دوو بەیاننامە لە ماوەیەکی کورتدا، دوو کوشتن لە دوو شاری کوردنشین و ئەدەبیاتێکی هاوبەش؛ لێکۆڵینەوە لەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن میدیاکانی نزیک لە پژاکەوە بڵاوکراونەتەوە، پرسیاری نوێ لەسەر مافی ژیان، لێپرسینەوە و سنووری نێوان کردەوەی سەربازی و سڕینەوەی جەستەیی کەسەکان دەخاتە ڕوو.
کوشتنی محەممەد ئیبراهیمی لە کامێران کە بەرپرسیارێتییەکەی لە بەیاننامەیەکدا دراوەتە پاڵ گرووپێک بە ناوی «گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان» و قبووڵ کراوە، ئەگەرچی بە تەنیاش پرسیاری جدیی یاسایی و مرۆیی دروست دەکات، بەڵام لە پاڵ ڕووداوێکی تری کە تەنیا چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە مەریوان ڕووی دا، وێنەیەکی گەورەتر و نیگەرانکەرتر ئاشکرا دەکات.
لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاری ٢٠٢٦دا، باڵی سەربازیی پژاک ناسراو بە یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یـەکـە) بە شێوەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتی کوژرانی کەسێکی بە ناوی ئومێد وەشکلانی لە گوندی توسوورانی مەریوان گرتە ئەستۆ. لەو بەیاننامەیەدا، نەک هەر بەرپرسیارێتی کوشتنەکە قبووڵ کرا، بەڵکوو ڕێز و پێزانینیش ئاراستەی ئەو هێزانە کرا کە بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنەکەدا کردبوو. کەسی کوژراو تۆمەتبار کرابوو بە کۆمەڵێک تۆمەتی ئەمنی و کۆمەڵایەتی، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەکی گشتی، سەرچاوەیەکی سەربەخۆ، پرۆسەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە یان حوکمێکی دادوەری بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشانە پێشکەش نەکرا.
ئێستا لە دۆسیەی کامێرانیشدا مۆدێلێکی هاوشێوە دەبینرێت. کەسێک بە تۆمەتی ئەمنی و هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان دەناسرێندرێت، گرووپێکی چەکدار بەرپرسیارێتی کوشتنی دەگرێتە ئەستۆ و پاشان بەیاننامەیەک بڵاودەکرێتەوە کە تێیدا مردنی مرۆڤێک نەک وەک کردەوەیەک کە پێویستی بە لێپرسینەوە بێت، بەڵکوو وەک جێبەجێکردنی دادپەروەری وەسف دەکرێت. جیاوازییەکە تەنیا لە ناوی دەرکەرانی بەیاننامەکەدایە؛ لە مەریوان بەرپرسیارێتییەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن یـەکـەوە قبووڵ کرا و لە کامێران ناوێکی کەمتر ناسراو لەژێر ناونیشانی «گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان» خراوەتە ڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، توخمێکی جێگیر بوونی هەیە: جێگرتنەوەی پرۆسەی دادوەری بە بڕیاری پێکهاتەیەکی چەکدار.
بەڵام لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، تەنیا بوونی تۆمەتی ئەمنی یان تەنانەت مێژووی چالاکیی سەربازیی کەسێک، بەس نییە بۆ هەڵسەنگاندنی شەرعییەتی کردەوەیەکی کوشندە. ئەوەی گرنگیی یەکلاکەرەوەی هەیە، دۆخی کەسەکەیە لە کاتی بەئامانجگرتنیدا. ئەگەر کەسێک لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکدارانەدا بێت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار بێت لە شەڕدا، هەڵسەنگاندنی یاساییەکەی تابع بە یاسا و ڕێسای تر دەبێت. بەڵام ئەگەر کەسەکە لە دەرەوەی گۆڕەپانی شەڕ، لە ژینگەی ژیانی تایبەتی خۆی یان لە دۆخێکی نەبەردانەدا (ناجەنگی) بەئامانج بگیرێت، بابەتەکە دەکەوێتە چوارچێوەیەکی تەواو جیاوازەوە و پرسیاری جدی لەسەر بێبەشکردنی سەرەڕۆیانە لە ژیان و کوشتنی دەرەقەزایی دەوروژێنێت.
