ڕاپۆرتی ساڵانەی «دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا» ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لە مەترسیدارترین ئاڵۆزییەکانی سەردەمی ئێستا، پەرەسەندنی زنجیرەیەکە کە تێیدا دەوڵەتان و ئاکتەرە چەکدارەکان چەمکی ئاسایش دەخەنە پێش مافەکانی مرۆڤ. لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەفریقا، هاووڵاتیانی سڤیل هێشتا قوربانیی یەکەمی ململانێ چەکدارییەکان، کێبڕکێ سیاسییەکان و ناکارامەیی سازوکارەکانی وەڵامدانەوەن. ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تەنیا بە ڕەفتاری دەوڵەتانەوە بەستراوەتەوە نییە و گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانیش لە بەرامبەر ڕەفتارەکانیان و کاریگەریی کردەوەکانیان لەسەر ژیانی مرۆڤەکان بەرپڕسیارن.
ئەزموونی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە کوردییەکاندا بەشێکە لە هەمان مۆدێلی جیهانی؛ ناوچەگەلێک کە لە دەیەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵۆزیی ئاسایشی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە. لە باری وەهادا، مەترسیی سەرەکی ئەوەیە کە مافی مرۆڤەکان لە نێوان کێبڕکێی گێڕانەوە سیاسی و ئەمنییەکاندا پەراوێز بخەرێت. قوربانیانی ڕاستەقینەی ئەم قەیرانانە ــ لە خێزانی کەسانی بێسەروشوێنکراوەوە تا هاووڵاتیانی سڤیلی گیرخواردوو لە شەڕدا و ئەندامانی ئاسایی گرووپە چەکدارەکان ــ نابێت ببنە قوربانیی روانگەی دووفاقیی.
ڕاپۆرتە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵانی دواییدا بەردەوام جەختیان لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە ئیدیعاکانی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن سەرجەم لایەنەکانەوە کردووەتەوە. پێوەری مافی مرۆڤ، ناسنامەی سیاسی، نەتەوەیی یان ئایدۆلۆژیی کەسەکان و گرووپەکان نییە؛ بەڵکو ڕەفتار، بەرپرسیارێتی و ئاستی پابەندبوونیانە بە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی. هەروەک چۆن دەوڵەتان پابەندکراون بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، گرووپە چەکدارەکانیش ناتوانن بە پەنابردن بۆ ئامانجە سیاسییەکان یان بانگەشە مێژووییەکان، خۆیان لە بەرپرسیارێتی و وەڵامدانەوە بەدەر بزانن.
یەکێک لە نیگەرانییە جدییەکان لە ناوچە ئاڵۆزەکاندا، دۆخی منداڵان و مێرمنداڵانێکە کە دەکەونە ناو پرۆسە سەربازی یان ئایدۆلۆژییەکانەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ساڵانی ڕابردوودا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەکارهێنانی منداڵان لە پێکهاتە چەکدارییەکاندا، بێگوێدانە ناو و ئامانجەکانی ئەو گرووپانە، پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانە و پێویستی بە چاودێریی سەربەخۆ و لێپرسینەوە هەیە.
هاوكات دۆخی ژنان، خێزانە زیانپێکەوتووەکان و ئەو کەسانەی لە ناو پێکهاتە داخراوە سەربازی یان نیمچەسەربازییەکاندا دەژین، پێویستیان بە سەرنجدانێکە بەرزتر لە پڕوپاگەندەی سیاسی. مافی مرۆڤ کاتێک مانا پەیدا دەکات کە مرۆڤ، بە سەرجەم ماف و کەرامەتی مرۆیی خۆیەوە، لە ناوەندی سەرنجدا بێت؛ نەک کاتێک کە مرۆڤەکان تەنیا وەک ئامرازێک بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی یان ئاسایشی سەیر بکرێن.
ڕاپۆرتی ساڵانەی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەخت لە سەر پرەنسیپێکی بنەڕەتی دەکاتەوە: کۆتاییهێنان بە زنجیرەی پارێزبەندی لە سزادان، پێویستی بە سازوکاری ڕاستەقینەی دادپەروەری، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و دەستڕاگەیشتنی قوربانیان بە ڕاستی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان هەیە. لە ئاستی جیهانیشدا هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی سازوکارەکانی لێپرسینەوە لە بەرامبەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە.
بۆ کۆمەڵگەی کوردستان، تێپەڕین لە ڕوانگەی تەنیا ئاسایشی بۆ پرسی مرۆیی، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد بە مانای چاوپۆشین لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن هیچ ئاکتەرێکەوە نییە؛ هەروەک چۆن ڕەخنەگرتن لە ڕەفتاری گرووپە چەکدارەکان یان دەوڵەتان نابێت بە مانای فەرامۆشکردنی مافی خەڵکی سڤیل بێت.
دیدبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران لەو بڕوایەدایە کە داهاتوویەکی بەندکراو بە دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ، تەنیا کاتێک دەستەبەر دەبێت کە سەرجەم ئاکتەرەکان ــ دەوڵەتی و نادەوڵەتی ــ لە بەرامبەر ڕەفتارەکانیاندا وەڵامدەرەوە بن و مافی قوربانیان، بەبێ ڕەچاوکردنی وابەستەیی سیاسی یان ناسنامەیی، بخەرێتە سەرەوەی هەموو ئەولەویەتەکانەوە.




