ئەو منداڵەی لە جیاتی پۆلی قوتابخانە پێ دەنێتە ناو گرووپێکی چەکدارەوە، تەنیا ڕووبەڕووی مەترسییە ئەمنییەکان نابێتەوە؛ بەڵکوو پێش هەر شتێک، یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆی کە مافی خوێندنی منداڵان و دەرفەتی گەشەکردنی سروشتییە، لەدەست دەدات. لەبەر ئەم هۆکارە، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی ڕاکێشان و بەکارهێنانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ لەلایەن گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانـەوە تەنیا وەک بابەتێکی ئەمنی یان سەربازی نابینێت، بەڵکوو وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی منداڵ دەیناسێنێت؛ پێشێلکارییەک کە هاوکات کاریگەریی خراپ لەسەر خوێندن، تەندروستیی دەروونی، ژیانی خێزانی، ناسنامەی تاکەکەسی و پاشەڕۆژی منداڵەکە دادەنێت.
منداڵان و مێرمنداڵان لە قۆناغێک لە ژیانداند کە کەسایەتی، کارامەیی و ڕێڕەوی داهاتوویان تێدا سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە. تێوەگلانی ئەوان لەناو پێکهاتە چەکدارییەکاندا ئەم پرۆسە سروشتییە تێکدەدات و منداڵ لەو ژینگەیەی بۆ گەشەکردنی ئەو گونجاوە – وەک قوتابخانە، خێزان و کۆمەڵگە – دادەبڕێت. لە دۆخێکی ئاواماندا، سەیری منداڵ وەک تاکێکی لەحاڵی گەشەکردندا ناکرێت، بەڵکوو وەک هێزێکی بەکارهێنراو لە پێکهاتەیەکی سیاسی یان سەربازیدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەم گۆڕانکارییە لە ڕوانیندا، یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی منداڵ؛ چونکە کەسێک کە دەبێت بپارێزرێت، دەکرێتە ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئامانگەلێک کە لە دەرەوەی توانا و بەرپرسیارێتیی ئەودایە.
مافی خوێندن لە کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵدا وەک یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکان ناسێنراوە و دەوڵەتان پابەند کراون بەوەی دەستڕاگەیشتنی گشتیی منداڵان بە خوێندن مسۆگەر بکەن. لە پاڵ ئەوەشدا، پرۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی کۆنوانسیۆنەکە سەبارەت بە بەشداریی منداڵان لە شەڕە چەکدارییەکاندا، قەدەغەکردنی منداڵانی چەکدار و بەکارهێنانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ لەلایەن هێزە نافەرمییەکانەوە دووپات دەکاتەوە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش «ڕاکێشان و بەکارهێنانی منداڵان»ی خستووەتە ڕیزی شەش پێشێلکارییە گەورەکەی مافی منداڵان؛ چونکە ئەزموونە جیهانییەکان دەریانخستووە کە چوونی منداڵ بۆ ناو گرووپە چەکدارەکان، زۆربەی جار لەگەڵ دابڕانی لە خوێندن و بێبەشبوونی لە دەرفەتەکانی گەشەکردن هاوڕێیە.
بێبەشبوون لە خوێندن لەم حاڵەتانەدا، تەنیا بە واتای نەچوون بۆ قوتابخانە نییە. ئەو منداڵەی دەچێتە ناو گرووپێکی چەکدارەوە، ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی ڕاهێنانی سەربازی، گوشاری ڕێکخراوەیی، گۆڕینی شێوازی ژیان، دابڕان لە خێزان و قبووڵکردنی ڕۆڵگەلێک ببێتەوە کە هیچ گونجانێکیان لەگەڵ تەمەن و پێداویستییەکانی ئەودا نییە. تەنانەت ئەگەر منداڵەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆش بەشداریی شەڕ نەکات، ئامادەبوونی لەناو پێکهاتەیەکی سەربازیدا دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژی، ترس و بەرپرسیارێتییەک ببێتەوە کە لە دەرەوەی توانای دەروونیی منداڵێکە.
