بابەتپێشنیاری سەرنوسەر

جەنگ و منداڵان؛ لێکۆڵینەوەی دەرهاوێشتە مرۆییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران

واکاریی زیانە مافە مرۆیی و دەروونییەکانی ململانێکان لەسەر نەوەی داهاتوو؛ لە کارەساتی قوتابخانەی شەجەرەی تەیبەی میناب تا پێشێلکردنی ئەسڵەکانی جیاکاری و هاوسەنگی لە بەهاری ١٤٠٥دا

لە کاتێکدا کە گرژیی سەربازیی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران زیاتر لە چوارچێوەی هاوکێشە ئەمنی و جیۆپۆلەتیکییەکاندا شیکاری بۆ دەکرێت، دەرهاوێشتە مرۆییەکانی ئەم تێکهەڵچوونە ــ بەتایبەت بۆ منداڵان ــ کەمتر لە چەقی سەرنجدا بووە. لە هەڕەشەکردن لە مافی ژیان و پەروەردەوە تا زیانە قووڵە دەروونییەکان، ئاوارەیی و داڕمانی ژیانی خێزانی، منداڵان لە هەر جەنگێکدا یەکەمین قوربانیانی بێدەنگی قەیرانەکانن؛ بابەتێک کە لە ڕوانگەی مافی مرۆیی نێودەوڵەتییەوە (IHL) پرسیارگەلێکی جدی دەورووژێنێت.

جەنگەکان بەزۆری بە وشەکانی ئەمنییەت، کۆسپ دروستکردن (پێشپێگری) و هاوسەنگیی هێز پێناسە دەکرێن، بەڵام لە مەیدانی ڕاستەقینەدا، ئەوە منداڵانن کە زیاتر لە هەر گرووپێکی تر باجی ململانێکان دەدەن. لە هەر ململانێیەکی چەکداریدا، تەنانەت کاتێک ئامانجە سەربازی و سیاسییەکان لە چەقی سەرنجدابن، دەرهاوێشتە مرۆییەکانی جەنگ زۆربەی جار بەسەر ژیانی ئەو منداڵانەدا دەبارێت کە چەشنە دەورێکیان لە بڕیاردانە سیاسییەکاندا نەبووە. لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، پرسی منداڵان تەنیا بابەتێکی لاوەکیی مرۆیی نییە، بەڵکوو بەشێکی سەرەکییە لە هەڵسەنگاندنی یاسایی و مرۆیی ئەم تێکهەڵچوونە.

بەپێی ئەسڵەکانی مافی مرۆیی نێودەوڵەتی، منداڵان وەک کەسانی مەدەنی پێویستیان بە پاراستنی تایبەت هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی جەنگە هاوچەرخەکان نیشانی داوە کە ناوچە شارییەکان، قوتابخانەکان، ناوەندە پزیشکییەکان و ژێرخانە گشتییەکان لە کرداردا دەبنە بەشێک لە مەیدانی جەنگ. لە بارودۆخێکی ئاوادا، مافی ژیان و ئاسایشی منداڵان یەکەمین مافە کە دەکەوێتە بەر هەڕەشەی ڕاستەوخۆ. هێرشە مووشەکییەکان، بۆردوومانکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون و وێرانکردنی ژێرخانە مەدەنییەکان، ژینگەی ژیانی منداڵ لە شوێنێکی گەشە و پەروەردەوە دەگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی پڕ لە ترس، ناسەقامگیری و مەترسیی مەرگ.

لە ڕۆژانی سەرەتای تێکهەڵچوونەکەدا، هێرشکردنە سەر قوتابخانەی «شەجەرەی تەیبە» لە میناب بووە یەکێک لە تاڵترین نموونەکانی تلفاتی مەدەنی؛ هێرشێک کە بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گیانی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیانی سەند و جارێکی تر پرسی ئاسایشی ناوەندەکانی خوێندنی لە کاتی جەنگدا زەق کردەوە. بەدەر لە گێڕانەوە سیاسییەکانی لایەنە ناکۆکەکان، ئامانجگرتن یان زیانگەیاندن بە منداڵان لە ژینگەکانی پەروەردەدا، پرسیاری جدیی یاسایی و مرۆیی دروست دەکات؛ ئەو پرسیارانەی کە لە زۆرێک لە جەنگە هاوچەرخەکاندا، لە غەززەوە تا ئۆکرانیا، هاتوونەتە ئاراوە.

زیانی جەنگ بۆ سەر منداڵان تەنیا لە تلفاتی ڕاستەوخۆدا کورت نابێتەوە. ئەو منداڵانەی کە دەکەونە بەر تەقینەوە، دارووخان یان دیمەنەکانی توندوتیژی، زۆربەی جار ڕووبەڕووی دەرهاوێشتە دەروونییە درێژخایەنەکان دەبنەوە. دڵەڕاوکێی درێژخایەن، تێکچوونی خەو، ترسی بەردەوام و کێشە ڕەفتارییەکان، بەشێکن لەو ڕاستییەی کە لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا دەربارەی منداڵانی جەنگزەدە چەندین جار تۆمارکراون. ئەم زیانانە بەزۆری تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی چالاکییە سەربازییەکانیش بەردەوام دەبن و کاریگەری دەخەنە سەر ڕەوتی گەشەی کۆمەڵایەتی و دەروونیی نەوەکانی داهاتوو.

