نووسەر: عادل کەریم، توێژەر و یاساناسی کوردی عێراقی – نیشتەجێی ئەڵمانیا
تەحەددییەکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیرن، لە ساڵانی ڕابردوودا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆزەوە. ئەم ڕەوتە کاتێک ڕەهەندی جددیتری بەخۆوە گرت کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی گشتیدا باسی لە ناردنی چەک بۆ گواستنەوە بۆ ناوەوەی ئێران کرد؛ لێدوانێک کە لە کەشوهەوای سیاسیی ناوچەکەدا دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبوو و بووە هۆی ئەوەی سەرنجەکان زیاتر لە جاران بچنە سەر ڕۆڵ و پێگەی ئەم حیزبانە لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا. ئەگەرچی هەندێک لەم حیزبانە هەوڵیان دا بە ڕەتکردنەوە یان لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئەم بانگەشانە، خۆیان لە لێکەوتە سیاسی و دەروونییەکانی دوور بخەنەوە، بەڵام هاوکاتبوونی ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە حیزبە کوردییەکان بە میحوەرێتی پژاک، هەستیارییە ئەمنییەکانی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە.
پژاک و پەیوەندییەکەی لەگەڵ پەکەکە هەمیشە بابەتی گفتوگۆ و شیکاریی جیاواز بووە. بەدەر لە دروستی یان نادروستیی ئەم ڕوانگانە، ڕاستی ئەوەیە کە ئێران ئەم پێشهاتانە لە چوارچێوەی سەرنجە ئەمنییەکانی خۆیدا هەڵدەسەنگێنێت و لە ئەنجامدا، گوشارە سەربازی، ئەمنی و دیپلۆماسییەکان دژ بە حیزبە کوردییەکانی ئێرانی مستەقەر لە هەرێمی کوردستانی عێراق هاتووەتە قۆناغێکی کەمپێشینەوە.
وادیارە ئەو ڕەوتەی کە ئەمڕۆ لەبەردەم ئەم حیزبانەدایە، تا ڕادەیەک هاوشێوەی ئەو پرۆسەیە بێت کە ساڵانێک لەمەوبەر بۆ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە عێراقدا ڕووی دا؛ پرۆسەیەک کە لە کۆتاییدا بووە هۆی چوونەدەری قۆناغ بە قۆناغی ئەو ڕێکخراوە لە خاکی عێراق. ئەگەر شیکارییەکی لەو شێوەیە دروست بێت، حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئێستا لەبەردەم یەکێک لە دژوارترین قۆناغەکانی مێژووی سیاسیی خۆیاندان.
ڕەنگە بتوانرێت بگوترێت دوو هەڵەی ستراتیژیی گرنگ لە مێژووی ئەم ڕەوتانەدا، زیاتر لە هەر هۆکارێکی دیکە ڕۆڵیان لە دروستبوونی دۆخی ئێستادا هەبووە؛ یەکەم، هاوکاریی بەشێک لەم حیزبانە لەگەڵ حکوومەتی سەددام حوسێن لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، و دووەم، نزیکبوونەوە یان هاوتەریببوون لەگەڵ هەندێک ئەکتەری دەرەکی لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەردەمی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا. بەدەر لە پاڵنەر و حیساباتە سیاسییەکانی ئەم حیزبانە، ئەم جۆرە نیشانەدان و ڕێبازانە لە ڕای گشتیی ئێران و هەروەها لە حیساباتە ئەمنییەکانی وڵاتەکەدا تێچووی قورسی بۆ ئەوان بەدواوە بووە.
وادیارە دوو هۆکار وەک خێراکەرەوەی دۆخی ئێستا کاریان کردووە: یەکەم، پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە حیزبە کوردییەکان بە ڕۆڵگێڕانی بەرچاوی پژاک هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە؛ و دووەم، هێنانەگۆڕێی بانگەشەکان دەربارەی ناردنی چەک بۆ ئەم گرووپانە کە لە قسەکانی ترامپیشدا ڕەنگی دایەوە. کۆی ئەم هۆکارانە بووەتە هۆی ئەوەی کە داهاتووی سیاسی و ڕێکخراوهیی ئەم حیزبانە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ڕووبەڕووی لێڵی و مەترسی ببێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق پێم گەیشتووە، بارودۆخی ئێستا بۆ ئەم حیزبانە زۆر دژوار وەسف دەکرێت. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکی بەرچاو لە بارەگا و بنکەکانیان چۆڵ کراون و هەندێکیشیان کەوتوونەتە بەر هێرش. بڵاوبوونەوەی ئەندامان لە ناوچە جیاوازەکاندا، ژیان لە بارودۆخی کاتی و سەختدا و کێشەکانی بژێوی کە لەم دۆخە کەوتوونەتەوە، بەتایبەت بۆ ژنان و منداڵان، نیگەرانییە مرۆییە بەرچاوەکانی دروست کردووە.
