نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی مەجمعی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسی کەمینەکان بڕیارە لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ لە کۆشکی نەتەوەکان لە ژنێڤ بەڕێوەبچێت. تەوەری سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە «پێشخستنی مافی کەمینەکان لە ڕێگەی دەستپێشخەری و هاوکارییە هەرێمییەکان» ڕاگەیەندراوە؛ بابەتی کە جەخت لەسەر گرنگی سازوکارە هەرێمییەکان، بەشداری کاریگەری کەمینەکان و بەهێزکردنی وەڵامدانەوە لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی کەمینەکان دەکاتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەی چەمکیی کۆبوونەوەکە، یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکان لە بواری پاراستنی کەمینەکاندا، بۆشایی نێوان پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی کردەییان لە ناوچە جیاوازەکاندا. تەنانەت لەو ناوچانەی کە چوارچێوەی هەرێمیی مافی مرۆڤیش بوونی هەیە، جیاوازی لە مەودا و دەسەڵاتی ئەم سازوکارانە، سنوورداربوونی دەستگەیشتن بە دادپەروەری و کۆسپە بەڕێوەبەرییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی کە کەمینەکان لە ئاستێکی یەکسانی پاراستندا نەبن.
کۆبوونەوەکە کار لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دەکات. یەکەم، تاوتوێکردنی چوارچێوە و سازوکارە هەرێمییەکان بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان و دەستنیشانکردنی ڕێگەکانی بەهێزکردن یان دروستکردنی ئەم جۆرە ئالیکارەییانەیە. تەوەری دووەم تەرخانکراوە بۆ بەشداری کاریگەری کەمینەکان لە بڕیارە هەرێمییەکاندا و سەرنج دەخاتە سەر ئاستەنگەکانی وەک سنوورداریی سەرچاوەکان، زمان، پێگەی یاسایی و کۆسپە سیاسییەکان. تەوەری سێیەمیش تەرخانکراوە بۆ جێبەجێکردنی مافی کەمینەکان لە ڕێگەی چاودێری، داوای یاسایی و سازوکارەکانی وەڵامدانەوە.
گرنگی ئەم ڕوانگەیە بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ڕووبەڕووی سنوورداری لە دەستگەیشتن بە سازوکارە کاریگەرە هەرێمییەکان بوونەتەوە، بەرچاوە. بەڵگەنامەی کۆبوونەوەکە ڕوونی دەکاتەوە کە لەو ناوچانەی سازوکاری فەرمی هەرێمی بۆ مافی کەمینەکان بوونی نییە، کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ شێوەگرتنی سازوکارەکانی داهاتوو. کۆکردنەوە و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان، چاودێری مافی مرۆڤ، داخوازیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی تۆڕە مەدەنییەکان لەو ئامرازانەن کە لەم چوارچێوەیەدا سەرنجیان دراوەتێ.
لە لایەکی ترەوە، ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا جەخت لەسەر پاراستنی کەمینەکان وەک گرووپی پێویست بە پشتیوانی ناکاتەوە، بەڵکو ئەوان بە «خاوەن ماف و ئەکتەری چالاک» لە پڕۆسەکانی مافی مرۆڤدا دەزانێت. لەسەر ئەم بنەمایە، بەشداری ڕاستەوخۆی نوێنەرانی کەمینەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دارشتنی ئەجێنداکانی مافی مرۆڤدا، یەکێک لە تەوەرە بنەڕەتییەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت.
بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی کوردیش ئەم چوارچێوەیە دەتوانێت گرنگییەکی تایبەتی هەبێت. خستنەڕووی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی خەڵکی کورد لە هەڵوێستێکی وەهادا، ئەو کاتە زۆرتریین کاریگەری دەبێت کە لە ئاستی دەربڕینی گشتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ تێپەڕێت و بگاتە پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکان، ئەزموونە سەلمێنراوەکان، ئاستەنگەکانی دەستگەیشتن بە دادپەروەری و پێشنیاری ڕوون بۆ بەهێزکردنی سازوکارەکانی وەڵامدانەوە.
لە کۆتاییدا، دەرئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا لە گفتوگۆ دوو ڕۆژەکەی ژنێڤدا کورتبووەوە نابێتەوە. بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکە، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی کەمینەکان ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەکە لە ڕاپۆرتێکدا پێشکەشی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ دەکات. لەبەر ئەوە، بەشداری کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی کەمینەکان دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ گواستنەوەی کێشە دەستنیشانکراوەکانی کۆمەڵگە جیاوازەکان بۆ پڕۆسە فەرمییەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و یارمەتیدان لە شێوەگرتنی ڕاسپاردە سیاسییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.





