۱۶ اردیبهشت ۱۴۰۰

 فرمێکسی کوران: زیاتر لەچل رۆژ لە بەخاک سپاردنی کۆڵبەرانی کوران تێپەڕ بوو

ئەولایی و فورات و مەتین و بیلن و یاوەر رۆژی ۲۹ی بەفرانبار لەژێر هەرەس دا لەبەژایەکانی سنووری تورکیا بوونە ژێرەوە و گیانیان بەخت کرد. زیاتر لە چل رۆژ تێپەڕ بوو… ئەو پێنج کۆڵبەرە دانیشتووی گوندی کوران سەر بە ئازەربایجانی رۆژئاو بوون کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی ماڵباتیان ناچار بوون رێگای دژوار و سەخڵەتی کۆڵبەری هەنگاویان نابوو. لاشەی ئەم کۆڵبەران رۆژی حەوتی رێبەندان لەگۆڕستانی گوندی کوران کرانە ژێر خاکەوە.

بە پێی راپۆرتی ئێعتماد، کوران یەک هەفتە بوو کە کارەبای نەبوو. ئیبراهیم، سەرەتای هەفتە کە چاوی لەئاسمان کرد و چاوی لەو هەورە تەپۆڵکە شەختانە هەبوو دەیزانی تا کۆتایی هەفتە کاسبکار دێت. کاسبکار دووشەمە هات. لەگەڵ باران. لەگەڵ ۲۵ کارتۆن جگەر. ۲۵ کارتۆن جگەر لەکوران واتە ۲۵ ماڵبات نان دەخۆن. کاسبکار بە ئیبراهیمی وت کە شەوانە بەڕێ کەون.

بەفر دەباری، بەفر لەسەر دڕک و بەرد و کێوی کوژاوە و چۆمە دڵتەنگەان و رێگاکان چاوەڕوانی کاروانێک بە دەنگەی زەنگ گەر لە سەر بانی ماڵەکان دووکەڵێک یا سووتکەی چرایەک پەیامێکی نەدەهێنا. شوێن پێی بە جێ نەدەمان لەسەر جادەی خزۆک، ئێمە چیمان دەکرد لەگژەبا و بۆرانی دڵی شڵەژاو؟

ئێوارە تێپەڕ بوو، بۆرانی بەفر، لەکۆڵان و کوچە تەسک و تاریک و بێدەنگەکانی کوراندا هاژەی دەکرد و لەدیواری کاگڵی ماڵەکان دەیکوتاو و هەر گیانبەرێکی بێ ماڵ و شوێنی رەق دەکرد. پێش نیوەی شەو، دایکانی کوران لەژێڕ چرای کەم شەوق کە بەنەوت ئیشیان دەکرد روخساری کوڕەکانیان چاو لێدەکرد کە چۆن بەو دەستە هەڵپەساوانە و پەنجە پڕ لەگڕێ بە هەموو زۆری گەنجایەتیان کارتۆنی جگەری لەنێو قۆماش دا دەئالێنن و بە پەتی سوور وەک بەشێک لەجەستە وەها گرێ دەدەن کە بتەوێتیش تا ۱۵ کاژێر دواتر تا کاتێک کە کوێرەرێگای کۆتایی نادیاری سنووری نێوان ئێران و تورکیا تێپەڕ بکەن و کڕیارە تورکەکە، یەک بە یەک پەتە سوورەکان لەدەوری کارتۆنەکان کەلەنێو قۆماشدا ئاڵاون و لەنێو بەفردا بەستوویانە ناتوانن تەنانەت چۆک دابدەن. بۆران، بەفر، کاتێک ئەوەندە قورس بوو کە چیترلۆف و ناڕێکی رێگا نەدەبینرا و وەک بڵێی بە هەموو قورسیەوە دەیویست کوران لەژێر هەنگاوەکانی بشارێتەوە. باوکی کوران لەدرگای ماڵە رەش و رووت و سارد و تاریکەوە چیتر رەشی سێبەری کۆڕەکانیشی نەدەبینی؛ ئەو کۆڕانەی گەر زیندوو دەمان گەر نەدەبوونە خۆراکی گورگ، گەر لەژیر هەرس نەدەشارانەوە، گەر پێیان لەمین نەکردبا، ۳۰ کاژێر دواتر دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە…..

