ڕاپۆرت

لە هاوسێوە تا هێڵی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی؛ بۆچی پرۆسەی ڕزگارکردنی منداڵ هێندە درەنگ کەوتە گەڕ؟

شیکردنەوەیەکی مافەکانی مرۆڤ بۆ دۆسیەی منداڵئازاردان لە سنە لە ژێر ڕۆشنایی چەمکی "کەمتەرخەمی لە پاراستنی کاریگەر"؛ لێکۆڵینەوە لە کەلێنە پێکهاتەییەکانی سیستمی چاودێری، تەحەددییەکانی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی و پێویستیی بەڕێوەبردنی نێوان-دامەزراوەیی مەترسییەکان.

دۆسیەی دوو منداڵەکەی سنە، بەدەر لە وردەکارییە دادوەرییەکان و ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری، جارێکی تر ڕاستییەکی تاڵ و دووبارەبووەوەی هێناوەتە ناوەندی سەرنجەکان: تووندوتیژیی خێزانی دژی منداڵان نەک “ڕووداوێکی تاکەکەسی”، بەڵکو نیشانەیەکە لە درز و کەلێنە پێکهاتەییەکان لە سیستمی پاراستنی کۆمەڵایەتیدا. ئەوەی لەم دۆسیەیەدا ڕوویداوە، تەنیا ئاشکرابوونی دۆخێکی قەیراناوی لە ناو خێزانێکدا نییە؛ بەڵکو نیشاندەری کۆمەڵێک دواکەوتن، لاوازیی دامەزراوەیی و ناکارامەیی لە میکانیزمەکانی پێشگیریکردندایە، کە لە ئەدەبیاتی مافەکانی مرۆڤدا لە ژێر چەمکی “کەمتەرخەمی لە پاراستنی کاریگەر” (failure to protect) شیکردنەوەی بۆ دەکرێت.

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤەوە، دەوڵەتان نەک هەر بەرپرسیارن لە دوورکەوتنەوە لە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆیی مافەکانی منداڵان، بەڵکو پابەندبوونێکی ئەرێنییان لەسەرە بۆ پێشگیریکردن، دەستنیشانکردن و دەستێوەردانی کاتی لە بەرامبەر تووندوتیژیی خێزانیدا. ئەم پابەندبوونە لە بەڵگەنامە بنەڕەتییەکانی وەک مافنامەی نێودەوڵەتیی مافەکانی منداڵان (CRC) چەسپێنراوە و بە ڕوونی دەوڵەتان پابەند دەکات کە منداڵان لە بەرامبەر “هەموو شێوازەکانی تووندوتیژیی جەستەیی یان دەروونی” بە شێوەیەکی کاریگەر بپارێزن. کەواتە، کێشەی سەرەکی لەم جۆرە دۆسیانەدا تەنیا “ڕوودانی تووندوتیژیەکە” نییە، بەڵکو ئەوەیە کە بۆچی سیستمی پاراستن نەیتوانیوە پێش توندبوونی قەیرانەکە، دەستێوەردانێکی کاریگەر و پێشگیرانە بکات.

لە دۆسیەکەی سنەدا، ئەو گێڕانەوانەی کە لەسەر ڕۆڵی هاووڵاتیان لە ڕاپۆرتکردنی سەرەتاییدا بڵاوکراونەتەوە، جارێکی تر ئەوە نیشان دەدەن کە یەکەم ئەڵقەی دەستنیشانکردنی تووندوتیژییە شاردراوەکان، نەک پێکهاتە فەرمییەکان، بەڵکو تۆڕی کۆمەڵایەتیی نافەرمیین. ئەم بابەتە لە لایەکەوە نیشاندەری گرنگیی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و هەستیاریی گشتییە، بەڵام لە لایەکی ترەوە لاوازیی لە سیستمە فەرمییەکانی چاودێری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەخاتە ڕوو. لە سیستمە کارامەکانی پاراستنی منداڵاندا، چاوەڕوان دەکرێت کە قوتابخانەکان، بنکەکانی تەندروستی، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و دامەزراوە خۆجێییەکان، ڕۆڵێکی چالاک و سیستماتیک لە دەستنیشانکردنی نیشانەکانی مەترسیدا بگێڕن؛ نەک ئەوەی دەستێوەردان تەنیا دوای تەقینەوەی قەیرانەکە و لە ڕێگەی ڕاپۆرتی پچڕپچڕی خەڵکەوە بێت.

لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی دامەزراوە بەرپرسیارەکان لەوانەش ڕێکخراوی بەهزیستی و بەتایبەت فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی (ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی) دەبێت لە ژێر ڕۆشنایی بنەمای “دەستێوەردانی بەپەلە و کەمکردنەوەی زیانەکان” هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئەگەرچی ئەم دامەزراوەیە لە ساڵانی ڕابردوودا وەک قۆڵی سەرەکیی دەستێوەردان لە قەیرانە خێزانییەکاندا ناسراوە، بەڵام بەردەوامیی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە دواکەوتن لە بەدەمەوەچوون، سنوورداریی سەرچاوەی مرۆیی و نەبوونی ڕووماڵی پێویستی جوگرافی، پرسیاری جیدی لەسەر شیاویی پێکهاتەی جێبەجێکردنی دروست دەکات. لە ڕاستیدا، ئەگەر میکانیزمی وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکانی خەڵک یان ڕاپۆرتە دامەزراوەییەکان بە دواکەوتن یان نەخوێندنەوەی دروستی مەترسییەکان پڕ بێت، بنەمای پێشگیریکردن بە تەواوی بێبایەخ دەبێت.

لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، یەکێک لە گرنگترین ڕەخنەکان لەم بوارەدا، نەبوونی سیستمێکی یەکگرتووی “بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی منداڵئازاردان”ـە. لە زۆرێک لە سیستمە پێشکەوتووەکانی پاراستنی منداڵدا، داتاکانی پەروەردەیی، چارەسەری، دادوەری و کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی نێوان-دامەزراوەیی کۆدەکرێنەوە تا هێڵ و نەخشەکانی مەترسی لە کاتی خۆیدا دەستنیشان بکرێن. لە بەرامبەردا، بڵاوەیی دامەزراوەیی، نەبوونی بانکێکی زانیاریی هاوبەش و لاوازی لە گۆڕینەوەی زانیاری لە نێوان دەزگاکاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی نیشانە ئاگادارکەرەوەکان پێش ڕوودانی قەیرانی جیدی فەرامۆش بکرێن.

بابەتێکی تر، دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی هۆشیاریی گشتی و پەروەردەی کۆمەڵایەتی. ئەگەرچی هاوڵاتیان لە دۆسیەکەی سنەدا ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ڕاپۆرتی سەرەتاییدا گێڕا، بەڵام ئەمە نابێت ئێمە لە کەلێنێکی پێکهاتەیی گرنگ بێئاگا بکات: نەبوونی ئاشنایی پێویستی کۆمەڵگە لەگەڵ میکانیزمەکانی ڕاپۆرتکردن، نەبوونی پەروەردەی گشتی لەسەر نیشانەکانی منداڵئازاردان، و ترس یان دوودڵی لە دەستێوەردانی کۆمەڵایەتیدا. لە زۆرێک لە حاڵەتە هاوشێوەکاندا، بێدەنگیی دەوروبەر نەک لەبەر بێباکی، بەڵکو بەهۆی نەبوونی ڕێگای ڕوون، ئارام و جێی متمانە بۆ ڕاپۆرتکردن دێتە ئاراوە.

لە ڕوانگەی پابەندبوونەکانی دەوڵەتەوە، بنەمای “تەضمینکردنی پاراستنی کاریگەر” تەنیا بە دروستکردنی دامەزراوەی پاراستن سنووردار نابێت، بەڵکو دابینکردنی سەرچاوەی پێویست، ڕاهێنانی هێزی مرۆیی پسپۆڕ، دروستکردنی سیستمی چاودێریی سەربەخۆ و مسۆگەرکردنی بەرپرسیارێتیی دامەزراوەیی دەگرێتەوە. هەر جۆرە لاوازییەک لەم بوارانەدا دەکرێت لە ژێر چەمکی “کەمتەرخەمیی پێکهاتەیی” شیکردنەوەی بۆ بکرێت؛ چەمکێک کە لە ئەدەبیاتی مافەکانی مرۆڤدا بە واتای شکستی سیستماتیک دێت لە بەدیهێنانی مافە بنەڕەتییەکانی کەسانی زەرەرمەند و ناسک.

لە کۆتاییدا، دۆسیەی دوو منداڵەکەی سنە دەبێت نەک وەک دۆسیەیەکی جیاواز و تاقانە، بەڵکو وەک نیشانەیەک لە کێشەیەکی بەربڵاوتر ببینرێت: ناسکی و شڵەژاوی سیستمی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژییە شاردراوەکانی خێزانیدا. ئەگەرچی بەرپرسیارێتیی تاوانکاریی کەسانی سەرپێچیکار لە شوێنی خۆیدا دەبێت بە تەواوی و دادپەروەرانە لێکۆڵینەوەی لێبکرێت، بەڵام بەرپرسیارێتی دەوڵەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە ئاستی پێکهاتەییدا، هێشتا بابەتێکی کراوەیە و پێویستی بە وەڵامدانەوە و لێپرسینەوە هەیە.

پرسیاری سەرەکی هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە: چۆن دەتوانرێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە بکرێت، کاتێک یەکەمین نیشانەکان دەبینرێن بەڵام سیستمەکە پێش گۆڕانیان بۆ قەیران، کاردانەوەی کاریگەر نیشان نادات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێوەرێکی ڕاستەقینە دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی کارامەیی سیستمی پاراستنی منداڵان؛ نەک تەنیا لە سەر ئاستی یاساکان، بەڵکو لە مەیدانی کردەودا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button