بەپێی ئەو بانگەشانەی کە لەلایەن پژاکەوە بڵاوکراونەتەوە، محەممەد ئیبراهیمی لە ڕابردوودا ڕۆڵی هەبووە لە کردەوە دژ بە هێزەکانی ئەم گرووپە. تەنانەت ئەگەر ئەم بانگەشانە ڕاستیش بن، مێژوویەکی لەم شێوەیە بە تەنیا بەس نییە بۆ شەرعییەت دان بە بێبەشکردنی لە ژیان. لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا، شەرعییەتی بەئامانجگرتنی کەسێک بەستراوەتەوە بە دۆخی ئەو لە کاتی هێرشەکەدا، نەک تەنیا بە مێژوو یان تۆمەتەکانی ڕابردووی. ئەوەی لە دۆسیەی کامێراندا گرنگییەکی تایبەت پەیدا دەکات، ئەوەیە کە کەسی ناوبراو پیاوێکی بەتەمەن بووە و بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە ماڵەکەی خۆی یان لە ژینگەیەکی مەدەنی بەئامانج گیراوە، نەک لە کاتی شەڕێکی چەکداری ئاشکرادا. لە حاڵەتی ڕاستبوونی ئەم گێڕانەوەیە، بابەتەکە لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی ئیدیعاکراو دوور دەکەوێتەوە و لە بابەتێکی پەیوەندیدار بە مافی ژیان و قەدەغەکردنی بێبەشکردنی سەرەڕۆیانە لە ژیان نزیک دەبێتەوە.
ئەم لێکچوونانە پرسیارێکی گرنگ دەخەنە ڕوو؛ ئایا لەگەڵ دوو ڕووداوی سەربەخۆ ڕووبەڕووین یان لەگەڵ مۆدێلێکی دووبارەبووەوە کە تێیدا تۆمەتبارکردن، دادگاییکردن و جێبەجێکردنی حوکمەکە هەموویان لە ناو پێکهاتە نادادوەری و لێپرسینەوەنەکراوەکاندا ئەنجام دەدرێن؟
لە یاسای نێودەوڵەتیدا، وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا باسێکی تیۆری نییە. ماددەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان مافی ژیان وەک بنەڕەتیترین مافی مرۆڤ گەرەنتی دەکات. هیچ کەس یان گرووپێک، بەبێ ڕەچاوکردنی ئامانجە سیاسی، سەربازی یان ئایدۆلۆژییەکانی خۆی، دەسەڵاتی ئەوەی نییە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ناوخۆیی یان تۆمەتی نەسەلمێندراو، بڕیار لەسەر ژیان یان مردنی مرۆڤەکان بدات. تەنانەت لە بارودۆخی شەڕی چەکداریشدا، بنەما سەرەکییەکانی یاسای مرۆیی و کەمترین ستانداردەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بەردەوام و چەسپاو دەمێننەوە.
ئەوەی نیگەرانییەکان زیاتر دەکات، تەنیا ڕوودانی ئەم کوشتنانە نییە؛ بەڵکوو هەوڵدانە بۆ شەرعییەت دان پێیان لە ڕێگەی ئەدەبیاتێکەوە کە وشەی «سزا» دەخاتە شوێنی چەمکەکانی وەک دادگاییکردن، پێداچوونەوەی دادوەری و سەلماندنی تاوان. لە هەردوو دۆسیەکەدا، بیسەر یان خوێنەر لەگەڵ ئەم پەیامە ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە گرووپێکی چەکدار نەک هەر خۆی بە شیاو دەزانێت بۆ دەستنیشانکردنی تاوان، بەڵکوو مافی جێبەجێکردنی حوکمەکەش بۆ خۆی دەپارێزێت. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە سنووری نێوان دادپەروەری و تۆڵەسەندنەوە، و لە نێوان سەروەریی یاسا و سەروەریی چەکدا تێکەڵ و لێڵ دەبێت.