پێنجەشەمە ئێوارە، پیاو و ژن، چرای نەوتینیان هەڵکرد و رۆشتن بەرەو گٶڕستانی کوران؛ رۆشتن بۆ ماتەمین و سەر گۆڕی ئەولایی و فورات و مەتین و بیلن و یاوەر. ۴۰ رۆژ پێش بوو کە دەیانزانی ئەمانە دواین کەس نین کە گیانیان لەپێناو نانی کۆڵبەریدا بەخت دەکەن. لەکوران دایکان ئارەزوو دەکەن هیچ ژنێک کۆڕی نەبێت. لەکوران هەر کوڕێک کە لەدایک دەبێت باوکی ماتەم دەگێڕێت. لەکوران کوڕەکان کۆڵبەر لەدایک دەبن. کۆڵبەر گەورە دەبن و کۆڵبەریش دەمرن….

لەماڵەکانی کوران باوکان چاوەڕێن کوڕەکان ببێتە ۱۱ ساڵیان تا پەتی سووری کۆڵبەری لەسەر کۆڵە بێ گیان و کزەکانیان و بڕبڕەی لاوازی پشتیان ببەستن. دووشەمە شەو، کاتێک ۲۵ گەنجی کوران بە پێ دەڕۆیشتن بەرەو هەورازی پشتی گوند؛ شوێنێک کە سەرەتای رێگای کۆڵبەری بوو، شاهۆ چاوی لەکۆڵبەرەکان کرد، ئارمان کۆڕی کامرانی بینی، ۱۳ ساڵان بوو. عەلی کوڕی مەحبوبی بینی، عەلی ۱۲ ساڵان بوو. یەکەمین کۆڵبەر ئەوەیە کە لەپێش هەمووانەوە دەڕوات، ئەوەی کە لەهەمووان گەورەتر بوو، ۲۴ ساڵی بوو. شاهۆ وە بیری دەهاتەوە کە کاتێک ۱۲ ساڵ و ۱۰ساڵی بوو، ۱۵ و ۲۰ کیلۆ باری هەڵدەگرت. کاتێک ۱۵ کاژێر پێ بە پێی باوکی دەڕۆشت تا سنووری تورکیا، بۆ ۱۰ هەزارتمەن پارە، کاتێک کۆڵەکەی لە باڵە رەق هەڵبەستووەکانی دەکردەوە، وەک بڵێی ئاسمانەی هەمیشە رەشی پڕ لەهەور، روونتر دەبووەوە و وەک بڵێی با، چیترسارد نەبوو و بەفر و شەختە تواونەتەوە و گلێنەی چاوان ناسووتێت و زیندووبوون واتەی ون بووی دەبینێتەوە. شاهۆ ئەو شەوە لە ئارمان و عەلی نەپرسی کە کۆڵبەری لە ۱۲ و ۱۳ ساڵیدا چەندە دژوارە؟ ۲۵ کۆڵبەر، دەیانزانی کە ئەم ۳۰ کاژێرە هیچ دەنگێک نایەت هیچ شەوقێک نییە. هەر دەنگێک مردنی لەگەڵە، و گڕی مردن لەگەڵ خۆی دێنێت. ۲۵کۆڵبەر، وەک پەتی پێکەوە بەستراو، پێیان لەشوێن پێی ئەوی دیکە دەنا، بەرزایی بەفر تا سەرووی ئەژنوەکان دەبوو و له هەرهەنگاوێکدا هێرشی ناتوانای کڕیوە و بەفر و شەختە وەک جووڵاندنی تۆسقاڵێکی شاخ بوو. ۲۵ کۆڵبەر دەیانزانی کە دوای ۱۵ کاژێر، کاتێک لەسنوور تێپەڕ بوون، گەر تێپەر ببن، کاتێک بە نزیکترین ژوانگە دەگان کەگەر بگەن، دەبێت ئەوەندە چاوەڕێ بن تا کڕیارە تورکەکە بێت. هەرچەندە درێژەی دەکێشا تا کۆتایی زستانیش کە درێژەی کێشابا دەبووا ئەوەندە چاوەڕوان بان تا کڕیارەکە هاتبا و پارەی نەخت بدات. هەفتەی پێشوو لەوەی کە ئەولایی و فورات و مەتین و بیلن و یاوەر لەژێر بەفر بزر ببن، شاهۆ رۆشتبوو بۆ کۆڵبەری، ۱۵ کەس بوون، شەو رۆشتن، نێزیکی ژوانگاکە بوونەوە دوانیوەڕۆی رۆژی دیکە بوو و کڕیارە تورکەکە نەهاتبوو. هیچ شەوقێکی لێ نەبوو و بۆران و کڕیوە و بەفر و شەختە دەیدا بە نێو چاوانیاندا و کڕیارە تورکەکە نەهات. نان و پەنێرێک کە لەگەڵ خۆیان هێنابوو خوارد و بەو هەموو کۆڵە قورسەوە کە هێشتا بەکۆڵیانەوە بوو لەپشت تەختە بەردێک لەو نێزیکیانە خۆیان حەشار دابوو و کڕیارەکە نەهات. کڕیارەکە پێش نیوەشەو هات. ۱۱۵ کۆڵبەر، کاتێک گەیشتنەوە کوران، چاوەکانیان سەرما بردبووی و تا رۆژێک هیچیان نەدەبینی.

