بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی فەرمیی باڵی سەربازیی چەکدارانی پژاک ناسراو بە یەرەکە سەبارەت بە کوژرانی کەسێک بە ناوی «ئومێد وەشکلانی» لە مەریوان، جارێکی تر نیگەرانییەکانی لەسەر بەردەوامیی توندوتیژیی دەرەوەی یاسا و نەبوونی لێپرسینەوە لە نێوان هەندێک گرووپی چەکداری چالاک لە ناوچە کوردییەکاندا زیاد کردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن میدیایەکی نزیک لە پژاک بڵاوکراوەتەوە، دەقی تەواوی بەیاننامەکەی یەرەکە سەبارەت بەم ڕووداوە هاتووە. لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە ڕێکەوتی ٢٢ی مەیی ٢٠٢٦ لە گوندی تۆسوورانی مەریوان، «ئومێد وەشکلانی» لەلایەن هێزە خۆجێیی و خۆڕاگرەکانی ئەم گرووپەوە «سزا» دراوە.
خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لەم بەیاننامەیەدا نەک تەنیا بەرپرسیارێتیی ئەم کارە گرتووەتە ئەستۆ, بەڵکوو بە ڕوونی ڕێز و پێزانین ئاراستەی ئەو هێزانەش کراوە کە دەستیان لەم کارەدا هەبووە. یەرەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە هەندێک گرووپی تر ویستوویانە بەرپرسیارێتیی ئەم کارە بخەنە ئەستۆی خۆیان، بەڵام لە کۆتاییدا دەرکەوتووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن هێزەکانی سەر بە خودی ئەم گرووپەوە ئەنجام دراوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا، ئومێد وەشکلانی بە هاوکاریی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، چالاکی لە بواری ماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی، هەڕەشەکردن لە دژبەران و کارکردن دژی «بەهاکانی گەل» تۆمەتبار کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ بەڵگەیەک، پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، حوکمی دادگا یاخود سەرچاوەیەکی یاسایی بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتانە نەخراوەتە ڕوو.
لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، ئەم خاڵە بایەخی بنەڕەتیی هەیە. تەنانەت ئەگەر قورسترین تۆمەتیش ئاراستەی کەسێک بکرێت، هیچ گرووپێکی سیاسی یان سەربازی مافی ئەوەی نییە هاوكات ڕۆڵی لێکۆڵەر، داواکاری گشتی، دادوەر و جێبەجێکاری حوکمەکە بگێڕێت. زەوتکردنی مافی ژیان بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و لە دەرەوەی پڕۆسەی یاسایی، نموونەی ڕوونی لەسێدارەدان یان کوشتنی دەرەوەی یاسایە.
لە ئەدەبیاتی ئەم بەیاننامەیەدا، وشەی “سزا” خراوەتە جێگەی پڕۆسەی دادوەری. ئەمە لە کاتێکدایە کە دیاریکردنی تاوان و سزا لە چوارچێوەی یاساییدا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، مافی بەرگری, ئەگەری تانەدان و ڕەچاوکردنی پرەنسیپەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە هەیە. بەکارهێنانی چەمکگەلێکی وەک “خائین”، “کۆنترا”، “کەرەستەی دوژمن” یان “هاوکاری ڕژێم” ناتوانێت جێگەی ئەم پرەنسیپانە بگرێتەوە.
زاراوەی “کۆنترا” لە ئەدەبیاتی هەندێک گرووپی چەکداری کورددا تەنیا پێناسەیەکی سیاسی نییە. ئەم وشەیە لە درێژەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بۆ مۆرککردنی ئەو کەسانە بەکار هاتووە کە تۆمەتبار کراون بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتەکان یان دەزگا ئەمنییەکان. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئەم جۆرە مۆرکانە نەک لە پڕۆسەیەکی ڕوونی دادوەریدا، بەڵکوو لە چوارچێوەی بڕیارە ناوخۆییەکانی ڕێکخراوەکەدا دەخرێنە ڕوو؛ دۆخێک کە مەترسیی ڕەواییدان بە سڕینەوەی فیزیکیی کەسەکان زیاد دەکات.
بەشێکی تری ئەم بەیاننامەیەش نیگەرانیی جددیتر دروست دەکات. یەرەکە لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنێت ئەو کەسانەی هاوکاریی کۆماری ئیسلامی بکەن و دەستیان بە خوێنی هێزەکانی ئەم گرووپە سوور بێت، دەبنە ئامانجی هێزەکانیان. ئەم دەربڕینە لە کردەوەدا جۆرێک لە هەڕەشەی گشتی ئەژمار دەکرێت؛ چونکە پێناسەیەکی ڕوون بۆ چەمکی “هاوکاری” نەدراوە و دەستنیشانکردنیشی بە سەرچاوەیەکی سەربەخۆ نەسپێردراوە.
«ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران» (IKHRW) لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕاپۆرتە جیاجیاکانیدا هۆشداریی داوە لەسەر پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی تاک لە ناو هەندێک گرووپی چەکداری کورددا. ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەسەر بەکارهێنانی منداڵان لە پێکهاتە چەکدارییهکاندا، مردنە تەمومژاوییەکان لە ناو کەمپە سەربازییەکاندا، بێسەروشوێنبوونی ئەندامان، بێبەشکردنی بنەماڵەکان لە زانیاری لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی هەندێک لە چەکدارەکان بۆ ناو ژیانی ئاسایی، هەموویان جەختیان لەسەر کێشەیەکی هاوبەش کردووەتەوە: نەبوونی سازوکارێکی ڕوون و سەربەخۆ بۆ لێپرسینەوە.
لە هەندێک لەو دۆسیانەی کە پێشتر لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێرانەوە بەدۆکۆمێنت کراون، بنەماڵەکان ساڵانێکە لە گەڕاندان بەدوای ڕاستی لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان بەڵام چاوەڕوانی وەڵامێکی ڕوونن. لە دۆخێکی ئاوادا، قبووڵکردنی ئاشکرای بەرپرسیارێتیی کوشتنی کەسێک و ستایشکردنی ئەنجامدەرانی، پرسیاری جددیتر لەسەر ڕوانینی ئەم پێکهاتانە بۆ مافی ژیان و پرەنسیپی لێپرسینەوە دروست دەکات.
خاڵێکی تری شایانی تێڕامان، ڕۆڵی ئەو کەسانەیە کە لە وڵاتانی ئەورووپاییدا دەژین و چالاکی دەکەن بەڵام هاوکات لە فەزای میدیاییدا بەرگری لە توندوتیژی و سڕینەوەی فیزیکیی مرۆڤەکان دەکەن. ڕزگار ڕۆشنی کە ئەم بەیاننامەیەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی Xدا بڵاوکردووەتەوە، خۆی وەک ئەندامی پژاک دەناسێنێت و بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی سەر هەژمارەکەی، لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە.
ئەم بابەتە پرسیاری گرنگ دەخاتە بەردەم دامەزراوە مەدەنی، میدیایی و مافناسییەکانی ئەورووپا. وڵاتانی ئەورووپا هەمیشە خۆیان وەک داکۆکیکاری سەروەریی یاسا، مافی ژیان، دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سیاسی ناساندووە. لە دۆخێکی ئاوادا، پشتگیریی پڕوپاگەندەیی یان ڕەواییدان بە کارێک کە لە دەرەوەی هەر پڕۆسەیەکی دادوەری ببێتە هۆی کوژرانی مرۆڤەکان، لەگەڵ ئەو بەهایانەی کە ئەم وڵاتانە بانگەشەی دەکەن، لە دژایەتییەکی تەواودایە.
نیگەرانیی سەرەکی ئەوەیە کە هەندێک چالاکوان و لایەنگری گرووپە چەکدارەکان سود لە ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکانی ئەورووپا وەردەگرن، بەڵام هاوکات پشتگیری لە ئەدەبیاتێک دەکەن کە تێیدا کوشتن، سڕینەوەی فیزیکی و هەڕەشەکردن لە دژبەران وەک ئامرازێکی ڕەوا دەناسرێت. بەردەوامیی ئەم جۆرە ڕوانینە دەتوانێت پێگەی وتاری مافەکانی مرۆڤ لاواز بکات و ئەم پرسیارە دروست بکات کە ئایا پێویستە ستانداردەکانی مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا لەسەر هەموو ئەکتەرەکان، چ دەوڵەتان و چ گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان، بە یەک شێوە جێبەجێ بکرێت یاخود نا.
ئەوەی لە بەیاننامەی ئەم دواییەی یەرەکەدا دەبینرێت، تەنیا ڕاگەیاندنی بەرپرسیارێتیی کارێکی چەکداری نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ڕەواییدان بە سڕینەوەی فیزیکیی کەسێک لەسەر بنەمای تۆمەتگەلێک کە هیچ کات لە پڕۆسەیەکی سەربەخۆی دادوەریدا لێکۆڵینەوەیان بۆ نەکراوە. مەترسیی سەرەکیی ئەم جۆرە ڕوانینە ئەوەیە کە سنووری نێوان دادپەروەری و تۆڵەسەندنەوە، و نێوان لێپرسینەوە و توندوتیژیی سیاسی لەناو دەبات.
گرووپانەی خۆیان وەک داکۆکیکاری ئازادی، مافی گەل و دادپەروەری دەناسێنن، ناچارن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە: ئایا مافی ژیان و پرەنسیپی دادگاییکردنی دادپەروەرانە تەنیا بۆ خۆیان داوا دەکەن یان بۆ دژبەران و تۆمەتبارانیش بە فەرمی دەناسن؟
قبووڵکردنی ئاشکرای بەرپرسیارێتیی کوشتنی کەسێک، ستایشکردنی ئەنجامدەرانی و هەڕەشەکردن لەوانی تر بە چارەنووسێکی هاوشێوە، نەک تەنیا لەگەڵ پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ ناگونجێت، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە هۆی ئاساییبوونەوەی خولێکی بەردەوام لە توندوتیژی و سڕینەوەی فیزیکی لە کۆمەڵگای کوردستاندا؛ خولێک کە قوربانییەکانی، لە کۆتاییدا، بەدەر لە هەر مەیلوڕەوتی سیاسی، خودی هاووڵاتیانی کورد دەبن.





