بابەت

کاتێک منداڵان لە سەربازگەکان‌دا دەبنە قوربانی؛ کێ بەرپرسیارە؟

ئامادەیی مێردمنداڵان لە بارەگا سەربازییەکانی کۆمەڵە و گیانلەدەستدانیان، پرسیارگەڵێکی جدی لەسەر پابەندبوونی ئەم گرووپە بە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان دەهێنێتە ئاراوە.

شەڕی نێوان ئێران و گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانی کورد، بابەتێکی نوێ نییە. دەیان ساڵە ئەم ململانێیە قوربانی دەگرێت؛ لە هێزەکانی هەردوولاوە بگرە تا خەڵکی سڤیل و دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان. هەر لایەنێک گێڕانەوەی خۆی بۆ شەرعییەت‌دان یان نەدانی ئەم شەڕە هەیە، بەڵام بنەمایەکی جێگیر لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی‌دا هەیە کە جێگەی ناکۆکی نییە: نابێت تێوەگلانی منداڵانی چەکدار لە چوارچێوەی ناكۆكییە چەکدارییەکان‌دا ڕووبدات و منداڵان نابێت بخرێنە ناو خولی شەڕ و ململانێکان‌ەوە.

​ئەو لیستەی کە بەم دواییانە لە گیانلەدەستدانی چەند کەسێک لە یەکێک لە بارەگاکانی کۆمەڵە‌دا بڵاو کراوەتەوە، پرسیارگەڵێکی جدی دەخاتە بەردەم ڕای گشتی. بەپێی ڕێکەوتی لەدایکبوونی ڕاگەیەندراوەکان، لانی کەم چوار کەس لە کوژراوەکان لە کاتی ڕووداوەکە‌دا هێشتا نەگەیشتبوونە تەمەنی هەژدە ساڵی. ئەگەر ئەم زانیارییانە ڕاست بن، پرسیاری سەرەکی چیتر ئەوە نییە کێ هێرشی کردووە؛ بەڵکو ئەوەیە کە ئەم منداڵانە بنەڕەت‌دا بۆچی لە بارەگایەکی سەربازی‌دا ئامادەیی‌یان هەبووە؟

​ئەم پرسیارە، ڕاستەوخۆ ئاراستەی سەرکردایەتی کۆمەڵە و بە تایبەت شەخسی عەبدوڵڵا موهتەدی دەکرێت.

​ساڵانێک لەمەوبەر، کۆمەڵە لە ڕێگەی عەبدوڵڵا موهتەدی‌ەوە کۆمەڵێک بەڵێنی لەلایەن ڕێکخراوی “Geneva Call” (بانگەوازی ژنێف) پەسند کرد؛ بەڵێنانێک کە ئامانجیان پاراستنی منداڵان بوو لە ناكۆكییە چەکدارییەکان‌دا و جەختکردنەوە لەسەر قەدەغەکردنی منداڵانی چەکدار و ڕێگریکردن لە ڕاکێشان و بەکارهێنانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ لە پێکهاتە سەربازییەکان‌دا. فەلسەفەی ئەم بەڵێنە ڕوونە؛ منداڵ نابێت بکەوێتە بەر مەترسییەکانی ناتەبایی و چالاکییە سەربازییەکانی گرووپێکی چەکدار، چ لە ڕۆڵی شەڕکەردا بێت یان هەر ڕۆڵێکی دیکە کە بیخاتە ناو ژینگەیەکی سەربازیی‌ەوە.

​ئەگەر ئەم مێردمنداڵانە لە بارەگای کۆمەڵە‌دا ئامادەیی‌یان هەبووبێت، سەرکردایەتی ئەم گرووپە دەبێ وەڵامی ڕای گشتی بداتەوە کە:

ئەم کەسانە بە چ مۆڵەت و پێگەیەک لەوێ‌دا بوون؟ چی کراوە بۆ گەڕاندنەوە‌یان بۆ لای بنەماڵەکانیان؟ بۆچی لەگەڵ توندبوونی هێرشەکان، هیچ پلانێک بۆ چۆڵکردن و پاراستنی ئەم مێردمنداڵانە جێبەجێ نەکرا؟

​ئەم پرسیارانە سیاسی نین، بەڵکو پرسیاری مافی مرۆوین.

