مەهدی مەلەکی – پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
لەو شاخانەی کە ساڵانێکە گۆڕەپانی ململانێی ئەمنی و ئایدیۆلۆژییە، ڕاستییەک کە کەمتر دەبینرێت و لە دووبارەبوونەوەدایە بریتیه له بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاووڵاتیانی کوردی ئێران لە ناو میکانیزمی گرووپە چەکدارەکاندا.
ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێرانەوە بە زیاتر لە ٨٠٠ حاڵەت و مەلەفی بەڵگەدارەوە کۆکراونەتەوە، نیشان دەدەن کە ئەم دیاردەیە نەک تەنیا حاڵەتێکی دەگمەن نییە، بەڵکو نەریتێکی بەردەوامە؛ نەریتێک کە لە یەک کاتدا مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، کاریگەری ئەکتەرە ناوخۆیییەکان و کارامەیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوەی ئەم دۆسیانە لە کەیسە پچڕپچڕەکان جیا دەکاتەوە، سروشتی یاساییانە. بەپێی “ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەموو تاکەکان لە دیارنەمانی زۆرەملێ”، بێبەشکردنی کەسێک لە ئازادی و پاشان ڕەتکردنەوەی پێدانی زانیاری سەبارەت بە چارەنووس یان شوێنی ڕاگرتنی، بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دادەنرێت؛ کردەوەیەک کە ئەگەر ڕێکخراو بێت دەتوانێت ببێتە تاوانێک دژی مرۆڤایەتی. لە زۆرێک لەو حاڵەتانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، دوای وەرگیران یان ڕفاندن، تاکەکان کە زۆربەیان مێردمنداڵ و گەنجن، لە هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ خێزانەکانیان بێبەش دەکرێن و لە ناو پێکهاتەیەکی داخراودا ڕادەگیرێن و جۆرەها ئەشکەنجە و ئازاریان بەسەردا دەسەپێنرێت و هیچ چاودێرییەکی سەربەخۆش بەسەریانەوە نییە.
گرووپەکانی وەک پژاک، کۆمەڵە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پاک، ساڵانێکە خۆیان وەک ئەکتەری سیاسی دەناسێنن، بەڵام بەڵگە مەیدانییەکان باس لە درزێکی قووڵ لە نێوان قسە و کرداریاندا دەکەن. ئەم گرووپانە نەک تەنیا لەگەڵ تۆمەتی بەردەوامی سەربازگیریی زۆرەملێ و بەکارهێنانی مێردمنداڵان ڕووبەڕوون، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا پەیوەندی ئەندامەکانیان لەگەڵ خێزانەکانیان بە تەواوی پچڕاندووە؛ دۆخێک کە بە کردەوە ئەوان دەخاتە ژێر «کۆنترۆڵی ڕەها»وە. ئەم جۆرە کۆنترۆڵە، لە ئەدەبیاتی مافی مرۆڤدا، نیشانەیەکی ڕوونی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و پێشێلکردنی مافی ژیانی خێزانییە.
ئەم ناکۆکییە کاتێک زەقتر دەبێتەوە کە سەیری بەڵێنە فەرمییەکانی ئەم گرووپانە دەکەین. هەندێک لەم گرووپانە لە چوارچێوەی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکاندا، لەوانە لە ڕێگەی بەڵێننامەکانیان لە لای «ژەنەوا کاڵ»، پەسەند و واژۆییان کردووە و بەڵێنییان داوە کە منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکاندا بەکار ناهێنن و توندوتیژیی ڕەگەزی ڕادەگرن. ئەمە بەو واتایەیە کە ئەوان لە کاتی واژۆکردنی بەڵێننامەکەدا لەسەر بنەمای بەڵگەکان، ئەنجامدانی ئەم کارە نامرۆڤانەیەیان قبووڵ کردووە. ئەم پابەندییانە لە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤدووستتی هاوچەرخدا وەک «ستاندارد و پێوەرە ڕەفتارییە پەسەندکراوەکان» دەناسرێن. بەردەوامیی ڕاپۆرتەکان لەسەر ڕاکێشانی مێردمنداڵان، ڕاگرتنی زۆرەملێی کەسەکان و سنووردارکردنی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە، نیشانی دەدەن کە ئەم بەڵێنانە یان جێبەجێ نەکراون یان بە شێوەیەکی ئەنقەست پشتگوێ خراون. لە دۆخێکی وادا، پرسەکە تەنیا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ نییە، بەڵکو بێ بایەخکردنی ئەو میکانیزمە ئارەزوومەندانەیە کە بۆ ڕێکخستنی ڕەفتاری گرووپە چەکدارەکان داڕێژراون.
بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە تەنیا لە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکان نییە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک مەرجەعێک کە کۆنترۆڵی کاریگەری بەسەر بەشێک لەم جوگرافیایەدا هەیە، ناتوانێت ئاڵۆزییە سیاسییەکان وەک بیانوویەک بۆ بێ دەنگبوون و چاوپووشی بەکار بهێنێت. بوونی ئاشکرای بنکەکان و هاتوچۆی ئازادانەی ئەندامانی ئەم گرووپانە لە هەندێک ناوچەدا، ئەم پرسیارە دروست دەکات کە ئایا بەڵێنەکانیان سەبارەت بە ڕێگری لە بەکارهێنانی خاک بۆ کردەوەی زیانبەخش دژ بە هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە بە جدی جێبەجێ دەکرێت یان نا. لە یاسای نێودەوڵەتیدا، «بێدەنگیی ئاگایانە» لە بەرامبەر ئەم جۆرە چالاکییانەدا دەکرێت بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دروست بکات.
لە ئاستێکی بەرزتردا، دەوڵەتی ناوەندیی عێراقیش ڕووبەڕووی تەحەدایەکی هاوشێوە بووەتەوە. ڕێگەدان بە دروستبوونی پێکهاتەی نیمچە-سەربەخۆی چەکدار لە ناو سنوورە فەرمییەکاندا، نەک تەنیا سەروەریی نیشتمانی لاواز دەکات، بەڵکو لەگەڵ بەڵێنەکنی ئەم وڵاتە لە چوارچێوەی بەڵگەنامە بنەڕەتییەکانی وەک جارنامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا ناکۆکە. کۆنترۆڵی کاریگەر بەسەر سنوورەکان و ڕێگری لە گواستنەوەی زۆرەملێی کەسەکان، کەمترین چاوەڕوانییە کە لە دەوڵەتێکی ئەندامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت.
لەو نێوەندەدا، دەزگای دیپلۆماسیی ئێرانیش ناتوانێت تەنیا بە بەیاننامەی بە رەوالەت و گشتی واز بهێنێت. پاراستنی کاریگەرانەی هاووڵاتیان پێویستی بە بەدواداچوونی کەیسە تایبەتەکان هەیە لە ڕێگەی میکانیزمی دوولایەنە و فرەلایەنە، هەروەها بەکارهێنانی تواناکانی وەک ئاگادارکردنەوەی نێودەوڵەتی، هاوکاری دادوەری و فشاری دیپلۆماسی ئامانجدار. بەبێ گۆڕینی ئەم کەیسانە بۆ “داواکاری یاسایی بەردەوام”، ئەگەری زۆرە دۆخی ئێستا بەردەوام بێت.
بەڵام ڕەنگە جدیترین کەلێن، لە ئاستی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا ببینرێت. بێدەنگی یان کەمتر خەمی ئەو دامەزراوانەی کە خۆیان وەک داکۆکیکاری جیهانیی مافی مرۆڤ دەناسێنن، مەترسیی ئەوە دروست دەکات کە جۆرێک لە ستانداردی دووفاقی دروست ببێت؛ بە تایبەت لەو شوێنانەی کە هەندێک پێشێلکاری بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەکان یان مەبەستە ئایدۆلۆژییەکان، کەمتر دەبینرێن. ئەگەر میکانیزمی وەک ناردنی لیژنەی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە یان دەستڕاگەیشتنی دامەزراوەکانی وەک لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور بۆ شوێنەکانی ڕاگرتنی کەسەکان دابین نەکرێت، چەمکی چاودێری نێودەوڵەتی بە کردەوە پووچەڵ دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا، پرسەکە لە ئامار و ڕاپۆرت گەورەترە. بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، سڕینەوەی قۆناغ بە قۆناغی مرۆڤە لە کایەی یاسایی و کۆمەڵایەتی؛ دۆخێک کە تێیدا تاک نەک تەنیا لە ئازادی، بەڵکو لە «توانای ناسراوبوون»یش بێ بەش دەکرێت. کۆتاییهێنان بەم بازنەیە، پێویستی بە کەمترین شت هەیە کە بریتین لە: بڵاوکردنەوەی لیستی ئەو کەسانەی کە ئەندامی گرووپەکانن، دڵنیابوون لە پەیوەندییان لە گەڵ بنەماڵەیان، وەستاندنی راکێشانی زۆرەملێ، بەتایبەتی منداڵان، و قبوڵکردنی چاودێری سەربەخۆ. بەبێ ئەم ڕێوشوێنانە، هەر ئیدیعایەک سەبارەت بە شەڕ بۆ ئازادی، بە دژایەتییەکی ڕوون لەگەڵ واقیعی گۆرەپانەکە لە قەلەم دەدرێت
دادپەروەری لەم دۆسیانەدا نەک لە ئاستی بەیاننامەکاندا، بەڵکو لە گەڕانەوەی ئەو کەسانەدا مانا و واتای دەبێت کە ساڵانێکە لە دۆخی هەڵپەسێردراوی نێوان بوون و نەبووندا هێڵدراونەتەوە. ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە یاسای نێودەوڵەتی، سیاسەت و ئەخلاق ئەگەر بڕیارە مانایەکیان هەبێت، دەبێت تێیدا بە یەک بگەن.





