پێشنیاری سەرنوسەرڕاپۆرت

دەوڵەتسازی، مافی مرۆڤ و پرسی نەزمی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ لێکۆڵینەوەیەک لە ئەزموونەکانی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی کوردستان و باکووری سووریا

شیکردنەوەی ڕەهەندە یاسایی و سیاسییەکانی پرسی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی کوردستان و باکووری سووریا؛ بۆچی دابەشکردنی دەسەڵات بێ دامەزراوەسازیی مۆدێرن و سەروەریی یاسا، تەنیا دەبێتە هۆی دابەشکردنی لرزۆکی و ناجێگیری؟

لە ئەدەبیاتی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، فیدراڵیزم بەزۆری وەک چارەسەرێک بۆ بەڕێوەبردنی هەمەجۆریی نەتەوەیی، زمانەوانی و ئایینی دەخرێتەڕوو. لە عێراقی دوای ڕووخانی سەدامەوە تا ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لە ناوەڕاستی شەڕی ناوخۆیدا، چەندین جار ئەم تێڕوانینە دروست بووە کە گواستنەوەی بەشێک لە دەسەڵات لە ناوەندەوە بۆ پەراوێز دەتوانێت هەم وەڵامی داواکارییەکانی ناسنامە بداتەوە و هەم سەقامگیریی سیاسی بەرهەم بهێنێت. بەڵام دوو ئەزموونی گرنگی دوو دەیەی ڕابردوو، واتە هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا، پرسیارێکی جدییان خستووەتە بەردەم ئەم گریمانەیە: ئایا کێشەکە بەڕاستی کەمیی فیدراڵیزم بووە یان نەبوونی دەوڵەتسازیی مۆدێرن؟

هەرێمی کوردستانی عێراق بڕیار بوو سەرکەوتووترین نموونەی فیدراڵیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت. ناوچەیەک کە خاوەنی پەرلەمان، حکومەت، هێزە ئەمنییەکان، سیاسەتی دەرەوەی نافەرمی، داهاتی نەوت و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بێت. بەڵام دوای زیاتر لە دوو دەیە، واقیعی ئێستا جیاوازییەکی بەرچاو و قووڵی لەگەڵ بەڵێنی سەرەتاییدا هەیە.

ئابووریی هەرێم هێشتا بەستراوەتەوە بە یەک سەرچاوەی داهات، کە ئەویش نەوتە. هەناردەکردنی ئەم نەوتەش نەک لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هەولێردایە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و ڕێڕەوەکانی گواستنەوە لە خاکی تورکیاوە. لە بواری ئەمنیدا، هەرێم نەیتوانیوە قۆرخی ڕەوای توندوتیژی بخاتە دەستی حکومەتی هەرێمییەوە و پێکهاتە ئەمنییەکان هێشتا تا ڕادەیەکی زۆر پاشکۆی دابەشکارییە حزبییەکانن. لە بواری سیاسەتیشدا، ململانێی نێوان پارتی (KDP) و یەکێتی (PUK) بە کردەوە جۆرێک لە دووانەیی دەسەڵاتی دروست کردووە کە لە زۆر حاڵەتدا زیاتر لە کۆنفیدراڵیزمێکی حزبی دەچێت نەک یەکەیەکی سیاسیی یەکگرتوو.

ڕەنگە گرنگترین پرسیار ئەمە بێت: ئەگەر بڕیار بوو فیدراڵیزم پرسی حوکمرانی چارەسەر بکات، بۆچی دوای دوو دەیە هێشتا هەولێر و سلێمانی لە زۆربەی بابەتە بنەڕەتییەکاندا، لەوانە ئەمنی، ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و تەنانەت بەڕێوەبردنی کارگێڕی، خاوەنی ڕوانگە و ستراتیژی جیاوازن؟

ئەزموونی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لەم ڕوانگەیەوە تەنانەت ڕادیکاڵترە. پڕۆژەیەک کە لە ساڵانی یەکەمی شەڕی ناوخۆدا بە چەمکگەلێکی وەک دیموکراسیی ناوخۆیی، خۆبەڕێوەبەری و بەشداریی کۆمەڵایەتی ناسێندرا، بەڵام لە کردەوەدا بە توندی بەستراوەی هاوسەنگییە سەربازییەکانی ناوچەکە مایەوە. مانەوەی ئەو پێکهاتەیە نەک لەسەر بنەمای دامەزراوە جێگیرە نیشتمانییەکان، بەڵکو لەسەر بنەمای ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا، لاوازیی حکومەتی ناوەندیی سووریا، هەڕەشەی داعش و ڕەچاوکردنی ئەمنیی ئەکتەرە دەرەکییەکان شێوەی گرت.