لە ڕوانگەی مرۆییەوە، ئەوەی لە بەیاننامەکاندا نابینرێت، ئەو خێزانانەن کە لەگەڵ مردنی ئازیزانیاندا ڕووبەڕوو بوونەتەوە. لە ئەدەبیاتی فەرمیی گرووپە چەکدارەکاندا، زۆرجار قوربانییەکان کورت دەکرێنەوە بۆ کۆمەڵێک ناونیشانی سیاسی یان ئەمنی؛ «خائین»، «دەستی دوژمن»، «هاوکاری دەسەڵات» یان ناونیشانی هاوشێوە. بەڵام لە پشتی هەر یەکێک لەم وشانەوە، مرۆڤێک وەستاوە کە هەرگیز دەرفەتی ئەوەی پێنەدراوە لەبەردەم تۆمەتە ئاراستەکراوەکاندا بەرگری لە خۆی بکات. سڕینەوەی مافی بەرگری، لە کردەوەدا سڕینەوەی بەشێک لە کەرامەتی مرۆڤە؛ ئەو بنەمایەی کە ناووکی سەرەکیی سیستمی مافەکانی مرۆژی هاوچەرخ پێکدەهێنێت.
دۆسیەکانی مەریوان و کامێران هەروەها بابەتی لێپرسینەوەش زەق دەکەنەوە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دیدبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران (IKHRW) لە ڕاپۆرتە جیاجیاکانیدا هۆشداریی داوە لەسەر حاڵەتەکانی منداڵپێشەنگی (بەکارهێنانی منداڵ وەک سەرباز)، مردنی گوماناوی لە ئۆردوگاکانی گرووپە چەکدارەکاندا، بێسەروشوێنبوونی ئەندامان، بێبەشکردنی خێزانەکان لە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و سنووردارکردنی چوونەدەرەوەی هێزەکان لە پێکهاتە سەربازییەکان. خاڵی هاوبەشی زۆربەی ئەم دۆسیانە، نەبوونی میکانیزمێکی سەربەخۆ بووە بۆ لێکۆڵینەوە، چاودێری و لێپرسینەوە.
ئەم دوو بەیاننامەیەی دوایی تەنیا ڕاگەیاندنی بەرپرسیارێتی دوو ئۆپراسیۆن نین؛ بەڵکوو ئەم پرسیارە دەوروژێنن کە سنووری نێوان کردەوەی سەربازی لە چوارچێوەی شەڕدا و سڕینەوەی جەستەیی کەسەکان لە دەرەوەی مەیدانی جەنگ لە کوێدایە. هەرچەندە مەودای ئۆپراسیۆنێک لە دۆخی شەڕی ڕاستەوخۆ دوورتر بێت و بەرەو ئاراستەی بەئامانجگرتنی کەسەکان لە ژینگە ناجەنگییەکاندا بڕوات، پێویستیی لێپرسینەوە و پێداچوونەوەی سەربەخۆی یاسایی زیاتر دەبێت.
ئەگەر ئەم ڕەوتە بەبێ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بەردەوام بێت، مەترسیی ئاساییکردنەوەی توندوتیژیی سیاسی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا زیاتر دەبێت؛ توندوتیژییەک کە لە کۆتاییدا قوربانییەکانی نە دەوڵەتەکانن و نە ڕێکخراوەکان، بەڵکوو هاوڕێیانی مەدەنی و ئەو خێزانانە دەبن کە لە نێوان خولگەیەک لە ترس، تۆڵەسەندنەوە و نادادپەروەریدا گیریان خواردووە.
پرسیارە سەرەکییەکە هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە: ئەو گرووپانەی کە خۆیان وەک داکۆکیکاری ئازادی، دادپەروەری و مافەکانی گەل دەناسێنن، ئایا ئامادەن هەمان مافی ژیان و هەمان دادگاییکردنە دادپەروەرانەیەی کە بۆ خۆیانی داوا دەکەن، بۆ نەیاران، ڕەخنەگران و تەنانەت تۆمەتبارانیش بە فەرمی بناسن؟





