ئەڤین نەدری دانانی یەکێکە لەو دەیان کچە کوردە ئێرانیانەی کە بە بەڵێنی ناڕاستی “ئازادی و یەکسانی” ڕاکێشرانە ناو پژاک و هەرگیز نەگەڕاونەتەوە. باوکی کە چاوەکانی لە چاوەڕوانی ماندوو بوون، باسی ئەو ڕۆژانە دەکات کە باوەڕی بە پژاک هەبووە و ئێستا تەنها پەشیمانی و بێدەنگی ماوەتەوە.
ئەڤین نەدری دانانی، کچێکی هەرزەکاری خەڵکی کامیاران، قوربانییەکی دیکەی بێدەنگی سیاسەتی فێڵ و فریودانی گروپی چەکداری پژاکە. ئەڤین خوێندکاری پۆلی ١١ بوو خەونی سادەی پەروەردە و پێشکەوتن و ژیانێکی باشتری هەبوو. بەڵام هەمان ئەو خەونانە، لە چوارچێوەی هەژاری و بێ ماڵ و حاڵدا، بوونە ئامرازێک بۆ خراپ بەکارهێنان. تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ کە بۆ هەمیشە ماڵی بەجێهێشت و نەگەڕایەوە، سەرەتای کابوسێک بوو بۆ ئەو بنەماڵەیەی کە تا ئەمڕۆش بە بێدەنگی چاوەڕێی دەکەن.
گروپی چەکداری پژاک، لقی ئێرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ساڵانێکە فەزای ئەلیکترۆنی و چاودێری لاواز لە ناوچە سنوورییەکان دەقۆزێتەوە و بە بیانووی “شەڕکردن لە پێناو ئازادیی کورد” سەدان هەرزەکاری ئێرانی فریو دەدەن و دەیانگوازنەوە بۆ بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لە ڕووکەشدا باس لە ئازادی و یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ دەکەن، بەڵام بە کردەوە منداڵان و هەرزەکاران دەکێشنە ناو کۆیلایەتی ئایدۆلۆژی و شەڕخوازانە. ئەڤین تەنیا یەکێکە لەو قوربانیانە؛ کچێک لە چینێکی کەم داهات کە بە بەڵێنی درۆ هیوای بۆ داهاتوو دزرا.
شیکاری دەروونی بۆ ئەم دیاردەیە دەریدەخات کە هەرزەکاران بە تایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە پێکهاتە داخراو و ئیمکاناتەکانیان سنووردارە، زیاتر لە کەسانی دیکە ئامادەن بۆ دەستکاریکردنی دەروونی. هەستکردن بە تەنیایی و پێویستی بینین و ئارەزووی مانا و خولیای دادپەروەری لە کاتی باڵغبووندا دەگەنە لوتکە. گروپەکانی وەک پژاک بە تەواوی ئەم گرێ سۆزداریانە دەکەنە ئامانج. پڕوپاگەندەکانیان لە فەزای ئەلیکترۆنیدا بە زمانێکی سۆزداری و پڕ لە هێماکانی ئازادی و بەرخۆدان داڕێژراوە. لە مێشکی هەرزەکاردا ئەم وێنانە نیشانەی توندوتیژی نین، بەڵکو وێنەیەکی ڕۆمانسی قارەمانێتی و سەربەخۆیی تاکن. لە لایەکی ترەوە هەژاری خێزان و نەبوونی دیالۆگ لە نێوان نەوەکان هۆشداری دایک و باوک بێکاریگەر دەکات.
لە ئاستی کۆمەڵناسیدا دیاردەی ئەڤین نەدری ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی فراوانترە. ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تووشی بێبەشی درێژخایەن و پشتگوێخستنی پێکهاتەیی بوون. لە ژینگەیەکی وادا، گروپە چەکدارەکان بۆشایی دامەزراوە فەرمییەکان بە بەڵێنی پەروەردە و پەنابەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی پڕدەکەنەوە. بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە پژاک نە وەڵامی بۆ گەشەپێدان هەیە و نە پلانی بۆ ئازادی؛ تەنیا ئامرازێکە بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە مرۆییە گەنجەکان لە پڕۆژەیەکی وەرچەرخان و بێکۆتاییدا.
