پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی (IHL)، لەوانە جیاکاری، هاوسەنگی و وریایی، هەموو لایەنەکانی ململانێکان بەبێ جیاوازی پابەند دەکەن بە پاراستنی مەدەنییەکان و هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ پێشێلکردنی ئەم یاسایانە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، بێلایەنە و بەڵگەدار هەیە.
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی باسەکان سەبارەت بە ڕەوایەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژ بە ئێران و پەسەندکردنی گەڵاڵەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی جەنگی سەرۆک کۆمار، سەرنجی ناوەندە یاساییەکان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە هەمیشە چووەتە سەر شێوازی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ڕادەی پابەندبوونی لایەنە ناکۆکەکان بە یاساکانی نێودەوڵەتی مرۆیی؛ ئەو یاسایانەی کە تەنانەت لە گەرمەی جەنگیشدا پاراستنی مەدەنییەکان وەک پابەندبوونێکی ناچارکەر دەهێڵنەوە.
گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە جارێکی دیکە ئەم ڕاستییەیان تۆخ کردەوە کە هەڵسەنگاندنی ململانێیەک تەنها بە بابەتی ڕەوایەتی دەستپێکردنی (مافی جەنگ – jus ad bellum) سنووردار نابێت. لە یاسای نێودەوڵەتی مرۆییدا (یاسای کاتی جەنگ – jus in bello)، تەنانەت ئەگەر لەسەر بنەما یاسایی یان سیاسییەکانی دەستپێکردنی جەنگیش ڕاوبۆچوونی جیاواز هەبێت، هەموو لایەنە ناکۆکەکان هێشتا پابەندن بە ڕاگرتنی یاساکانی پاراستنی مەدەنییەکان و شوێنە مەدەنییەکان.
ئەم یاسایانە کە لە کۆنفرانسی جێنەڤ، پرۆتۆکۆڵە پاشکۆکان و یاسای نێودەوڵەتی عورفیدا گەشەیان سەندووە، لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی ڕاوەستاون: جیاکاری لە نێوان ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان، هاوسەنگی لە بەکارهێنانی هێزدا و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنە وریاییە گونجاوەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بە مەدەنییەکان. لەسەر ئەم بنەمایە، هێرشی بەقەست بۆ سەر مەدەنییەکان یان ژێرخانە مەدەنییەکان و هەروەها ئەنجامدانی هێرشگەلێک کە زیانە پێشبینیکراوەکانی بە بەراورد بە دەستکەوتە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکە زۆر زیاتر بێت، دەتوانێت ببێتە هۆی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی و لە هەندێک بارودۆخدا بەرپرسیارێتی تاوانکاری تاکەکەسی.
له مانگهكانی ڕابردوودا ڕاپۆرت و بانگەشەی جۆراوجۆر سەبارەت بە قوربانیانی مەدەنی و زیانگەیشتن بە ژێرخانە مەدەنییەکان لە کاتی هێرشە منسوبکراوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێران بڵاوکراونەتەوە. ئەم ڕاپۆرتانە ئاماژە بە کوژران و برینداربوونی هاوڵاتیانی ئاسایی و زیانگەیشتن بە ناوەندەکانی خوێندن، تەندروستی و ناوچە نیشتەجێبوونەکان دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، دیاریکردنی وردی بەرپرسیارێتی یاسایی هەر یەک لەم ڕووداوانە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، بێلایەنە و بەڵگەی تەکنیکی هەیە.
لە نێوان حاڵەتە خراوەڕووەکاندا، هێرش بۆ سەر ناوەندێکی خوێندن لە میناب و هەروەها هێرشە ڕاپۆرتکراوەکان لە لامەرد سەرنجی میدیاکان و هەندێک لە چاودێرانی مافەکانی مرۆڤیان ڕاکێشاوە. سەبارەت بەم ڕووداوانە، بانگەشەکان لەسەر کوژرانی مەدەنییەکان و زیانگەیشتن بەو شوێنانەی کە سروشتی مەدەنییان هەیە هاتوونەتە ئاراوە و لە هەندێک ڕاپۆرتی گشتیدا ئاماژە بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکەمەنی منسوب بە ویلایەتە یەکگرتووەکان کراوە. بەڵام نیسبەتانی یەکجاریی بەرپرسیارێتی بە هەر دەوڵەت یان هێزێکی سەربازی، پێویستی بە پێداچوونەوەی گشتگیر بە بەڵگەنامەکان، وێنەکان، پاشماوەی تەقەمەنییەکان، داتا سەتەلایەتییەکان و بەڵگەکانی دیکەی باوەڕپێکراو هەیە.
