ناکۆکی و پارادۆکسی هزری عەبدۆڵا ئۆجالان لەبابەتی ژن، رەگەز و ئازادی دا (بەشی یەکەم)

نووسینی ئاسۆ کەمال، وەرگێراو لە لایەن: چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران

پرتووکی ئۆجالان بە نێوی ژن ناسی لەساڵی ۲۰۱۲ لەلایەن دەزگای چاپەمانی و راگەیاندنی  پەکەکەوە بلاو کرایەوە. ئۆجەلان لە کتێبی “ژنۆلۆژی”دا ،کە لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاوکراوەتەوە لەلایەن “ئەکادیمیای ژن”ی پەکەکەوە، بیروبۆچونی خۆی سەبارەت بە “زانستی ژن”، مۆدیلی بەرزی ژن، سێکس و عەشق ، تایبەتمەندی ژنی کوردو کێشەی ژنانی پەکەکە باسکردوە. ئۆجەلان لەو کتێبەیدا دەیەوێ نیشانی بدا کە ئەو باسی ژنی تا ئاستی زانستێک بردوە کە پێشتر کەس بەلایدا نەچوە. ئەو دەڵێت: “کارەکتەری پیاوی باڵادەستی کۆمەڵگا، تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان تەنانەت دەرفەتی ئەوەی نەداوە هەڵسەنگاندنێکی زانستیانە سەبارەت بە دیاردەی ژن بکرێت”. لەپێشدا بۆ ئەوەی بزانین ئاپۆ، فەیلەسووفی ئاخر زەمان، چەندە هەڵە و کارەساتی زانستیی لەو کتێبەدا ئەنجام داوە، پێویستە چەند پرسیارێک ریز بکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا نووسینەکەی ئاپۆ بنەمای زانستیی هەیە یان لە راستیدا کارەساتێکی ئەدەبی و زانستییە؟!

 

ئۆجەلان باس لە دیاردەی ژن دەکات، ئایا مەبەستی لە دیاردەی ژن چیە؟ سەرەتا نازانین مەبەستی ئۆجەلان لە “دیاردەی ژن” چیە؟ ئایا کێشەی ستەمە لەسەر ژنان و باسی چۆنیەتی پەیدابونێتی؟ یان خود باسی دەوری ژن لە کۆمەڵگە و ئابوریدا دەکات؟ لەو ۲۰۰ لاپەڕەیەی کە بەدەستی ئۆجەلان نووسراوە، هیچ میتۆد و “هەڵسەنگاندێکی زانستی” بەکارنەهاتووەو نازانین ئەم “زانستە تازەیەی ژنناسی”چ شتێکی دۆزیوەتەوە؟

ئایا ئۆجەلان وەکوو شوێنەوارناسێک، میتۆدی خوێندنەوەی نوسینە کۆنەکانی سۆمەری و بابلی و ئاشوریەکانی لە تاقیگەیەکدا ساغکردۆتەوە تا “تێزە زانستیە” تازەکەی، کە سەبارەت بە پێویستی جیاکردنەوەی ژن لەپیاو و قەدەغەکردنی سێکس لە ژنانە، بسەلمێنێ؟ یاخود لەسەر بنەمای زانستی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەگەڵ هۆز و خێڵە بەربەریەکان کردووە تاوەکوو بزانێت پەرەسەندنی خێزان و عەشیرەتی کەی دەستیپێکردووە؟

بەپێی لێکۆڵینەوەو بەدوادچوونەکان ئێمە بۆمان دەرکەوت کە لەم کتێبەدا ئۆجەلان هیچ کام لە ڕێبازو سەرچاوە زانستیەکانی مێژووی دروستبونی ئینسان و خێزان و موڵکایەتی ئاماژەیان پێ نەدراوە، کە لە سەدەی نۆزدەوە لەسەر دەستی “مۆرگان وباخۆفن وکۆڤالیڤیسکی ومارکس و ئەنگلس” تا سەدان لێکۆڵەرەوەی تر لەزانکۆ و دامەزراوە و تاقیگەکاندا خراوەتەڕوو.

کارەسات ئەوەیە ئۆجەلان خۆی وا نیشان دەدات کە یەکەم پیاوێکە لەسەر “دیاردەی ژن” هەڵسەنگاندنی زانستی کردوە.!

گریمان ئەم قسەیە ڕاستە بەڵام ئۆجەلان دەبێ نیشانمان بدا ئەم دۆزینەوە زانستیە پشتی بەچ لێکۆڵینەوە و بەدواداچون و ڕاستیەک بەستووە تانەت دەتوانێ ئەو هەموو بەڵگە زانستیانەی ئەو توێژەرانە ڕەت بکاتەوە کە بەدەیان ساڵ لێکۆڵینەوە بووە.

نازانم چۆن دەکرێت بۆچوونی تاکەکەسی خۆی زانست ناو لێبکات لەکاتێکدا کە ئەم بۆچوونە لەهیچ لابراتوار و تاقیگەیەکدا راست نەکراوەتەوە. بەڵام کاتێک ئەم لێکۆڵینەوە بەس سنووردار بێت بە بارەگاکانی پەکەکەوە، ئەو کات نرخی ئەم زانستە سنووردار دەبێت بو دانیشتنەکانی پەکەکەوە.

