ساڵانێکی زۆرە ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە بەکارهێنانی منداڵان لە گرووپە چەکدارەکاندا بڵاودەکرێنەوە. زۆربەی ئەم ڕاپۆرتانە لە شێوەی ئاماردا دەخوێندرێنەوە؛ چەند کەس ڕاکێشران، چەند کەس نەگەڕانەوە، و چەند کەس کوژران.
بەلام ئەمجارە بابەتەکە جیاوازە.
لیستێک بڵاوکراوەتەوە کە لە تەنیشت هەندێک ناو، بەرواری لەدایکبوونێک دەبینرێت کە ئەگەر ڕاست ببن، پێشاندەدات ژمارەیەک لە گیانلەدەستداوان هێشتا نەگەیشتبوونە هەژدە ساڵ. لێرەدا چیتر باس تەنیا لەسەر هێرشێکی سەربازی نییە؛ پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی دەبێت مێرمنداڵێک لە شوێنێکدا بێت کە هەر ساتێک ئەگەری هەیە ببێتە ئامانجی مووشەک یان پەهپاد؟
دیدبانی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران ئەم پرسیارانەی لەگەڵ د. ڕۆژین سەرەمەدی، توێژەری مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی خستووەتە ڕوو.
دیدبان: خانمە دکتۆر، زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکان باسی ژمارەی کوژراوەکان دەکەن. ئێوە دەڵێن کێشە سەرەکییەکە لە شوێنێکی دیکەیە. لە کوێ؟
د. ڕۆژین سەرەمەدی: کاتێک تەمەنی قوربانیان دادەبەزێت، پرسیارەکەش دەگۆڕێت. چیتر یەکەم پرسیار ئەوە نییە کێ تەقەی کرد؛ یەکەم پرسیار ئەوەیە کێ ڕێگەی دا مێرمنداڵێک لە ژینگەیەکدا بێت کە لە بنەڕەتدا بۆ ئۆپەرسیۆنی سەربازی دیزاین کراوە. ئەگەر ئەم خاڵە نەبینین، گرنگترین بەشی بابەتەکەمان فەرامۆش کردووە.
دیدبان: واتە تەنانەت پێش لێکۆڵینەوە لە خودی هێرشەکە، دەبێت سەیری بڕیارە ناوخۆییەکانی گرووپەکە بکەین؟
د. سەرەمەدی: بە وردی. مافەکانی مرۆڤ تەنیا باسی ساتەوەختی مرگ ناکات؛ باسی ئەو زنجیرە بڕیارانە دەکات کە منداڵێک هەنگاو بە هەنگاو دەگەیەنێتە خاڵی مرگ. کێ ڕایکێشا؟ کێ دەستنیشانی کرد ئامادەبوونی لە کەمپدا ئاساییە؟ کێ بەرپرس بوو لە پاراستنی؟ ئەم پرسیارانە ناتوانرێت بە ئاماژەدان بە دوژمنی دەرەکی وەلابندرێن.
دیدبان: سەرکردەکانی کۆمەڵە رەنگە بڵێن ئەم کەسانە بە ئارەزووی خۆیان هاتبوون.
د. سەرەمەدی: ئەگەر باسی کەسێکی پێگەیشتوو بکەین، بابەتەکە جیاوازە. بەڵام دەربارەی منداڵ یان مێرمنداڵ، فەلسەفەی یاسای نێودەوڵەتی بە وردی لەسەر ئەم بنەمایە دروست بووە کە بڕیاری ئەو ناتوانێت ببێتە بنەمای لادانی بەرپرسیارێتی لەسەر کەسانی پێگەیشتوو. ئەگەر مێرمنداڵێک ئامادە بێت بچێتە ناو کێڵگەی مینەوە، ئایا ئەم بڕیارەی مینەکە بێمەترسی دەکات؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر.