شاهۆ تەمەنت چەند؟

۲۳ ساڵ

چەند ساڵە کە دەڕۆی بۆ کۆڵبەر؟

پۆلی یەکەم بووم، رۆشتم بۆ کۆڵبەری، چیتر نەڕۆشتم بۆ قوتابخانە تا ئێستا

ئەو کات چەند کیلۆ کۆڵت هەڵدەگرت؟

۱۰ کیلۆ، کاتێک گەورە بووم بوو بە ۲۰ کیلۆ

دواین رۆژێک کە رۆشتی بۆ کۆڵبەری کەی بوو؟

هەفتەی پێش

کۆڵبەری لەکوران لەدەرگای هەموو ماڵەکان دەدات؛ کاتێک لەگەڵ شاهۆ قسەم دەکرد، باوای لەلای دانشتبوو، قسەکانی شاهۆی دەبیست، لەگەڵ قسەکانی شاهۆ سەری دەجوولاندەوە، وە بیر منداڵی و گەنجی خۆی دەکەوتەوە. رۆژگارێک ۵۰ بۆ ۷۰ کیلۆ باری جل هەڵدەگرت و تا ۱۵ کاژێر خۆی دەگەیاندە سنووری تورکیا و لەوێ رادەستی دەکرد. و بارە جلەکەی دەفرۆت بە کاسبکارەکە و ۱۵ کاژێریش دەگەڕایەوە تا سوودی کاسبکارە بداتەوە و ئەوەی بۆ خۆی دەمێنێتەوە بیبات بۆ نانی ژن و منداڵەکەی. کۆڕەکەی؛ باوکی شاهۆ، ۱۰ ساڵان بوو کە باوکی، کۆڕەکەی تا ۱۵ کاژێر دەبرد بە رێدا تا سنووری تورکیا. باوا و باوکی شاهۆ، ئەوڕۆکە لەناوجێدایە؛ یەکێک ۶۰ ساڵە و ئەوەی دیکەش ۴۲ ساڵان، باوکی شاهۆ، ۱۲ ساڵ پێش لەرۆژێکی رەمەزاندا کاتێک لەنیوەی رێگا دوای ۷ کاژێر رێگاچوون لەنێو بەفرەکاندا چاوی بڕیبووە ئەو هەموو سپیاتی هەر لەوێیەوە رێگاکەی لار کردەوە و تەنیا گەڕایەوە بۆ کوران. لەو رۆژەوە واتە لە ۱۲ ساڵ پێشەوە تا ئەوڕۆ، شاهۆ نانی پێنج ئەندامی ماڵبات دابین دەکات و هەر ئەم کۆڵە ۲۰ کیلۆانەی کە لەکۆڵیەوە دەیگرن نانیان دەردێنێت. لەگەرووی ئەم رێگا لۆفاولۆبیە و لەژێر بەفر کە هەمووی ئەم ۲۳ ساڵە کەسێک جگە لەرەنگی سپی رەنگێکی دیکەیان بە لاشیانەوە نەبەینیوە. چیرۆکی شاهۆ چیرۆکی