کاریگەرییەکانی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی گشتی دوای کۆتاییهاتنی ئامادەبوونی منداڵەکەش لەناو گرووپە چەکدارەکەدا هەر دەمێننەوە. زۆرێک لەو منداڵانەی کە ساڵانی گرنگی خوێندنی خۆیان لەدەست داوە، لە کاتی گەڕانەوەیاندا ڕووبەڕووی کێشەی وەک دواکەوتنی خوێندن، زەحمەتیی خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی قوتابخانە، کێشەی پێوەندیکردن و زیانی دەروونی دەبنەوە. کەواتە، چەکدارکردنی منداڵان تەنیا زیانێکی کورتخایەن نییە، بەڵکوو دەکرێت ڕێڕەوی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئابووریی داهاتووی بگۆڕێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ چەندین حاڵەتی ڕاکێشانی کەسانی خوار ١٨ ساڵیان لەلایەن هەندێک لە گرووپە چەکدارە کوردییەکانی ناوچەکە، لەوانە یەپەگە (YPG)، یەپەژە (YPJ)، هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) تۆمار کردووە. ئەم ڕاپۆرتانە لە پاڵ بەڵگەدارکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکاری، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هیچ ئامانجێکی سیاسی، سەربازی یان ئەمنی ناتوانێت ببێتە پاساو بۆ بەکارهێنانی منداڵان. تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە هەندێک لەو گرووپانە بەڵێنیان داوە کۆتایی بە ڕاکێشانی منداڵان بهێنن، نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا جەخت لەسەر پێویستیی چاودێری و لێپرسینەوە بەرامبەر بە هەر پێشێلکارییەک دەکاتەوە.
ئەم پێوەرە یاساییە بۆ گرووپە چەکدارە کوردییەکانی ئێرانیش هیچ جیاوازییەکی نییە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ڕاپۆرت و گێڕانەوەی جۆراوجۆر لەلایەن خێزانەکان، میدیاکان و هەندێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە سەبارەت بە ڕاکێشانی مێرمنداڵان لەلایەن گرووپەکانی وەک پژاک، حیزبی دیموکراتی کردستانی ئێران و هەندێک لە باڵەکانی کۆمەڵە بڵاو کراونەتەوە. هەرچەندە بەهۆی بڵاونەکردنەوەی کارەکانی گرووپە کوردییەکانی ئێران و سانسۆری توندی چالاکییەکانیان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هۆشیاریی خەڵک، قەبارە و مەودای بەڵگەنامەکان لەسەر ئەم گرووپانە هاوشێوەی هەندێک دۆسیەی ناوچەیی نییە، بەڵام لە ڕوانگەی مافەکانی منداڵەوە، پێوەرەکە ڕوون و ئاشکرایە: هەر کاتێک کەسێکی خوار ١٨ ساڵ لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە ڕابکێشرێت یان بەکار بهێنرێت، کۆمەڵێک لە مافەکانی دەکەونە بەر مەترسیی پێشێلکردنەوە؛ لە مافی خوێندنی منداڵانـەوە بیگرە تا مافی ئاسایش، گەشەکردن و بەهرەمەندبوون لە ژینگەیەکی گونجاوی منداڵی. داکۆکیکردن لەم منداڵانە بەشێکە لە مافی دادخواهی قوربانیان کە پێویستە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە پێداگریی لەسەر بکرێت.
بۆ ئەو منداڵ و مێرمنداڵە ئێرانیانەی کە دەکەونە ناو ئەم جۆرە پێکهاتانەوە، بابەتەکە تەنیا لەدەستدانی چەند ساڵێکی خوێندن نییە؛ بەڵکوو گۆڕینی ڕێڕەوی ژیانە لە تەمەنێکدا کە هێشتا کەسایەتی, کارامەیی و ڕوانینیان بۆ داهاتوو لە قۆناغی گەشەکردندایە. مێرمنداڵێک کە لە ژینگەی قوتابخانە و خێزان دادەبڕێت، ڕەنگە بچێتە ناو فەزایەکەوە کە تێیدا گوێڕایەڵی ڕێکخراوەیی و ڕۆڵی سەربازی لە پێش پێداویستییە تاکەکەسییەکانی منداڵەکە دادەنرێت. ئەم گۆڕینی ڕێڕەوە دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی ئەو ساڵانەی کە دەبوا بۆ فێربوون، بەدەستهێنانی کارامەیی و پێکهێنانی سەربەخۆیی فیکری تەرخان بکران، لە دۆخێکدا تێپەڕن کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تا ساڵانێکی درێژخایەن بمێننەوە.
