بابەت

«مافی ئومێد» و ئەگەری تێپەڕین لە ململانێی چەکداری؛ ئایا دۆسیەی ئۆجەلان دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ ئاشتیی بەردەوام لە ناوچەکەدا؟

شیکارییەک بە قەڵەمی فەرزاد مارابی سەبارەت بە وەرچەرخانی فیکریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بنبەستی ستراتیژییە سەربازییەکانی پەکەکە و پژاک و توانایە یاساییەکانی «مافی ئومێد» لە گواستنەوە بەرەو ئاشتی و گفتوگۆیی سیاسی.

نووسەر: فەرزاد مارابی – ئەندامی پێشووی پژاک (بابەتی نێردراو)

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە چەندین دەیەیە ململانێ نەتەوەیی، ئەمنی و جیۆپۆلیتیکییەکان تێیدا تێکئاڵاون، هەر دەروازەیەک بۆ تێپەڕین لە خولگەی توندوتیژی، خاوەنی گرنگییەکی مێژووییە. پێشهاتەکانی ئەم دواییەی دەوروبەری دۆسیەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و باسی «مافی ئومێد»یش دەبێت لە ناو ئەم چوارچێوەیەدا سەرنجی پێبدرێت؛ نەک تەنیا وەک دۆسیەیەکی یاسایی، بەڵکوو وەک دەرفەتێک بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە ئەگەری کۆتاییهێنان بەو ململانێ چەکدارییانەی کە چەندین دەیەیە ئەمنییەت، گەشەپێدان و ژیانی مرۆییان لە ناوچە کوردنشینەکاندا خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە دەیەکانی ڕابردوودا هێمای یەکێک لە گرنگترین بزووتنەوە چەکدارییە کوردییەکان بوو لە ناوچەکەدا. پەکەکە بە ڕێبازێکی بنەمادار لەسەر خەباتی چەکداری، هەوڵی دەدا پڕۆژەی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە ناوی «کوردستان» لە ڕێگەی شەڕی گەریلایی و پێکدادانی چەکدارییەوە بباتە پێشێ. بەڵام تێپەڕبوونی کات، تێچووی قورسی مرۆیی، توندوتیژی بەربڵاو، کوژرانی خەڵکی سڤیل، تێکدانی ژێرخانەکان و داڕمانی کۆمەڵایەتی، ئەم ڕێگەیەی لەگەڵ تەحەددیاتی جیددی ڕووبەڕوو کردەوە.

تورکیا کە وەک ئەندامێکی ناتۆ لە بلۆکی ڕۆژئاوادایە، لە هاوکێشە ئەمنییەکانیدا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئۆجەلانی لە ساڵی ١٩٩٩ لە کینیا دەستگیرکرد. بەڵام لەوانەیە گرنگتر لە دەستگیرکردنی ئەو، ئەو پێشهاتانە بوو کە دوای ئەوە لە ئەندێشە و ڕێبازی سیاسی ئەودا شێوەی گرت.

ئۆجەلان لە زینداندا بەرەبەرە لە بیرۆکەی پێکهێنانی دەوڵەت ـ نەتەوەی سەربەخۆی کوردی دوورکەوتەوە و لەژێر کاریگەریی تیۆرییەکانی مۆرای بوو کچین (Murray Bookchin)، بیرمەندی ئەمریکی، بەرەو چەمکگەلێکی وەک «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک»، بەڕێوەبردنی خۆجێیی، دابەشکردنی دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی هەنگاوی نا. گۆڕانکارییەک کە زۆر کەس لایان وایە نەک تەنیا وەرچەرخانێکی فیکری، بەڵکوو دەرئەنجامی پێناسەکردنەوەی هاوکێشە ناوچەیی و ئەمنییەکانی دەوروبەری پرسی کورد بووە.