هەموو کۆڕانی کورانە. چیرۆکی مەجید و ئەسڵان و شێرۆ و زۆراوە. کەمێکی ماوە بۆ نیوەی شەو، لەنیوەی قسەکانماندا، شاهۆ رۆشتە دەرێ، ئەو شەوە ساماڵ بوو. لەکوران کەسێک نەڕۆشتبوو بۆ کۆڵبەری. شاهۆ لەپشت دەری وەستابوو و چاوی لەدوور دەکرد. چاوی دەلاقەکانی نیوەتاریکی ۲۴ ماڵەکەی دەژمارد. هەفتەیەک پێش، لەپێش دەرگای هەرماڵێک کۆڕێک دەهاتە دەرەوە و کارتۆنە جگەرەیەکی بە کۆڵەوە بوو، ۱۵ کاژێر تا کوێرە رێگای سنووری تورکیا بە پێیان دەڕۆشت و ۱۵ کاژێریش دەگەڕایەوە تا باوک و دایک و خۆشکەکەی برسیان نەبێت.

شاهۆ ئەم رێگایە کە ئێوە کۆڵی پێدا دەبەن چۆن رێگایەکە؟

باریک، لایەکی تێلە دڕکێنەیە. هەندێک شوێنیش منی لێیە. شوێنێکە لەنێو چۆمی. گەر کەسێک بکەوێتە خوارە ناو ئەو چۆمە چیتر نابیندرێتەوە. کەسێک لەم رێگا باریکەوە پێی لەولاتر دابنێت ون دەبێت و چیتر نابیندرێتەوە. ئەم رێگا پڕە لەگورگ. پڕە لەبەفر. کاتێک بنکەی سەربازی تورکیا ئێران تەقە دەکەن دەبێت لەنێو ئەم رێگایە خۆت لەشوێنێک بشاریتەوە و بمێنیتەوە. هەرچەندە پێویست بێت دەبێت بمێنیتەوە. دەبێت بمێنیتەوە چوونکە کۆڵت پێیە. دەبێت بمێنیتەوە چوونکە تەقەت لێدەکەن. کاتێک لەنێو بەففری دەمێنیتەوە لەنێو هەوای زۆر سارد و هەموو جلەکانت دەبێت بە بەفر. بەفرەکان دەتوێنەوە، دەڕواتە نێو پێڵاوەکانت و لەوێ دەیبەستێ. پێیت لەنێو سەهۆڵ سەرما دەیبات. پەنجەکانت رەش دەبن. پیێەکانت رەش هەڵدەگەڕێنەوە. دواتر ناتوانی بەرێدا بڕۆی. دووبارە لەوێ دەمێنیتەوە تا لەگوند بێن بە دواتاو بتگەڕێننەوە.دواتر دۆکتۆر دێتە لات و پەنجە و جۆمگەی پێیت دەبڕێتەوە.