دیدبان: عەبدوڵڵا موهتەدی ساڵانێک پێش ئێستا بەڵگەنامەیەکی لەسەر پاراستنی منداڵان ئیمزا کردبوو. ئەمڕۆ ئەو بەڵێنە چ شوێنێکی هەیە؟
د. سەرەمەدی: هەر ئەم بەڵێنە، پێوەری دادوەریی ئەمڕۆیە. بەڵێن کاتێک بەهای هەیە کە لە سەختترین بارودۆخدا جێبەجێ بگرێت، نە ئەو کاتەی تەنیا لەسەر کاغەز بمێنێتەوە. ئەگەر ئێستا ڕوون بێتەوە منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر هەژدە ساڵ لە هەمان پێکهاتەی سەربازیدا ئامادەییان هەبووە، ئاساییە کە ئەم پرسیارە بێته ئاراوە: میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە چی بووە و بۆچی نەیتوانیوە ڕێگە لە ڕوودانی ڕووداوێکی وەها بگرێت؟
دیدبان: ئەگەر ئەمڕۆ دەرفەتت هەبووایە تەنیا سێ پرسیار لە عەبدوڵڵا موهتەدی بپرسیت، چیت دەپرسی؟
د. سەرەمەدی: یەکەم؛ چ دامەزراوەیەک بەرپرس بووە لە کۆنترۆڵکردنی تەمەنی کەسەکان لە کاتی چوونیان بۆ ناو کەمپەکە؟
دووەم؛ کاتێک مەترسی هێرشەکان زیادی کردبوو، بۆچی کەسانی کەمتەمەن لە ناوچەکە نەگوێزرانەوە؟
سێیەم؛ ئایا ئامادەن لیستی تەواوی کەسانی ژێر هەژدە ساڵی ئامادە لە کەمپەکاندا بۆ پێداچوونەوە پێشکەشی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بکەن؟
ئەگەر وەڵامی ئەم سێ پرسیارە ڕوون بێت، بەشێکی گرنگ لە ناڕوونییەکانیش ڕوون دەبنەوە.
دیدبان: ڕەنگە هەندێک بڵێن پەرژانە سەر ئەم بابەتە، ڕەوایەتی بە هێرشە ئەنجامدراوەکە دەدات.
د. سەرەمەدی: ئەمە دووڕیانێکی هەڵەیە. مافەکانی مرۆڤ دادگای لایەنگری نییە. دەکرێت دەربارەی هێرشێک، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ پێویست بێت؛ بەڵام هاوکات ئەم پرسیارەش دەمێنێتەوە کە ئایا تەواوی ڕێکارە پێویستەکان بۆ دوورخستنەوەی منداڵان لە مەترسی ئەنجام درابوون یان نا. هیچ وەڵامێکی یاسایی، وەڵامەکەی تر ناسڕێتەوە.
دیدبان: لەم ناوەندەدا شوێنی خێزانەکان لە کوێیە؟
د. سەرەمەدی: رەنگە گرنگترین قوربانیانی بێدەنگ هەر ئەم خێزانانە بن. دایک و باوکێک کە منداڵەکەیان بۆ ژیان گەورە کردووە، نە بۆ ئەوەی ناوی لە لیستی کوژراوانی کەمپێکی سەربازیدا تۆمار بێت. مافەکانی مرۆڤ پێش هەموو شتێک مافی دادخواهی و مافی زانینی ڕاستییەکان بۆ ئەم خێزانانە بە فەرمی دەناسێت.
دیدبان: بە بڕوای ئێوە ئەمڕۆ بڕست و ئیعتیباری گرووپە چەکدارەکان زیاتر بە چی دەپێورێت؟
د. سەرەمەدی: نە بە ژمارەی هێزەکان، نە بە ژمارەی ئۆپەرسیۆنەکان، بەڵکو بە شێوازی ڕەفتاریان بەرامبەر بێپەناترین مرۆڤەکان. گرووپێک نەتوانێت بەرگری لە منداڵان بکات، هەر ئیدیعایەکی هەبێت بۆ بەرگریکردن لە خەڵک، دووچاری پرسیارێکی جدی دەبێتەوە.
دیدبان: ئەگەر بڕیار بێت ئەم گفتوگۆیە بە یەک ڕستە کۆتایی پێ بێت، ئەو ڕستەیە چییە؟
د. سەرەمەدی: هەر منداڵێکی کوژراو، پێش ئەوەی ژمارەیەک بێت لە ئاماردا، شکستی سەرجەم ئەو کەسانەیە کە دەیانتوانی ڕێگە لە ئامادەبوونی لە مەیدانی جەنگدا بگرن.





