پێشنیاری سەرنوسەردیمانه

لە ئازادیی ئینستاگرامەوە تا زیندانی ئایدیۆلۆژیک؛ گێڕانەوەی مائیدە لە فێڵ، هەڕەشە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵەدا

گێڕانەوەی شۆکهێنەری مائیدە مەحموودوەند لە فێڵ لێکردن بە پڕوپاگەندەی فەزای مەجازی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، پشکنینی بیروباوەڕ و گوشارە سیستماتیکەکان لە مقرەکانی گرووپی چەکداری کۆمەڵەدا.

مائیدە مەحموودوەند، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢ (١٣٨١ی هەتاوی) و خەڵکی پیرانشار، لە گفتوگۆیەکی تێروتەسەلدا لەگەڵ دیدبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئێران (IKHRW)، باسی لە ئەزموونی ئامادبوونی خۆی لە ناو کۆمەڵەدا کرد؛ ئەزموونێک کە بە گوتەی ئەو بە پڕوپاگەندەی فەزای مەجازی دەستی پێکرد و بە گوشاری دەروونی، هەڕەشە، زۆرەملێی ئایدیۆلۆژیک، سوکایەتیی ئاینی، گوشار دژی بیروباوەڕی کەسی و سنووردارکردنی توندی ئازادییە تاکەکەسییەکان بەردەوام بوو.

ئەو دەڵێت لە کاتی چوونەدەرەوەی لە ئێران تەنیا کچێکی مێردمنداڵ بوو کە ناسینێکی دروستی لەسەر حیزبە چەکدارە کوردییەکان، پێکهاتەکەیان و ڕاستیی ژیان لە مقرەکانیاندا نەبوو، و لەژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەکانی ئینستاگرام و بەڵێنەکانی «ئازادی» ڕاکێشرا بۆ ئەو فەزایە.

مائیدە لە سەرەتای گفتوگۆکەدا دەڵێت: «من عاشقی چەک بووم و ڕۆحیەتێکی کوڕانەم هەبوو. لە فەزای مەجازیدا باسیان لە ئازادی، یەکسانی و ژیانی نموونەیی دەکرد. دەیانگوت لەوێ هەموو شتێکتان بۆ دابین کراوە و هەر کەسێک ئازادە چۆن دەیەوێت بژیت. منیش بەبێ ناسینی ڕاستەقینە فێڵم لەم قسانە خوارد.»

ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە دوای نزیکەی مانگێک لە پەیوەندی ئینتەرنێتی، داوای لێ دەکرێت لەگەڵ کەسێکی تردا لە ئێران بچێتە دەرەوە و بۆ مقری حیزب بگوازرێتەوە. بە گوتەی ئەو، لە هەرێمترین ساتەوەختی دەرچوونی لە ماڵەوە، ترس، دڵەڕاوکێ و هەستی بێگەڕانەوەیی دەستی پێکردووە: «بەبێ ئەوەی دایکم بزانێت، بە بەهانەی کڕینی شەحن (شارژ) لە ماڵ دەرچووم. لە تەواوی ڕێگاکەدا تەنیا دەترسام. کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکە بووین، شۆفێرەکە مدام ئامۆژگاری دەکردین کە داهاتووی خۆتان تێک مەدەن و بەرەو گرووپە چەکدارەکان مەڕۆن.»

ئەو دەڵێت لە درێژەی ڕێگای گواستنەوەکەدا، چەندین جار پەشیمان بووەتەوە بەڵام بەهۆی ترسی دادوەریی کۆمەڵایەتی و ئەو هەڕەشانەی کە پێشتر لە فەزای مەجازیدا لێی کرابوو، جۆرئەتی گەڕانەوەی نەبووە. مائیدە لە بەشێکی گفتوگۆکەدا ئاماژە بە ڕۆڵی هەڕەشە ئینتەرنێتییەکان لە بڕیارەکەیدا دەکات و دەڵێت: «من تەنیا چەند پۆستێکی سیاسیم کردبوو و بەڕاستی ترسابووم. کوڕێک بە ناوی حیسام ق. دەستی کرد بە جنێودان و هەڕەشەکردن. مدام دەیگوت ئەگەر دەستم پێت بگات بەڵایەکت بەسەر دەهێنم کە پەشیمان بیتەوە. هەمان ڕەفتارانە بووە هۆی ئەوەی زیاتر بترسم و وا بیر بکەمەوە کە ئیتر ڕێگای گەڕانەوەم نییە.»