​لە چاوپێکەوتنی ئەم دواییەی عەبدوڵڵا موهتەدی لەگەڵ بی‌بی‌سی فارسی‌دا، پرسیاری گرنگ خرانە ڕوو؛ لەوانە ئایا دیموکراسی لە ڕێگەی چەک‌ەوە بەدەست دێت؟ و بۆچی بژاردەی وەلانی خەباتی چەکداری و هەنگاونان بەرەو گفتوگۆ، هاوشێوەی هەندێک ئەزموونی ناوچەیی، بە جدی وەرناگیرێت؟ وەڵامە پێشکەشکراوەکان نەیانتوانی وەڵامی ئەم نیگەرانییە بدەنەوە کە بەردەوامیی چەکداری، زیاتر لە هەر شتێک، گیانی گەنجان و مێردمنداڵانی کورد دەخاتە مەترسیی‌ەوە.

​لەلایەکی دیکەوە، بابەتێکی ئەخلاقیش لەئارادایە. ئەگەر سەرکردە سیاسییەکانی گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی ناوچەی ململانێ و لە ئەمنییەت‌دا دەژین، بەڵام مێردمنداڵانی ئەندامی گرووپەکە لەبەردەم موشەک و درۆن‌دان، ئەم دۆخە پرسیارگەڵێکی جدی لەسەر بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی دروست دەکات. ئەم بابەتە پێویستی بە وەڵامێکی ڕوون هەیە.

​ساڵانێکە خەباتی چەکداری وەک ستراتیژی ئەم حیزبانە دەناسرێت. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەنجامی ئەم ستراتیژییەش هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئایا دەرئەنجامەکەی کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی گەل بووە یاخود پەرەسەندنی نائەمنی، سەربازییکردنی ناوچە کوردنشینەکان، زیادبوونی قوربانیانی مرۆیی و بێبەشکردنی زیاتری ئەو خەڵکەی کە ئەم گرووپانە ئیدیعای بەرگری لە مافەکانیان دەکەن؟

​ئەگەر سەرکردەی ئەم حیزبانە پێیان وایە پابەندی مافەکانی مرۆڤن، هەنگاوی یەکەم دەتوانێت جێبەجێکردنی تەواوی ئەو بەڵێنانە بێت کە خۆیان قبووڵیان کردووە؛ لەوانە دەرکردنی تەواوەتی منداڵان لە هەر جۆرە پێکهاتەیەکی سەربازی، ڕوونی و شەفافییەت لەسەر دۆخی کەسانی خوار هەژدە ساڵ و قبووڵکردنی چاودێری سەربەخۆ بەسەر جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانەدا.

​ئەو پێشنیارەی کە دەتوانێت ببێتە سەرەتای کەمکردنەوەی توندوتیژی ڕوونە: گرووپە چەکدارە کوردییەکان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە چەک دابنێن، کۆتایی هاتنی چالاکیی سەربازی ڕابگەیەنن و داواکارییە سیاسی و مەدەنییەکانیان لە ڕێگەی ئاشتیانەوە پێوشوێن بگرن. کارێکی لەو شێوەیە، هەم لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ‌دا گونجاوترە و هەم دەتوانێت زەمینەیەک بێت بۆ کەمکردنەوەی خولی توندوتیژی کە ساڵانێکە خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان باجی سەرەکییەکەی دەدەن.

​لە کۆتاییدا، بێ گوێدانە ئەوەی هەر لایەنێکی ململانێ چ ئیدیعایەکی لەسەر شەرعییەتی کارەکانی هەیە، نابێت یەک بنەما فەرامۆش بکرێت: نابێت منداڵان ببنە قوربانی بڕیاری سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان. ئەگەر تەنانەت یەک منداڵیش لە ئەنجامی سیاسەتی ڕاکێشان یان ڕاگرتن لە بارەگایەکی سەربازی‌دا گیانی لەدەست دابێت، بەدواداچوونی دیدبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران پێشاندەدات کە ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، وەڵامدانەوە و دابینکردنی مافی دادخواهی قوربانیان هەیە. بێدەنگی لە هەمبەر ئەم پرسیارانە، تەنیا دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button