لە همین ماوەیەدا، باڵ و ڕەوتەکانی نزیک لە پەکەکە لە وڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکەدا ڕێڕەوی جیاوازیان ئەزموون کرد. لە عێراق، پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە ئاڵۆز بەڵام نزیکەکانی لەگەڵ تورکیا، بووە هۆی سنوورداربوونی کایەی جووڵەی پەکەکە. هاوکارییە ئەمنی و ئابوورییەکانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر، زەبری بەرچاوی لە پێکهاتەکانی ئەم گرووپە وەشاند.

لە سووریا بەڵام دۆخەکە جیاواز بوو. شەڕی ناوخۆی سووریا و بۆشایی دەسەڵات لە باکووری ئەم وڵاتەدا، دەرفەتێکی نوێی بۆ باڵی سووریای پەکەکە فەراهەم کرد؛ ڕەوتێک کە دواتر بە ناو و پێکهاتەی جۆراوجۆرەوە ناسرا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە چوارچێوەی ڕکابەرییە ناوچەییەکان و شەڕی دژی داعشدا، جۆرێک لە پەراوێزی ئەمنی بۆ ئەم هێزانە دروستکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، گوشارە بەردەوامەکانی تورکیا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەنقەرە ڕێگربوون لە جێگیربوونی تەواوی ئەم دۆخە.

لە ئێرانیشدا باڵی ناسراو بە پژاک، لە سەرەتای پێکهاتنییەوە، هەمیشە لە چوارچێوەیەکدا شی کراوەتەوە کە فرەترە لە گرووپێکی خۆجێیی. بڵاوبوونەوەی وێنە و بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە ئامادبوونی کەسایەتییەکانی وەک کێنت تیمەرمان (Kenneth Timmerman) لە تەنیشت دامەزرێنەرانی پژاک، تێڕوانینی جۆراوجۆری لەسەر بەستەرە دەرەکییەکان و کارکردە بریکارییەکانی ئەم گرووپە هێناوەتە ئاراوە؛ بابەتێک کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە جێی باسی ئەمنی و سیاسی.

پێداچوونەوە بەم مێژووەدا لەبەر ئەوە گرنگە کە نیشانی دەدات پرسی کورد لە ناوچەکەدا، تەنیا بابەتێکی ناوخۆیی یان نەتەوەیی نەبووە، بەڵکوو هەمیشە لە دەقی ڕکابەرییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا پێناسە کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی ئەمڕۆ گرنگییەکی زیاتری هەیە، نەک بەرهەمهێنانەوەی خولگەی ڕووبەڕووبوونەوە، بەڵکوو گەڕانە بەدوای ڕێگەیەکدا بۆ چوونە دەرەوە لێی.

لە ناو ئەم چوارچێوەیەدا، باسی «مافی ئومێد» لە دۆسیەی ئۆجەلاندا خاوەنی گرنگییەکی تایبەتە. دادگای ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕایگەیاند کە بێبەشکردنی زیندانی لە هەر جۆرە ئەگەرێکی ئازادبوون لە داهاتوودا، پێشێلکاری کەرامەتی مرۆیی و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە. بە پێی ئەم بڕیارە، حوکمی «زیندانی هەمیشەیی توندکراو» بەبێ ئەگەری پێداچوونەوەی ئازادکردنی مەرجدار، لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤدا ناگونجێت.

ئێستا لە کەشوهەوای سیاسی تورکیادا، باسگەلێک هاتوونەتە ئاراوە کە هەڵوەشاندنەوەی فەرمی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە چالاکییە چەکدارییەکان دەتوانێت زەمینەیەک بۆ سوودمەندبوونی ئۆجەلان لە «مافی ئومێد» و پێداچوونەوە بە دۆخی یاسایی ئەودا فەراهەم بکات. ئەگەرچی جێبەجێبوونی کرداریی ئەم سیناریۆیە هێشتا جێی گومان و ناکۆکییە، بەڵام بنەمای خستنەڕووی ئەم جۆرە بیرۆکەیە، هەڵگری پەیامێکی گرنگە: ئەگەری تێپەڕین لە ململانێی چەکداری لە ڕێگەی سازوکارە سیاسی و یاساییەکانەوە.

ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە دەتوانێت بۆ تەواوی ناوچەکە خاوەن گرنگی بێت؛ بە تایبەت لە دۆخێکدا کە چەندین دەیە توندوتیژی چەکداری، نەک تەنیا دەستکەوتێکی بەردەوامی بۆ گرووپە بەشدارەکان دروست نەکردووە، بەڵکوو بووەتە هۆی دامەزرانی نائەمنی، پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ، ڕاگرتنی گەشەپێدان و داڕمانی کۆمەڵایەتی.

ڕەنگە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویست بێت گرووپە چەکدارە چالاکەکانی ناوچە نەتەوەیی و اتنیکییەکانی ناوچەکە، ئەم پرسیارە بنەڕەتییە ئاڕاستەی خۆیان بکەن کە ئایا بەردەوامبوونی ڕێگەی سەربازی، هێشتا دەتوانێت ڕێگاچارە بێت؟ ئەزموونی دەیەکانی ڕابردوو نیشانی دەدات کە شەڕ و توندوتیژی، ئەگەرچی لەوانەیە لە هەندێک قۆناغدا هێز بەرهەم بهێنێت، بەڵام لایەنی پێویست نابێتە هۆی بەرهەمهێنانی سەقامگیری، گەشەپێدان و ئەمنییەتی بەردەوام.

لە بەرامبەردا، جووڵە بەرەو گفتوگۆی سیاسی، بەشداری مەدەنی، ڕکابەری دیموکراتیک و پێوشوێنگرتنی داواکارییەکان لە ڕێگا ناتوندوتیژەکانەوە، دەتوانێت ئەگەری شێوەگرتنی مۆدێلێکی «بردنەوە ـ بردنەوە» (Win-Win) فەراهەم بکات؛ مۆدێلێک کە هەم داواکارییە ناسنامەیی و کولتوورییەکان بە فەرمی بناسێت و هەم ڕێگری بکات لە خلیسکانی کۆمەڵگاکان بۆ ناو خولگەی بێپایانی توندوتیژی.

دیارە کە ئەم جۆرە ڕێگەیە سادە نییە. ساڵانێک خەباتی چەکداری، بووەتە بەشێک لە ناسنامە و پێکهاتەی زۆربەی ئەم گرووپانە و کۆتاییهێنان پێی، تەنیا بڕیارێکی سیاسی نییە؛ بەڵکوو پێویستی بە پێناسەکردنەوەی ناسنامە، ستراتیژ و تەنانەت شەرعییەتی مێژوویی ئەوان هەیە. بەڵام ڕەنگە وردە لێرەدا بێت کە واتای ڕاستەقینەی «ئازایەتی سیاسی» مانای خۆی بدۆزێتەوە؛ ئازایەتییەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، نەک بەردەوامبوونی.

دۆسیەی ئۆجەلان و باسی «مافی ئومێد»، دوور لە هەموو جیاوازییەکانی بیروبۆچوون و ئاڵۆزییە سیاسییەکان، دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ بیرکردنەوە لەم ئەگەرە: ئایا دەکرێت ململانێ چەکدارییە فرسایشییەکانی ناوچەکە بگوازرێنەوە بۆ سەر ڕێڕەوی گفتوگۆ، سیاسەت و گەشەپێدان؟

وەڵامی بڕاوە بۆ ئەم پرسیارە لە ژێر دەستی هیچ میدیا، دامەزراوە یان شیکەرەوەیەکدا نییە. بەڵام ڕوونکردنەوەی ئەم ئەگەرە و پێشنیارکردنی وەک ڕێگاچارەیەکی عەقڵانی، پێویستییەکی وایە کە ناتوانرێت چاوی لێ بنوقێندرێت. ناوچەی ئێمە زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە ئاشتییەک هەیە کە نەک لەسەر بنەمای سڕینەوە و سەرکوت، بەڵکوو لەسەر بنەمای گفتوگۆ، مافەکانی مرۆڤ و ئەمنییەتی معتوف بە گەشەپێدان شێوەی گرتبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button