بابەت

توندوتیژیی وەچەخستن بەرامبەر منداڵانی چەکدار؛ ڕەهەندە شاراوەکانی خراپبەکارهێنان لە ناکۆکییە چەکدارییەکاندا

توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کامبریج ئاشکرای دەکات کە جەستە و توانای وەچەخستنی منداڵان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێتە ئامرازی کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتداری.

وتاری «توندوتیژیی وەچەخستن بەرامبەر منداڵانی چەکدار» (Reproductive Violence Against Child Soldiers) کە لەلایەن ڕۆزمێری گرەی (Rosemary Grey)، توێژەری یاسای نێودەوڵەتی نووسراوە و لە بڵاوکراوەی Leiden Journal of International Law لەلایەن وەشانخانەی زانکۆی کامبریجەوە بڵاوکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە شاراوەترین ڕەهەندەکانی پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان لە ناکۆکییە چەکدارییەکاندا. ئەم وتارە ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنانی منداڵان لە ناو گرووپە چەکدارەکاندا تەنیا بە بەشداریی سەربازی، کارکردنی بەزۆر یان ئیستغلاکردنی سێکسی سنووردار نابێتەوە، بەڵکو لە زۆرێک لە بارودۆخەکاندا، جەستە و توانای وەچەخستنی منداڵان دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردن، سەپاندنی دەسەڵات و بەردەوامیدان بە پێکهاتە جەنگییەکان.

گرەی لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدات سەرنجی یاسای سزادانی نێودەوڵەتی بۆ چەمکی توندوتیژیی وەچەخستن ڕابکێشێت؛ چەمکێک کە کۆمەڵێک ڕەفتاری وەک دووگیانیی بەزۆر، لەباربردنی بەزۆری منداڵ، ڕێگریی بەزۆر لە دووگیانی، هاوسەرگیریی بەزۆر و شێوازەکانی دیکەی کۆنتڕۆڵکردنی بڕیارەکانی وەچەخستن دەگرێتەوە. بە بڕوای نووسەر، پێویستە ئەم ڕەفتارانە وەک بەشێک لە مۆدێلێکی بەربڵاوتری توندوتیژی بەرامبەر منداڵانی چەکدار تاوتوێ بکرێن.

قوربانیانی دەرەوەی مەیدانی جەنگ

لە ئەدەبیاتی مافەکانی مرۆڤدا، منداڵانی چەکدار زۆربەی کات وەک ئەو منداڵانە دەناسرێن کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە هێزە سەربازییەکان یان گرووپە چەکدارەکاندا بەکار دەهێنرێن. بەڵام ئەزموونی زۆرێک لەم منداڵانە دەریخستووە کە زیانە لێکەوتووەکان زۆر لە ئامادەبوونیان لە مەیدانی جەنگدا زیاترن.

ئەو منداڵانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ڕادەکێشرێن، دەڕفێنرێن یان دەخرێنە ژێر گوشارەوە، ڕەنگە ڕووبەڕووی ڕۆڵی جیاواز ببڕدرێنەوە وەک شەڕڤان، هێزی خزمەتگوزاری، پەیامبەرهێن یان پشتگیریی لۆجیستی. بەڵام لەبارەی زۆرێک لە کچانەوە، ئەم ڕەوشە لەگەڵ جۆرێکی دیکە لە خراپبەکارهێناندا تێکەڵ دەبێت؛ خراپبەکارهێنانێک کە ڕاستەوخۆ جەستە، ناسنامە و داهاتوویان دەکاتە ئامانج.

ئەم منداڵانە ڕەنگە ناچار بکرێن بەشدار بن لە پەیوەندیی سێکسیدا، وەک «هاوسەر»ی ئەندامانی گرووپ دیاری بكرێن، دووگیانیی نەویستراو ئەزموون بکەن یان بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی بەزۆر سەبارەت بە توانای دایکبوون یان ڕێگری لە دووگیانی. ئەم کردارانە نەک تەنیا پێشێلکردنی ئازادیی تاکەکەسییانە، بەڵکو لێکەوتەی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتیی درێژخایەنیشیان لێ دەکەوێتەوە.

