وەرگێڕ: چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران
فەهیم تاشتکین نووسەری ئەلمانیتۆر/دووار، لەبابەتێکدا لەژێر ناوی کوردستانی سوور لە ناگۆرنو – قەرەباخ دواداچوونی دۆخی قەرەباخی کردووە و دەنووسێت لەماوەی پێکدادانەکان دوای ساڵی 1988 ئەرمنیا ئاسایشی لەدەستی ئازەرییەکان وەرگرت و ئازەربایجانیش لەدەست ئەرمەنییەکانی خۆی و لە تراژدیای ئێشتا کوردەکان هیچ رێگا و پێگەیەکیان نییە.
ئەم نووسەر لەدرێژەدا باسی سیاسەتەکانی عۆسمانی و رووسیای تێزاری بۆ گۆڕین و ئەندازیاری جۆگرافیای سیاسی دەکات و دەنووسێت: ئەگەر ئەوڕۆکە ئەم گۆڕانکاری و پێکدادانانە بۆ نەتەوەپەرەستەکان جێگای شانازیە دەبێت بڵێم بۆ خەڵکی ئاسایی بە تایبەت ئەو ناوچەیە بێجگە لە قەڕبەسەری و چارەڕەشی هیچی بەدواوە نییە. تاوانەکان بەس سنوورداری سەردەمی ئمپراتوری نیین بەڵکوو ئازەربایجان، ئەرمنیا و گورجێستان لەم ناوچەیە تاوانیان ئەنجام داوە. ئەم ناوچە جوانە بۆتە قوربانی ناکۆکی و ململانێ خێڵایەتی.
تاشتەکین لەدرێژەدا دەڵێت: لەم چەند دەیەیەدا بابەتی ئەوەی کە قەرەباخ سەر بە ئازەربایجانە یا ئەرمنیا هێشتا درێژەی هەیە و هەریەکەو بە گوتنەوەی مێژووی تایبەتی خۆیان باسی لێوە دەکەن. بەڵام هەردوو خوێندنەوە مێژووی کوردان لەم ناوچە جێ ناکۆکە دەسڕێنەوە. لەژێرخانی ئیداری سۆڤیەت لەساڵی 1923، قەرەباخ کە شوێنی ژیانی زۆربەی ئەرمەنی بوو وەک بەشێک لەئازەربایجان دیاری کرا. لەرۆژئاوای ئەم ناوچە و لەنێزیکی سنووری ئەرمنیا کوردستانی سوور بە ناوەندگەری لاچین دامەزرا. 6 شاری هەبوو. بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی 1926 حەشیمەتی ئەم ناوچەیە 51 هەزار کەس بووە. 72٪ کورد، 26٪ئازەری و کەمتر لەیەک لەسەد ئەرمەنی. بەڵام ٪92 بە ئازەری قسە دەکەن و کوردان لەم بوارەدا ببوونە ئازەری زمان. لەساڵی 1929 بەگوشاری تورکیا ستالین ئەم کۆمارەی هەڵپێچایەوە و کوردانی ئەوێی هەنارد بۆ ئاسیای ناوین. ژمارەیەکی زۆر کەم کورد لەوەی مانەوە تا ساڵی 1992 پەرش و بڵاو بوون بەجۆرێک کە لەساڵی 1994 و لەنێو گرووپی میسنک نێوێک لەکوردەکان نەبرا.
نووسەر لەبەشێکی دیکە لەنووسینەکەیدا دەنووسێت: ئێستا تورکیا و ئازەربایجان ئەفسانەی یەکبوون لەسەر بنەمای تورکی بوون بۆ ئەم ناوچەیە بانگەشە دەکەن. ئازەربایجان بەرەچەڵەک کورد زمانانی خۆی لەدەست داوە و پێی خۆش نییە یادی رابردوو بکاتەوە. ئەبێ بڵێم ئێستا ئەرمنیا لاوازە و ئازەربایجانیش بە پارەی نەوت و یارمەتی تورکیا خۆی بەهێز کردووە و دەیەوەێت ئەو ناوچانەی لەساڵانی 1994-1991 لەدەستی دابوو بیگرێتەوە کە لەبواری نەتەوەییەوە سڕابووەوە. تورکیا لەم ناوچە هەستیارەدا بۆ رووسیا یارمەتی ئازەربایجان دەدات. رووسیا لەئەرمنیا بنکەی سەربازی هەیە و بە گوێرەی رێکەوتن دابینکردنی ئاسایشی ئەرمنیای لەئەستۆیە. لەلایەکی دیکەوە رووسیا لەگەڵ ئازەربیجان پەیوەندی قووڵی ئابووری هەیە.
تاشتەکین دەڵێت: رووسیا چاوەڕییە تا نیکۆل پاشینیانی لایەنگری رۆژئاوا پاشگەز ببێتەوە و خۆی رادەستی رووسیا بکات بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە. رووسیا نایەوێت ناکۆکی و ململانێ بکاتە ئاستێک کە ناچار بێت دەستێوەردان بکات و هەرجۆرە دەستێوەردانی تورکیا دەتوانێت ببێتە هۆی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رووسیا. دەزانین هەردوو وڵات لەسوریا و لیبیش هاوکاری و ململانێیان هەیە. تورکیا هێشتا لەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئازەربایجان کشانەوەی هێزە ئەرمەنییەکان وەک مەرجی ئاگربەس دەزانێت بەڵام بابەتی قەرەباخ بۆتە هۆی یەکگرتنی ئەرمەنییەکان کە بوونی خۆیان لەمەترسی دەدیت. ئایا رووسیا و تورکیا بە داینی بڕێک خاڵ بە یەکدی لەسوریا و لیبی لەسەر قەرەباخ دەگەنە رێکەوتن؟ ئەگەر ئەرمنیا هێرش بکاتە سەر خاکی سەرەکی ئەرمنیا چ روو دەدات؟ ئەوەی دیارە تورکیا دەبێت لەم دۆخە وانە فێر بێت و کۆتایی بە گەڕان بەدوای ئارەزووەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دەریای ناوین و ئەفریکا بێنێت.