ئێستا لەکوران کۆڵبەرێک هەیە کە پێی سەرما بردبێتی؟

بەڵێ نێزیکەی ۸۰ کەس پێیان سەرما بردوویە. پەنجە و پێیەکانیان بڕاوەتەوە. وەک مەجید، مەجید پیرئەفکەن.

مەجید هاوتەنی شاهۆیە. ۵ دەرگا دوورە لەماڵی شاهۆەوە. تا رەشەمەی پار مەجید تێچووی ۷ کەسی بە کۆڵبەری دابین دەکرد؛ ۴ منداڵی برا مردووەکەی، خۆشکی و باوک و دایکی. کۆتایەکانی رەشەمەی پار کە مەجید رۆشتبوو بۆ کۆڵبەری بوو بە دواین کۆڵبەری، دوای نیوەڕۆ کاتێک کارتۆنە جگەرکەی فرۆت بە کڕیارەکە کاتێک کە بەرۆکی قوورس بوو بە پارەکاتێک دەیویست بگەڕێتەوە بۆ کوران، کاتێک زووتر لە کۆڵبەرەکانی دیکە بەڕێ کەوت، لەنیوەی رێگەدا پێش بگاتە سنووری تورکیا، بەجارێک ئاسمان ئارام بوو، هەورەکان لەنێو هەتاودا توانەوە، مەجید بەس پەڵە هەورێکی رەش بوو لە سەر بەفری سپی، پەڵەیەکی رەش کە کەوتە بەر چاوی پاسەوانانی سنووری تورکیا. سێ هەفتە پێشترریش، پاسەوانە تورکەکانی کۆڕە مامی مەجیدیان بە گولە پێکابوو. یەکێکیان ۲۰ ساڵە ئەوەی دیکە ۲۲ ساڵ. یەکێکان گولە بە گەدەی کەوتبوو و ئەوی دیکە بەر سەری کەوت. هەردووکیان مردن. لەپێش چاوی مەجید. ئێستا برژانگە کراوەکانی کەسوکاری کۆڕە مامەکانی لەپێش چاوی بوو…. مەجید لەترسی تەقەی پاسەوانان، لەترسی مردن خۆی گەیاندە چاڵێکی هەندێک قووڵ، لەنێو چاڵەکە لەسەر چۆک دانیشت و خۆی کرد بە ئاستی زەویەکە. مەجید لەکاژێر ۷ی شەو تا ۴ی بەیانی، تا کاتێک کە ئاسمان چاوی زیز کرد تا کاتێک کە پاسەوانە تورکەکان، جارێکی دیکە نەتوانن مەجید ببینەوە لەنێو ئەو چاڵەدا مایەوە. کاژێر ۴ی بەیانی کۆڵبەرەکانی دیکە گەیشنەوە کوران، مەجیدیان لەسەر شانیان هەڵگرتبوو و بۆ دایکیان هێنایەوە و هەواڵیان پێ دا کە چیتر مەجید ناتوانێت بڕوات بە ڕێگادا. کاتێک مەجید گەیشتە کوران شاهۆ دەست و پێیەکانی مەجیدی چاو لێکرد رەش رەش وەک دارێک لەنێو ئاگر سووتابێت و پووچەڵ بووبێتەوە. شاهۆ، چاوی لەچاەکانی مەجید کرد، چاوی پڕ بوو لەفرمێسک و رژانە خوارەوە….

ئێستا مەجید چ دەکات؟

هیچ، دوو دەست و پێی نییە، کەوتووتە سووچی ماڵەوە.

