نووسەر: تاهیرە نووری
پێشەکی
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، یەکێک لەو گرووپانەی لە هاوکێشە ئەمنییەکانی ڕۆژاوای ئێراندا ڕۆڵی هەبووە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)ە؛ گرووپێک کە بەهۆی پەیوەندییە ئایدۆلۆژی و ڕێکخستنییەکانی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەمیشە جێگەی سەرنجی شیکەرەوانی ناوچەکە بووە. بێگومان دەبێ دانی پێدا بنێین کە بەکارهێنانی وشەی «پارت» بۆ گرووپە چەکدارەکان کە خاوەنی مێژوویەکی چەکدارین و لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکاندان، بێ کێشە نییە.
پێداچوونەوە بە ئەدای ئەم گرووپە لە ڕووداوەکانی دی-مانگی ١٤٠٤ و هەروەها هەڵوێستی بەرامبەر بە شەڕی ئەمدواییەی هاوپەیمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕژێمی ئیسرائیل دژی ئێران، وێنەیەکی ئاڵۆز و چەند لایەنە لە ڕەفتارە سیاسی و ئەمنییەکانی نیشان دەدات. لە ناوەڕاستی یەکێک لە ئاڵۆزترین قۆناغە ئەمنییەکانی ساڵانی ڕابردووی وڵاتدا، ڕەفتاری ئەم پارتە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە هەیە. ئەو گرووپەی کە خۆی وەک داکۆکیکار لە «مافی گەل» دەناسێنێت، لە وەرچەرخانە ڕاستەقینەکاندا نەک هەر ڕۆڵێکی ڕوون ناگێڕێت، بەڵکوو بە جۆرێک لە ڕەفتاری دووفاقانە، گومان و بێ متمانەیی زیاتر دەکات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە پژاک نە لە ڕووداوەکانی دی-مانگی ١٤٠٤دا بەرپرسیارانە دەرکەوت و نە بەرامبەر بە دەستدرێژیی دەرەکیش هەڵوێستێکی ڕوونی هەبوو. ئەم ڕەفتارە دووفاقانەیە، پرسیاری جدی دەربارەی ماهییەت، ئامانجەکان و تەنانەت ڕاستگۆیی گوتاریی ئەم گرووپە دروست دەکات.
پاشخان و شێوازی دروستبوونی پژاک
پژاک خۆی وەک لقێکی بزووتنەوەی کوردی دەناسێنێت کە ئامانجەکەی بە «بەدیهێنانی مافەکانی کورد لە ئێران» ناوزەد کراوە. بەڵام زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە کە پژاک لە کردەودا بەشێکە لە پێکهاتە فراوانەکەی پەکەکە و لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە پەیڕەوی لە بیرۆکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات. پژاک لە سەرەتای چالاکییەکانییەوە ڕێبازی چەکداری گرتەبەر و هەوڵی دا بە سوودوەرگرتن لە فەزای میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خۆی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی نیشان بدات، هەرچەندە ماهییەتە سەربازییەکەی هەمیشە بە زەقی ماوەتەوە.
ستراتژی و ئامانجە ڕاگەیەندراوەکان
پژاک لە بەیاننامە فەرمییەکانیدا جەخت لەسەر چەمکگەلێکی وەک «خۆبەڕێوەبەریی دیمۆکراتیک»، «مافی کەمینەکان» و «یەکسانیی ڕەگەزی» دەکاتەوە. ئەم چەمکانە لە ئایدۆلۆژیای ناسراو بە «کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک» وەرگیراون کە لەلایەن ئۆجەلانەوە داڕێژراوە. کەچی ڕەخنەگران لەو بڕوایەدان کە ئەم دروشمانە زیاتر لایەنی بانگەشەییان هەیە و لە کردەوەدا، کردارە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەم گرووپە ڕۆڵێکی دیاریکەرتر لە ناسنامەکەیدا دەگێڕن. مێژووی گیانلەدەستدانی گوماناوی ژنان لە ناو ئەم گرووپەدا، یاداشتە بڵاوکراوەکانی ئەندامانی پێشوو و مێژووی ڕەشی پژاک لە بەکارهێنانی منداڵان وەک سەرباز، بووەتە هۆی دروستبوونی گومانێکی جیدی لەسەر ئیدیعاکانی ئەم گرووپە.
