سەرچاوەیەک لە رۆژئاوای کوردستانەوە ئاشکرای کرد، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) جارێکیتر ڕەتی کردەوە کە رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان جێبهێڵیت، ئەمەش دوای ئەوە دێ، کە ئەمەریکا داوای کردووە پەیوەندیی نێوان پەکەکە و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) گۆڕانی بەسەردابێت و پەکەکە لە ناوچەکە دوور بکەوێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە ۲۶/۹/۲۰۲۰، سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، “جیمس جێڤری، نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، لە کاتی کۆبوونەوەی ئەم دواییەیدا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، داوای کرد کە پەیوەندیی ئەو هێزە لەگەڵ پەکەکە نەمێنێت و پەکەکە لە باکووری سووریا خۆی بە دوور بگرێ، بۆ ئەوەی پاساوی تورکیا نەمێنێ“.
سەرچاوەکە، گوتیشی: ”وەڵامی پەکەکە لە رێی سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکە و بەرپرسی حزبەکە لە رۆژئاوا کوردستان، ئەوە بووە کە لە رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستانیش دەرناچن. پاساویشی ئەوە بووە کە خۆیان ئەو ناوچانەیان بە خوێنی خۆیان ئازاد کردووە و دەیپارێزن، بۆیە دەستبەرداری نابن“.
سەبری ئۆک، سەرکردایەتیی هەسەدە و پەیەدەشی بە شێوەیەکی فەرمی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەوان لە ناوچەکە دەرناچن.
سەرچاوەکەی (باسنیوز) ئاشکرای کرد کە سەرکردەکەی پەکەکە هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر ئەمریکا فشاری زیاتریان لەسەر دروست بکات، پاساوی ئەوە دەدەنە تورکیا کە هێرشی زیاتر بکاتە سەر رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان.
هەر بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی (باسنیوز)، پەکەکە تەنیا بە چەند مەرجێک ناوچەکە چۆڵ دەکا کە مەرجی یەکەم و لەپێشترینیان، هەڵگرتنی پەکەکەیە لە ڕێزبەندیی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
https://www.basnews.com/so/babat/636813