ئێستا بژیوی ئەو ۸ کەسە کێ دەیدا شاهۆ؟

هیچ کەس، بە یارانەکەیان دەژین

دڵم لەنێو دەستم دەگرم و بەتوندی دەیگووشم

۶ی رێبەندان، ۸ رۆژ دوای ئەوەی کە هەرەسەکە هات و ئەولایی و فورات و مەتین و بیلەن و یاوەری کردە ژێرەوە کاتێک کە خەڵکی کوران رۆشتن بۆ لای هەرەسەکە کە کۆڕە مامەکانیانی هەڵلووشیبوو، کاتێک بەفرەکەیان بەدەست و بێڵ فڕی دەدا لاشەی یاوەر کەوتە دەرەوە، یاوەر ۱۷ ساڵان بوو و نانی ۷ کەسی دەدا،… دواتر لاشەی مەولایی دۆزرایەوە، باوکی دوو منداڵ؛ کچێکی ۲ ساڵان و کچێکی ۵ ساڵان…. دواتر لاشەی بیلەن کە باووکی دوو کچ بوو … دواتر لاشەی فوراتی ۱۹ ساڵان و نان هێنەری ۶ کەس… دواتریش مەتین باوکی کۆڕێکی ۱۸ مانگان….

شاهۆ لەبیری بوو کە بەیانی ئەو رۆژەی کە ئەولایی و فورات و مەتین و بیلەن و یاوەر رۆشتن بۆ کۆڵبەری بەفر دەباری و بای توندی دەهات و ئاسمانیش رەش بوو و کەسێک پێێ لە کوران نەچووبووە دەرێ.

شاهۆ بۆ لەنێو ئەو بۆرانەدا رۆشتن؟

دەبێت لەنێو بۆراندا بڕۆن. گەر هەوا خۆش بێت هەم بنکەی ئێران و هەم تورکیاش تەقەیان لێدەکات. دەبێت بۆران بێت و سەر و تاریک.

شاهۆ بۆ کۆڵبەری دەکەیت؟

ناچارم. هەموومان ناچارین. من دەبێت خەرجی ۵ کەسان بدەم. لەکوران هیچ ئیشێک نییە. زەویمان نییە و کشت و کاڵیشمان نییە. گەر کۆڵبەری نەکەین شتێکمان نییە کە بیخۆین. تەنانەت پارەی کڕینی باقەیەکی نانیشمان نابێت.

باقەیەک نان بە چەندە؟

۷ هەزار تمەن

کوران دوائین گوند پێش ئەوەی بگەیتە سنووری ئێران و تورکیا؛ گوندێک سۆنی نشین و ۳۰۰ ماڵ و ۳ هەزار کەس حەشیمەت، ۵ کیلۆمەتر دووری سنوورە. ۲۵۰ کیلۆمەترە دووری ورمێیە. خەڵکی کوران بۆ سادەترین پێداویستییەکانیان دەبێت تا ورمێ بڕۆن. کوران جادەی نییە. پشتی گوند بەرەو ورمێیە و تا چاو دەبینێت بەرد و تاشەبەرد کە خەڵکی و چوارپێیەکان و وانت سایپا لەم رێگەوە دێن و دەڕۆن و کاتێک وەک ۴ رۆژی رابردوو بەفر دەبارێت، کوران و زەوینە بەرداویەکانی لەپشت دیوارێک لەبەفر لەبیر دەکرێن.