ڕۆڵی پژاک لە ڕووداوەکانی دی-مانگی ١٤٠٤
ڕووداوەکانی دی-مانگی ١٤٠٤ کە لە هەندێک شیکاریدا وەک «ئاژاوە» و «ناسەقامگیریی ناوخۆیی» ناویان براوە، یەکێکە لە خاڵە وەرچەرخانەکان لە لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان لەوانە پژاک. لەم قۆناغەدا، ڕاپۆرتەکان باسیان لە زیادبوونی تحرکات لە ناوچە ڕۆژاواییەکانی ئێران کرد. هەندێک سەرچاوە باسیان لە هەوڵی ئەم گرووپە کرد بۆ قۆستنەوەی فەزای نائارامی ناوخۆیی؛ لەوانە ئەنجامدانی کردەی پچڕپچڕ، گواستنەوەی هێزەکان لە ناوچە سنوورییەکان و چالاکیی پڕۆپاگەندەیی لە فەزای مەجازیدا.
بەڵام خاڵە گرنگەکە لێرەدایە؛ پژاک هەوڵی دا لە تەنگژەکەدا ئامادە بێت بەبێ ئەوەی باجی شەڕێکی ڕاستەقینە بدات. بەپێی دراوە ئاشکراکان، بەڵگەیەکی سەربەخۆ نییە کە نیشاندەری چوونە ناو قۆناغێکی شەڕی بەردەوام بێت. ئەم دۆخە دەکرێ وەک نیشانەیەک لە شێوازی «کرداری سنووردار» لێک بدرێتەوە؛ واتە هەڵبژاردنێکی هۆشیارانە بۆ قۆستنەوەی فەزاکە بەبێ قبووڵکردنی مەترسییە جیدییەکان. ئەمە دەکرێ بەهۆی چەند هۆکارێک بێت:
بەربەستە ئۆپەراسیۆنییەکان و زیادبوونی ئامادەیی هێزە دەوڵەتییەکانی ئێران؛
حساباتی سیاسی بۆ پاراستنی تواناکان لە درێژخایەندا؛
پەیوەستبوونە ناوچەییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ ستراتیژییەکانی پەکەکە.
ڕەفتاری دووفاقانەی پژاک: چالاکیی ژێر سنوور
ڕەفتاری پژاک لەم قۆناغەدا دەکرێ وەک جۆرێک لە «چالاکیی وریاکەرانە» وەسف بکرێت. ئەم گرووپە لە لایەکەوە هەوڵی داوە ئامادەیی خۆی بپارێزێت و لە لایەکی دیکەشەوە، خۆی لە شەڕێکی هەمەلایەنە بەدوور گرتووە. ئەم شێوازە لە ئەدەبیاتی ئەمنیدا بە «چالاکیی ژێر سنوور» (Sub-threshold Activity) دەناسرێت؛ واتە ئەو کردارانەی بە جۆرێک دیزاین کراون کە لە ئاستی شەڕی گەورە نزمتر بن بەڵام کاریگەریی سیاسی و ئەمنییان هەبێت.
لە ڕوانگەی شیکارییەوە، ئەم ڕەفتارە نیشان دەدات کە پژاک زیاتر لەوەی بەدوای گۆڕینی هاوسەنگیی هێزدا بێت، بەدوای بەڕێوەبردنی مەترسی و مانەوەدایە لە ژینگەیەکی ئاڵۆزدا. بە واتایەکی دیکە، ئەم گرووپە خەریکی یارییە لە «زەوییەکی چەند لایەنە»دا کە تێیدا بڕیارەکان دەبێ وەڵامدەرەوەی فشارە ناوخۆیی و ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتییەکانیش بن. ئەم ڕەفتارە نیشانەی هێز نییە، بەڵکوو نیشانەی جۆرێک لە پارێزگاریی تاکتیکییە. گرووپێک کە ئیدیعای خەبات dەکات، بەڵام لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا خۆی لە مەیدانی ڕاستەقینە دەدزێتەوە، لە ڕاستیدا لە پەراوێزدا یاری دەکات.
