پێشنیاری سەرنوسەرڕاپۆرت

دیاسپۆرای کورد و ململانێی گێڕانەوەکان؛ میدیا و سیاسەت چۆن سێبەر دەخەنە سەر دۆسیەکانی مافی مرۆڤ؟

شیکارییەکی ڕەخنەگرانە دەربارەی ڕۆڵی میدیا و تۆڕە سیاسییەکانی دیاسپۆرای کورد لە ئەورووپا و ئەمریکا سەبارەت بە ڕووماڵکردنی هەڵبژێردراوی منداڵ-سەربازی، مافەکانی ژنان و دیاردە سنوورییەکان بە قەڵەمی د. پوور شەمس

نووسەر: د. پوور شەمس

لە ململانێ هاوچەرخەکانی کوردستاندا، ڕکابەرایەتی تەنیا لە مەیدانە سەربازی یان سیاسییەکاندا بەڕێوە ناچێت؛ بەشێکی گرنگی لە بواری گێڕانەوەسازی و داڕشتنی ڕای گشتیدا ڕوودەدات. لە ساڵانی ڕابردوودا، تۆڕێک لە میدیاکان، چالاکوانانی سیاسی و ڕێکخراوەکانی سەر بە دیاسپۆرای کورد لە ئەورووپا و ئەمریکای باکوور توانیویانە ڕۆڵێکی بەرچاو لە ڕەنگدانەوەی پێشهاتەکانی ناوچە کوردنشینەکاندا بگێڕن. لایەنگرانی ئەم تۆڕانە، ئەوان بە دەنگی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان دەزانن؛ بەڵام ڕەخنەگران پێیان وایە بەشێک لەم میدیایانە ڕۆڵیان هەبووە لە شاردنەوە یان کەمڕەنگکردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە دەدرێنە پاڵ گرووپە چەکدارە کوردییەکان.

ئەم جیاوازییەی گێڕانەوەکان، پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: کاتێک ئەکتەرێکی سیاسی یان سەربازی خۆی دەبێتە مژاری تۆمەتەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکانی نزیک لە ئەو تا چ ڕادەیەک دەتوانن سەربەخۆیی پیشەیی خۆیان بپارێزن؟

یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی جێی مشتومڕ، شێوازی ڕووماڵکردنی ئەو حاڵەتانەیە کە پەیوەندیدارن بە ڕاکێشان و بەکارهێنانی منداڵان لە گرووپە چەکدارەکاندا. ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش دیدبانی مافەکانی مرۆڤ و دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی بەکارهێنانی منداڵانیان لەلایەن هەندێک گرووپی چەکداری کوردی لە عێراق و سووریا بەڵگەدار کردووە. بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، ئەندامێتی کەسانی خوار تەمەنی یاسایی لە پێکهاتە سەربازی یان نیمچەسەربازییەکاندا، تەنانەت ئەگەر بانگەشەی ڕەزامەندی کەسیش بکرێت، دەکرێت وەک پێشێلکردنی مافی منداڵان ئەژمار بکرێت.

ڕەخنەگرانی میدیاکانی سەر بە دیاسۆرا پێیان وایە کە لە هەندێک حاڵەتدا، سەرنجدان لەسەر ڕەهەندە سیاسییەکانی ململانێکان بووەتە هۆی ئەوەی پرسی مافی منداڵان بخرێتە پەراوێزەوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، ئەو گێڕانەوانەی کە جەخت لەسەر قوربانیدان، بەرگری یان خەباتی سیاسی دەکەنەوە، جاروبار بە شێوازێک دەخرێنە ڕوو کە هەستیاریی ڕای گشتی بەرامبەر بە تەمەن و دۆخی یاسایی کەسە بەشداربووەکان کەم دەکاتەوە. لە بەرامبەردا، لایەنگرانی ئەم میدیایانە دەڵێن زۆربەی ئەم ڕاپۆرتانە فاقدی ئەو زەمینە سیاسی و ئەمنییەن کە بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی ناوچەکە پێویستە.

