هێرشەکانی تورکیا: گیرخواردنی خەڵکی هەرێم لە “گرتووخانەی کوێستان”

ماوەی دە رۆژی پێدەچێت تا لاشەی موحسێن سپیری بدۆزنەوە. ئەم پیاوە ۶۴ ساڵانە لەرۆژێکی وشک و بایی لەدێسەمبەری ساڵی رابردوو لەگەڵ هاوڕێیانی حەسەن سادقی و سەفەر سینی بۆ ماسی گرتن و کۆکردنەوەی هەنگوێن و کیوارک، لەماڵی خۆیانەوە رۆشتن بۆ شاخەکانی ئێراق.

ژیان لە ناوچەی ئامێدی و لەشاخەکانی زاگرۆس دژوار و پیاو پڕوکێنە، بەڵام هەزاران ساڵە ئەم ناوچە کوێستانییە شوێنی ژیانی کۆمەڵگای کورد و ئاشووری بووە. زۆرێک لە خەڵکانی خۆجێی پێیان باشە چەندین رۆژ بەڕێدا بڕۆن و رەشمەڵ هەڵدەن. دوای ئەوەی کە ماڵباتی سپیری زیاتر لە یەک هەفتە نەیانتوانی پەیوەندی تەلەفۆنی پێوە بکەن، بەکۆمەڵ رۆشتن بەدوایدا.

لاشەی سێ پێشمەرگەی پێشوو لەچۆمی “زەری” دۆزرایەوە کە بە هۆی هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا تیکە تیکە ببوون. وادیار بوو کە سدێق و سینی دەستبەجێ کوژراون، بەڵام لاشەی سپیری لەنێزیکی ۱۰۰ مەتری ئەوێ دۆزرایەوە کە هێڵی خوێنەکە بەدوایدا کێشرابوو. بەختیاری کۆڕی کە ۳۵ ساڵیەتی لەماڵی ئەودا لەشاری دێرەلووک دەڵێت:” ئەو هەوڵی دابوو داوای یارمەتی بکات، سیگناڵی تەلەفۆنەکەی یا چەکەکەی بە هێمای ئاگادارکردنەوە بۆ کەسێک جووڵاندووە. ئەو بەمجۆرە مردووە. لەوانەیە دوو سێ ڕۆژ ئازاری بینیبێت”.

بە پێی وتەی وەزارەتی پاراستنی تورکیا، پێنج شەرڤانی پەکەکە لەهەمان هەفتەدا کوژراون رێک لەکات و شوێنێک کە ئەم سێ هەڤاڵەی سەردەمی منداڵی لەئێراق گیانیان بەخت کردبوو.

داخوازی بۆ زانیاری زۆرتر لەبارەی ئامانج گرتنی خەڵکی سڤیل کە بووە هۆی کوشتنیان بێ وڵام مایەوە. سەرچاوەیەکی وەزارەتی پاراستن دەڵێت کە ئۆپراسیۆم بەس ئەندامە تێرۆریستەکانی دەکاتە ئامانج و هەموو هەنگاوە پێویستەکان بۆ پێشگرتن لە زیان گەیاندن بە خەڵکی سڤیل گیراوەتە بەر. وێڕای ئەوەی کە تورکیا شەڕی درێژخایەن لەدژی ملیشیاکانی پەکەکە لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆی درێژە پێدەدا، سیپری و هەڤاڵانی لەپێرستی ڕوو لەهەڵکشانی خەڵکی سڤیلدایە.

بە پێی زانیاریە دەست کەوتووەکان لەگرووپی چاودێری بۆ سەر هێرشە ئاسمانییەکان، پێکدادانەکان ئێستا زیاتر لە هەرکاتێکی دیکە گیانی خەڵکی ئاسایی ئێراقی دەستێنێت. دانیشتوانی ئامێدی و ئەو ناوچانەی دەکرێن ئامانج، بە بینینی فڕینی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا لەبێدەنگی سەر لووتکەی کێوەکان، دەزانن و دەترسن کە مەبادا ئایندەیەکی خراپتر چاوەڕوانیان بکات.