تا دوو ساڵ پێش کوران کارەبای نەبوو. ئێستاش کە کۆڵەکەکانی گوشاری زۆری کارەبا گەیشتۆتە کوران رۆژێک دوو رۆژ کارەبا هەیە و هەفتەیەک نییە. و ۳۰۰ ماڵ لەتاریکیدان. چەند ماڵ تەلەڤیزیۆنیان هەیە بەڵام ئانتنیان نییە و جگە دوو کەناڵ هیچ نادات ئەوەش هەندێک جار لەچەند کاژێر ئەو کەناڵانە بەرنامەیان نییە. هیچ گەنجێک لەکوران نەڕۆشتووە زانکۆ و لەکوران کورسی پۆلی قوتابخانە بەتاڵن چوونکە گەنجانی کوران لەژیان بەس کۆڵبەری دەناسن. گەنجانی کوران تا ئێستا دەریاچەی ورمێیان نەبینیوە. گەنجیان کوران تائێستا نەڕٶشتوونە سینەما. گەر ساڵێ جارێک یا دووجار بڕۆنە ورمێ یا بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتی کارتی سنوورنشینیە و بەقسەی خۆیان پڕکردنەوەی زکی پۆست بانک یا ئەو رۆژانەی کە خۆڕە و رۆژی پشووی کۆڵبەرانە دەڕۆن. تەنیا باشی سنوورنشینی بۆ خەڵکی کوران ئەمەیە کە دەوڵەت ساڵانی ۱۸۰ لیتر نەوتیان پێ دەفرۆشێت بە نرخی ۴۵ هەزار تمەن کە دەبێت بەس سۆبەیەک هەڵکەن و بە پلەی ۲۰ی گەرما رازی بن. ۱۸۰ لیتر نەوت بۆ شەش مانگ جا بەش دەکات. بەڵام سرمی ماڵۆکەکانی کوران دارە و کۆنای ورد و بچووکی تێدایە دەرفەت نادات هیچ ماڵۆکەیەک بە سۆبەیەک گەرم بێت. کەوایە خەڵکی کوران جگە لەپشکی نەوتی دەوڵەتی، نەوت بە نرخی ئازاد دەکڕن و بۆ هەر بەرمیلێکی ۱۸۰ لیتری ۲۰۰ هەزار تمەن پارە دەدەن و لەکۆتایشدا، شۆفێری سایپاکەش منتمان لەسەر دادەنێت کە ۲۵۰ هەزار تمەن کرێیەتی بۆ ئەوەی ۶ بەرمیلی ۱۸۰ لیتری بێنت تا کوران.

نێوی منداڵانی لەپێرستی کەناڵە بریقەدارەکەی شاد دا بوونی نییە چوونکە هیچ منداڵێک لەکوران تەلەفۆنی نییە و هیچ باوکێک لەکوران تەلەفۆنی زیرەکی نییە کە ئەنتەرنێتی هەبێت و کوران بۆ خۆی ئەنتەرنێتی نییە. ئەمساڵ وەک ساڵانی پێشوو سەرباز مامۆستاکان هەرکات حەزیان کردبێت سەرێکیان لەقوتابخانەکەی کوران داوە تا کاژێر ئەرکەکانیان پڕەوە بکەن. تەنیا گەمەی کۆڕانی کوران شەق هەڵدان لە تۆپە قۆماشیەکانی سەر رۆی زەوی لەناوەڕاستی گوندەدایە کە هیچی وەک گۆڕەپانی تۆپی پێی ناچێت گەڵام ئەم شەقانە تەنیا و لەوانەیە دوائین دەرفەت بێت بۆ ئەوەی کە ئەزموونی منداڵیان پێش ئەوەی کە کوێڕ ریگا کانی سنوور لێێان وەربگرێت بە ۱۰ یا ۱۵ کیلۆ بارەوە لەو تەنیا رێگایەدا، زۆر پێشتر مافیان بوو کە مردبان….

سپاس ئەی دوائین بەیانی سپاس/ کە ئەمە دوائین دیدارمان دەبێت

بۆران و بەفر و سەرما بۆ کوران وەک کردنەوەی هەڵاڵەی بەهاریە؛ بەفر و بۆران و سەرما هەبێت، نان هەیە، نەوت هەیە، زک تێر دەبن واتە گوڵی سۆبەکان بەرزترە، منداڵان ناگرین بۆ نان و پێڵاو. لەنیوەی پائیز، بەفر و سەرما کوران دادەگرێت تا نیوەی بەهار. خەڵکی کوران؛ باوکان و کورەکانیان دەڵێن، چرکەکانی سەرما هەرچەندە دێرتر تێپەڕ بن ئەوەندە دێرتر بەهار و هاوین و هەتاو و ئاسمانی بێ هەور دەگات.