تهیمور نەدری باوکی ئەڤین بە دەنگێکی زەق و چاوێکی ماندوو چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە:
ئەڤین کچێکی ئارام و میهرەبان و زیرەک بوو. هەمیشە دەیگوت دەمەوێت بخوێنم بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە کەسێک بۆ خۆی. لە قۆناغی سەرەتاییەوە خوێندکارێکی نایاب بوو و هەموو مامۆستاکان خۆشیان دەویست. تاکە ئاواتی من ئەوە بوو کە درێژە بە خوێندن بدات و داهاتوویەکی باشتری لە ئێمە هەبێت. ئێمە خێزانێکی هەژارین؛ من کرێکاری وەرزیم، چەند مانگ جارێک کارێکم هەیە و باقی ساڵەکە بێکارم. بەڵام هەوڵمدا نەهێڵم هەست بە بێبەشی بکات. هەروەها بە قەرز مۆبایلێکم بۆ کڕی تا درێژە بە خوێندن بدات. هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە ئەم مۆبایلە ببێتە دەرگای دۆزەخ بۆ ئێمە.
ماوەیەک ڕەفتاری ئەڤین گۆڕابوو. شەوانە زیاتر بەخەبەر دەمایەوە و بە تەلەفۆن قسەی دەکرد و کاتێک دەچووینە ژوورەکەوە بە خێرایی تەلەفۆنەکەی دەشاردەوە. سەرەتا پێم وابوو ڕەنگە دۆستێکی دۆزیبێتەوە، بەڵام دواتر بینیم تۆنی قسەکانی گۆڕاوە، باسی ستەم و ئازادی کورد دەکات. ئەم قسانە هی خۆی نەبوون. ڕۆژێک بەڕێکەوت لاپەڕەی مەجازی ئەوم بینی، پڕ بوو لە وێنەی ژنانی جلوبەرگی سەربازی لە شاخ. ئەوە بوو تێگەیشتم کە ئەڤین لە مەترسیدایە. قسەم لەگەڵ دەکرد، ئامۆژگاریم دەکرد، تەنانەت گریام کە ئەم ڕێگایانە کۆتایییان نییە، بەڵام گوێی لێ نەدەگرت. دەیگوت لەوێ هەمووان یەکسانن، هەمووان ئازادن، کەس کچێکی ناچار نەکردووە هیچ کارێک بکات.
بەیانییەک، وەک هەمیشە خۆی بۆ قوتابخانە ئامادە کرد. وتی دەبێت زوو بڕوات چونکە پۆلێکی زیادەی هەیە. هەرگیز نەگەڕایەوە. تا شەو چاوەڕێمان کرد، پاشان تەلەفۆنمان بۆ قوتابخانەکە کرد، ووتیان ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەک نەهاتووە. ئەوە بوو تێگەیشتم کە بابەتە جدییە. لەگەڵ هاوڕێکانی قسەمان کرد، ئەوانیش گوتیان چەند ڕۆژێکە لە ئینستاگرام زۆر قسەی لەگەڵ کچێک دەکات، دیارە خەڵکی عێراقە. پۆلیسمان ئاگادار کردەوە، بەڵام هیچی لێ نەهات. دوای چەند هەفتەیەک پەیوەندییەکی کورتمان بۆ هات لە ژمارەیەکی نادیارەوە. دەنگی ئەڤین بوو؛ وتی باوکە خەمت نەبێت، من باشم، لێرەم خەبات بۆ ئازادی گەلەکەم دەکەم. پێش ئەوەی بتوانم قسە بکەم پەیوەندییەکە پچڕا. ئەو شەوە تێگەیشتم فێڵی لێ کراوە و بردراوەتە ئەودیوی سنوور.
چەند جارێک هەوڵمدا بچمە هەرێمی کوردستان، بەڵام گەشتکردن بۆ ئێمە زۆر قورس بوو. یەکەم: پارەمان نەبوو، دووەم: پاسپۆرتم نەبوو. دوای چەند مانگێک، یەکێک لە ناسیاوەکانمان چووە سلێمانی، منیش داوام لێکرد کە زانیاری لەسەر کچەکەم بدات. دەچوو بۆ ئۆردوگاکان و لە هەر شوێنێک دەچوو یان درۆیان دەکرد یان دەترسان وەڵام بدەنەوە. تەنانەت کەسێک لەوێشەوە پێی وتووە کە لە یەکێک لە بارەگاکانی پژاکدا ئەڤینم بینیوە، بەڵام نەیانهێشتووە قسەی لەگەڵ بکات. دوای دوو ڕۆژ هەمان پیاوەکە دیار نەما و هاوڕێکەم جارێکی تر نەیدۆزیەوە. پێیان گوترا ئەگەر زۆر داوای کرد ئەوا ئەویش دەگرن. ئەوە بوو تێگەیشتین کە ئێمە لە چ جۆرە بزووتنەوەیەکداین؛ ئەمانە نە گروپێکی سیاسین و نە بەرگریکاری خەڵکن، تەنها نێچیرن؛ بە تایبەتی کچان و هەرزەکاران.