ئەو هەروەها لە دۆخی نائەمن و نیگەرانکەر لە ڕێگای گواستنەوە بۆ مقری حیزب دەدوێت؛ دۆخێک کە تێیدا ئەگەری خراپ بەکارهێنان و دەستدرێژی دژی ژنان بوونی هەبوو: «لە ڕێگای کوێستانیدا، ڕەفتاری هەندێک لە قاچاخچییەکان لەگەڵ کچەکاندا زۆر نیگەرانکەر بوو. ئەو کوڕەش کە لەگەڵم بوو، چەندین جار پێشنیاری نەشیاوی دا و دەیگوت هۆکاری هاتنی ئازادیی پەیوەندییەکانە. من هەر لەوێ شۆک بووم. هەستم دەکرد ئەگەر بارودۆخەکە بگۆڕێت، ڕەنگە ڕووداوی زۆر خراپمان بەسەر بێت.»

مائیدە جەخت دەکاتەوە کە دوای چوونە ناو مقری کۆمەڵە، زۆربەی ئەو بەڵێنانەی کە سەبارەت بە ئازادی، مافەکانی ژنان و ئازادیی بیروباوەڕ خرابوونە ڕوو، پێچەوانەکەی دەرچوو. ئەو دەڵێت: «هەر لە ڕۆژانی سەرەتادا، جلوبەرگێکیان پێداین کە بۆ من زۆر سەخت و نائاسایی بوو. من لە بنەماڵەیەکەوە هاتبووم کە تەنانەت لە ماڵیشدا بەم شێوەیە جلمان نەدەپۆشی. هەستم بە نائەمنی و ناڕەحەتی دەکرد و مدام بەتانییەکم لە دەوری خۆم دەپێچایەوە تا کەمتر ببینرێم.»

ئەو هەروەها دەڵێت فەزای ناو مقرەکان بەرامبەر بە حیجاب و پۆشاکی ئاینی بە تەواوی دوژمنکارانە بوو: «هەندێک جار ئەگەر لەچکەمان لەسەر بوایە، بە زۆر لەسەریان دەکێشاین و گاڵتەیان پێ دەکردین. بۆ من کە بە بیروباوەڕی ئاینی گەورە ببووم، ئەم ڕەفتارانە زۆر سوکایەتیپێکەر و ئازاردەر بوون.»

ئەو بەردەوام دەبێت: «لە ڕوواڵەتدا باسی ئازادییان دەکرد بەڵام لە کرداردا هیچ ئازادییەک بوونی نەبوو. تەنانەت ڕێگەم پێ نەدەدرا نوێژ بکەم. یەکێک لە فەرماندەکان بە ناوی مەولوود چەندین جار پێی گوتم ئەگەر تۆ لە کاتی نوێژکردندا ببینم بە چەک تەقە لە سەرت دەکەم

بە گوتەی ئەو، لە مانگی ڕەمەزاندا بە زۆرەملێ ئاویان پێدەدا تا دڵنیا ببنەوە کە بەڕۆژوو نییە و چەندین جار سوکایەتی بە بیروباوەڕە ئاینییەکانی کراوە. ئەو دەڵێت: «مدام سوکایەتییان بە خودا و پێغەمبەر دەکرد و داوایان لێ دەکردم بسەلمێنم خودا بوونی هەیە. من تەنیا کچێکی مێردمنداڵ بووم و توانای مشتومڕی ئایدیۆلۆژیم نەبوو.»

ئەم ئەندامە پێشووەی گرووپی چەکداری کوردی کۆمەڵە هەروەها لە دۆخی سەختی ژیان لە مقرەکان، سزادانی فیزیکی و گوشارە دەروونییەکان دەدوێت: «ئەگەر درەنگ بگەیشتایەتە سەر خواردن، خواردنیان نەدەدایتێ. نیوەشەو بە تەقەکردن بەخەبەریان دەهێناینەوە. ناچار بووین کارە قورسەکان ئەنجام بدەین؛ دروستکردنی سەنگەر، جێگۆڕکێی گونییەکانی خۆڵ و پاسەوانییە درێژخایەنەکان.»