جەنگ هەروەها یەکێک لە بنەڕەتیترین مافەکانی منداڵان، واتە مافی پەروەردە و خوێندن تێکدەدات. قوتابخانەکان لە بارودۆخی ململانێدا یان وێران دەبن، یان بەهۆی ناامنییەوە دادەخرێن و تەنانەت هەندێک جار بەکارهێنانیان بۆ کاروباری سەربازی و فریاکەوتن دەگۆڕدرێت. خێزانەکانیش لە زۆر حاڵەتدا لە ترسی هێرشەکان، ڕێگری لە ئامادەبوونی منداڵەکانیان لە پۆلەکانی خوێندندا دەکەن. دەرەنجامی بارودۆخێکی ئاوا، دروستبوونی نەوەیەکە کە نەک تەنیا لە خوێندنی بەردەوام بێبەش دەبێت، بەڵکوو کەلێنێکی قووڵتری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی ئەزموون دەکات. ئەزموونی جەنگە درێژخایەنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشانی داوە کە پچڕان لە خوێندندا تەنیا قەیرانێکی کاتی نییە، بەڵکوو دەکرێت دەرفەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی منداڵان بۆ ساڵانێکی زۆر سنووردار بکات.

لە پاڵ پەروەردەدا، سیستەمی تەندروستییش بەزۆری لە کاتی جەنگدا لەژێر گوشارێکی تونددا قرار دەگرێت. منداڵانی بریندار پێویستیان بە دەستڕاگەیشتنی خێرا بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان هەیە، بەڵام لە بارودۆخی جەنگدا، نەخۆشخانەکان و ناوەندەکانی فریاکەوتن خۆیان ڕووبەڕووی کەمیی ئیمکانات، وێرانبوونی ژێرخانەکان و پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی دەرمان دەبنەوە. بۆ ئەو منداڵانەی کە تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بوون، ئەم دۆخە دەکرێت هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بێت دژ بە ژیانیان. هاوکات، کەمیی ئاوی خاوێن، تێکچوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە خۆراک، مەترسیی بەدخۆراکی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان زیاد دەکات؛ ڕەوتێک کە بەزۆری قوربانیانی سەرەکی تێیدا منداڵانن.

دەرهاوێشتەیەکی تری جەنگ، ئاوارەیی بەربڵاوی خێزانەکانە. زۆرێک لە منداڵان لە کاتی ململانێکاندا خانوو، قوتابخانە و ژینگەی کۆمەڵایەتیی خۆیان لەدەست دەدەن و ناچار بە جێبەجێبوون دەبن. لەم پرۆسەیەدا، مەترسیی جیابوونەوە لە دایک و باوک یان لەدەستدانی سەرپەرشتیار زۆر زیاد دەکات. ئەزموونی ئاوارەیی بۆ منداڵ، تەنیا گۆڕینی شوێنی جوگرافی نییە؛ بەڵکوو لەدەستدانی هەستی ئاسایش، هۆگری و جێگیریی دەروونییە. ئەو خێزانانەی کە دەکەونە ژێر گوشاری جەنگ، هەژاری و ناسەقامگیری، بەزۆری توانای کەمتریان بۆ پاڵپشتیی سۆزداری و ئابووری لە منداڵەکانیان هەیە.

لە ڕوانگەی یاساییەوە، پاراستنی منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکاندا یەکێک لە ئەسڵە جێگیرەکانی یاسای نێودەوڵەتییە. پەیماننامەی مافەکانی منداڵ و ڕێساکانی مافی مرۆیی نێودەوڵەتی، هەموو لایەنە ناکۆکەکان پابەند دەکەن کە لە نێوان ئامانجە سەربازییەکان و کەسانی مەدەنیدا جیاکاری بکەن و لە هێرشکردنە سەر ناوەندە گرنگە مەدەنییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بەدوور بن. ئەسڵی هاوسەنگی (تناسب)یش ڕوونی دەکاتەوە کە تەنانەت لە کاتی بوونی ئامانجی سەربازیدا، هێرشێک کە تلفاتی بەربڵاوی مەدەنیی لێبکەوێتەوە، دەکرێت وەک پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی سەیر بکرێت.

تێکهەڵچوونی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لەم ڕوانگەیەوە، تەنیا قەیرانێکی جیۆپۆلەتیکی نییە. دەرهاوێشتە مرۆییەکانی، بەتایبەت بۆ منداڵان، بەشێکی دانەبڕاوە لە هەڵسەنگاندنی ئەم جەنگە. هەرچەندە بازنەی ململانێکان بەربڵاوتر بێت، ئەگەری زیانپێکەوتنی نەوەی منداڵیش زیاد دەکات؛ نەوەیەک کە شوێنەوارەکانی جەنگ نەک تەنیا لە کاتی ئێستادا، بەڵکوو لە ساڵانی داهاتووشدا لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت.

لە کۆتاییدا، پرسی منداڵان لە جەنگدا تەنیا بابەتێکی ئەخلاقی یان سۆزداری نییە، بەڵکوو پێوەرێکە بۆ پێوانی ڕادەی پابەندبوونی لایەنە ناکۆکەکان بە ڕێساکانی مرۆیی و یاسایی. ئەزموونی زۆرێک لە ململانێکان نیشانی داوە کە بونیادنانەوەی ژێرخانە فیزیکییەکان ڕەنگە لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام بدرێت، بەڵام بونیادنانەوەی دەروون و داهاتووی ئەو منداڵانەی جەنگیان ئەزموون کردووە، بەزۆری پێویستی بە ساڵانێک کات هەیە. پاراستنی منداڵان، لە کرداردا بەواتای پاراستنی داهاتووی کۆمەڵگاکان و پاراستنی کەمترین سنوورەکانی مرۆڤایەتی لە نێوان توندوتیژیی جەنگدایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button