توندوتیژیی وەچەخستن؛ شێوازێکی فەرامۆشکراوی توندوتیژیی جەنگی

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی وتارەکەی گرەی ئەوەیە کە چوارچێوە بەردەستەکانی پەیوەندیدار بە توندوتیژیی سێکسی لە جەنگدا، ئەگەرچی پێشکەوتنێکی گرنگیان لە یاسای نێودەوڵەتیدا هێناوەتە ئاراوە، بەڵام هەمیشە هەموو ڕەهەندەکانی زیانە لێکەوتووەکانی سەر قوربانیان نپۆشن.

تەرکیزکردنی نەریتی لەسەر تاوانەکانی وەک دەستدرێژیی سێکسی بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک شێوازی دیکەی کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی مرۆڤ کەمتر سەرنجیان بێتە سەر. لە کاتێکدا ناچارکردنی منداڵێک بۆ دووگیانی، ڕێگریی بەزۆر لە منداڵبوون یان سەپاندنی لەباربردنی منداڵ، تەنیا لێکەوتەیەکی لاوەکیی توندوتیژیی سێکسی نییە؛ بەڵکو جۆرێک لە بەکارهێنانی ئامرازییانەی جەستەی قوربانییە بۆ ئامانجی تاکەکەسی، ڕێکخراوەیی یان ئایدۆلۆژی.

لەمیانی ئەم ڕوانگەیەوە، جەستەی منداڵی چەکدار دەبێتە بەشێک لە مەیدانی دەسەڵات؛ شوێنێک کە گرووپی چەکدار هەوڵ دەدات نەک تەنیا ڕەفتار و جوولەی تاک بەڵکو داهاتووی زیندەیی و خێزانیی ئەویش کۆنتڕۆڵ بکات.

پێویستیی ڕوانینێکی گشتگیرتر بۆ دیاردەی منداڵانی چەکدار

وتاری «توندوتیژیی وەچەخستن بەرامبەر منداڵانی چەکدار» جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی منداڵانی چەکدار نابێت تەنیا بۆ ڕێگری لە بەکارهێنانی منداڵان لە ئۆپەرسیۆنی سەربازیدا کورت بکرێتەوە. پاراستنی ڕاستەقینەی منداڵانی قوربانیی جەنگ پێویستی بە سەرنجدان بە تەواوی ئەو زیانانە هەیە کە لە سەردەمی ئامادەبوونیان لە گرووپە چەکدارەکاندا ئەزموونی دەکەن.

لەسەر ئەم بنەمایە، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و سازوکارەکانی دادپەروەریی سزادانی نێودەوڵەتی دەبێت لە کاتی پێداچوونەوە بە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە منداڵانی چەکداردا، جگە لە پرسی ڕاکێشان و بەکارهێنانی سەربازی، سەرنج بدەنە مۆدێلە شاراوەکانی دیکەی خراپبەکارهێنان، لەوانە توندوتیژییەکانی پەیوەندیدار بە ڕەگەز و وەچەخستن.

چونکە ئەو منداڵانەی لە جەنگ دەگەڕێنەوە، تەنیا ڕزگاربووانی ناکۆکییە چەکدارییەکان نین؛ بەڵکو زۆرێکیان قوربانیی کۆنتڕۆڵ، ئیستغلالکردن و پێشێلکاریی قووڵی مافە مرۆییەکانی خۆیانن کە شوێنەوارەکانی ڕەنگە تا ساڵانێک دوای کۆتاییهاتنی جەنگیش بەردەوام بێت.

داگرتنی ڕاپۆرتی تەواو بە فۆرماتی PDF (زمانی بنەڕەتی)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button