تورکیا و پەکەکە لەکاتی دەستپێکردنی شۆڕشێک کە بەتەواوەتی لەمارکیسیزمەوە لەدژی سەرکووتی دەوڵەتی تورکیا لەساڵی ۱۹۸۴ سەری هەڵدا تائێستا، پێکدادان و شەڕی مشک و پشیلە درێژەی هەیە. لەو کاتەوە تائێستا زیاتر لە ۴۰ هەزار کەس بوونەتە قوربانی توندوتیژی کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن. تورکیا و زۆربەی هاوپەیمانە رۆژئاوایەکانی، پەکەکە وەک رێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسێن.

باکووری کوێستانەکانی ئێراق لەمێژە بۆتە سەنگەرێک بۆ پەکەکە، بەڵام دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیان ناکۆکن. دەسەڵاتی سەرەکی سیاسی، پارتی دێمۆکراتی کوردستان (پارتی)، پەیوەندی قووڵی ئابووری لەگەڵ تورکیا بەهێز کردووە و رێگای بەئەنکەرە داوە پێگەی سەربازی لێبدات و چالاکی لەدژی یاخییەکان لەنێو خاکی ئێراق پەرە پێبدات. هێزەکانی پارتی بەردەوام لەگەڵ پەکەکە دەستەو یەخە دەوستنەوە. ئاگربەسی نێوان سەرکردایەتی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا بە هۆی سیاسەتە ناوخۆیەکانی تورکیا لەساڵی ۲۰۱۵ کۆتایی پێهات، و بووە هۆی نانەوەی شەڕیکی نوێ لەهەموو باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا و هەروەها هێرشی سنووری لەسوریا بەمەبەستی پێشگرتن لە سەرکەوتنەکانی کوردانی سەر بە پەکەکە لەوێ.

هەر لەو کاتەدا، ئانکەرە دەستی کرد بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەکی هێرشکارتر لەناوچەکانی وەک لیبیا و سۆمالی، کە تا ئاستێکی زۆر بە یارمەتی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بوو. خستنی پەکەکە ناو دۆخێکی کە هیچ زەوینێکی لەژێر دەسەڵاتدا نەبێت زۆر نێزیکە. لە زنجیرە چیا گەورەکانی زاگرۆس لەئێراق، ئۆپراسیۆنی ئاسمانی تورکیا بە سەرکەوتووی سەرکردە باڵاکانی پەکەکە تێکدەشکێنێت و لەساڵی ۲۰۲۰زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لێیان کوشتووە، بەڵام ماڵباتی کەسانی وەک سپیری دەڵێن هیچ بەرپرسیاری لەمەڕ هێرشەکان کە دەبێتە هۆی برینداربوون و کوژرانی خەڵکی سڤیل بوونی نییە.

هەڵکشانی توندوتیژی شەپۆلی واق کەری لەنێوان کۆمەڵگای سەرتاسەری ئامێدی هێناوتەوە کایەوە کە زۆرێک لەوانە بە هۆی هێرشەکانی سەدام، شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە یا شەڕی گرووپە کوردیەکان لەدەیەکانی ۸۰ و ۹۰ ناچار بوون هەڵبێن و ماڵ و حاڵیان بە جێ بهێڵن.

ئەم شاخانە لەسەردەمی سەدام وەک شوێنی جێگیربوونی پێشمەرگە و وەک ناوچەی قەدەخەکراو دەناسران. ئەوڕۆکەش ئەم شاخانە هێشتاش قەدەخەن، بەڵام بۆ کەسانێک کە پێشتر وەک ماڵی خۆیان ناویان دەبرد. بە پێی راگەیاندنی گرووپی مافی مرۆڤ وەک ” گرووپەکانی ئاشتەوایی خرستیانی”. پێکدادانەکان سەر لەنوێ بۆتە هۆی مەزندە کردنی نێزیکەی ۴۰۰ گوندی چۆڵ و کوژرانی ۱۰۰ خەڵکی سڤیل.

