ڕاپۆرتی پەیامنێری دیدەبان؛ لە چوارچێوەی ململانێ چەکدارییەکانی ئێستادا، هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە تا ئێستا، نموونەیەکی دیاری پێشێلکردنی سیستماتیکی پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی (IHL) دەژمێردرێن. ئەم هێرشانە کە سەرەتا بە بانگەشەی ئامانجگرتنی دامەزراوە سەربازییەکان دەستیان پێکرد، بە خێرایی بەرەو ئامانجە مەدەنییەکان، ماڵ و حاڵی هاوڵاتیانی ئاسایی و ژێرخانە زیندووە ئابوورییەکانی وڵات گەشەیان سەند.
ئەم جۆرە کارانە نەک تەنیا پرەنسیپی «جیاکاری» لە نێوان ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان پێشێل دەکەن، بەڵکوو پرەنسیپەکانی «هاوسەنگی» و «وریایی» لە هێرشدا بنپێ دەخەن و لە چەندین حاڵەتدا بوونەتە هۆی دروستبوونی تاوانی جەنگ.
پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکاری و هێرش بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەکان
یەکێک لە دیارترین پێشێلکارییەکان، هێرشی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیە بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووە چڕەکان. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئێرانی؛ باڵەخانە نیشتەجێبووە چەند نهۆمییەکان وەک شوێنی ئۆپەراسیۆن هەڵبژێردراون!
ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی سەدان مەدەنی، لەوانە ژنان و منداڵان. بەپێی پرەنسیپەکانی پرۆتۆکۆڵی یەکەمی پەیماننامەکانی ژنێڤ (١٩٧٧)، ماددەی ٤٨، لایەنە شەڕکەرەکان پابەندن بە جیاکاری هەمیشەیی لە نێوان دانیشتوانی مەدەنی و هێزە سەربازییەکان و هەروەها لە نێوان دارایی مەدەنی و ئامانجە سەربازییەکان. هێرش بۆ سەر ماڵە نیشتەجێبووەکان کە سیفەتی سەربازییان نییە، پێشێلکردنی ڕاشکاوی ماددەی ٥١ی هەمان پرۆتۆکۆڵە کە هەر جۆرە هێرشێک قەدەغە دەکات کە چاوەڕوان بکرێت ببێتە هۆی تلفاتی مەدەنی زۆرتر لە بەرامبەر ئەو سوودە سەربازییەی کە مەبەستە.
جگە لەوەش، هێرش بۆ سەر «قوتابخانەی سەرەتایی کچان لە میناب» کە بووە هۆی کوژرانی زۆرتر لە ١٧٠ مەدەنی کە زۆربەیان منداڵ بوون، نموونەیەکی بەرچاوە لە پاراستنی ئەم پرەنسیپانە. کارێکی لەم شێوەیە دەکرێت وەک تاوانی جەنگ لەژێر ماددەی ٨ی پەیماننامەی ڕۆم لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
ئامانجگرتنی ژێرخانە پێویستەکان بۆ مانەوەی دانیشتوان
بەشێکی تری ئەم هێرشانە، تەرخانکراوە بۆ ژێرخانە ئابووری و زیندووەکانی وڵات. پردە گەورەکان (وەک پردی B1ی تاران-کەرەج)، کارگەکانی پۆڵا (وەک پۆڵای موبارەکە و خوزستان)، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزە، دامەزراوەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و تەنانەت ناوەندە تەندروستییەکان کراونەتە ئامانج.
ئەم کارانە ڕاستەوخۆ ماددەی ٥٢ی پرۆتۆکۆڵی یەکەم پێشێل دەکەن. ژێرخانەکان لەژێر پاراستنی تایبەتی ماددەی ٥٤ی پرۆتۆکۆڵی یەکەمدان. ئەم ماددەیە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر «ئەو شتانەی بۆ مانەوەی دانیشتوانی مەدەنی پێویستن» وەک سەرچاوەکانی خۆراک، ئاوی خواردنەوە و تۆڕەکانی کارەبا قەدەغە دەکات و بەکارهێنانی برسی کردن یان بێبەشکردن وەک شێوازێکی جەنگ بە تاوانی جەنگ دادەنێت.
دەرەنجامە مرۆییەکان و بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی
وێرانکردنی زۆرتر لە ٩٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، ٧٦٠ قوتابخانە و ٣٠٠ ناوەندی تەندروستی بەپێی ئامارەکانی مانگی سووری ئێران، نیشاندەری جۆرە ڕەفتارێکی سیستماتیکە کە دەکرێت وەک «سزای بەکۆمەڵ» (کە بەپێی ماددەی ٣٣ی چوارەمین پەیماننامەی ژنێڤ قەدەغەیە) لێکبدرێتەوە.
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەم هێرشانە لە بنەڕەتدا فاقدی بنەمای ڕەوا بوون. حکومەتە دەستدرێژیکارەکان پابەندن بە قەرەبووکردنەوەی زیانە ماددی و مەعنەوییەکان. ئێران دەتوانێت بە پشتبەستن بەم پرەنسیپانە، دۆسیەیەک لە دادگای نێودەوڵەتی داد (ICJ) دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بکاتەوە یان بەڵگەکان بداتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) تا کەسە بەرپرسەکان ڕاوەدووی یاسایی بکرێن. پاراستنی مەدەنییەکان و ژێرخانە زیندووەکان، نەک بژاردەیەک، بەڵکوو ئەرکێکی یاساییە.





