بابەت

گەنجانی ناوچە سنوورییەکان چۆن دەبنە نێچیر و ڕاوکراوی تۆڕەکانی ڕاکێشان؟

گێڕانەوەیەک لە قەیرانێکی شاراوە لە ڕۆژئاوای وڵات

نووسەر: کەیوان دارابخانی، توێژەری مافی گشتی

لە ساڵانی دواییدا، ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و دۆسیە تۆمارکراوەکان، باس لە سەرهەڵدانی شێوازێکی نیگەرانکەر لە هەندێک ناوچەی سنووری ڕۆژئاوای وڵات دەکەن: ڕاکێشانی پلەبەپلەی منداڵان و مێردمنداڵان بۆ ناو ئەو تۆڕانەی کە سەر بە گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانن.

ئەم دیاردەیە، هەرچەندە لە ڕواڵەتدا وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی سەیر دەکرێت، بەڵام لە چینە قووڵەکانیدا، ڕەگی لە ناو کۆمەڵێک زیانی کۆمەڵایەتی، بۆشایی پەیوەندی و تێکچوونی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونی نەوەی نوێدایە. ڕاستی ئەوەیە کە بەپێچەوانەی هەندێک شیکاریی سادە، “هەژاری” بە تەنیا بزوێنەری ئەم پرۆسەیە نییە.

ئەزموونە مەیدانییەکان و دۆزینەوەکانی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان نیشانی دەدەن ئەوەی مێردمنداڵ دەخاتە بەر مەترسیی بژاردە پڕکێشەکان، پێش هەر شتێک “هەستی نەبینران”، “تێگەیشتن لە جیاکاری” و “دابڕانی ناسنامە”یە. لە بارودۆخێکی وەهادا، هەر لایەنێک بتوانێت ئەم بۆشایییە پڕ بکاتەوە –تەنانەت بە بەڵێنی ناڕاستیش– چانسی کاریگەریی زۆری دەبێت.

لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی خێزان وەک یەکەم دامەزراوەی پارێزەر، یەکلاکەرەوەیە. لە زۆرێک لە نموونە بەڵگەدارەکاندا، جۆرێک لە دابڕانی سۆزداری و پەیوەندی لە نێوان دایک و باوک و مێردمنداڵدا دەبینرێت؛ دابڕانێک کە مەرج نییە بەهۆی بێباکییەوە بێت، بەڵکو هەندێکجار دەرەنجامی شێوازی پەروەردەی توند و نەبوونی گفتوگۆی کاریگەرە. ئەو مێردمنداڵەی کە نەتوانێت داخوازییەکانی دەرببڕێت، ئەزموونی سەربەخۆیی پلەبەپلە بکات و پشتگیری سۆزداری لە ماڵەوە وەربگرێت، بە شێوەیەکی سروشتی بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێت لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە. لێرەدایە کە تۆڕەکانی ڕاکێشان دەستبەکار دەبن؛ ئەو تۆڕانەی کە بەپێچەوانەی تێگەیشتنی گشتی، زۆربەی کات بە ئامێری توندوتیژی ڕاستەوخۆ کار ناکەن، بەڵکو بە تەکنیکی نەرم و پلەبەپلە، متمانە دروست دەکەن.

بستەری سەرەکی ئەم پەیوەندییەش فەزای مجازییە. شێوازی باو، لە گفتوگۆیەکی سادەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەست پێدەکات: هاوسۆزی، گرینگیدان، گوێگرتن بەبێ دادوەریکردن. پاشان وردە وردە، بەڵێنەکان دێنە پێشەوە، لە پشتگیری داراییەوە بگرە تا وێناکردنی ژیانێکی جیاواز و “ئازاد”. بۆ مێردمنداڵێک کە لە گەڕان دایە بۆ ناسنامە و مانا، ئەم گێڕانەوەیە دەتوانێت زۆر سەرنجڕاکێش بێت.

لە بەردەوامیدا، ئەم پرۆسەیە دەگاتە قۆناغێکی مەترسیدارتر: پچڕانی پلەبەپلەی پەیوەندی لەگەڵ خێزان، وابەستەیی دەروونی بەو کەسەی کە ڕایدەکێشێت، و لە کۆتاییدا هاندانی بۆ چوونە دەرەوە لە ژینگەی ژیانی. ڕاپۆرتە بەردەستەکان نیشانی دەدەن هەندێک لەو کەسانە دوای چوونە ناو ئەم پێکهاتانە، ڕووبەڕووی ڕاستییەکی تەواو جیاواز لە بەڵێنە سەرەتاییەکان بوونەتەوە؛ بارودۆخێک کە لە هەندێک حاڵەتدا لەگەڵ سنووردارکردنی توند و نەبوونی ئازادییە تاکەکەسییەکان بووە.

لە ڕوانگەی یاساییەوە، بابەتەکە ڕەهەندی ڕوونی هەیە. بەکارهێنانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ لە چالاکییە چەکدارییەکاندا، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و لەوانە ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، وەک پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی منداڵ هەژمار دەکرێت. ورووژاندنی ئەم بابەتە، تەنیا باسێکی سیاسی نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی پابەندییەکانی مافی مرۆڤدا جێی لێکۆڵینەوەیە.

بەو حاڵەشەوە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چۆن دەکرێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم سووڕە بکرێت؟ وەڵامەکە، بە پێچەوانەی وێناکان، تەنیا لە ڕێکارە ئەمنییەکاندا نییە. ئەزموونە جیهانییەکان نیشانی دەدەن کە بەرەنگاربوونەوەی بەردەوام لەگەڵ ئەم دیاردەیە، پێویستی بە دیدگایەکی چەند چین هەیە.

لە هەنگاوی یەکەمدا، دەبێت خێزانەکان بەهێز بکرێن؛ فێرکردنی لێهاتووییەکانی پەیوەندی، کەمکردنەوەی مەودای نێوان نەوەکان و بەهێزکردنی گفتوگۆی ناوخێزانی، لە گرینگترین ڕێکارە پێشگیرانەکانن. لە هەنگاوی دواتردا، ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ گەنجان لە هەلی کارەوە بگرە تا چالاکییە کولتووری و وەرزشییەکان، دەتوانێت جێگرەوەی تەندروست و سەرنجڕاکێش بخاتە بەردەستیان. هاوکات، میدیاکانیش دەبێت بە دوورکەوتنەوە لە دیدگا کلیشەیی و دادوەریکەرەکان، بەرەو لای هۆشیارکردنەوەی ورد و هاوسۆزانە هەنگاو بنێن.

لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە قبووڵ بکرێت کە ئەم کێشەیە، پێش ئەوەی بە “ناوزەدکردن” چارەسەر بێت، پێویستی بە “تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەکان” هەیە. ئەو مێردمنداڵەی کە ڕادەکێشرێت بۆ ناو ئەم تۆڕانە، پێش ئەوەی هەڕەشە بێت، “نیشانە”یە؛ نیشانەیەک لەو درزانەی کە ئەگەر بە دروستی نەبینرێن و چاک نەکرێنەوە، دەتوانن لە داهاتوودا تێچووی قورستر بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن. بەڕێوەبردنی ئەم دیاردەیە، نە بە نکۆڵیکردن و نە بە زیادەڕەویکردن، بەڵکو بە واقیعیبوون، دەستێوەردانی زیرەکانە و گرینگیدانی هاوکات بە ئەمنییەت و سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button