له زۆربه‌ی ڕاپۆرته‌كانی مافی مرۆڤدا، یه‌كه‌م پرسیار به‌گشتی ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌تان چی‌یان كردووه؛ ئایا ده‌ستبه‌سه‌ركردنێكی نایاسایی ڕوویداوه، ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ك ئه‌نجامدراوه یاخود مافی دادگاییكردنی دادپه‌روه‌رانه پێشێل كراوه؟ ئه‌م سه‌رنجخستنه‌سه‌ره، ڕه‌گی له‌و ڕاستییه‌دا هه‌یه كه ده‌وڵه‌تان له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای نێوده‌وڵه‌تی، به‌رپرسیارێتیی دیاریكراو و پابه‌ندكه‌ریان له هه‌مبه‌ر هاوڵاتیانی خۆیاندا هه‌یه. به‌ڵام ڕاستیی ململانێ هاوچه‌رخه‌كان نیشانی ده‌دات كه به‌شێكی به‌رچاو له پێشێلكارییه جدییه‌كانی مافی مرۆڤ، چیتر ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تاندا ڕووناده‌ن.
له زۆرێك له ململانێ ناوخۆییه‌كاندا، ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كانیش ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ژیانی هه‌زاران مرۆڤدا ده‌سه‌پێنن؛ كه‌سه‌كان ڕاده‌كێشن و چه‌كداریان ده‌كه‌ن، مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ربازییان پێده‌كه‌ن، ده‌ستبه‌سه‌ریان ده‌كه‌ن، سزای ناوخۆیی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و هه‌ندێك جار كار ده‌كه‌نه سه‌ر چاره‌نووسی مه‌ده‌نییه‌كان له‌و ناوچانه‌ی كه له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌واندایه. هه‌ر ئه‌م گۆڕانكارییه، یه‌كێك له گرینگ‌ترین پرسیاره‌كانی یاسای نێوده‌وڵه‌تیی هاوچه‌رخی خستووه‌ته به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی: ئایا گرووپێك كه توانای سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر مرۆڤه‌كاندا هه‌یه، ده‌توانێت خۆی له به‌رپرسیارێتیی ڕێزگرتن له كه‌رامه‌تی مرۆڤ ببه‌خشێت؟
وه‌ڵامی یاسای نێوده‌وڵه‌تی له ده‌یه‌كانی ڕابردوودا بۆ ئه‌م پرسیاره ڕوونتر بووه‌ته‌وه له ڕابردوو. هه‌رچه‌نده په‌یماننامه‌كانی مافی مرۆڤ زیاتر ڕوویان له ده‌وڵه‌تانه، به‌ڵام یاسای مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی، به‌تایبه‌ت ماددەی سێیەمی هاوبەشی ڕێککەوتننامەکانی ژنێڤ، كه‌مترین یاسا و ڕێسای مرۆیی بۆ هه‌موو لایه‌نه ناكۆكه‌كانی ململانێ چه‌كدارییه‌كان، له‌وانه‌ش گرووپه چه‌كداره ناده‌وڵه‌تییه‌كان، دیاریكردووه. قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌شكه‌نجه، ڕفتاری سووكایه‌تیپێكه‌ر، بارمته‌گرتن، سزادان به‌بێ دادگاییكردنی پێشوەختە و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌شداری له ململانێكاندا ناكه‌ن یان چیتر تێیدا به‌شدار نین، له ڕیزی ئه‌م یاسا و ڕێسا بنه‌ڕه‌تییانه‌ن.
ئەم گۆڕانکارییە تەنیا باسێکی یاسایی نییە؛ بەڵکو وەڵامێکە بۆ گۆڕانی سروشتی جەنگەکان. لە زۆرێک لە ململانێکانی سێ دەیەی ڕابردوودا، لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگرە تا بەشگەلێک لە ئاسیا و ئەمریکای لاتین، گرووپە چەکدارەکان بوونەتە ئەکتەرگەلێک کە لە کرداردا کۆنترۆڵ بەسەر بەشگەلێک لە کۆمەڵگەدا دەسەپێنن. لە بارودۆخێکی وەهادا، پشتگوێخستنی بەرپرسیارێتیی ئەم ئەکتەرانە، بە مانای پشتگوێخستنی بەشێکی گەورە لە قوربانیان دەبێت.
ئه‌زموونی ململانێ چه‌كدارییه‌كان نیشانی داوه كه له هه‌ر شوێنێك ده‌سه‌ڵات به‌بێ چاودێری دروست بووبێت، مه‌ترسیی پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤیش زیادی كردووه. پێکهاتە داخراو و زنجیرەپلەییەکان، کە تێیاندا گوێڕایەڵی لە فەرمان پێش هەر بەهایەکی دیکە دەخرێت، دەتوانن ببنە زەمینەساز بۆ ڕەفتارگەلێک کە لە بارودۆخی ئاسایی‌دا جێگەی قبووڵکردن نین. دەستبەسەرکردنی درێژخایەن، بێبەشکردن لە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە، سزای ناوخۆیی، گوشاری دەروونی، یاخود ڕەفتاری توندوتیژانە، هەموویان لەو بابەتانەن کە لە ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤدا سەبارەت بە هەندێک ململانێی چەکداری لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا تۆمار کراون.
له‌م نێوه‌نده‌دا، منداڵان به زیانپێكه‌وتووترین قوربانیانی جه‌نگ ده‌مێننه‌وه. وێنه‌ی منداڵێك كه له جیاتی پۆلی قوتابخانه، مه‌شقی سه‌ربازی ده‌بینێت، بێگومان له‌وه‌ی له چ جوگرافیایه‌ك یان له‌ژێر فه‌رمانی چ گرووپێكدا بێت، هێمایه‌كه بۆ شكستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له پاراستنی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی منداڵان. به‌م هۆیه‌وه، به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌وانه‌ش پرۆتۆكۆلی ئاره‌زوومه‌ندانی ڕێككه‌وتننامه‌ی مافه‌كانی منداڵان سه‌باره‌ت به به‌شداریی منداڵان له ململانێ چه‌كدارییه‌كاندا، جه‌ختیان له‌سه‌ر ڕێگری لە ڕاكێشان و به‌كارهێنانی منداڵان له جه‌نگدا كردووه‌ته‌وه. ئه‌م قه‌ده‌غه‌كردنه، بنه‌مایه‌كی جیهانشموله و شه‌رعییه‌تی هیچ ئامانجێكی سیاسی یان سه‌ربازی ناتوانێت بێكاریگه‌ری بكات.
له ساڵانی ڕابردوودا، زۆرێك له ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌وڵیان داوه خۆیان به پابه‌ند به به‌هاكانی مافی مرۆڤ بناسێنن و ئه‌ده‌بیاتی مافی مرۆڤ بۆ به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعییه‌تی سیاسی یان ڕاكێشانی پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی به‌كار بهێنن. به‌كارهێنانی ئه‌م ئه‌ده‌بیاته، به خۆیه‌وه، كارێكی ئه‌رێنییه؛ به‌ڵام متمانه‌ی ئیدیعایه‌كی له‌م شێوه‌یه ته‌نیا ئه‌و كاته هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت كه هاوڕێی ڕه‌فتاری كرداری بێت. قبووڵكردنی چاودێریی سه‌ربه‌خۆ، هاوكاری له‌گەڵ میكانیزمه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان، ده‌ستڕاگه‌یشتن به قوربانیان و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌بوون له هه‌مبه‌ر ئیدیعاكانی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ، ئه‌و پێوه‌رانه‌ن كه ده‌توانن مه‌ودای نێوان دروشم و پابه‌ندبوونی ڕاسته‌قینه نیشان بده‌ن.
مافی مرۆڤ، زیاتر له‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌یاننامه بێت، سیسته‌مێكی بنه‌ماداره له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی. به‌رپرسیارێتییه‌ك كه به ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌سه‌ڵات ده‌ست پێده‌كات، نه‌ك به ناسینی سیاسی. هه‌ر ئه‌كته‌رێك كه كار ده‌كاته سه‌ر گیان، ئازادی یان ئاسایشی مرۆڤه‌كان، ده‌بێ له هه‌مبه‌ر چۆنیه‌تیی به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌شدا وه‌ڵامده‌ر بێت.
له كۆتاییدا، گرینگیی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێ له هه‌ر ئه‌م خاڵه‌دا بپشكنرێت؛ له‌و شوێنه‌ی كه ته‌نانه‌ت له نێوه‌ندی توندوتیژیشدا ده‌كۆشێت كه‌مترین ئاست له مرۆڤایه‌تی بپارێزێت. یاسا بۆ شه‌رعییه‌تدان به جه‌نگ دانه‌نراوە، به‌ڵكو بۆ سنوورداركردنی كاریگه‌رییه‌كانی و پاراستنی كه‌رامه‌تی مرۆڤ دروست بووه. هیچ ئامانجێكی سیاسی، ئایدۆلۆژی یان مه‌به‌ستێكی سه‌ربازی ناتوانێت ئه‌شكه‌نجه، سووكایه‌تی، بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ یان بێبه‌شكردنی مرۆڤه‌كان له مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان پاساو بدات.
ئه‌گه‌ر بڕیاره مافی مرۆڤ واتای خۆی بپارێزێت، ئه‌م واتایه ئه‌و كاته ئاشكرا ده‌بێت كه پێوه‌ری بڕیاردان، نه‌ك ناسنامه‌ی سیاسی یان وابه‌سته‌یی لایه‌نه ناكۆكه‌كان، به‌ڵكو ڕه‌فتاری ئه‌وان بێت له‌گەڵ مرۆڤه‌كاندا. دادپه‌روه‌ری، پێش هه‌ر شتێك، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ما ساده‌یه دامه‌زراوه كه كه‌رامه‌تی مرۆڤ جیانامانه‌وه؛ نه به سنووره‌كان، نه بە ئاڵاکان و نە بە چەکەکان.