چەکدارکردنی منداڵان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ناتوانرێت تەنیا وەک کارێکی ڕێکخراوەیی یان سەربازی سەیر بکرێت؛ چونکە قوربانیی سەرەکیی ئەم پرۆسەیە، ئەو منداڵەیە کە هێشتا توانای تەواوی نییە بۆ هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی هەڵبژاردنێکی لەو شێوەیە. بەکارهێنانی منداڵان لەم پێکهاتانەدا، سنووری نێوان سەردەمی منداڵی و داواکارییە توندوتیژەکانی جیهانی گەورەساڵان لەناو دەبات؛ منداڵێک کە دەبێت کارامەیی فێربێت، پرسیار بکات و داهاتووی خۆی بنیاد بنێت، ڕەنگە لە ژینگەیەکدا دابنرێت کە تێیدا ڕاهێنانی سەربازی و قبووڵکردنی مەترسی شوێنی فێربوون و گەشەکردن بگرێتەوە.
زیانی ئەم کارە تەنیا بەرۆکی منداڵەکە ناگرێتەوە، بەڵکوو کۆمەڵگەش کاریگەریی دەرئەنجامەکانی بەردەکەوێت. نەوەیەک کە بەشێک لە سەردەمی پەروەردە و گەشەکردنی خۆی لە ژینگەیەکی چەکداریدا بەسەر ببات، ڕەنگە لە کاتی گەڕانەوەیدا ڕووبەڕووی کێشە بێتەوە بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن، دۆزینەوەی هەلی کار، پێوەندیی کۆمەڵایەتی و خۆگونجاندن لەگەڵ ژیانی ئاساییدا. بۆیە ڕێگریکردن لە چەکدارکردنی منداڵان، تەنیا بابەتێکی ئەمنی نییە؛ بەڵکوو بەرگریکردنە لە داهاتووی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە و پاراستنی مافی منداڵان بۆ هەبوونی ژیانێکی ئاسایی.
لە ساڵانی ڕابردوودا، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە کۆتاییهاتنی دیاردەی چەکدارکردنی منداڵان تەنیا بە دوورخستنەوەیان لە گرووپە چەکدارەکان بەدی نایەت. ئەم منداڵانە پێویستییان بە گەڕانەوە بۆ ناو خێزان، دەستڕاگەیشتنەوە بە خوێندن، پاڵپشتیی دەروونی و دەرفەتی قەرەبووکردنەوەی ساڵانی لەدەستچوویان هەیە؛ چونکە قوتابخانە تەنیا شوێنی گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو یەکێکە لە گرنگترین فەزاکان بۆ سەرلەنوێ بنیادنانەوەی ناسنامە، متمانەی کۆمەڵایەتی و داهاتووی منداڵەکە.
لە کۆتاییدا، بەکارهێنانی منداڵان و مێرمنداڵان لەلایەن گرووپە چەکدارە کوردییەکانەوە دەبێت پێش هەر شتێک لە ڕوانگەی مافەکانی منداڵەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. هەر منداڵ یان مێرمنداڵێک کە لەجیاتی ئامادەبوون لە پۆلی خوێندندا دەچێتە ناو پێکهاتەیەکی چەکدارییەوە، نەک هەر لە خوێندن، بەڵکوو لە بەشێک لە سەردەمی منداڵی و ئەگەری دروستکردنی داهاتوویەکی سەربەخۆ بێبەش دەبێت. مافی خوێندنی منداڵان تەنیا کاتێک بە ڕاستی مسۆگەر دەبێت کە هیچ منداڵ یان مێرمنداڵێک، بێگوێدانە شوێنی ژیان یان بارودۆخی سیاسی، لە جیاتی قوتابخانە نەکەوێتە ناو ڕیزەکانی گرووپە چەکدارەکانەوە.
نووسەر: تاهیرە نووری