ئەمساڵ لەوکاتەوە کە بەفر کورانی داگرتووە، لەسەرەتای پائیزەوە تائەوڕۆ کە لاشەی ئەولایی و فورات و مەتین و بیلەن و یاوەر لەژێر بەفر دەرهێنران، ۱۳ کۆڵبەر لەکوران لەسنوور کوژراون؛ ۵یان لەژێر بەفر و ۸یان بە گولە.

منداڵان لەسەربان/ کچان دانیشتوو لەسەر رۆچن/ دایکان خەمگین لەلای دەرگا/ پیاوەکان لەرێدان/ سروودی بێ وشە بە خەمیکی جگەرسووتاو/ لەچاوان خۆی دەنواند لەگەڵ شنەبای بەیانی بوو/ کام بزە سەرهەڵدەدا/ کام گۆرانی ئایا دەکرێت دابنریت/ دەنگی هەنگاوە قایمەکان لەسەر نەبوونی پیاوان دەڕۆشت؟

شاهۆ ۳۰ کاژێر بەڕێدا دەڕۆ، ناترسی، دەمری بۆ چەند تمەن؟

بۆ ۴۰۰ هەزار، ۳۰۰ یا ۵۰۰ هەزار. کڕیار لەشارەوە دێت جگەر دێنیت. ئێمە کۆڵبەری دەکەین. ئەو لەماڵەوەیە، کڕیارە تورکەکەش بۆ هەرکارتۆن جگەرە ۳ ملیۆن تا ۳ ونیو دەیکڕێت. کاتێک دەگەڕێینەوە، خاوەن بار ۳۰۰، ۴۰۰، تاخود ۵۰۰ هەزارمان دەداتێ و ئەوی دیکەی دەبات بۆ خۆی.

شاهۆ ۳۰ کاژێر لەنیو بەفر و بۆران بە بارێکی ۲۰ بۆ ۲۵ کیلۆ ئەمە واتای چییە؟

واتە کاتێک دەگەڕێینەوە گەر بگەینەوە تا سێ رۆژ لەماڵ بۆی دەکەوی و ناتوانی جووڵە بکەیت. کاتێک دەگەڕێنەوە شێوازی مرۆڤمان پێوە دیار نییە. رەنگی دەم و چاومان رەش بووە. لەم بارە قوورسە، لەم سەرمایە. لەم رێگە چوونە ۳۰ بۆ ۳۵ کاژێریە لەنێو شاخ و بەرد بێ ئەوەی کە بتوانیت لەشوێنێک بحەسیتەوە و ماندوویی دەبکەیت. باوکانی ئێمە کە ۲۰ ساڵ کۆڵبەر بوون چیتر ناتوانن بەڕێدا بڕۆن. گەنجانی کوران هەر هەموویان قاچیان دەیشێت. دۆکتۆر بە منی وتووە رۆمانتیستە. جارێک لەشاخ کەوتمە خوارێ سەرم شکا ۷ تەقەڵیان لێدا. دۆکتور وتی چیتر دوای ئەمە هیچ ئیش مەکە، سەرت مەدە بەر سەرما و گەرما و ئیشی قورس مەکە. پێم وت ناچارم چوونکە تەنیام و ۵ برسی دەژینم. ئێستا هەرکات هەوا زۆر سارد بێت وەک بڵێیت بە بەرد لەسەرم دەدەیت. سەرم دەگووشم تا خوێن لەلووتمەوە بێتە دەرێ ئەو کات سەرم چاک دەبێتەوە.

هەڵبەست: بەشێک لە کۆمەڵەهەڵبەستەکانی ئارش کەمانگەر/ سیاوش کەسرایی

اشک‌های «کوران»: بیش از چهل روز از دفن کولبران «کوران» گذشت

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پربازدید‌ها