کوردانی سوریا لەسیاسەتی دەرەکی ئەمریکا: ستراتژی درێژخایەن یا کەرەستەی سیاسی؟(6)

  • ۴ سال قبل

نووسەر: لارا عەزیز

ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەیران و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان

لەلایەن چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێرانەوە وەرگێڕدراوەتەوە

رەهەندە نێودەوڵەتییەکان

یەکگرتنی لەگەڵ ئەمریکا ئەم دەرفەتەی بۆ یەپەگە رەخساند تا لەهەڕەشەکانی تورکیا پارێزراو بێت. یەکبوون لەگەڵ ئەمریکا ئەم رێگایە بۆ کورد کردەوە کە سەرەڕای نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی پرسی کورد، دزە و کاریگەری خۆیان زیاتر بکەن. لەراستیدا، تورکیا بە توندی نارازیە لەوەی کە لەسنوورەکانی کۆریدۆرێکی هەمیشەیی کوردی هەبێت. تورکیا دەترسێت پەکەکە ئەم ناوچەیە بکاتە بنکەی دووەمی ئەنجامی چالاکییەکانی لە سوریاوە. ئەم ناوچە ئەم دەرفەتە بۆ پەکەکە دەرەخسێنێت تا وەک یاریزانێکی ناوچەیی هێزی خۆی زیاد بکات و گوشار بۆ تورکیا بێنێت تا بڕێک مافی سیاسی بداتە کەمینە کوردیەکەی. بەکار بوونی سەربازی یەپەگە و پەیوەندی بەهیزی لەگەڵ پەکەکە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ لەدژی ئاسایشی تورکیا دەبیندرێت. رەجەب تەیێب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، زۆر جار راشکاوانە وتوویە شەڕی کۆبانی وەک شەڕی دوو رێکخراوی تێرۆریستی دەزانێت. تەنانەت ئەگەر ئەمریکا روانگەی تورکیا لەبارەی هاوپەیمانی لەگەڵ یەپەگە لەبەرچاو نەگەرێت، بەڵام بڕیاری ساڵی 2016 بەمەبەستی جێگرتن لەتەنیشت تورکیا کاتێک کە کورد هەوڵ دەدات لەچۆمی فوراتەوە تێپەڕ ببێت، ئاگاداریەک بوو کە پیشانی دا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرژەوەندی تورکیا بەرزتر لە ویستی کوردان دەنرخێنێت.

هاپەیمانی ئەمریکا – کورد رێگایەک بۆ بێ هیوابوونی هێزەکانی ئەسەد لە هێرش کردنە سەر ناوچە کوردنشینەکان بوو. سەرەڕای هەمووی ئەمانە کوردەکان ناوچەی زۆریان لەهێزەکانی دژ بە ئەسەد وەرگرتەوە. لەراستیدا رووسیا دەیویست ئەسەد کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکان بەدەستەوە بگرێت تا بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵات کەڵکیان لێ وەربگرێت. (Hubbard, 2018).  بەڵام لەلایەکی دیکەوە، مسکۆ و دەمشق پێویستیان بە یەپەگە هەبوو تا لەڕێگای ئەوەوە هەڕشە لەتورکیا بکەن. بۆیە شەڕی ناوخۆی سوریا بەشێوازی مسۆگەر بۆ دەستێوەردانی دەرەکی گونجاو بوو. شەڕی جۆراوجۆری نوێنەرایەتی لەنیوان هێزە سەرەکییەکاندا دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد. لەکاتێکدا کە ئارمانجی رووسیا و تورکیا بۆ مانەوەی سوریا زەڵاڵە، ئارمانجی رامیاری ئەمریکاش هێشتا زۆر دیار نییە.

دەرئەنجامەکانی راگەیاندنی کشانەوەی ئەمریکا (دەوڵەتی ترامپ)