ئەم پاشکۆیەتی و بەستراوەیییە واقیعێکی گرنگی دەرخست: هەر کاتێک مانەوەی پێکهاتەیەکی سیاسی زیاتر لە توانای ناوخۆیی، بەستراوەی ئیرادەی هێزە دەرەکییەکان بێت، ئەو پێکهاتەیە زیاتر لەوەی یەکەیەکی خۆبەڕێوەبەری ڕاستەقینە بێت، دەبێتە ناوچەیەکی حایل لە ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکاندا.

لە ڕاستیدا، هەم هەرێمی کوردستانی عێراق و هەم ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لەگەڵ دژبەیەکییەکی بنەڕەتیدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە. بڕیار بوو هەردوولا هێمای ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری بن، بەڵام مانەوەی هەردوولایان بەستراوە بە گۆڕاوگەلێک بوو کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا نەبوو. یەکێکیان بە هاوکێشەی بەغدا، ئەنقەرە، تاران و واشنتۆنەوە گرێ درا و ئەوی دیکەیان بە بڕیارەکانی واشنتۆن، دیمەشق، مۆسکۆ و ئەنقەرە.

ئەم بابەتە ئێمە دەگەیەنێتە پرسیارێکی گەورەتر؛ ئایا کێشەکە لە فیدراڵیزم خۆیەتی یان لەو بارودۆخە مێژووییەی کە فیدراڵیزمی تێدا جێبەجێ دەکرێت؟

لایەنگرانی فیدراڵیزم بەزۆری ئاماژە بە نموونەکانی وەک ئەڵمانیا، سویسرا، کەنەدا یان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن. بەڵام ئەوەی زۆرجار پشتگوێ دەخرێت، جیاوازیی بنەڕەتیی ڕێڕەوی پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێرنە لەم وڵاتانەدا لە چاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاواییدا، دەوڵەت و نەتەوە لە پرۆسەیەکی تا ڕادەیەک ناوخۆیی و مێژووییدا گەشەیان کردووە. دامەزراوە سیاسییەکان، سیستمی یاسایی، حیزبەکان، میدیاکان و ناسنامەی نیشتمانی لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا پێگەیشتن و پاشان مۆدێلە جیاجیاکانی نامەرکەزییەت لەسەر ئەم بنەمایە جێگیر کران.

بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆخەکە جیاواز بوو. بەشێکی گەورە لە دەوڵەتە مۆدێرنەکانی ناوچەکە پێش تەواوبوونی پرۆسەی نەتەوەسازی و لە چوارچێوەی ململانێ کۆلۆنیالیستییەکانی سەدەی بیستەمدا پێکهاتن. سنوورەکان کێشران، دەوڵەتەکان دامەزران و پاشان پڕۆژەی نەتەوەسازی دەستی پێکرد. بە دەربڕینێکی دیکە، لە زۆر حاڵەتدا دەوڵەت پێش نەتەوە کەوت.

دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە ئەوە بوو کە دەوڵەتەکانی ناوچەکە زۆرجار نەیانتوانی بگەنە ئاستێک لە یەکگرتوویی دامەزراوەیی کە بتوانن جۆرە پێشکەوتووەکانی دابەشکردنی دەسەڵات بەڕێوە ببەن. لەم جۆرە بارودۆخەدا، نامەرکەزییەتی سیاسی زۆرجار لەجیاتی ئەوەی ببێتە هۆی گەشەکردنی دامەزراوە ناوخۆیییەکان، بووەتە هۆی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی تۆڕە خێڵەکی، بنەماڵەیی، حزبی و بەستراوەیییە دەرەکییەکان.

