کوشتنی هانا ڕەکان، کچە ١٦ ساڵەکەی کرماشان، تەنیا دۆسیەیەکی تاوانکاری و کارەساتێکی خێزانی نییە. ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دەربارەی ئەم دۆسیەیە، وێرای کوشتنەکە، ئاماژە بە سابقه ی توندوتیژیی خێزانی، سنووردارکردنی توند لەسەر هانا و بێبەشکردنی لە خوێندن دەکەن. ئەگەر ئەم بابەتانە لە لێکۆڵینەوە فەرمییەکاندا پشتڕاست بکرێنەوە، دۆسیەی هانا پرسیارێکی گرنگتر دەوورووژێنێت: ئایا سازوکارە پاڵپشتیکارەکانی ئێستا توانای ناسینەوە و ڕاگرتنی توندوتیژیی دژی منداڵانیان پێش ڕوودانی مەترسیی مرۆڤکوژی هەیە؟
بەسەرپێدانی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، هانا ڕەکان بە دەستڕێژی گلولە لە کرماشان کوژراوە. لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هەرانا) و هەنگاودا، ناوی موجتەبا ڕەکان وەک باوکی هانا و تۆمەتباری سەرەکیی تاوانەکە هاتووە. هەروەها ڕاپۆرت لەسەر پێشینەی توندوتیژی، کۆنتڕۆڵی توند و بێبەشکردنی لە خوێندن بڵاوکراوەتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هاناش هەواڵی کوژرانی هانای پشتڕاست کردووەتەوە.
بڕێک سەرچاوە، بابەتی هاوسەرگیریی زۆرەملێ و دژایەتیی هانا لەگەڵ ئەو بڕیارەی بۆ داهاتووی درابوو، وەک زەمینەسازیی ئەم ڕووداوە دەستنیشان دەکەن. بەڵام تا کۆتایی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، نابێت هۆکاری تاوانەکە وەک ڕاستییەکی بەڵگەدار سەیر بکرێت. ئەوەی گرنگترە ئەوەیە کە ئەم دۆسیەیە بابەتی توندوتیژیی خێزانی، پاراستنی منداڵ و بەرپرسیارێتیی دامەزراوە گشتییەکان لە ڕێگریکردن لە مەترسییە پێشبینیکراوەکان دەهێنێتە ئاراوە.
مافی ژیان لە بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤە. ئێران ئەندامی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و ماددەی ٦ی ئەم پەیماننامەیە مافی سروشتیی ژیان بۆ هەر مرۆڤێک بە ڕەسمی دەناسێت. ئەم پابەندبوونە تەنیا خۆبوردن لە کوشتن لەلایەن دەوڵەتەوە نییە؛ کۆمیتەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شیکاریی گشتیی ژمارە ٣٦دا جەخت دەکاتەوە کە دەوڵەتان موکەلەفن ڕێکاری گونجاو بۆ پاراستنی کەسەکان لە بەرامبەر مەترسییە پێشبینیکراوەکان بگرنە بەر. ئەم ئەرکە لەسەر قوربانیانی توندوتیژیی خێزانی و منداڵان بەهۆی لاوازییان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
لهم ڕوانگەیەوە، ئەگەر دەربکەوێت هانا بەرلە کوژرانی رووبەڕووی توندوتیژیی بەردەوام یان هەڕەشە بووەتەوە، پرسیارەکە تەنیا بەرپرسیارێتیی سزایی تاوانبارەکە نییە، بەڵکو دەبێت سەیری ئەوەش بکرێت ئایا دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەیانتوانی ئەم مەترسییە دەستنیشان بکەن یان نا. ئەمەش چەمکی ئەرکی چاودێریی پێویست (Due Diligence) دەهێنێتە کایەوە.
هانا لە کاتی گیانلەدەستدانیدا تەمەنی ١٦ ساڵ بوو و وەک منداڵ دەژمێردرا. ئێران پەیوەستە بە پەیماننامەی مافەکانی منداڵ و بەپێی ئەم بەڵگەنامەیە، دەوڵەت بەرپرسیارە لە پاراستنی منداڵان لە بەرامبەر هەر جۆرە توندوتیژی و خراپبەکارهێنانێک. بێبەشکردن لە خوێندن، توندوتیژیی جەستەیی و هەڕەشە نابێت وەک بابەتی تایبەتی خێزان سەیر بکرێن، بەڵکو دەکەونە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی گشتی.
لێکۆڵینەوەکان لەسەر دۆسیەی هانا نابێت تەنیا لەساتەوەختی تەقەکردنەکەدا بوەستن، بەڵکو دەبێت سۆراغی دەستڕاگەیشتنی تۆمەتبار بە چەک، کاردانەوەی خێزان و ئاگادارکردنەوەی جۆراوجۆری پۆلیس یان بنکە کۆمەڵایەتییەکان بگرن. لە سیستەمی سزادانی ئێراندا، ماددەی ۳۰۱ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە هەندێک بارودۆخدا سزای قصاص لەسەر باوک یان باپیر هەڵدەگرێت، بەڵام ئەمە بە واتای نەبوونی بەرپرسیارێتیی سزایی نییە و پێویستە یاساکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت تا پاراستنی سەر و گیانی منداڵان بەتەواوی دەستەبەر بکرێت.
دیدەبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان-ئێران داوای ئەم هەنگاوانەی خوارەوە دەکات:
-
لێکۆڵینەوەی گشتگیر، سەربەخۆ و بێلایەنانە دەربارەی کوشتنی هانا ڕەکان و ڕوونکردنەوەی تەواوی ڕەهەندەکانی دۆسیەکە.
-
بڵاوکردنەوەی زانیاریی فەرمی و شەفاف دەربارەی پڕۆسەی دادوەری بەپێی پێوەرە یاساییەکان.
-
پشکنینی سەربەخۆ بۆ پێشینەی توندوتیژی و هەڕەشەکانی سەر هانا بەرلە ڕووداوەکە.
-
پشکنینی چۆنیەتیی دەستڕاگەیشتنی تۆمەتبار بە چەک و مەرجەکانی ڕاگرتنی.
-
دەستەبەرکردنی پاراستنی دەستبەجێ بۆ ئەندامانی خێزان و کەسانی دیکەی بەرکەوتەی مەترسی.
-
هەڵسەنگاندنی ئەدای دامەزراوە بەرپرسەکان لە بواری پاراستنی منداڵ و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
-
بەهێزکردنی سازوکارەکانی ڕێگریکردن لە توندوتیژیی خێزانی دژی منداڵان و دروستکردنی سیستەمی هەڵسەنگاندنی مەترسی.
-
پێداچوونەوە بە بڕگە سزاییەکان بەتایبەت ماددەی ۳۰۱ی یاسای سزادانی ئیسلامی بە مەبەستی زامنکردنی مافی ژیانی منداڵان.
دۆسیەی هانا ڕەکان نابێت تەنیا کورت بکرێتەوە لە چیرۆکی “کوشتنی کچێک بەدەستی باوکی”؛ ئەم دۆسیەیە تاقیکردنەوەیەکی جدییە بۆ کارامەیی سیستەمی پاراستنی منداڵان و ئاستی بەرپرسیارێتیی دەوڵەت بەرامبەر بە ژیانی هاووڵاتیان.