خەڵکی خۆجێی مەزندە دەکەن کە هێرشە ئاسمانییەکان و هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا ئێستا گەیشتۆتە ۷۰ لەسەدی لووتکە دژوارەکانی ناوچەکە.

زۆرێک ماڵباتە ئاوارەکانی پەنایان بۆ ناوچەکانی وەک دێرەلووک کە ماڵباتی سپیری تێدا دەژین هێناوە، بەڵام هاتنی زۆری خەڵک بۆ ئەو ناوچە بۆتە هۆی کۆمکرێت بوونی لەڕادەبەدەر و بێ ئیشی.

دەرفەتە سنووردار ئابووریەکانی بەشێک لەهۆکاری زۆرێک لە خەڵکن کە ناچارن بگەڕێنەوە بۆ ناوچە قەدەخەکراوەکان. فرۆشتنی گیای چیایی، کوارک و هەنگوێنی شاخ دەتوانێت داهاتی ماڵباتەکان تا ئاستێکی باش دابین بکات.

سەعید بەختیار دەڵێت: ” ئێمە لێرە پەنابەرین، بستێک زەویمان نییە. ئێمە دەبێت بە شێوەی قاچاخ بڕۆینە بۆ گردەکانی خۆمان. هەموو دانیشتوان گوندەکەیان چۆڵ کردووە چوونکە فڕۆکەکانی تورکیا هەڕۆژ بوردمانی دەکات و پەکەکە تەنانەت رێگامان پێنادا ئاگریش هەڵکەین”. ئەو لەدرێژەدا وتی:” لەم کاتە قەیراناویەی ئابووری، باوکم هەوڵ دەدا ژیانی ماڵباتەکەی ئێمە دابین بکات. هەموو ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە کە لەسەر خاکی خۆمان بژین و بژیوی ژیانمان دابین بکەین، بەڵام خاکەکەمان بۆتە گۆڕەپانی یاری سیاسی و دەسەڵات. تورکیا و پەکەکە بەرپرسیاری کوژرانی باوکی بێ تاوانی منن”.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پاراستنی تورکیا لەوڵام بەم پرسیارە کە کاریگەری ئۆپراسیۆنی تورکیا لەسەر خەڵکی سڤیل لەباکووری ئێراق وتی کە” هەموو ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی هێزەکانی چەکداری تورکیا بەس بە هێزە تێڕۆریستیەکان دەکەنە ئامانج و بە پێی مادەی ۵۱ی نووسراوەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کە وڵاتەکان مافی خۆپارێزیان هەیە. هەموو هەنگاو پێویستەکان بۆ پێشگرتن لە زیان گەیشتن بە خەڵکی سڤیل ئەنجام دراوە و ئارمانجە کوژراوەکان دوای پشتڕاست کردنەوەی ئەوەی کە بەس ئەندامی گرووپە تێرۆریستیەکانن، تەقەیان لیدەکرێت… بۆ هێزە چەکدارەکانی تورکیا، پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، ژینگە، ژێرخانی مێژوویی و کلتووری لەهەموو ئۆپراسیۆنەکاندا گرنگە”.

زۆر لەمێژە کە پەکەکە لەلایەن گرووپەکانی پارێزوانی مافی مرۆڤەوە وەک “لێبوردنی نێودەوڵەتی” تاوانبارە بە رفاندنی گەنجان بەمەبەستی پەروەردە کردنی شەڕ و هەروەها دەستگیری و کوشتنی خەڵکی سڤیلە – شتێک کە ئەم گرووپە رەتی دەکاتەوە. بە قسەی تورکیا، سەرەتای ئەمساڵ ۱۲ بارمتە گیراوی تورک و بارمتەیەکی کوردی ئێراقی کوژراون، هەموو جگە یەکیان بە تەقەی گوڵە بۆ تەپڵی سەریان کوژراون لە ئەشکەوتێک لە گارە. پەکەکە دەڵێت ئەم کوشتنانە بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە بووە. بارانی عەبدجبیر شێخۆ، خاوەنی ۵۰ سەر مەڕ کە لەمانگانی هاوین لەئامێدیەیە دەڵێت:” ئێمە هەست بە مەترسی دەکەین، من دەزانم کە دوو شوان لەلایەن پەکەکە و کەسێک لەڕێگای هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە کوژراون. بەدرێژایی شەو ناتوانم بجووڵێم”.