لەەم ڕوانگەیەوە، قەیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ناتوانرێت تەنها بە قەیرانی فیدراڵیزم دابنرێت. کێشەکە ئەوەیە کە دوای ساڵانێک لە خۆبەڕێوەبەری، هێشتا ئابووری بەستراوەتەوە بە نەوتەوە، دامەزراوە گشتییەکان لەژێر سێبەری حیزبەکاندان، میدیاکان بە توندی جەمسەربەندن و ململانێ بنەماڵەیی و حزبییەکان سێبەری بەسەر بەشێکی گرنگی پێکهاتەی دەسەڵاتدا کێشاوە.

ناوچە کوردنشینەکانی سووریاش، سەرەڕای جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکان، لە کۆتاییدا لەگەڵ کێشەیەکی هاوشێوە ڕووبەڕوو بوونەوە. پێکهاتەیەک کە بڕیار بوو ببێتە جێگرەوەیەک بۆ دەوڵەتی ناوەندی، نەیتوانی خۆی لە بەستراوەیی ئەمنی و جیۆپۆلەتیکی ڕزگار بکات و لە ئەنجامدا لە بەرامبەر گۆڕانی هاوسەنگییە ناوچەیییەکاندا بە لرزۆکی و زیانپێکەوتوویی مایەوە.

بۆیە ڕەنگە گرنگترین دەرس لەم دوو ئەزموونە ئەوە بێت کە کێشەی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە مەرکەزییەتە و نە فیدراڵیزم؛ بەڵکو نەبوونی دەوڵەتی مۆدێرنە.

دەوڵەتی مۆدێرن تەنها بە واتای بوونی سوپا و بیرۆکراسی نییە، بەڵکو بە واتای بوونی دامەزراوەگەلێکە کە بتوانن دەسەڵات سنووردار، وەڵامگۆ و شیاوی پێشبینیکردن بکەن. حیزبی ڕەسەن و هەڵقوڵاو لە ناو جەرگەی کۆمەڵگە، میدیای ئازاد، سیستمی دادوەریی سەربەخۆ، شەفافییەتی دارایی، سەروەریی یاسا، ئاڵوگۆڕی نوخبەکان، بەرپرسیارێتیی هاووڵاتیان و جیاکردنەوەی بەرژەوەندییە گشتییەکان لە بەرژەوەندییە گرووپییەکان، توخمە سەرەکییەکانی ئەم نەزمە سیاسییەن.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لەوەی پێویستی بە دەوڵەتی لاوازتر هەبێت، پێویستی بە دەوڵەتی کارامەتر هەیە؛ دەوڵەتگەلێک کە بتوانن هاوکات دەسەڵات و وەڵامگۆیی پێکەوە کۆبکەنەوە. چڕبوونەوەی سیاسی بێ چاودێریی گشتی دەبێتە هۆی ستەمکاری، و فیدراڵیزم بێ دامەزراوەی مۆدێرن دەبێتە هۆی شێوازی میرنشینی و دەرەبەگایەتیی نوێ (ملوک‌الطوایفی).

ڕەنگە گەورەترین هەڵەی هزری لە ناوچەکەدا ئەوە بێت کە وا بیربکەینەوە بە گۆڕینی نەخشەی دەسەڵات، کێشەی دەسەڵات چارەسەر دەبێت. ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچە کوردنشینەکانی سووریا نیشانی دا کە دابەشکردنی دەسەڵات بێ دامەزراوەسازی، تەنها دابەشکردنی لرزۆکی و ناسکییە. ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خولی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان ڕزگار دەکات، نە پارچەپارچەکردنی زیاتری دەسەڵاتە و نە مەرکەزییەتی ڕەها، بەڵکو دروستکردنی دەوڵەتگەلێکە کە بتوانن فرەیی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسا، بەشداریی سیاسی و دامەزراوە سەقامگیرەکاندا بەڕێوە ببەن.

تا ئەو کاتەی ئەم قۆناغە تێنەپەڕێت، هەر پڕۆژەیەکی خۆبەڕێوەبەری، فیدراڵیزم یان نامەرکەزییەت، لەژێر مەترسیی ئەوەدایە ببێتە ئامرازێک بۆ ململانێی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان؛ هەمان ئەو چارەنووسەی کە هەرێمی کوردستانی عێراق و پڕۆژەی کوردی لە سووریا هەر یەکەیان بە شێوازێکی جیاواز ئەزموونیان کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی دەوڵەتسازی لە سەدەی بیست و یەکەمدا ناتوانرێت تەنها کورت بکرێتەوە بۆ بابەتی چڕکردنەوە یان دابەشکردنی دەسەڵات. ئەزموونی جیهانی نیشانی دەدات کە دەوڵەتی مۆدێرن تەنها ئەو کاتە شەرعییەتی بەردەوام بەدەست دەهێنێت کە لە پاڵ کارامەییدا، پابەندی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ بێت.

