سیاسەتمەدارێکی کورد کە پێشتر سەرکردەیەکی هەرەباڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە، پێیوایە تێرۆرکردنی بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕێ لە سنووری ئامێدی لە لایەن پەکەکەوە هەوڵدانە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ.
عوسمان ئۆجەلان، راگەیاند، پاش ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشی ههولێر کە دەرکەوت بەرپرسەکەی ئاسایش لە لایەن پەکەکەوە تێرۆر کراوە، دەرکەوت کە پەکەکە چۆتە قۆناغێکەوە دەیەوێت شەڕ دژی هەرێمی کوردستان بکات و ئەم هەوڵەشی بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژییە.
جەختیشی کردەوە کە وێڕای سەرزەنشتکردنی تێرۆرکردنی بەڕێوەبەرەکەی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕێ، پێیوایە کە ئەم هەنگاوە لە لایەن پەکەکەوە زیان بە خودی حزبەکە دەگەیەنێت، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی ناوەندە دیپلۆماتییەکان و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئەم ڕەفتارانە دەبینن و ”دەزانن ئەگەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەیەک تێرۆر بکەن، سبەی شتی دیکەش دەکەن“.
بە بڕوای عوسمان ئۆجەلان، پەکەکە دەبێت لەوە تێبگات کە ”سیاسەتی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەڵەیە و هەوڵدانە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە و گەلی کوردستان لێی قەبوڵ ناکات“.
گوتیشی: ”پەکەکە لەو سیاسەتەی پاشەکشە نەکات، ئایندەی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و ناوچەکەش زیاتر تووشی سەرئێشە دەکات“.