لەهاوینی ۲۰۲۰، ئەنکەرە کە بە هێزی سەربازی لەهەڵکشانیدا ورەی بەدەست ‌هێناوە، ئۆپراسیۆنی پەنجەی داڵی دەستپێکرد و بەدوای ئەوە ئۆپراسیۆنی پەنجەی پڵنگی ئەنجام دا کە توندترین کردەوەی سەربازی ئەمریکا لەئێراق لەشەش ساڵی رابردوودا بووە. وەزارەتی بەرگری دەڵێت زیاتر لە ۱۵۰ پێگەی گۆمان لێکراوی پەکەکە لەلایەن جتەکان، کۆپترەکان، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و تۆپخانەکان لەوانی هەندێک ئامانج لە سنووری ئامێدی، خاکی ئیزدیەکان واتە شنگال و شاخەکانی قەندیل کراوەتە ئامانج.

بە قسەی دەزگای ” شەڕە ئاسمانییەکان”، ئەم ئۆپراسیۆنە بۆتە هۆی هەڵکشانی ئاستی زیان گەیاندن بە خەڵکی سڤیل. محەمەد ئەلجەمیلی، لێکۆڵێنەری ئەم رێکخراوە لە ئێراق دەڵێت: لەنێوان ۲۷ بۆ ۳۳ خەڵکی ئاسایی ئێراقی کوژراون و ۲۳ کەسیش بریندار بوون کە زیاتر لەدوو هەندەی ژمارەی کوژراوانی سڤیلی ئێراقییە لە ساڵی ۲۰۱۹.

لەگەڵ پیشان دانی دەرئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوانەی ئەم دەزگایە، بەرپرسێکی باڵای سەرۆک کۆماری تورکیا ئەم دەیتانەی رەت کردەوە و وتی:” تورکیا پێشینەی باش و بێ وێنەی لە پێشگرتن لە کوژرانی خەڵکی سڤیل لەهەموو ئۆپراسیۆنە سەربازیەکاندا هەیە”. سەرچاوەیەکیش لەوەزارەتی پاراستنیش وتی کە ئەمە پشتڕاست ناکاتەوە. زەری، کچێکی سێ ساڵان، کاتێک گەورە بێت دەزانێت هەرگیز باوکی نەبینوە. موخلس ئادام، ۲۸ ساڵان، پێش لەدایکبوونی ئەو کوژرا، لە خەم و پەژاروەدا، ماڵبات ئەو وێنانەی کە هی موخلس هەیانبوو سووتاندیان.

ئەوان دەڵێن کە وێنەی ئەو ئێستا لەزەریدا درێژەی هەیە: کچەکەی رێک وەک خۆیەتی. کاتێک کە ئادام لەمانگی ژوەنی ساڵی رابردوو لەکاتی رۆشتن بۆ سەیران کەوتە بەر پەلاماری ئاسمانی تورکیا. چاودێری مافی مرۆڤ لەگەڵ ئامادە بووان دیمانەی ئەنجام دا کە شیمانەی دەکرد ئەم کەسانە چەند ساتێک پێش ئەوەی بکرێت بە ئامانج لە خاڵی پشکنینی پەکەکەدا راگیرابێت.