کاتێک کە ترامپ بۆ یەکەمجار دەستووری کشانەوەی تەواو و دەستبەجێی هێزەکانی ئەمریکای لەسوریا بەرێگای تویتێک و ویدیۆیەک لە دێسەمبەری 2018 دەرکرد، ژنراڵەکانی سەریان سووڕ ما، کۆنگرەو هاوپەیمانانیان ئاگادار کردەوە و بووە هۆی ئەوەی تا وزیری پاراستنیش بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین لەپۆستەکەی بکشێتەوە، ئەمە ململانێ سوریای خستە نێو رەهەندێکی نوێیەوە.(2019,Gearan). بەرپرسە گەورەکانی ئەمریکا لەم راگەیاندنە وشک بوون و داویان لەترامپ کرد کە ئەم کشانەوەیە بخاتە دواوە و پاساویان هێناویەوە کە بۆشایی دەسەڵات دێتە ئاراوە. (Hunt, 2019). ناکۆکی نێوان ترامپ و راوێژکارەکانی پێگەی ئەمریکای لاواز کرد و وەک نیشانییەک بۆ سەرکەوتنی ئەسەد بینرا. ئەم لێدوانەی ترامپ وەک خیانەت بەکوردیش راوەی بۆ کرا و تورکیاش ئەوەی وەک گڵۆپێکی سەوز دیت تا راستەوخۆ هێرش ببات بۆ باکووری سوریا و رۆژانی دواتر، تورکیا عەفرینی داگیرکرد. کۆنترۆڵی بەشێک لەخاکی سوریا، هێزی دانوستاندن لەبارەی کۆتایی هێنان بەشەڕی دا بە دەستی ئەردۆغانەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بەیانە، ئەمریکا لەلێواری دووەمین خیانەتی مێژوویدا وەستا.( Nordland, 2018). کوردەکانی ئێراق لەساڵی 2017 رووبەڕووی ئەو شتە بوونەوە کە واشنگتۆن راهاتووە بە ئەنجامدانی. ئەوان رێفراندۆمیان کرد و هیوادار بوون لەرێگای دانوستاندنەوە لەگەڵ بەغدا بتوانن لێ جیا ببنەوە. دەوڵەتی ترامپ ئاگاداری کردنەوە کە ئیشێکی وەها نەکەن. چوونکە ئەمریکا هێشتا لەگەڵ داعش لەشەڕدایە. دواتر، کاتێک بەغدا گەمارۆی قورسی لەدژی هەرێمی کوردستان دەرکرد و کۆنترۆڵی ناوچە جێ ناکۆکەکانی بەدەستەوە گرت، ئەمریکا هیچی نەکرد. سەرکردەکانی کوردی ئێراق فێر بوون کە بەرژەوەندی زلهێزێکیان خستۆتە مەترسیەوە. ئەو هێزە یارمەتیان نادات. لەمبارەوە پاراستنی شەڕ لەدژی داعش  و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێراق لەسەرووی هەموو شتەوە بوو. یەپەگە/ پەیەدە دەبووا لەمە وانەیان گرتبا کە دەکرێت هەڵسووکەوتێکی هاوشێوەیان لەبەرانبەر بکرێت.( Hiltermann, 2018). کشانەوەی ئەمریکا کە دەرفەتی هێرشی بۆ تورکیا رەخساند، سەیر و سەمەر نەبوو، بەڵام کوردەکان وایان دەزانی کە ئەمریکا بۆ هەمیشە دەیانپارێزێت.

دەوڵەتی ترامپ گەرەنتی ئەوەی دا کە شەرڤانانی کورد پارێزراو بن لەبەرانبەر هێرشەکانی تورکیا. لە مانگی چلەی 2018، بەرپرسانی فەرمی ئەمریکا بەڵێنی دامەزراندنی هێزی سنووری 30 هەزار کەسیان دا کە لانی کەم بۆ ماوەی 2 ساڵ کوردەکان بپارێزێت. بەڵام تورکیا ئەم پرۆژەیە رەت کردەوە. لەم ساتەدا، وا دیار بوو کە ترامپ بۆی دەکەوت کە واز هێنان لەیەپەگە هزرێکی خراپ بۆ نەبوونی متمانە بە ئەمریکا لەناوچەکە دێنێتە کایەوە. ئەم بۆچوونە لە 6ی ئۆکتۆبەری 2019 و دوای پەیوەندی تەلەفۆنی ئەردۆغان لەگەڵ ترامپ کە بوو هۆی دەستووری لەناکاوی  کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا و گەڕانەوەیان بۆ ئەمریکا، بە روونی هەڵە بوو. لەنێوان هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لەترامپ، ئەم هەنگاوە لەلایەن دەنگدەرانەوە پێشوازی لێکرا. ترامپ ئەم هەڵە ستراتژییەی نەدیت، بەڵکوو ئەوەی وەک هەنگاوێک بۆ هەڵبژاردن هەژمار کرد. بەڵام ئەو دەستوورەی راشکاوانە مەرج دانانێکی مەترسیداریش بوو، ئەمجارە ترامپ رێگای بۆ هێرشەکانی ئەردۆغان کردەوە و لە 9ی ئۆکتۆبەر تورکیا هێرشی کردە سەر رۆژئاوا. لەو کاتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە ترامپ وتی: ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر کوردەکان، ئانکارا لەبواری ئابووریەوە لەناو دەبەم و کوردەکانیش نابێت تورکیا بورژێنن. بەڵام ئانکارا چەندین چالاکی سەربازی لەسوریا ئەنجام دا و شەرڤانانی یەپەگەی کردە ئارمانج.

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کُردی

آخرین مطالب