بەپێی ماددەی ٨ی پەیماننامەی ڕۆمای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC)، هێرشی بەقەست دژ بە دانیشتووانی مەدەنی، ئامانجگرتنی باڵەخانەکانی خوێندن یان تەندروستی لە کاتی بەهرەمەندبوون لە پاراستنی مرۆیی، ئەنجامدانی هێرشی نادروست و هاوسەنگ، و تێکدانی بەربڵاوی مڵک و ماڵی مەدەنی بەبێ پێویستی سەربازی، لە ژێر بارودۆخی دیاریکراودا دەتوانن وەک تاوانەکانی جەنگ ئەژمار بکرێن. بەڵام سەلماندنی ئەم تۆمەتانە پێویستی بە چەسپاندنی ڕەگەزە یاسایی و واقیعییەکانی هەر دۆسیەیەک لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی باوەڕپێکراو و دادگاییکردنی دادپەروەرانە هەیە.
هاوکات، گرووپێک لە مامۆستایان و توێژەرانی یاسای نێودەوڵەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکان هۆشدارییان داوە لەسەر شوێنەوارە یاسایی و مرۆییەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە ئێران و پێویستی پابەندبوونی تەواو بە مەنشوری نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی. ئەم هەڵوێستانە ڕەنگدانەوەی ئەو نیگەرانییانەیە کە لە بەشێک لە کۆمەڵگەی یاساییدا سەبارەت بە پاراستنی مەدەنییەکان و سنوورە یاساییەکانی بەکارهێنانی هێز خراونەتە ڕوو.
لە لایەکی دیکەوە، پەسەندکردنی گەڵاڵەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی جەنگی سەرۆک کۆمار، نیشاندەری بوونی باس و جیاوازیی ڕاو بۆچوونی ناوخۆییە سەبارەت بە چۆنیەتی چوونە ناو یان بەردەوامبوونی ململانێی سەربازی. بەڵام ئەم جۆرە هەنگاوە یاسادانانە بە تەنها بە بەڵگەی ڕوودان یان سەلماندنی تاوانەکانی جەنگ دانانرێت و نابێت جێگەی پرۆسە یاسایی و دادوەرییە سەربەخۆکان بگرێتەوە.
لە ئەگەری سەلماندنی پێشێلکاری جدی یاسا ناچارکەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی، دەوڵەتەکان ڕەنگە ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی ببنەوە لەوانە پابەندبوون بە لێکۆڵینەوەی کاریگەر، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوە. هەروەها لە هەندێک سیستمی یاساییدا، پرەنسیپی دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر (Universal Jurisdiction) ئەم دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە تاوانبارانی ئەگەریی هەندێک تاوانی نێودەوڵەتی، بێ گوێدانە شوێنی ڕوودانی تاوانەکە یان ڕەگەزنامەی ئەوان، ڕاوەدوو بنرێن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بنەمای سەرەکی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەخوازێت کە هەر جۆرە نیسبەتانی بەرپرسیارێتی تاوانکاری یان نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی پیشەیی، سەربەخۆ و بەڵگەی باوەڕپێکراو بێت نەک تەنها لەسەر بنەمای ادعای میدیایی یان هەڵوێستی سیاسی لایەنە ناکۆکەکان. ئەزموونی ململانێ چەکدارییەکان لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان نیشانی داوە کە ڕاستی، زۆرجار لە یەکەم قوربانیانی جەنگە و گەیشتن بە گێڕانەوەیەکی وردی ڕووداوەکان پێویستی بە بەدواداچوونی پسپۆڕانە و بێلایەنانە هەیە.
لە کۆتاییدا، یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لەسەر بنەمایەکی جیهانی بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەتی مەدەنییەکان دامەزراوە. بەهای یاسایی و مرۆیی ژیانی تاکەکان نابێت بە ڕەگەزنامە، ئاین، نەتەوە یان شوێنی نیشتەجێبوونی ئەوان بسەنگرێت. پابەندبوونی یەکسان بەم پرەنسیپە، بێ گوێدانە ناسنامەی ئەنجامدەران و قوربانییەکان، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی متمانەی سیستمی نێودەوڵەتی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە دەربازبوون لە سزا لە هەمبەر پێشێلکارییە جدییەکانی یاسای مرۆیی.





