سەركردەیەكی گۆڕان: پەکەکە دەستوەردانی کاروباری هەرێمی کوردستان دەکات

  • ۳ سال قبل

بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان، ڕەخنە لە سیاسەتەكانی پەكەكە دەگرێ و دەستتێوەردانەكانیان لە باشووری كوردستان بە غەدرێكی گەورە ناو دەبات.

شێخ کامیل نووری، بەرپرسی ڕایەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند، شنگال بەشێکی گرنگە لە باشووری کوردستان، حکومڕانیی ئەم بەشە جیاوازە لەوەی پەکەکە بیری لێ دەکاتەوە، چونکە پەکەکە لە قەندیل و باکووری کوردستانە: “ئەگەر ئەوان دەست لە کاروباری شنگالییەکان و ئەو ناوچانە وەربدەن، كە ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی تێدایە، کارێکی باش ناکەن و واتەی ئەوەیە دەستیان لە کاروباری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەرداوە”.

دووپاتیشی كردەوە، كە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) غەدرێکی گەورە دەکات کە دەست لە کاروباری باشووری کوردستان وەردەدات: “ئەگەر ئێمەش دەست لەکاروباری ئەوان وەربدەین، غەدر لەوان دەکەین”.

گوتیشی، بە حوکمی ئەوەی ئێستا ئەوان لە خاکی ھەرێمی کوردستان درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن، پێویستە ڕێزێکی زۆر لە سەروەریی خاکی ھەرێمی کوردستان بگرن، چونکە قەوارەیەكی کوردی و كوردستانیە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە ئیدارەی ئەو ناوچانە دەکات: “بۆیە تەداخولی پەکەکە لەکاروباری شەنگال، ڕەنگە دۆخی ئێزدییەکان خراپتر بشێوێنێت، چونکە ئەوان بریندارن و ڕووبەڕووی کارەساتی تراژیدی بوونەتەوە، ناکرێت جارێکی دیکە ڕووبەڕووی کارەساتی دیکە ببنەوە”.

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان، هۆشداریی ئەوەشی دا “ئەگەر لەژێر سێبەری پەکەکەدا کورد تووشی ھەر کارەساتێک بێت، خەڵکی کاردانەوەی خراپی دەبێت، بۆیە باشترە پەکەکە، ڕێز لە سەرەوەریی خاکی ھەرێمی کوردستان بگرێت”.

شێخ کامیل نووری، باسی لەوەش کرد، پێویستە پەکەکە، بە گیانێكی کوردانە مامەڵە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کوردستانی باشووردا بکەن، بۆ ئەوەی ئەم بەشەی کوردستان کە ئەوان دەیان ساڵە لەسەر ئەم خاکەی ئێمە دەژین و بنکە و بارەگایان ھەیە و خۆیان لەناو خاکەکەی ئێمەدا ڕێک دەخەنەوە و خاکەكەمان کەوتووەتە بەر هێرش و تۆپبارانەوە، پێویستە ئەوان ڕەچاوی بارودۆخی ئەم ھەرێمە بکەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەم بەشەی کوردستان، ڕووبەڕووی کارەساتی نەخوازراو نەبێتەوە.

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کُردی

آخرین مطالب