له گفتوگۆیەکدا کە لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق داشمبوو، ناوبراو ڕایگەیاند کە بە بەرپرسانی حیزبە کوردییەکانی ئێران پێشنیاز کراوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام، بژاردەی چوونەدەری ئارەزوومەندانە لە خاکی هەرێم تاوتوێ بکەن. بە گوتەی ئەو، لە گفتوگۆکان لەگەڵ هەندێک وڵاتدا، ئەگەری وەرگرتنی ژمارەیەک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەم حیزبانە خراوەتە ڕوو. هەروەها دەربارەی ئەندامانی پلە نزمتر، بیرۆکەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و دیاریکردنی دۆخی ئەوان لە ڕێگەی میکانیزمە ڕێککەوتووەکانەوە باس کراوە. ئەو بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە پێوەندییە ئەنجامدراوەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی، داواکاری بۆ گرتنەبەری ڕێبازێکی نەرمتر بەرامبەر بەم کەسانە خراوەتە ڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاستسەلماندنی سەربەخۆی ئەم بانگەشانە هێشتا پێویستە.
ئەوەی مسۆگەر دیارە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستانی عێراقیش ئارەزوویەکی ئەوتۆی بۆ بەردەوامیی دۆخی ئێستا نییە و خوازیاری دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بەم مەلەفە درێژخایەن و تێچوودارە. لە بەرامبەردا، ئێرانیش لە مێژەوە جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە چالاکیی سەربازیی ئەم گرووپانە کردووەتەوە. لە بارودۆخێکی وەهادا، دەرفەتێکی کەمپێشینە بۆ جووڵە بەرەو ڕێگەچارەیەکی سیاسی و ئاشتییانە ڕەخساوە.
لەم ڕوانگەیەوە، پێشنیازی نێوەندگیریی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە چەندین دەیە گرژی و ململانێی چەکداری دەکرێت جێگەی سەرنج بێت. ئەزموونە جیاوازەکان لە جیهاندا نیشانیان داوە کە تەنانەت درێژخایەنترین ململانێکانیش لە کۆتاییدا کاتێک دەگەنە ئەنجام کە ئیرادەی سیاسی بۆ گفتوگۆ و پێکهاتن دروست ببێت.
نموونەیەکی بەرچاو لەم بوارەدا، ڕەوتی چەکداماڵینی ئارەزوومەندانە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وەیە کە دوای ساڵانێک لە پێکدادانی خوێناوی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، ڕێڕەوێکی نوێی بۆ چارەسەری سیاسیی پرسی کورد خستە بەردەم هەردوولا. ئەگەرچی ئەم ڕەوتە هێشتا ڕووبەڕووی تەحەددی و لێڵی دەبێتەوە، بەڵام ئەسڵی جووڵە لە ململانێی چەکدارییەوە بەرەو گفتوگۆ، ئەزموونێکی گرنگ بۆ ناوچەکە ئەژمار دەکرێت.
نموونەی هاوشێوەی دیکەش لە جیهاندا بوونیان هەبووە. سوپای کۆماریخوازی ئێرلەندا (IRA) لە باکووری ئێرلەندا دوای چەندین دەیە توندوتیژی، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەینیی پاکدا ڕێگای چەکداماڵین و بەشداریی سیاسیی قبووڵ کرد. هەروەها ڕێکخراوی فارک (FARC) لە کۆڵۆمبیا دوای زیاتر لە نیو سەدە شەڕی ناوخۆیی، بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی پێ نایە ناو پرۆسەی چەکداماڵین و چالاکیی سیاسیی یاساییەوە. ئەم ئەزموونانە نیشان دەدەن کە گواستنەوە لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ کێبڕکێی سیاسی، ئەگەرچی دژوار و کاتبەرە، بەڵام دەکرێت ڕێگایەکی کەمتر تێچوودار و مرۆییتر بێت بۆ بەدواداچوونی داواکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
لە کۆتاییدا، بەدەر لە جیاوازیی ڕوانگەکان دەربارەی ئامانجەکان، کارکرد و ڕابردووی حیزبە کوردییەکانی ئێران، پاراستنی گیانی مرۆڤەکان، ڕێگری لە پەرەسەندنی توندوتیژی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گفتوگۆ دەبێت لە ئەولەوییەتدا بن. ئەگەر ئەمڕۆ دەرفەتێک بۆ نێوەندگیری و یەکلاکردنەوەی ئاشتییانەی ئەم ململانێیە ڕەخسابێت، سوودوەرگرتن لێی دەتوانێت لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان و بەتایبەت خەڵکی ناوچە کوردنشینەکاندا بێت؛ ئەو خەڵکەی کە زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە تێچووی ساڵانێک گرژی، ململانێ و ناسەقامگیرییان داوە.





