزێت. بەڵام هیچ کام لەم ئەگەرانە بە واتای بێبایەخبوونی ئۆتۆماتیکی دۆسیە کیفرییەکە یان نەبوونی کاریگەریی یاسایی نییە.
لە یاسای نێودەوڵەتیدا، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان «جێبەجێنەکردنی ئۆتۆماتیکی بڕیارێکی قضایی دەرەکی» و «نەبوونی کاریگەریی یاسایی ئەو بڕیارە». داواکاریی ڕادەستکردنەوە، هاوکاریی قضایی و هاوکاریی پۆلیسی ڕێک بۆ ئەوە دروست بوون کە تۆمەتە کیفرییە سنووربەزێنەکان بتوانرێت لەلایەن دامەزراوە خاوەن دەسەڵاتەکانی وڵاتە جیاوازەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.
مژاری سەرەکیش بەپێچەوانەی ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەی HANAدا زەق کراوەتەوە، پرسی ناساندن یان نەناساندنی حیزبە کوردییەکان نییە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان یان یەکێتیی ئەورووپادا. دۆسیەی کیفریی کەسێک دەبێت لەسەر بنەمای ئەو ڕەفتارە لێک بدرێتەوە کە دراوەتە پاڵ خودی ئەو کەسە. نەبوونی ناوی ڕێکخراوێک لە لیستە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکاندا نابێتە هۆی پارێزبەندیی کیفری (مصونیت) بۆ ئەندامان یان سەرکردەکانی؛ هەروەک چۆن بوونی ناوی ڕێکخراوێک لەو لیستانەدا بە تەنیا بەس نییە بۆ سەلماندنی بەرپرسیارێتیی کیفریی هەر یەک لە ئەندامانی. بنەمای بەرپرسیارێتیی کیفریی تاکەکەسی وا دەخوازێت کە سەبارەت بە هەر تۆمەتبارێک، تۆمەتەکان، بەڵگەکان و ڕۆڵی ئەگەریی ئەو کەسە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت.
پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەمەیە: ئایا ئەو کەسانەی لەژێر ڕاوەدوونان دان، تۆمەتبارن بە ئەنجامدان، فەرماندان، هاوکاری یان بەشداری لە تاوانگەلێکی دیاریکراودا؟ ئایا شاکی تایبەت (شاکی خصوصی) هەیە؟ ئایا خێزانی قوربانیان بەڵگەیان پێشکەشی دامەزراوە قضایییەکان کردووە؟ ئایا لێکۆڵینەوەی کاریگەر ئەنجام دراوە؟ ئایا تۆمەتباران مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تانەدان لە بڕیارەکانیان هەیە؟ و ئایا ئەو وڵاتانەی داواکارییە قضایییەکانیان بەدەست گەیشتووە، ئامادەن بەڵگە بەردەستەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەڵبسەنگێنن؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دەبێت لە چەقی هەڵسەنگاندنێکی مافی مرۆڤیدا بن.
مافەکانی مرۆڤ تەنیا کۆمەڵە گەرەنتییەک نییە بۆ پاراستنی تۆمەتباران بەرامبەر بە دەسەڵاتی دەوڵەت. قوربانیانی تاوانە قورسەکانیش مافی خۆیانە دەستیان بە دادپەروەری ڕابگات، سکاڵاکانیان لێکۆڵینەوەی کاریگەری لێ بکرێت و ئەو کەسانەی کە ئەگەری هەیە بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی تاوانەکان، بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی سیاسی، وابەستەیی ڕێکخراوەیی یان وڵاتی حەوانەوەیان، لە بەردەم پرۆسەیەکی یاسایی و قضاییدا وەڵامدەرەوە بن. بەڵام وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکانی مافی مرۆڤ ناتوانێت ببێتە هۆی پارێزبەندیی عەمەلی لە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە.