کریس وودوز، بەڕێوەبەری دەزگای شەڕە ئاسمانییەکاند دەڵێت:” تورکیا لەوانەیە وای دابنێت کە تەنانەت گەر ئاگاداری ئامادەبوونی خەڵکی سڤیل نەبێت، بایەخی هێرشە سەربازیەکانی بۆ کوشتنی شەرڤانانی پەکەکە بەو واتایەیە کە هەرجۆرە زیانی لاوەکی بە خەڵکی سڤیل لەهێرشەکاندا گونجاوە. بەڵام لەوانەی بۆخۆی بڵێت کە ئاگاداری ئامادەبوونی خەڵکی ئاسایی نەبووە، یا وەک خەڵکی سڤیل نەیبینیون. ئێمە زۆرتر لە ئیشەکانماندا رووبەڕووی وەها ناکۆکی لەنێوان ژمارەی کوژراوانی گشتی و کەسانی چەکدار دەبینەوە”. وەزارەتی بەرگری تورکیا وڵامی داواکاریە تایبەتەکان بەۆ زانیاری زۆرتر لەبارەی هێرشەکانی نەداوە.

هیچ یەک لەو ماڵباتانەی کە رۆژنامەی گاردیەن لەدێرەلووک و شێلادزی دیداری لەگەڵ کردبوون لەلایەن دەسەلاتی هەرێم یا تورکیاوە بە هۆی زیانەکانیانەوە پاڵپشتیان نەکراوە و یا قەرەبوویان وەرنەگرتووە و ئەوانە لەهەرجۆرە لێکۆڵینەوە لەبارەی چۆنیەتی و هۆکاری مردنی ئازیزانیان ئاگادار نیین. ئەحمەد نورەدین مەحیەدین، کە برا و برازاکەی لەمانگی مەی ساڵی رابردوو لەکاتێک کە بۆ گەڕانی خۆراک لەباکووری چۆمی راشاوا بوون کوژران، وتی:” هیچ سیاسەتڤانێک تەنانەت بۆ قسە لەگەڵ ئێمە و سەرخۆشی کردن نەهاتوون”. وەزارەتی بەرگری تورکیا وڵامی داواکاریەکان بۆ لێدوان لەبارەی رووداوەکەوە نەداوە. ئەو وتی:” ئێمە زۆر ترساوین، بەڵام گەر ناچار بین بۆ ئەوەی زیندوو بین لەئێستادا دەگەڕێین بەدوای خۆراکدا لەناوچەکەدا. نە پەکەکە و نە تورکیا هیچ هۆکار و بیانوویەکیان بۆ بوون لێرە نییە. ئەوان بەس لێرەن تا ژیانی ئێمە لەناو ببەن”.

تووڕە بوون لە دۆخی ئامێدی تەنانەت پێش هەنگاوەکانی تورکیا لەساڵی ۲۰۲۰ ئاشکرا بوو. ساڵی پێش، سەدان کەس لە ناڕازیان لەشلادزێ هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازی تورکیا لەپەراوێزی شار و پێکدادان رووی دا کە تێدا لانی کەم ۱۰ کەس بریندار بوون و مێرمنداڵێکی ۱۳ ساڵان گولە بەر سەری کەوت و کوژرا.

یەکێک لە ناڕازیان کە لەترسی سزادان لەلایەن بەرپرسانی خۆجێیەوە نەیویست ناوی ئاشکر ببێت وتی: ” ئێمە هەست دەکەین ئابڵۆقە دراوین. ئێمە هیچ ئازادیەکمان نییە. ئێمە ئەم گرتووخانەیە وەک گرتوخانەیەک ئابڵۆقەدراو لەلایەن کێوەکانەوە دەزانین”.

بەقسەی دۆکتۆر دیندار زێباری، بەرپرسی بواری مافی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستانی، پەرلمان لەقۆناخی لێکدانەوەی زیانەکانە. ئەو وتی، کاریگەری ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا لەسەر خەڵکی سڤیل ” بێگۆمان ژیانییە و نەدەوڵەتی ئێراق و نە بەرپرسانی تورکیا لەگەیشتن بە دەرئەنجامێکی دادوەرانە بۆ خەڵکی سڤیلی زیان بەرکەوتوو هەنگاویان نەناوە”.

