پرۆژەی رەشید یاسەمی: ئێڕانی بووینی کورد یا کوردی بینینی ئێرانی کۆن؟

  • ۴ سال قبل

پرۆفسۆر ئسماعیل شەمس

رەشید یاسەمی زیاتر لە سی نووسراوی لەبواری مێژوو، وێژەوانی، وەرگێران و ئێدیت هەیە، سەرەڕای ئەمە لە کۆمەڵگای کوردی زۆرتر بە پرتووکی کورد و گرێدانی مێژوویی و نژادیەکەیەوە ناسراوە کە لەسەر بنەمای داخواز و رێنمایەکانی وەزارەتی کلتووری لەسەردەمی رەزا شا نووسراوە. لەئاستی دەرەوەی کوردیش کەسێک ئەوەندەی رەشید یاسەمی قەوارەی بە ئەقڵییەتی سیاسەتڤانان و رۆشنبیرانی ئێرانی لەسەردەمی پالەوی لەبارەی کورد و کوردستان نەداوە. بۆیە چ لەگەڵی بین یا نا، رێگا چارەیەکمان جگە لە ناسین و خوێندنەوەی پرۆژەکە لەچاوی ئەوەوەمان نییە. نەتەوە، یەکێتی بەسەرهاتی مێژووییە. رەشید یاسەمی لەسەر بنەمای ئەم پێناسەیە لە نەتەوە و نەتەوەی کورد جیا لە ئێرانییەکان دەزانێت و پێی وایە کە تەنانەت ئەگەر کوردەکان لەگەڵ ئێرانییەکان هاوبەشی نژادی، خوێنی و زمانی و دەسەڵاتی و ئائینزائیان هەبێت، هێشتا بەشێک لە نەتەوەی ئێران هەژمار دەکرێن چوونکە بەسەرهاتی مێژووییان لەگەڵ ئێرانییەکانی دیکە هاوبەشە.

رەشید یاسەمی ئیران وەک ناوەندی نژادی کورد پێناسە دەکات و دەنووسێت کورد یەکێک لە چق و پۆی دارەپیرە و لەسەرپێی نژادی ئێرانییە.