بێدەنگییەکی مانادار بەرامبەر بە شەڕ دژی ئێران
لەگەڵ دەستپێکردنی دەستدرێژیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ڕەشەمێی ١٤٠٤، چاوەڕوان دەکرا گرووپەکانی وەک پژاک هەڵوێستێکی ڕوون وەربگرن. بەڵام ئەوەی بینرا، جۆرێک لە بێدەنگی یان هەڵوێستوەرگرتنی سنووردار و ناڕاشکاو بوو. ئەم بێدەنگییە تەنیا «وریاکەوتن» نییە، بەڵکوو دەبێ وەک ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی سیاسی ببینرێت. ئەگەر سەرانی پژاک وا دەزانن کە گرووپەکەیان یاریزانێکی سیاسییە، ناتوانن بەرامبەر بە شەڕێکی هەمەلایەنە کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر چارەنووسی گەل، بێ لایەن بن. بێ لایەنی لە وەها دۆخێکدا، لە ڕاستیدا بێ هەڵوێستییە.
ئەم بێدەنگییە دەکرێ لە چەند گۆشەیەکەوە شی بکەینەوە: ١. دوورکەوتنەوە لە ڕای گشتی: لە کاتی هەڕەشەی دەرەکیدا، هەستیاریی ڕای گشتی زیاد دەکات. هەر جۆرە هاوئاهەنگییەک لەگەڵ دوژمنی دەرەکی، تێچوویەکی کۆمەڵایەتی زۆری دەبێت. ٢. ڕەچاوکردنی پەیوەندییە ناوچەیی و تۆڕییەکان: پژاک وەک بەشێک لە تۆڕێکی فراوانتر، ناچارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یاریزانەکانی دیکە ڕەچاو بکات. ٣. ئەولەویەتدانی ستراتیژی: ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم گرووپە، سەرنجی خۆی لەسەر ئامانجە درێژخایەنەکانی ناوخۆی ئێران هێشتبێتەوە و خۆی لە ململانێیەکی دەرەوەی چالاکییەکانی پاراستبێت.
پژاک وەک یاریزانێکی «خۆپارێز لە مەترسی بە شێوەیەکی چالاک»
بۆ تێگەیشتنی وردتر، دەکرێ ڕەفتاری پژاک لە چوارچێوەی چەمکی «خۆپاراستن لە مەترسی بە شێوەیەکی چالاک» (Active Risk-Aversion) شی بکرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، یاریزانەکە نە بێدەنگە و نە هێرشبەری توند، بەڵکوو هەوڵ دەدات ئامادەیی خۆی بپارێزێت و تێچووی شەڕ کۆنتڕۆڵ بکات. پژاک لە گۆڕانکارییەکانی ١٤٠٤دا ڕێک ئەم شێوازەی نیشان دا. نە بە تەواوی لە گۆڕەپانەکە چووە دەرەوە و نە چووە ناو قۆناغێکی تێچووی زۆر کە هەڕەشە بێت بۆ سەر بوونی خۆی.
پژاک ساڵانێکە باس لە «مافی گەل» و «دیمۆکراسی» و «ئازادی» دەکات، بەڵام ئەم گوتارە کاتێک واتا پەیدا دەکات کە لە ساتە ڕاستەقینەکاندا ڕەنگ بداتەوە. لێرەدا دژبەرییەکە دەردەکەوێت؛ لە ناوخۆدا ئامادەیی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراو و لە دەرەوە بێدەنگی. ئەم تێکەڵەیە، نیشانەی ستراتیژییەکی زیرەکانە نییە، بەڵکوو نیشانەی ناڕوونییە لە ئامانجەکاندا. ئایا ئەم گرووپە بەدوای گۆڕانکارییەوەیە یان تەنیا بەدوای مانەوەدا دەگەڕێت؟
لێکەوتەکانی ستراتیژیی مانەوە لە ناوچەی خۆڵەمێشیدا