بابەتی ژنانیش بەشێکە لەم ململانێی گێڕانەوانە. ئامادەبوونی بەربڵاوی ژنان لە هەندێک ڕێکخراوی چەکداری کوردیدا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، سەرنجی میدیا ڕۆژئاواییەکان و چالاکوانانی فێمینیستی ڕاکێشاوە. وێنەی ژنانی چەکدار لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ دژی گرووپە توندڕەوەکان، بووە سیمبولی بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنانی کورد. بەڵام ژمارەیەک لە توێژەران و ئەندامانی پێشووی ئەم ڕێکخراوانە گێڕانەوەیەکی جیاواز دەخەنە ڕوو. ئەوان باس لە سنووردارکردنی ناوخۆیی، کۆنترۆڵکردنی توندی ژیانی کەسی و فشارە ئایدۆلۆژییەکان دەکەن؛ بانگەشەگەلێک کە لە ئەگەری سەلماندنیاندا، دەتوانن پرسیاری جدی دەربارەی ئەو کەلێنە دروست بکەن کە لە نێوان وێنەی گشتی و ڕاستی ناوخۆیی ئەم پێکهاتانەدا هەیە.

ناکۆکییەکی هاوشێوەش لەسەر دەرئەنجامە ئابوورییەکانی چالاکیی گرووپە چەکدارەکاندا هەیە. هەندێک میدیا بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنج دەخەنە سەر کێشەکانی بژێویی دانیشتووانی سنوورەکان و کۆڵبەران، و ئەم دیاردەیە لە چوارچێوەی گەشەنەکردن و سنووردارکردنی ئابووریدا شیکار دەکەن. لە بەرامبەردا، ڕەخنەگرانی پارتە چەکدارەکان دەڵێن کە ئامادەبوونی گرووپە چەکدارەکان، سەرانەسەندن، فشار لەسەر چالاکوانانی ئابووری ناوخۆیی و نائەمنی درێژخایەن، بەشێکە لەو ڕاستییە کەمتر بینراوەی ناوچە سنوورییەکان. نەبوونی دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە زانیارییەکان و قورسیی ڕاستکردنەوەی سەربەخۆ، هەڵسەنگاندنی وردی پشکی هەر کام لەم هۆکارانەی دژوار کردووە.

لە ژینگەیەکی ئاوا جەمسەریدا، کێشەی سەرەکی تەنیا دروستی یان نادروستیی گێڕانەوەیەکی تایبەت نییە، بەڵکوو توانای کۆمەڵگەیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی شیاوی ڕاستکردنەوە. ئەزموونی زۆرێک لە ناوچەکانی تووشی ململانێ نیشانی داوە کە قوربانیانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ, بەدەر لە ناسنامەی سیاسی هۆکارەکان، کاتێک زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت کە دۆسیەکانیان ببێتە بەشێک لە ڕکابەرایەتییە پڕوپاگەندەییەکان.

بۆ دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، تەحەددیی بنەڕەتی ئەوەیە کە ستانداڵدی یەکسان بەرامبەر بە هەموو ئەکتەرەکان جێبەجێ بکەن؛ چ دەوڵەتەکان بن، چ گرووپە چەکدارەکان و چ تۆڕە میدیاییەکانی نزیک لەوان. بەهێزکردنی میکانیزمەکانی ڕاستکردنەوەی سەربەخۆ، دەستڕاگەیشتنی خێزانەکان بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و پشتگیریکردن لە بەڵگەدارکردنی بێلایەنانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان گێڕانەوە دژبەیەکەکان.

لە کۆتاییدا، ئایندەی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان زیاتر لەوەی کە بە سەرکەوتنی یەک گێڕانەوەوە بەستراوەبێت، بە توانای کۆمەڵگە لە جیاکردنەوەی ڕاستی لە پڕوپاگەندەی سیاسی بەستراوەتەوە. هەرچەندە ژینگەی میدیایی بەستراوەتر بێت و ئەگەری لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر بانگەشەکان سنووردارتر بێت، گەیشتن بە ڕاستی بۆ قوربانیان و خێزانەکانیان دژوارتر دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمانەش ببینە
Close
Back to top button