ئەمساڵ ۴۵ کەس لە کوردستانی سووریا بە هۆکاری جیاواز خۆیان کوشتووە، لەنێویاندا ۲۳ پیاو، چوار منداڵ و ئەوانی دیکەش ژن بوون. هەر ئەمساڵ ۱۵ هەوڵی خۆکوشتنیش شکستیان پێهێنراوە.
خراپیی دۆخی ئابووری یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی رووداوەکانی خۆکوشتن لە کوردستانی سووریا.
بەهۆی دۆخی شەڕ، نائارامیی، ئابووری و بێکاریی رێژەی خۆکوشتن لە رۆژئاوای کوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە. رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان کە لەنێو قامشلۆ دا کاردەکەن چەند ئامرێک لەو بارەوە ئاشکرا دەکەن.
بەپێی ئاماری فەرمی سووریا ، ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندان، ئەمساڵ ۵۱ حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە. ئەو ناوچانەیشی لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان ۴۵ کەس خۆیان کوشتوە، بەڵام ساڵی رابردوو ۲۰ کەس خۆیان کوشتبوو. ئەو ناوچانەیشی لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆندان، بەهۆی نەبوونی رێکخراوی کۆمەڵایەتی هیچ ئامارێک نییە.
ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە کوردستانی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ۴۵ کەس خۆیان کوشتوە، ۲۳ پیاو، ۴ منداڵ و ئەوانی دیکەش ژن بوون. بەمەش ژمارەکە بۆ دوو بەرامبەر بەرزبووەتەوە.
سارا ناوی رێکخراوێکە کە کار بۆ ئەو کەسانە دەکات کە تووندووتیژییان بەرامبەر کراوە. سۆزان حوسێن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی سارا بە رووداوی راگەیاند “ئێمە سەردانی ئەو کەسانە دەکەین کە تووندووتیژییان بەرامبەر دەکرێت، هۆکاری ئەو تووندووتیژییانەش بەهۆی شەڕ و پەنابەرییەوە بوو. لە تلتەمر و کۆبانێش هەبوون.”
بڵاوبوونەوەی چەک و فرۆشنی چەک لە سەردەمی شەڕدا هۆکاری ئەوەن، کە ژمارەی خۆکوشتن و کوشتن بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادبکەن.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندرووستیی جیهانی، سووریا لە ریزبەندی ۱۷۶ەمین وڵاتدا دێت لەڕووی ئاماری خۆکوشتنەوە لە جیهاندا. بەپێی ئەو ئامارانەش کە تاوەکو ئێستا هەن لە ئەمساڵدا ۵۱ کەس لە سووریا خۆیان کوشتووە.
هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوشتن لە سووریا
شەڕ و گرژییەکان
خراپیی دۆخی ئابووری
نەبوونی سەرچاوەی داهات و سەختیی دەستکەوتنی بژێویی ژیان
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خراپتربوونی دۆخی ئابووری و بێکاری
ریزبەندی وڵاتان لە رووی خۆکوژی لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی ۲۰۱۹
لیتوانیا: لەنێوان هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک ۳۲ کەس خۆیان کوشتووە
رووسیا: لەنێوان هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک ۳۱ کەس خۆیان کوشتووە
گینیا: لەنێوان هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک ۲۹ کەس خۆیان کوشتووە
کۆریای باشوور: لەنێوان هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک ۲۷ کەس خۆیان کوشتووە
بیلاڕووسیا: لەنێوان هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک ۲۶ کەس خۆیان کوشتووە
سورینەیم: لەنێوان هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک ۲۳ کەس خۆیان کوشتووە
کیرگیزستان: لەنێوان هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک ۲۲.۵ کەس خۆیان کوشتووە
ئۆکرانیا: لەنێوان هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک ۲۲ کەس خۆیان کوشتووە
لیسۆتۆ: لەنێوان هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک ۲۱ کەس خۆیان کوشتووە
لاتیڤیا: لەنێوان هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک ۲۱ کەس خۆیان کوشتووە