٢٦ی حوزەیران (ژوئن)، “ڕۆژی جیهانیی پشتگیری لە قوربانیانی ئەشکەنجە”، تەنیا بۆنەیەکی ناو ڕۆژژمێر نییە؛ بەڵکو بیرهێنانەوەی یەکێک لە بنەڕەتیترین بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی هاوچەرخە: هیچ کەس، دەوڵەت، گرووپی چەکدار یان ئەکتەرێکی سیاسی، لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا، مافی ئەشکەنجەدان، سووکایەتیکردن و داماڵینی کەرامەتی مرۆیی نییە. قەدەغەکردنی ئەشکەنجە، بە پێچەوانەی زۆرێک لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، پابەندبوونێکی ڕەهایە (jus cogens)؛ نە شەڕ، نە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، نە ئاسایشی نیشتمانی، نە ئامانجە سیاسییەکان و نە هیچ بەرژەوەندییەکی تر ناتوانێت پاساوی بۆ بهێنێتەوە.
سەرڕای ئەم بنەما سەرەکییە، هێشتا هەزاران قوربانی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا هەن کە نەک هەر دادیان بە چاو نەبینیوە، بەڵکو تەنانەت گێڕانەوەکانیشیان نەبیستراوە. یەکێک لەم گێڕانەوانەی کە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە، پەیوەندی بە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و کەمپەکانی هەندێک لە حیزبە چەکدارە کوردییەکان لە هەرێمی کردستانی عێراقەوە هەیە؛ ئەو شوێنانەی کە لە درێژەی ساڵانی ڕابردوودا ڕاپۆرتی زۆر لەسەر بەکارهێنانی منداڵان، تووندوتیژیی سێکسی، ئەشکەنجە، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، دەستبەسەرکردنی خۆڕاگرانە، بێبەشکردن لە پەیوەندی لەگەڵ خێزان و شێوازەکانی تری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ تێیاندا بڵاوکراونەتەوە.
بەپێی کۆمەڵە بەڵگەنامە بڵاوکراوەکانی “دیدبان حقوق بشر کردستان ایران” (IKHRW)، گێڕانەوەی ئەندامانی جیاکراوە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، وێنەیەکی نیشاندەری دۆخی نالەباری مافەکانی مرۆڤ لەم کەمپانەدا دەخاتە ڕوو. ئەگەرچی هەر گێڕانەوەکانی دەبێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە و ڕاستی و دروستیی لێبکرێتەوە، بەڵام دووبارەبوونەوەی نەخشە و شێوازە هاوشێوەکان لە ڕاپۆرتە جیاوازەکاندا، پێویستیی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێلایەنانە دوو هێندە دەکات.
ئەوەی ئەم گێڕانەوانە لە زۆرێک لە دۆسیەکانی مافی مرۆڤ جیا دەکاتەوە، تەنیا ڕوودانی تووندوتیژییەکە نییە، بەڵکو ناسکی و بێپەنایی قوربانییەکانێتی. ئەو منداڵانەی کە لەجیاتی قوتابخانە، پەروەردەی سەربازی دەبینن؛ ئەو مێردمنداڵانەی کە لە جیاتی ئەزموونکردنی قۆناغی گەشەکردن، لە ناو پێکهاتە داخراوەکانی ڕێکخراوەکەدا گیر دەخۆن؛ و ئەو کچ و کوڕانەی کە لە چەندین گێڕانەوەدا باسیان لە ئازاری سێکسی، ئەشکەنجە، سووکایەتی و بێبەشکردن لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ کردووە.

ئەگەر ئەم گێڕانەوانە ڕاست بن، بابەتەکە ئیتر تەنیا پێشێلکردنی چەند مافێکی بنەڕەتی نییە، بەڵکو گومانی ئەنجامدانی کۆمەڵێک پێشێلکاریی جددیی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی (IHL) و یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ دێتە ئاراوە. بەکارهێنانی کەسانی ژێر تەمەنی هەژدە ساڵ لە ململانێ چەکدارییەکاندا، ئەشکەنجە، ڕەفتاری نامرۆیی، تووندوتیژیی جێندەری، بێبەشکردنی کەسەکان لە ئازادیی دابڕان لە ڕێکخراو و ڕێگری لە پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکانیاندا، هەموویان لەو ڕەفتارانەن کە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا قەدەغە کراون و دەتوانن بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی و لە هەندێک حاڵەتیشدا بەرپرسیارێتی تاوانکاریی تاکەکەسی دروست بکەن.
لە ساڵانی ڕابردوودا، هەندێک لەم حیزبە چەکدارانە بە پەیوەستبوون بە دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان و ڕاگەیاندنی پابەندبوون بە پێوەرە مرۆییەکان، هەوڵیان داوە خۆیان وەک لایەنی پابەند بە مافەکانی مرۆڤ نیشان بدەن. ئەم هەنگاوە لە جەوهەری خۆیدا هەنگاوێکی ئەرێنییە؛ بەڵام شەرعییەت بە بەیاننامە بەدەست نایەت. شەرعییەت کاتێک مانا پەیدا دەکات کە پابەندبوونەکان ببنە ڕەفتاری کردەیی و دەرفەتی چاودێریی سەربەخۆ، دەستڕاگەیشتنی چاودێرانی نێودەوڵەتی، بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی شەفاف و وەڵامدانەوەی ڕاستەقینە دابین بکرێت. هیچ گرووپێکی چەکدار نابێت لە هەمان کاتدا زمانی مافەکانی مرۆڤ برای بەدەستهێنانی پێگەی سیاسی بەکاربهێنێت و لە چاودێریی مافەکانی مرۆڤیش ڕابکات.