ئەو دەڵێت فەزای ناو مقرەکان پڕ بوو لە ترس و بێمتمانەیی و ئەندامان جۆرئەتی دەربڕینی داواکاری ڕاستەقینەی خۆیان بۆ گەڕانەوە نەبوو: «ئێمە ٣١ کەس بووین و زۆر کەس هەر لە سەرەتاوە دەیانویست بگەڕێنەوە بەڵام جۆرئەتیان نەبوو. من یەکەم کەس بووم کە بە ئاشکرا گوتم دەمهەوێت بگەڕێمەوە. دوای من چەند کەسێکی تر ڕایانکرد.»

بە گوتەی مائیدە، دوای خستنەڕووی داواکاری گەڕانەوەکەی، گوشار و هەڕەشەکان دژی ئەو زیادیان کردووە: «١٨ ڕۆژ دەستبەسەریان کردم. هەم هەڕەشەیان دەکرد، هەم بەڵێنیان دەدا کە دەتنێرین بۆ ئەورووپا. بەرپرسی گزینش لە ڕۆژی کۆتاییدا پێی گوتم ئەگەر بچووکترین قسەی خراپ لەسەر ئێمە بکەیت، دەتدۆزینەوە و دەتکوژین

ئەو هەروەها دەڵێت کە لە کاتی دەرچوونیدا، داوای پارە لە بنەماڵەکەی کراوە: «گوتیان دەبێت ئەو تێچووانەی بۆت کراوە بدەنەوە؛ تەنانەت ژمارەی فیشەک و نارنجۆکەکانیشیان کە بەکارم هێنابوو ئەژمار دەکرد.»

لە بەشێکی تری گفتوگۆکەدا مائیدە ئاماژە بە دۆخی ژنان لە ناو مقرەکاندا دەکات و دەڵێت: «ژن زیاتر ڕۆڵی ڤیتڕینی هەبوو. لە ڕوواڵەتدا پەیوەندی قەدەغە بوو، بەڵام لە کرداردا پەیوەندییەکان و تەنانەت دەستدرێژیش بوونی هەبوو. ژن لەوێ زیاتر هێزی کار، پاسەوان و هێزی سەربازی بوو.»

ئەو لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، بەپێچەوانەی ئەو هەڕەشانەی کە سەبارەت بە ئەشکەنجە، زیندان و لەسێدارەدان پێی گوترابوو، هیچ کام لەو ڕووداوانە ڕوویان نەدا: «کاتێک گەڕامەوە، تەنیا چەند جەلسەیەک پرسیاریان لێکردم. چونگە خوار تەمەنی یاسایی بووم تەنانەت لە دادگاش ئامادە نەبووم و خێرا بێتاوان دەرچووم و ژیانم بەردەوام بوو. نە ئەشکەنجە درام، نە زیندانی کرام و نە بنەماڵەکەم ڕەفتاری خراپیان لەگەڵ کردم.»

مائیدە پێی وایە ئەوەی لە فەزای مەجازیدا سەبارەت بەم گرووپانە نیشان دەدرێت، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ڕاستی ناو مقرەکاندا هەیە: «لە ئینتەرنێتدا وایان نیشان دەدا کە هەموو شتێک یەکگرتوو و ئازادە، بەڵام لە ڕاستیدا پڕ بوو لە ناکۆکی، زۆرداری، ترس و گوشار. بۆ من سەیر بوو کە گرووپێک تەنانەت ناتوانێت ئۆردوگای خۆی بە دروستی بەڕێوە ببات، باسی لە بەڕێوەبردنی داهاتووی وڵاتێک دەکرد.»

ڤیدیۆی تەواوی ئەم گفتوگۆیە لە ئەرشیفی دیدبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێراندا پارێزراوە و لە کاتی پێویستدا، بە پاراستنی ڕازداری، دەکرێت بخرێتە بەردەست توێژەران، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و یاساناسان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button