لێرەدا چەند نمونەیەک لەو داهێنانە زانستیانەی ئۆجەلان لەسەر “دیاردەی ژن” دەهێنینەوە، تا بزانین ئایا ئەم کتێبە هیچ بەهایەکی زانستی هەیە؟ یان تەنها خورافاتن؟!

ئۆجەلان دەڵێ: “کروموسومی ژن لەهی پیاو زیاترن” لەزانستی ناسینی مرۆڤ و بایۆلۆجیدا ئۆجەلان دەڵێ:”کروموسومی ژن لەهی پیاو زیاترن” بەڵام زانست دەڵێ ” کروموسومی ژن و پیاو یەکسانە و هەرکامەیان ۴۶ کرۆمۆسۆمیان هەیە. ژن و پیاو ۲۳ جوت کرۆمۆسۆمیان هەیە، کە ۲۲ جوتیان وەکوو یەکن و پێی دەوترێ ئاوتۆسۆم و هی ۲۳یەمین جوتیان جیاوازە لەیەکتر کە سێکس کرۆمۆسۆمە. ژن دوو ئێکس X کرۆمۆسۆمی هەیە و پیاو کرۆمۆسۆمێکی ئێکس X و کرۆمۆسۆمێکی وای Yهەیە”.

لێرەدا تێکەڵاوی و پارادۆکسی زەق لە روانگەکانی ئۆجەلاندا بە روونی دەردەکەوێت، چوونکە لەلایەک سێکس و پێکەوەنانی خێزان لە ژنان قەدەخە دەکات و  بە حەرامی دەزانێت، لەلایەکی دیکەشەوە دەڵێت کرۆمۆسۆمەکانی ژن لە هی پیاوان زیاترن.!

لە زانستی ئابوریشدا ئۆجەلان ئەم تێزانە بە داهێنان ناودەبا : “ئابوری پیشە و چالاکی کۆمەڵایەتی خودی ژنە، لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ژن لە ئابوری بەدەرنرا”. ئابوری پیشەی ژنە، مانای چیە؟

لە راستیدا لەروانگەی ئابووریناسانەوە، ئابوری چالاکیەکی مرۆڤە جا چ ژن بێت یان پیاو، ئەوە سیستەمی بەرهەمهێنان و گۆڕینەوەو دابەشکردنە کە دیاری دەکات ئینسانەکان چ جێگایەکیان لە ئابوریدا هەیە، نەک ڕەگەزی مرۆڤ دیاری بکا کە ئابوری پیشە و چالاکی تایبەت بە ژنە یان پیاو.! لای ئۆجەلان “ڕۆڵ بینینی ژن لە سەنتەری ئابوریدا خاسیەتێکە دەرکی پێدەکرێت. چونکە منداڵی دەبێت و بەخێوی دەکات.”

 

لێرەدا دەپرسین ئایا سەنتەری ئابوری بریتیە لە منداڵبوون و بەخێوکردنی؟ ئەمە یاساکانی بەرهەمهێنان و گۆڕینەوە و دابەشکردنی ئابوریە؟

 

ئادەم سمیث و ر یکاردۆ و مارکس لە کوێی ئەم زانستە تازەیەدان؟ ئەوان ئاگاداری ئەوە نەبون کە ئابوری کۆمەڵگە ئەوەندە سادەیە و پێویستی بەو هەوڵە تیۆری و پشکینانەی ئەوان نەبوو، مەسەلەکە تەنیا دروستکردنی مناڵ و بەخێوکردنێتی.!

بەپێی ئەم تیۆریەی “ژنۆلۆژی”بێت هەموو مێینەی ئاژەڵەکانیش لەبەرئەوەی مناڵ دروست دەکەن دەوریان لەسەنتەری ئابوریدا هەیە! بەڵام بەپێچەوانەوە ژن کاتێک وەک مرۆڤ لەکۆمەڵگەدا خۆی دەسەلمێنێ کە لەدەرەوەی ئەم دەورە سروشتیەی خۆی وەک مێینە، دەوری لەبەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا هەبێ. دیسان ژنۆلۆژی ئۆجەلان کاتێک باس لەسەر جێگای ژن لە سیستەمی سەرمایەداری دەکات دەڵێ: “لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ژن لە ئابوری بەدەرنرا”، ئەوەش بە هەڵە دەرچوو.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە دوای کۆمەڵگای کۆمۆنیستی سەرەتایی کە ژن لە بواری بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا جێگای لێژکراوە و کراوەتە دەرەوە، ئەوە سەرمایەداریە کە جارێکی تر ژن دەهێنێتەوە نێو بواری بەرهەمهێنانەوە.

 

تناقضات و تضادهای فکری عبدالله اوجالان در موضوع “زن، جنسیت و آزادی” (۱)

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پربازدید‌ها