لە لایەکی ترەوە، سەرنجدانی تەنیا لەسەر کارکردنی گرووپە چەکدارەکان بەس نییە؛ بەڵکو دەبێت زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ڕاکێشانی نەوجەوانان بۆ ئەم گرووپانەش ببینرێت. هەژاری، پەرەنەسەندوویی ناوچە سنوورییەکان، هەستی جیاکاری، سنوورداریی دەرفەتەکانی خوێندن و کار، و لاوازیی پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکان، ژینگەیەک دروست دەکەن کە تێیدا نەوجەوانان زیاتر لە کەسانی تر لەبەردەم مەترسیی ڕاکێشان، فریودان یان زۆرەملێدا دەبن. بەرەنگاربوونەوەی ئەم خولە تەنیا بە ئامرازی ئەمنی ناکرێت؛ بەڵکو پێویستی بە سیاسەتی گەشەپێدان، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی سەرمایەی مرۆیی لە ناوچە سنوورییەکاندا هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ کام لەم هۆکارانە بەرپرسیارێتیی ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کەم ناکاتەوە. یاسای نێودەوڵەتی لە نێوان پاڵنەری سیاسی و بەرپرسیارێتی یاساییدا جیاکاری دەکات. ئامانجە سیاسییەکان، تەنانەت ئەگەر بە شەرعیش دابنرێن، هرگیز مۆڵەت نین بۆ ئەشکەنجەدان، تووندوتیژیی سێکسی، بەکارهێنانی منداڵانی چەکدار یان داماڵینی کەرامەتی مرۆیی. بەم هۆیهشەوە، ڕۆژی جیهانیی پشتگیری لە قوربانیانی ئەشکەنجە دەبێت لە ئاستی هاوسۆزی تێپەڕێت و ببێتە داواکارییەکی ڕوون بۆ لێپرسینەوە و وەڵامدانەوە.
ئەم لێپرسینەوەیە میکانیزمی دیاریکراوی هەیە. ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەشکەنجە، ڕاپۆرتنێری تایبەتی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕاپۆرتنێری تایبەتی تووندوتیژی دژی ژنان و کچان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان و ململانێ چەکدارییەکان، کۆمیتەی مافەکانی منداڵ، کۆمیتەی دژایەتی ئەشکەنجە، یونیسێف و میکانیزمە بابەتەییەکانی تری ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دەتوانن ئەم ئیدیعایانە لە چوارچێوەی ئەرکەکانی خۆیاندا بکۆڵنەوە، بەڵگەدار بکەن و بەدواداچوونی بۆ بکەن. هەروەها ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ دەبێت داوای دەستڕاگەیشتن بە قوربانیان، شاهیدەکان و کەمپەکانی جێگیربوونی ئەم گرووپانە بکەن تا ڕاستی نەک لەسەر بنەمای گێڕانەوەی سیاسی، بەڵکو لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ ڕوون بێتەوە.
لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەم ئیدیعایانە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆوە بسەلمێنرێن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت تەنیا بە دەرکردنی بەیاننامەی ئەخلاقی ڕازی بێت. سەپاندنی سزای ئامانجدار دژی بکەران، بەڵگەدارکردن بۆ بەکارهێنان لە پرۆسە دادوەرییەکانی داهاتوودا، کەڵکوەرگرتن لە بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیر لەو وڵاتانەی یاسای ناوخۆییان ڕێگەی پێدەدات، پشتگیریکردن لە بەرنامەکانی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، دەروونی و یاسایی بۆ ڕزگاربووان، بەشێکن لە میکانیزمە ناسراوەکانی وەڵامدانەوە لە یاسای نێودەوڵەتیدا.
ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک جێی نیگەرانییە، ئاسایبوونەوەی تووندوتیژییە. کۆمەڵگەیەک کە منداڵی چەکدار بە شتێکی ئاسایی بزانێت، یان گێڕانەوەی دەستدریژی و ئەشکەنجە تەنیا وەک هەواڵێکی ڕۆژانە سەیر بکات، نەک هەر قوربانیی ئەمڕۆ لەدەست دەدات؛ بەڵکو داهاتووی خۆشی لەبەردەم داڕوخانی ئەخلاقیدا دادەنێت. مەترسیی سەرەکی تەنیا ڕوودانی تووندوتیژی نییە، بەڵکو قبوڵکردنی هێدی هێدییەتی وەک بەشێک لە ڕاستی شێوازی ژیان.
ڕۆژی جیهانیی پشتگیری لە قوربانیانی ئەشکەنجە، بیرهێنانەرەوەی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە: بیستنی دەنگی ئەو قوربانیانەی کە ساڵانێکە لە پەراوێزدا ماونەتەوە، بێ ئەوەی ئازارەکانیان ببێتە ئامرازی ململانێ سیاسییەکان. بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، ئەو کاتە شەرعییەت و متمانەی هەیە کە بۆ هەموو قوربانیان، بێ ڕەچاوکردنی ناسنامە، نەتەوە، ئایین، ڕەوتی سیاسی یان پێگەیان، بە یەک پێوەری هاوبەش داوا بکرێت. ئەگەر کەرامەتی مرۆڤ بەهای بنەڕەتیی یاسای نێودەوڵەتی بێت، هیچ منداڵێک، هیچ ژنێک و هیچ پیاوێک نابێت لەژێر سێبەری بێدەنگیدا، لە بازنەی پاراستنی ئەم کەرامەتە دەر بکرێت. دادپەروەری تەنیا کاتێک دەستپێدەکات کە ڕاستی ببیسترێت؛ و ڕاستیش تەنیا کاتێک دەبیسترێت کە بێدەنگی کۆتایی بێت.
دکتۆر عەلی فەرەهمەند (دیدبان حقوق بشر کردستان ایران – IKHRW) ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦




