بابەتپێشنیاری سەرنوسەر

کاتێک ڕێککەوتنەکان دەبنە کاغەزێکی بێگیان؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا کەی بێدەنگ دەبێت؟

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر لێکەوتە مرۆیی و یاساییەکانی هێرشکردنە سەر ژێرخانە حیاتییەکان و پێشێلکردنی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان.

چڵ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ئەو شەڕەی کە ئەمریکا، ئیسرائیل و هەندێک دەوڵەتی ناوچەکە دژی ئێران دەستیان پێ‌کرد، ئاگربەستێک هاتە ئاراوە و ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان‌دا واژۆ کرا. زۆرێک لە چاودێران هەر لە سەرەتاوە هۆشدارییان دا کە ئەم ڕێککەوتنە، زیاتر لەوەی ئاشتییەکی بەردەوام بێت، وەستانێکی کاتییە لە ڕەوتی شەڕەکە‌دا. ئەمڕۆ، بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان و فرەوانبوونی مەوداکەیان بۆ سەر ژێرخانە زیندووەکانی ئێران، ڕوون بووەتەوە کە ئەو هۆشدارییانە بێبنەما نەبوون.

حکوومەتی ئەمریکا هێشتا هەوڵ دەدات خۆی وەک براوەی ئەم شەڕە نیشان بدات؛ بەڵام ئەگەر ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەوان گۆڕینی ڕەفتاری ئێران، سەپاندنی ئیرادەی سیاسی یان بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی ستراتیژی بووبێت، ڕاستییەکانی مەیدانی شەڕەکە وێنەیەکی تر نیشان دەدەن. لە بەرامبەردا، ئەوەی زیاتر لە هەر شتێک دەبینرێت، زیادبوونی ئازارەکانی خەڵکی سڤیل، وێرانکاریی ژێرخانە گرنگەکان و گەشەسەندنی ناسەقامگیری لە ناوچەکە‌دایە.

پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدایە؛ ئامانجی ڕاستەقینەی دۆناڵد ترەمپ لە شکاندنی ڕێککەوتنێک کە خۆی ڕۆڵی هەبووە لە پێکهێنانی‌دا چییە؟ ئەگەر ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان تەنیا تا ئەو کاتە کاریگەر بن کە لەگەڵ ویستی هێزێکی گەورە‌دا بگونجێن، ئیتر چ قورسایی و متمانەیەک بۆ یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، دیپلۆماسی و پرەنسیپی وەفاداری بە بەڵێنەکان دەمێنێتەوە؟

مەنشوری نەتەوە یەکگرتووەکان، پەنابردنە بەر هێزی قەدەغە کردووە مەگەر لە بارودۆخێکی زۆر سنوورداردا. هەروەها ڕێککەوتننامەکانی ژنێڤ و پرۆتۆکۆلە پاشکۆکانیان، هەموو لایەنەکانی ململانێکان پابەند دەکەن کە جیاوازی لە نێوان ئامانجە سەربازییەکان و هاووڵاتیانی سڤیل‌دا بکەن، هاوسەنگی بپارێزن و لە هێرشکردنە سەر ئەو دامەزراوە و ژێرخانانەی کە ژیانی خەڵکی پێوە بەندە، خۆیان بەدوور بگرن. هێرشکردنە سەر تۆڕەکانی ئاو، کارەبا، گواستنەوە، تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانە حیاتییەکانی تر، تەنانەت ئەگەر لە کورتخایەن‌دا وەک دەستکەوتێکی سەربازی دابنرێت، لە درێژخایەن‌دا ملیۆنان هاووڵاتیی ئاسایی دەکاتە قوربانی.

کارەساتەکانی وەک هێرشکردنە سەر قوتابخانەی میناب، تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی نین؛ بەڵکو هێمایەکە بۆ بەزاندنی سنوورەکانی مرۆڤایەتی. منداڵێک کە لەژێر داروپەردووی قوتابخانەیەک‌دا گیان لەدەست دەدات، هیچ ڕۆڵێکی لە بڕیارە سیاسی و سەربازییەکان‌دا نییە. هیچ تیۆرییەکی ئەمنی، هیچ دۆکتراینێکی سەربازی و هیچ پاساوێکی سیاسی ناتوانێت کوشتنی منداڵان و هاووڵاتیانی بێبەرگری ڕەوا نیشان بدات، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی پرەنسیپەکان و تێکدەری مافی دادخواهی قوربانیانە.

وێرانکردنی ژێرخانەکان تەنیا بە ڕۆژانی شەڕەوە سنووردار نابێت. تێکدانی نەخۆشخانەکان، ڕێگاوبانەکان، پردەکان، وێستگەکانی وزە و ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی گشتی، شوێنەوارەکانی بۆ ماوەی چەندین مانگ و تەنانەت چەندین ساڵ لەسەر ژیانی خەڵک دەمێنێتەوە. قوربانیی ڕاستەقینەی ئەم جۆرە هێرشانە، ئەو خێزانانەن کە لە چارەسەری پزیشکی بێبەش دەبن، ئەو منداڵانەن کە لە خوێندن دوور دەخرێنەوە و ئەو نەخۆشانەن کە بەهۆی داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان‌ەوە گیان لەدەست دەدەن.

بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەم دۆخە‌دا، پرسیارگەلێکی قورسی هێناوەتە ئاراوە. بۆچی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانیوە بەرپرسیارێتیی سەرەکیی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی‌دا جێبەجێ بکات؟ بۆچی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتنێرانی تایبەت، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ، لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی تر، کاردانەوەیەکی گونجاو لەگەڵ ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە‌دا نیشان نادەن؟ ئایا یاسا نێودەوڵەتییەکان تەنیا بۆ هەندێک وڵات ناچارکەرن و هەندێکی تر لە هەر جۆرە لێپرسینەوەیەک پارێزراون؟

ئەزموونی تاڵی سەدەی بیستەم نیشانی دا کە چاوپۆشیکردن لە ڕەفتارە سەرکێشییەکانی سەرکردە سیاسییەکان، تێچوویەکی زۆر قورستری هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاتیی ئەوان. مێژوو چەندین جار سەلماندوویەتی کە بێدەنگی لە بەرامبەر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان‌دا، بەرەو ئاشتی ناڕوات، بەڵکو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی شەڕ.

ئەگەر ئەمڕۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانە گرنگەکانی ئێران بێدەنگ بێت، سبەی هیچ گەرەنتییەک نییە کە هەمان مۆدێل لە شوێنێکی تری جیهان‌دا دووبارە نەبێتەوە. یاسای نێودەوڵەتی ئەو کاتە مانای دەبێت کە بەبێ جیاکاری جێبەجێ بکرێت؛ نەک لە بەرامبەر هێزە گەورەکان‌دا ببێتە دەقێکی بێکاریگەر.

امڕۆ بەرگری لە خەڵکی ئێران، تەنیا بەرگریکردن لە نەتەوەیەک نییە؛ بەڵکو بەرگریکردنە لە متمانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، مەنشوری نەتەوە یەکگرتووەکان و پرەنسیپی بنەڕەتیی کەرامەتی مرۆڤایەتی. ئەگەر جیهان ئێستا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ڕەوتە مەترسیدارە هەنگاو دەنەبێت، ئاگری ئەم قەیرانە دەتوانێت تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت دوورتریش بگرێتەوە و قوربانیانی داهاتوو، ئەو خەڵکانە بن کە ئەمڕۆ وا بیر دەکەنەوە ئەم شەڕە پەیوەندیی بەوان‌ەوە نییە.

نووسەر: د. پوورشەمس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button