ئیتر ئارامیمان نییە. دایکی لەو ڕۆژەوە شەوێکی تەواو نەخەوتووە. هەر جارێک لە هەواڵەکاندا گوێبیستی ئەوە دەبین کە یەکێک لە هێزەکانی پژاک کوژراوە، هەناسەمان دەگرین. ترسمان هەیە ناوی ئەڤین لە نێو ئەوانەدا بێت. ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەلایەن ئەوەوە نییە. تاکە شتێک ماوە وێنەی ڕۆژانی خوێندنەکەیە کە هەموو شەوێک سەیری دەکەین. ماڵەکەمان بێدەنگ و سارد بووە، هەموو گۆشەیەک پڕ بووە لە یادەوەری ئەڤین.
بە هاوکاری دۆست و ڕاوێژکاری یاسایی سکاڵامان لەسەر سەرکردەکانی پژاک تۆمار کردووە. داواکاری ئێمە ڕوونە: لێپرسینەوە و ئازادکردنی کچەکەمان. ئێمە هیچ پەیوەندییەکی سیاسیمان نییە، تەنها دایک و باوکین کە منداڵەکەیان ڕفاندووە. ئەم گروپانە دەبێت وەڵام بدەنەوە کە بۆچی ڕێگە بە خۆیان دەدەن لە ڕێگەی فەزای ئەلیکترۆنیەوە منداڵان فریو بدەن.
ئەگەر ئێستا ئەڤینم بینی، تەنیا دەمگوت: ئەڤین، وەرە. هیچ شتێک شایەنی ئەوە نییە ژیانت لەناو ببات. ئێمە بەبێ تۆ مردووین، تەنها بە پێ دەڕۆین. لەم دونیادا هیچ شتێک بۆ ئێمە نەماوە جگە لە هیوای بینینی تۆ.
گێڕانەوەی باوک ئەڤین تەنیا ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی بنەماڵەیەک نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکی قووڵی قەیرانی کۆمەڵایەتییە لە ناوچە سنوورییەکان. پژاک لە ژێر پەردەی خەباتدا، کەلێنەکانی پەروەردەیی و ئابووری و سۆزداری دەقۆزێتەوە. ئەم گرووپە تەنیا لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە توندوتیژی و ڕق لە بەرامبەر ئەویتر دامەزراو نییە، بەڵکو لە ڕووی دەروونییەوە ئەندامەکانی خۆی دەخاتە ناو سووڕێکی پارچەپارچەبوونی شوناس و دابڕانی دەروونییەوە. ئەو کچانەی کە بەڕواڵەت بانگهێشت دەکرێن بۆ “رزگارکردن” لە ڕاستیدا جەستە و ئیرادەیان بێبەش دەکرێن و لە ئۆردوگا شاخەکاندا دەکرێنە هێزی پڕوپاگەندە.
لە شیکاری سیاسیدا ڕووداوی ئەڤین نەدری نیشانەی درێژەدان بە ستراتیجی گروپە چەکدارە کوردییەکانە کە لە غیابی لێپرسینەوەی فەرمی و نەبوونی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیدا هەرزەکاران وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی ئایدۆلۆژیا بەکاردەهێنن. ئەوەی لە ڕووکەشدا پێی دەوترێت “ئایدیاڵی ئازادی” لە ڕاستیدا پڕۆژەیەکی سیاسییە بۆ مانەوەی پێکهاتەیەکی سەربازی بەسەرچوو کە جگە لە فریودانی نەوەی نوێ ناتوانێت بەردەوام بێت.
دۆسیەی ئەڤین نەدری ئەمڕۆ هێمای پرسیارێکی گەورەترە: چەند ئەڤینێکی تر لەم شاخانەدا ون دەبن و چەند خێزانی تریش شەوانە بە بێدەنگی لەگەڵ وێنەی منداڵەکەیان قسە دەکەن؟ تا کەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامودەزگاکانی بانگەشەی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و تەنانەت میدیا جیهانیەکانیش لە بەرامبەر ئەم تاوانە ئاشکرایەی بەرانبەر بە منداڵانی کوردستانی ئێران بێدەنگ دەبن؟
چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە بنەماڵەی نەدری و بنەماڵەکانی دیکەی هاوشێوەی ئێران، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی مافی منداڵان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و دەستبەجێ لە چارەنووسی ئەڤین و ئەو کچانەی دیکە کە لە ئۆردوگاکانی پژاک بێسەروشوێن بوون ئەنجام بدەن. ئەوەی نەماوە تەنها کچێک نییە؛ هیوای نەوەیەکە کە دەبێت داهاتوو بنیات بنێت نەک بکەوێتە قوربانی درۆی ئازادی لە شاخەکانی شەڕدا.