ئەم جۆرە ڕەفتارە دەکرێ چەند لێکەوتەیەکی گرنگی هەبێت: ١. بەردەوامیی دۆخی ئەمنی خۆڵەمێشی: کردارە سنووردارەکان دەبنە هۆی دروستبوونی دۆخێکی «نە شەڕ و نە ئاشتی» لە سنوورەکاندا. ڕەفتاری پژاک دەکرێ وەک «یاری لە ناوچەی خۆڵەمێشی»دا وەسف بکرێت؛ شوێنێک لە نێوان شەڕ و ئاشتی، لە نێوان کردار و بێدەنگی. ئەم یارییە لەوانەیە لە کورتخایەندا یارمەتی مانەوەی گرووپەکە بدات (لە هەمان ئاستی لاواز و پڕۆپاگەندەییدا)، بەڵام لە درێژخایەندا تێچووی زۆری بۆ ناوبانگیان دەبێت. ٢. زیادبوونی ئاڵۆزی لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمنیدا: گرووپێک کە نە بە تەواوی نایەتە مەیدان و نە بە تەواویش ناچێتە لاوە، متمانەی جەماوەر لەدەست دەدات. چونکە بینەر لە کۆتاییدا دەپرسێت: ئەم گرووپە بە وردی لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟ سەربەخۆیی یان وابەستەیی؟ لە لایەکی دیکەشەوە، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ یاریزانێکی لەو شێوەیە کە ناچێتە شەڕی هەمەلایەنە بەڵام بە تەواویش بێدەنگ نییە، پێویستی بە شێوازی تێکەڵاو (ئەمنی، سیاسی و کۆمەڵایەتی) هەیە کە کارەکە بۆ دەزگا ئەمنییەکان دوو هێندە سەخت و ئاڵۆز دەکات. ٣. کارتێکەری لەسەر تێگەیشتنی گشتی: بێدەنگی بەرامبەر شەڕی دەرەکی و چالاکیی ناوخۆیی، وێنەیەکی دووفاقانە دروست دەکات. هەروەها پرسیاری سەربەخۆیی پژاک تۆختر دەکاتەوە؛ ئایا بڕیارەکان سەربەخۆن یان بەشێک لە دیزاینێکی گەورەتر؟ ئەگەر وەڵامەکە دووەمیان بێت، ئەوا بێدەنگی لە شەڕ و چالاکیی سنووردار لە ناوخۆ، نەک هەڵبژاردنێکی سەربەخۆ، بەڵکوو بەشێکە لە نەخشەیەکی دەرەکی گەورەتر.
کۆتایی
پێداچوونەوە بە ئەدای پژاک لە ساڵی ١٤٠٤ نیشانی دەدات کە ئەم گرووپە، زیاتر لەوەی تەنیا یاریزانێکی سەربازی یان ئایدۆلۆژی بێت، لە چوارچێوەی لۆژیکێکی ستراتیژیدا کار دەکات کە لەسەر بنەمای «بەڕێوەبردنی مەترسی» و «مانەوە بەبێ بەرپرسیارێتی» داڕێژراوە. ڕۆڵی ئەو لە ڕووداوەکانی دی-مانگدا ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، بەڵام ئەم ڕۆڵە زیاتر لە ئاستی پڕۆپاگەندە و شەڕی دەروونی ئامانجداردا بوو نەک چوونە ناو شەڕێکی ڕاستەقینەی گەورە. لە بەرامبەردا، بێدەنگیی ئەم گرووپە بەرامبەر بە شەڕی ئێستا، نیشانەی تێگەیشتنە لە هەستیاریی ژینگەکە و خۆپاراستن لە تێچووی زۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی.
لە ڕاستیدا، ئەم گرووپە هەوڵی داوە لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی باجی یاریزانێکی ڕاستەقینە بدات. بەڵام ئەم ڕێبازە، ئەگەرچی لە کورتخایەندا بێ تێچوو دەردەکەوێت، لە درێژخایەندا دەکرێ ببێتە هۆی بنبەستێکی سیاسی. لە ئاستێکی قووڵتردا، ئەم ڕەفتارە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە شێوازی کارکردنی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا؛ گرووپانێک کە چیتر تەنیا بەدوای شەڕی کلاسیکەوە نین، بەڵکوو بە سوودوەرگرتن لە تاکتیکی تێکەڵاو، هەوڵ دەدەن لە «ناوچەیەکی خۆڵەمێشی»دا بەردەوام بن. لە کۆتاییدا، دەبێ پژاک وەک بەشێک لە تۆڕێکی ئاڵۆزی ناوچەیی ببینرێت کە بڕیارەکانی لەژێر کاریگەریی تێکهەڵچوونی بەرژەوەندییەکان و فشارە چەند ئاستییەکاندا دروست دەبن. وەها تێڕوانینێک دەتوانێت تێگەیشتنێکی واقیعیتر لە ڕەفتاری ئەم گرووپە بخاتە ڕوو.