وای پێدەچێت ئەنکەرە سەرەڕای هەموو رەنجە نوێیەکانی خەڵکی سڤیل بە هۆی پێکدادان لەئێراق، ستراتژی درێژەدان بە هێرشەکانی گرتۆتە پێش. بە قسەی چاودێران، پێکدادانی چەکداران ۶۰ لەسەد کەمی کردووە کە تێدا پەکەکە لەساڵی ۲۰۲۰ لەچاو ساڵی ۲۰۱۹ بەمەبەستی ئۆپراسیۆن دەچووە نێو خاکی تورکیا.

بەڵام بۆ خەڵکی ئامێدی سووڕانەوەیەک لەتوندوتیژی و لەپێش گرتنی شێوازە نوێیەکان و ترسناکەکان خەریکە دووبارە دەبێتەوە.

تامار ئەمین تامار، ۶۶ ساڵان، کچ و دایکی لەئەنجامی پێکدادانەکانی ساڵی ۱۹۹۷ لەدەست دا. کۆڕەکەی لە هێرشی تورکیا لەساڵی ۲۰۱۷ کوژرا و شەش نەوەشی بێ باوک بوون. تامار خۆی لەکاتێکدا کە بزنەکانی لەساڵی ۲۰۱۸ بۆ لەوەڕ دەبرد، پێی راستی خۆی لەسەرەوەی ئەژنۆوە بە هۆی تەقینەوەی مین چینراوی پەکەکە لەدەست دا.

ئەو دەڵێت:” ساڵ بۆ ساڵ جووڵەمان سنووردارتر دەبێت…. ئێمە ئازادیمان بۆ نەماوە، بەڵام من دەترسم کە رێگا بدەم منداڵەکانم بڕۆنە دەرەوە و یاری بکەن. چۆنکە لەوانەی هەر کات و سات بکرێنیە ئامانج”.

لە هۆڵێکی کۆمەڵایەتی لەشێلادزێ، پێشمەرگە پێشووەکان هەواڵەکان بەزۆرترین ئاستی دەنگ لە تەلەڤیزیۆنێکی کۆنەوە چاو لێدەکەن. قامکە چرچۆڵەکان لە سەر مورکی نوێژ بە بەردەوامی دەجووڵێن و لەپشتی سەری یەکتر جگەر پێدەکات لەکاتێکدا کە بیر لەبارەی چۆنیەتی گۆڕانی شەڕ لەسەردەمی گەنجی دەکەنەوە.

تەیار ئەحمەد دەڵیت:” شەڕی ئێمە شەڕی تفەنگ و تۆپخانە بوو. ئەم جیاوازە. تەکنۆلۆژیا وەک ئێستا نەبوو”. دوای کۆتایی هاتنی قسەکانی ئەحمەد بێدەنگییەکی زۆر باڵ بەسەر شوێنەکەدا دەکێشێت. دواتر هەر ئەو ڕۆژە، لەرێگای تەلەڤیزیۆنەوە زانیان کە چەندین هێرشی نوێی تورکیا بۆتە هۆی برینداربوونی دوو منداڵ و کوژرانی سەدان سەر مەڕ. ئەو لەدرێژەدا وتی:” ئێمە کاتێک کە وەک پێشمەرگە لەگەڵ سەدام شەڕمان دەکرد کێوەکان لەژێر دەسەڵاتماندا بوون. بەڵام ناچار بووین ژنەکان بنێرین بۆ شارەکانی وەک شێلادزێ تا رۆن و خۆراک بکڕن. ئێستا، ئێمە ناتوانین ناوچەکەمان بە جێ بێڵین”. [۱]

[۱]. https://www.theguardian.com/world/2021/apr/04/iraq-turkey-pkk-drones-kurds-kurdistan

حملات ترکیه: محبوس شدن مردم اقلیم در «زندان کوهستان»

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کُردی

آخرین مطالب