لە نێوان ڕادەستکردنەوەی بێ گەرەنتیی مافەکانی مرۆڤ و بەستنی تەواوی ڕێگای دادپەروەریدا، بژاردەی سێیەم هەیە: لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیی بەڵگەکان، هاوکاریی قضایی بەمەرج، لێکۆڵینەوە لە تاوانە ادعاکراوەکان لەو وڵاتانەی تۆمەتبارانی تێدا دەژین، بەکارهێنانی دەسەڵاتە قضایییە بەردەستەکان و داواکردنی گەرەنتیی باوەڕپێکراو بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی تۆمەتباران. ئەگەر بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە، دەبێت دۆسیەکە ڕەت بکرێتەوە. ئەگەر اعلانی سوور لەگەڵ ماددەی ٣ی ئەسڵنامەی ئینتەرپۆلدا ناکۆکە، دەبێت بسڕدرێتەوە. ئەگەر مەترسی ڕاستەقینەی ئەشکەنجە، لەسێدارەدان یان دادگاییکردنی نادادپەروەرانە هەیە، نابێت ڕادەستکردنەوە ئەنجام بدرێت. بەڵام ئەگەر خێزانی قوربانیان بەڵگەی شیاوی پێداچوونەوەیان سەبارەت بە کوشتن، ڕفاندن، بێسەروشوێنکردن، قەدەغەکردنی منداڵانی چەکدار یان تاوانە جدییەکانی دیکە پێشکەش کردووە، نابێت وابەستەیی سیاسی تۆمەتباران ببێتە قەڵغانێک بەرامبەر بە لێکۆڵینەوەی قضایی.
متمانەی سیستمی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ ڕێک لەم خاڵەدا تاق دەکرێتەوە. دادپەروەری ناتوانێت هەڵبژێرێت کام قوربانی شایستەی بیستنە و کام تۆمەتبار لەبەر پێگەی سیاسیی خۆی دەبێت لە پێداچوونەوەی قضایی پارێزراو بێت. دۆسیەکانی ئەم دواییەی دژی ژمارەیەک لە سەرکردە و ئەندامانی گرووپە چەکدارە کوردییەکان هێشتا ڕووبەڕووی پرسیارە یاساییە گرنگەکانن. سروشتی وردی بڕیارەکان، دۆخی اعلانە سوورەکان، ئەو بەڵگانەی پێشکەشی وڵاتە داواکراوەکان کراون و بڕیاری کۆتایی مەرجەعە قضایییە سەربەخۆکان دەبێت بە شێوەیەکی شەفاف بڵاو بکرێنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.
بەڵام یەک بنەما دەبێت ڕوون بێت: نە دەوڵەتان مافی ئەوەیان هەیە کە سازوکاری هاوکاریی کیفری نێودەوڵەتی بۆ ڕاوەدوونانی سیاسیی نەیارەکانیان بەکار بهێنن، و نە ڕێکخراوە سیاسی و سەربازییەکان دەتوانن بە سیاسیناوکردنی هەر دۆسیەیەکی کیفری، مافی قوربانیان بۆ گەیشتن بە ڕاستی، لێکۆڵینەوە و دادپەروەری پشتگوێ بخەن.
بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش تاقیکردنەوەیەکی سەخت لە پێشە. بەرگری لە مافەکانی تۆمەتباران پێویستە. چاودێریکردنی کاردانی دەوڵەتان پێویستە. بەرەنگاربوونەوەی خراپ بەکارهێنانی سیاسی لە ئینتەرپۆل پێویستە. بەڵام پرسیارکردن لەسەر قوربانیانیش پێویستە. چ کەسانێک سکاڵایان تۆمار کردووە؟ چی بەسەر ئەندامانی خێزانەکەیاندا هاتووە؟ چ بەڵگەیەک پێشکەش کراوە؟ و ئایا ئەو وڵاتانەی تۆمەتبارانی تێدا دەژین ئامادەن ئەم بەڵگانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ، بێلایەنانە و بەپێی ستانداردەکانی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی یان بەپێی بنەماکانی ماددەی سێیەمی هاوبەشی ڕێککەوتننامەکانی ژنێڤ هەڵبسەنگێنن؟
تا ئەو کاتەی ئەم پرسیارانە بێ وەڵام دەمێننەوە، ڕاگەیاندنی ئەوەی کە دۆسیە بەردەستەکان «بێ بنەمای یاسایین»، نەک دەرئەنجامێکی یاسایی سەلمێنراو، بەڵکو داوەرییەکە کە پێش پێداچوونەوەی تەواوی بەڵگەکان دەرکراوە. دادپەروەری کاتێک خاوەن اعتبارە کە هەم مافی تۆمەتبار گەرەنتی بکات و هەم دەنگی قوربانی ببیستێت.





