كوردی/کوردانی سوریا لەسیاسەتی دەرەکی ئەمریکا: ستراتژی درێژخایەن یا کەرەستەی سیاسی؟

  • ۴ سال قبل

نووسەر: لارا عەزیز

ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەیران و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان

لەلایەن چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێرانەوە وەرگێڕدراوەتەوە

چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران وەک دەزگایەکی مافی مرۆڤ، لەدەرەوەی دەوڵەت و لەبەشی کەرەتی تایبەت کە لەلایەن خەڵکەوە بەڕێوە دەبردرێت بە ئارمانجی پشتیوانی لە مافی هاوڵاتیانی کوردی ئێرانی لەساڵی 1397 دامەزرا. ئەم دەزگایە، بە شێوازی پسپۆڕانە، کارناسانە و بەردەوام دۆخی مافی مرۆڤ و پێشلکاریەکانی لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەشۆپێنێت. بەدواداچوون بۆ پێشلکاریەکانی مافی مرۆڤ، بێبەش بوون لە مافی هاوڵاتی بوون، زیانە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجامەکانی پشتیوانی ماف پەروەرانە لە هاوڵاتیانی کوردی ئێڕانی، پەیوەندی لەگەڵ کارناسان و چالاکانی مافی مرۆڤ و راگەیاندنەکان، شرۆڤەی دواین راپۆرتەکانی دەزگا نێودەوڵەتییەکان و داهێنانی وێژەوانی پسپۆڕانە لەبواری مافی مرۆڤ، بەشێکە لە چالاکییەکانی چاودێر.

چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران، لەم راپۆرتەدا، دەیەوێت راپۆرتێک لەبارەی کوردانی سوریا و پەیوەندیان لەگەڵ ئەمریکا وەرگێڕێتەوە کە لەم ساڵانەی دوایدا سەرنجی لێکۆڵەرانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. جۆر و ئاستی پەیوەندی و هۆکاری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا و پەیوەندی دواتری ئەمریکا و گرووپە چەکدارە کوردەکان لەم راپۆرتەدا بە باشی شرۆڤەی لەسەر کراوە.

 

 

پێشەکی

وادیاربوو کوردەکان لەدرێژەی شەڕ و ناکۆکییەکانی سوریا هاوپەیمانێکی سەرەکی و گرنگن لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت لە ئاستی بەهێزتر، سەنگەرێکی سکۆلار لەشەڕ لەگەڵ گرووپە ئیسلامییەکانن و زاڵن بەسەر ئۆپۆزسیۆنی دژە ئەسەد دا. هاوکات کە کوردەکان لە هێرشە بێ بەزەیانەکانی داعش سەرەتا لەکۆبانی و دواتر لەرەقا پاشەکشێیان بەم گرووپە کرد، رۆژئاوا (واتەی وشەیی: شوێنی ئاسۆی ئێوارانی هەتاو – ئیدارەی خۆجێی زاڵ لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا) هاتە گۆڕێ. رۆژئاوا لەساڵی 2014 وەک دەسەڵاتێکی خۆسەر راگەیەندرا و پارتی یەکێتی دێمۆکراتیک (پەیەدە) لەگەڵ باڵی چەکداری یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کۆنترۆڵی سێ کانتۆنی سەرەکی لەسەریا، جزیرە، کۆبانی و عەفرینیان بەدەستەوە گرت. لەکاتێکدا کە ئەسەد یا ئەمریکا هیچ کات بە فەرمی دانیان بەمانەدا نەناوە، ئەم ناوچە لەساڵی 2014 لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی لێکرا، چوونکە ئەمریکا لە شەڕی کوردەکان لەگەڵ داعش لەڕێگای ئاسمانی و تەقەمەنی و چەکەوە یارمەتی دەدان. ئەمە وەک  پێشکەوتنێک بۆ پرسی کورد لەسوریا هەژمار دەکرا. شوێنێک کە رژیمی بەعس هەر جۆرە چالاکی و جووڵەی سیاسی کوردی بە ساڵان قەدەخە کرد بوو. (Federici, 2015). چالاک بوون و جوڵەی کوردانی سوریا دەرفەتێکی بۆ رەخساندن تا لەسەر مافی خۆیان و مسۆگەر کردنی ئۆتۆنۆمی لەسوریا جەخت بکەنەوە. لەو کاتەوە، ویستی کورد و هیوای بە ئۆتۆنۆمی زۆر بڵند بوو، بەڵام لەناکاو جارێکی دیکە رووبەڕووی پشت بەتاڵکردنیان لەلایەن ئەمریکا بوونەوە.