ئەوەی کە روانگەی رەشید یاسەمی لەنەتەوەپەرەستانی دیکە وەک مەحموود ئەفشار جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەو لەسەر بنەمای ئەوەی کە کورد و ئێرانی یەکن، بەڵام بەکار‌هێنانی زۆری بۆ گۆڕینی زمان و کلتووری کورد بەبنەما نەگرت و بەهێزکردنی بونیادی تئوری پەیوەندی کورد لەگەڵ ئێرانی بە بەس زانی لەکاتێکدا کە ئەفشار زۆرتر جەختی لەسەر هەنگاوی کرداری دەکرد و خوازیاری سەپاندنی هێزی دەوڵەت بۆ ئاسمیلاسیۆن و تواندنەوەی زمانی و کلتووری کوردی و کۆتایی هێنان بەم جیاوازیانە بوو. رەشید یاسەمی بە پێچەوانەی کەشێک کە لەسەرەتای مێژووی ئێران لەسەردەمی هەخامنشیانەوە پێناسە دەکرا، سەرەتای مێژووی ئێران لە مادەکان و شۆڕشی مادەکان لەدژی ئاشووریەکان پێناسە دەکات. هاوکات، مادەکانیش بە کورد دەزانێت. رەشید یاسەمی بەچاوێکی گەوهەریانە چاوی لەئێران کردووە و وەک ناسیۆنالیستە کۆن گەرا ئێرانی وەک شووناس و قەوارەیەکی هەتاهەتایی دەزانی و کوردی لەناو قوڵی ئەوە قەوارەیەدا پێناسە دەکرد. بەقسەی ئەو کوردستان گۆڕەپانێک بوو کە خوێنی ئێرانیان کۆن و نوێی تێدا رژاوە. (رەشید یاسەمی 7). رەشید یاسەمی هەموو مێژووی ئێرانی کۆن پەیوەند دەدا بە کوردەوە و بە خوێندنەوەیەکی کوردی چاو لەو مێژووە دەکات و دەنووسێت: لەچاو ئێمەی کوردەوە ئێرانی مێژووی کورد ئەمە نییە کە لەژێر ناوی باسکردنی بەسەرهاتی ئەماراتی فڵان ئەمیر و سەرۆکایەتی فڵان بەگزادە بنووسرێتەوە، بەڵکوو مێژوو راستییەقینە ئەمەیە کە ئەم نەتوە لەبواری پەیوەندی لەگەڵ رەچەڵەکی نژادی خۆی نووسرابێت و بەشی لەو شانازیانە کە بەگشتی هی نەتەوەی ئێرانە دیار بکرێت. کورد هۆکاری گەورە بووە لە بەدی هاتنی پێشکەوتنەکانی دەوڵەتی ئێران، لەبەدەست خستنی نەینوا و سەرکەوتن بەسەر یۆنان و شکاندنی هێرشی رۆمییەکان و پشتیوانی لە مەدائین و پێشگیری لە هێرشکارانی عەرەب…. مێژووی راستەقینەی کورد دەبێت بەم چاوە ببیندرێت کە رۆچنی گەورەیی و شکۆمەندییە. داگیرکردنی دەسەڵاتی فڵان شوێن یا نەدانی مەسرووفاتی فلان بەش لە کوردستان کە بە جیاوازی نژادی باسیان لێوە کردووە، لەکوێ و بەشداری لە هەڵکردنی ئاڵای سەرکەوتن بە سەر پادشاکانی نەینوا و بابل و ممفیس لەکوێ؟ شرۆڤەی پێکدادان و براکوژی فڵان سەرۆک عەشیرە مێژووی کورد نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ هێشتنەوە و راگرتنی گەورەیی نژادی خۆی کە پیشانی داوە و پێشگرتن لە پچڕانی پەیوەندی نژادی خۆی مێژووی راستەقینەی کوردە. (رەشید یاسەمی 9-10). ئەو بەمجۆرە مێژووی ئێران لە ماد تا ساسانی و شەڕ لەگەل یۆنان و رۆم وەک مێژووی کورد دەبینێت. لێککردنی کورد و ئێرانی زۆرتر لەسەردەمی ساسانیاندا دەبینرێت. ئەو یەکەمین لێکۆڵەرە کە بۆچوونی کورد بوونی ساسانیانی ورووژاندووە و بەڵگەی لە پرتووکەکەیدا هێناوەتەوە. خوێندنەوەی پرتووکی کورد و پەیوەندی نژادی و مێژوویەکەی پیشان دەدات کە رەشید یاسەمی لەگەڵ بەئێڕانی زانینی کوردان زۆرتر حەزی لە کوردی بووینی رابردووی کۆنی ئێران بووە. یاسەمی زیاتر لە هەرشتێک مێژوونووسێک بوو و لەرونگەی کوردێکەوە لێکدانەوەی نوێ لەئێڕانی کۆن کرد کە لەهەر بوارێکەوە لەگەڵ لێکدانەوەکانی دیکە مێژوونووسانی ئێران جیاوازە. مێژوونووس رەشید یاسەمی، خوێندنەوەیەکی جیاواز لەنێوان خوێندنەوە ناسیۆنالیستییە پالەوی و ناسیۆنالیستە کوردیەکان لەمێژووی ئێران هەیە و چاوی لە دەوڵەتداری و گەڕانەوەی شووناسی کوردی لە ئێرانی کۆندا لەسەربنەمای زاگرۆس یا کوردستان بوو.

رەشید یاسەمی دانەری ئەقڵییەتی مێژوویی جیلێک لە سیاسەتڤانان و مێشکی پێشکەوتووی کورد بوو کە سمبۆلە بەرچاوەکانی کەریم سنجابی و عەلی ئەردەڵان بوون. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی رەشید یاسەمی روانگەی لەبارەی ئێران لەبیرکرا و ئەمە روانگەی مەحموودی ئەفشار و هەڤاڵانی بوو کە بووە سەردێڕی بەرنامە سیاسی و کلتووریەکانی دەوڵەتی پالەوی.

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کُردی

آخرین مطالب