یەکێک لە هەڵە باوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە کە هەر کاتێک شکستهێنانی پڕۆژەکانی خۆبەڕێوەبەری یان فیدراڵیزم دەردەکەوێت، هەندێک کەس چارەسەرەکە لە چڕکردنەوەی زیاتری دەسەڵاتدا دەگەڕێن. بەڵام ئەزموونی مێژوویی ناوچەکە نیشانی داوە کە چڕکردنەوەی دەسەڵات بێ سەروەریی یاسا، بێ ئازادیی میدیاکان، بێ گەرەنتیی مافەکانی هاووڵاتیبوون و بێ میکانیزمەکانی وەڵامگۆیی، نابێتە هۆی دەوڵەتی مۆدێرن بەڵکو دەبێتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ستەمکاری و خۆسەپێنی.

لەم سۆنگەیەوە، کێشەی سەرەکی نە مەرکەزییەتە و نە فیدراڵیزم. کێشەی سەرەکی، جۆری و کوالیتیی حوکمڕانییە. دەوڵەتێک کە نەتوانێت ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیانی مسۆگەر بکات، دانی پێدا نەنێت بە مافی کەمینەکاندا، دەرفەتی بەشداریی سیاسیی ئاشتیانە فەراهەم نەکات و لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا وەڵامگۆ نەبێت، تەنانەت ئەگەر خاوەنی بەرزترین ئاستی مەرکەزییەتی کارگێڕیش بێت، لە کۆتاییدا لەگەڵ قەیرانی شەرعییەتدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

لەەم ڕوانگەیەوە، پارادایمی مافی مرۆڤ تەنها بابەتێکی ئەخلاقی یان ئایدیاڵیستی نییە؛ بەڵکو یەکێکە لە پێش‌مەرجەکانی سەقامگیریی سیاسی. ئەو کۆمەڵگەیانەی کە تێیاندا مافە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکان دانیان پێدا دەنرێت، میدیا سەربەخۆکان چالاکی دەکەن، حیزبە سیاسییەکان لە ناخی کۆمەڵگەوە سەر هەڵدەدەن و هاووڵاتیان دەرفەتی بەشداریکردنیان لە بڕیارە گشتییەکاندا هەیە، کەمتر ڕووبەڕوو لێکترازانە توندوتیژەکان و قەیرانەکانی ناسنامە دەبنەوە.

ڕەنگە گرنگترین دەرس لە ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچە کوردنشینەکانی سووریا هەر ئەمە بێت. کێشەی سەرەکیی ئەم دوو ئەزموونە تەنها کەمیی دەسەڵاتەکان یان ناتەواویی پێکهاتەکانی خۆبەڕێوەبەری نەبوو؛ بەڵکو سنوورداربوون بوو لە پرۆسەی دامەزراوەسازیی مۆدێرندا. هیچ شێوازێک لە دابەشکردنی دەسەڵات، چ مەرکەزی و چ فیدراڵی، بێ سەروەریی یاسا، شەفافییەت، وەڵامگۆیی، ئازادیی میدیا، سەربەخۆیی دامەزراوە مەدەنییەکان و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ ناتوانێت ببێتە هۆی سەقامگیریی بەردەوام.

لە ئەنجامدا، داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە لە چڕکردنەوەی ڕەهای دەسەڵاتدایە و نە لە زۆربوونی یەکە خۆبەڕێوەبەرەکان. داهاتووی ناوچەکە لە دروستکردنی دەوڵەتگەلێکدایە کە بتوانن هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و ئازادیدا، لە نێوان یەکێتیی سیاسی و فرەیی کۆمەڵایەتیدا، و لە نێوان کارامەیی حوکمڕانی و مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیاندا دروست بکەن. تەنها لەم جۆرە چوارچێوەیەدایە کە هەمەجۆریی نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری نابێتە سەرچاوەی قەیران، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button