جەنگەکانی ئەمڕۆ تەنیا لە نێوان سوپا فەرمییەکانی دەوڵەتاندا ڕوو نادەن. لە زۆرێک لە ململانێ ناوخۆییەکاندا، گرووپە چەکدارە نا-دەوڵەتییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن؛ ئەو گرووپانەی کە ڕەنگە کۆنترۆڵی ناوچەکان، پێکهاتەی فەرماندەیی و توانای سەربازییان هەبێت، بەڵام لە داڕشتنی فەرمیی یاسا نێودەوڵەتییەکانی جەنگدا هیچ ڕۆڵێکیان نییە.
هەر ئەم بابەتە وایکردووە یاسای مرۆڤدۆستانەی نێودەوڵەتی بەرەوڕووی پرسیارێکی گرنگ ببێتەوە: چۆن دەکرێت ئەم گرووپانە پابەند بکرێن بە ڕەچاوکردنی ڕێساکانی پاراستنی مەدەنییەکان، منداڵان و قوربانیانی جەنگ؟
یان کلفنەر، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی بەرگریی سوید، لە وتارێکدا بە ناونیشانی «یەکلاینەبوونی یاسای مرۆڤدۆستانەی نێودەوڵەتی» کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە گۆڤاری International Review of the Red Crossدا بڵاوکراوەتەوە، تاوتوێی ئەم گۆڕانکارییە دەکات.
ناوبرابوون ڕوونی دەکاتەوە کە لەپاڵ پەیماننامە و ڕێسا کەلەپوورییەکانی یاسای جەنگدا، جۆرێکی دیکە لە بەڵێننامەکان لە پەرەسەندندان؛ بەڵێننامەگەلێک کە دەوڵەتێک یان گرووپێکی چەکدار بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەسەندی دەکات، تەنانەت ئەگەر لایەنی بەرامبەریش پابەندی بەڵێنێکی لەو شێوەیە نەبێت.
یەکێک لە نموونە گرنگەکانی ئەم ڕەوتە، بەڵێننامە یەکلاینەکانی گرووپە چەکدارە نا-دەوڵەتییەکانە. ڕێکخراوەکانی وەک ژێنێڤ کاڵ (Geneva Call) بە بەکارهێنانی «بەڵگەنامەکانی بەڵێننامە» هەوڵیان داوە گرووپە چەکدارەکان هان بدەن بۆ پەسەندکردنی ستانداردەکانی وەک قەدەغەی بەکارهێنانی منداڵان لە جەنگ، قەدەغەکردنی مینەکانی دژەکەس و ڕێگری لە توندوتیژیی سێکسی.
بەڵام کلفنەر جەخت دەکاتەوە کە بەڵێننامەی لەم شێوەیە نابنە جێگرەوەی یاسا بەردەستەکان؛ گرووپە چەکدارەکان تەنانەت بێ ئیمزاکردنی بەڵگەنامەی لەو شێوەیەش، لەسەر بنەمای یاسای مرۆڤدۆستانەی نێودەوڵەتی پابەندکراون بە ڕەچاوکردنی کەمترین ئاستی ڕەوشتی مرۆیی لە جەنگدا.
گرنگیی ئەم بابەتە سەبارەت بە گرووپە چەکدارە نا-دەوڵەتییەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە پێچەوانەی دەوڵەتانەوە ڕۆڵی فەرمییان لە داڕشتنی ڕێسا نێودەوڵەتییەکاندا نییە، بەڵام لە مەیدانی جەنگدا بڕیارگەلێک دەدەن کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی مەدەنییەکان دادەنێت.
کلفنەر پێی وایە بەڵێننامە یەکلاینەکان دەکرێت هەستی بەرپرسیارێتی و خاوەندارێتیی ئەم گرووپانە بەرامبەر ڕێساکانی مرۆڤدۆستیی جەنگ زیاد بڵند بکەنەوە، بەڵام نابێت بێتە هۆی دروستبوونی ئەو تێگەیشتنەی کە گرووپەکان تەنیا لە کاتی پەسەندکردنی ئارەزوومەندانەی بەڵگەنامەیەکدا بەرپرسن لە ڕەفتارەکانیان.
یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی وتارەکە، پرسی «یەکسانیی لایەنەکانی جەنگ»ە. لە جەنگەکانی نێوان دەوڵەتاندا، بنەما لەسەر ئەوەیە کە لایەنە بەشدارەکان لە ژێر ڕێسای هاوشێوەدان. بەڵام لە جەنگە ناوخۆییەکاندا، دۆخەکە ئاڵۆزترە؛ چونکە دەوڵەتان و گرووپە چەکدارە نا-دەوڵەتییەکان لە ڕووی یاسایی و پراکتیکییەوە لە هەلومەرجێکی یەکساندا نین.
هەندێک توێژەر پێشنیازیان کردووە کە بەڵێننامەکانی گرووپە چەکدارەکان بەپێی توانای واقیعییان ڕێکبخرێت، بەڵام کلفنەر هۆشداری دەدات کە ئەم ڕوانگەیە دەکرێت مەترسیدار بێت؛ چونکە ڕەنگە گرووپەکان لەبری زیادکردنی توانای خۆیان بۆ ڕەچاوکردنی یاساکانی جەنگ، بەرەو نزمکردنەوەی ستانداردەکان هەنگاو بنێن.
وتارەکە ئاماژە بە مەترسییەکی دیکەش دەکات: ئەوەی کە هەندێک لە ئەکتەرەکان لەبری پەسەندکردنی ڕێسایەکی پابەندکەری یاسایی، ڕەچاوکردنی تەنیا وەک سیاسەتێکی ناوخۆیی یان بڕیارێکی ئارەزوومەندانە بناسێنن.
جۆرە ڕوانگەیەک دەکرێت سنووری نێوان «بەڵێنی یاسایی» و «بڕیاری ئارەزوومەندانە» کاڵ بکاتەوە و لێپرسینەوە لە بەرامبەر پێشێلکردنی یاسای مرۆڤدۆستانە دژوارتر بکات.
لە ڕوانگەی دیدەبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان-ئێران (IKHRW)، ئەم بابەتە گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە ڕەفتاری گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە ئاڵۆزەکاندا دەبێت لەسەر بنەمای کرداری واقیعیی ئەوان بپێورێت، نەەک تەنیا لەسەر بنەمای ڕاگەیەندراو یان بەڵێنە فەرمییەکان.
بەڵێننامە ئارەزوومەندانەکان دەکرێت ببنە ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی زیانگەیاندن بە مەدەنییەکان، بەڵام تەنیا کاتێک بەنرخن کە ببنە هۆی جێبەجێکردنی واقیعیی ڕێساکانی یاسای مرۆڤدۆستانە، لێپرسینەوە لە بەرامبەر قوربانیان و ڕێگری لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
کلفنەر لە کۆتاییدا ئەو ئاکامە دەردێنێت کە پەرەسەندنی بەڵێننامە یەکلاینەکان واقیعێکی نوێیە لە یاسای جەنگدا؛ واقیعێک کە نە دەکرێت بە تەواوی ئەرێنی سەیر بکرێت و نە تەنیا وەک هەڕەشەیەک سەیر بکرێت. ئاستەنگی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم بەڵێننامانە لەبری لاوازکردنی یاسای مرۆڤدۆستانە، یارمەتیدەر بن بۆ جێبەجێکردنی باشتر.