کورد پێشینەیەکی مێژوویی شەڕی بۆ مانەوە و درێژەدان و شووناسی خۆی هەیە. وەک کۆمەڵگایەکی خێڵی بەدرێژایی ساڵان لەلایەن عەرەب و فارس و تورکەوە جیاکراونەتەوە. لەساڵی 1516، بەشێکی زۆر لەکوردەکان لەئێران جیا کرانەوە و خرانە سەر دەسەڵاتی عۆسمانی. (Meho et al., 2004). بەڵام کوردانی ژێر دەسەڵاتی عۆسمانییەکان لەراستیدا بە پەیمانی لۆزان لەساڵی 1923 بڵاوەیان پێکرا. هاوڕا بوون لەسەر دابەشکردنی عۆسمانی لەشەڕی جیهانی یەکەم لەنێوان فرانسا و بەریتانیا، بوو هۆی ئەوەی لەنێوان سوریا و ئێراق و تورکیادا دابەش بکرێن. (Federici, 2015). ئەوڕۆکە کورد یەکێک لەکۆنترین کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوینن. لەبەرچاو نەگرتن لە سیستمی نێودەوڵەتی بووە هۆی ئەوەی تا کوردەکان کۆمەڵێکی ئاسان بۆ دزە کردن بە تایبەت لەلایەن زلهێزەکانەوە بن. لەراستیدا، کورد زۆرتر ئەو کاتانەی کە بەکاریان دێنن، پشتیان بەتاڵ دەکرێتەوە تا رووبڕووی بەرپرسانی ناوچەیی ببنەوە.

دەکرێت ئاماژە بە بڕیاری دۆناڵد ترامپ لەئۆکتۆبەری 2019 بکرێت کە هێزەکانی لەسوریا کشاندەوە. کوردانی سوریا دوای ئەم بڕیارەی ترامپ، تێگەیشتن شەڕکردنیان لەگەڵ داعشیش ناتوانێت گەرەتنی درێژەی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بێت بۆیان. (Hiltermann, 2018). ئەم بڕیارە، دەست بەردانی خەست لەکوردان بوو. لەراستیدا، رۆژانی ئۆتۆنۆمی کوردەکان لەگەڵ ئارمانجەکان رەجەب تەیێب ئەردۆغان کەوتە مەترسییەوە کە رایگەیاند پەیەدە/یەپەگە و ناسیۆنالیزمی کورد لەئاستی بەربڵاوتردا سەرکوت دەکات. پەیوەندی ئەمریکا – تورکیا بە هۆی پشتیوانی ئەمریکا لە پەیەدە تووشی گێرەوکێشە بوو. تورکیا ئەم پارتە سیاسییە کورد وەک گرووپێکی تێرۆریستی و باڵێکی پەکەکە ناودێر دەکات کە لەماوەی چەندین دەیە هەڕەشە بوو لەدژی ئاسایشی تورکیا و گرووپێکی جیاخوازە. (Butler et al., 2019). بەڵام تەنیا شتێک کە بووە هۆی راوەستانی ئەردۆغان، بوونی هێزەکانی ئەمریکایی بوو کە رۆیشتنیان دەبووە هۆی رووبڕوو بوونەوە لەگەڵ مەترسییەکی رژدا. کورد بێ ئەمریکا لەنێوان دەسهاڕی هێزەکانی ئەسەد و تورکیادا دەمایەوە. هاوپەیمانی نێوان واشنگتۆن و ئەنکارا پڕ بوو لەدەرئەنجام بۆ کوردانی سوریا کە بە توندوتیژی لەڕادەبەدەر، سڕینەوەی خێل، تاوانی شەڕ و سەرکووت رووبڕوو بوون. بۆ خەڵکێک کە پێشتر بەدیلێکی قورستریان دابوو، ئەمە تراژدی بوو.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کُردی

آخرین مطالب