بابەتپێشنیاری سەرنوسەر

گواستنەوەی ئەگەریی حیزبە چەکدارەکانی کوردی ئێرانی بۆ ئالبانیا؛ هەر بڕیارێک دەبێ لەگەڵ دەستەبەرکردنی مافی قوربانیان و جێبەجێکردنی دادپەروەریدا بێت

ئاگادارکردنەوەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران سەبارەت بە لێکەوتە یاساییەکانی گۆڕینی جوگرافیای گرووپە چەکدارەکان و پێویستیی پاراستنی مافی دادخوازیی سکاڵاکاران

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەندێک لە میدیا کوردییەکان و سەرچاوە ناڕەسمییەکان هەواڵی گواستنەوەی ئەگەریی حیزبە چەکدارەکانی کوردی ئێرانییان لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ ئالبانیا بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، سەردانی ئەم دواییەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئالبانیا، لەگەڵ پێشبینی و گومانەکاندا بووە سەبارەت بە تاوتوێکردنی پلانێکی لەو شێوەیە و ئیدیعا کراوە کە ئەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕاوێژە ئەمنییەکانی نێوان ئێران، عێراق، هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی دیکەدا باسی لێوە کراوە. تا ئێستا هیچ کام لە بەرپرسانی فەرمیی عێراق، هەرێمی کوردستان، ئالبانیا یاخود حیزبە ئاماژەپێکراوەکان، ئەم هەواڵەیان پشتڕاست یان ڕەت نەکردووەتەوە؛ لەبەر ئەوە، ئەم ڕاپۆرتانە لە ئاستی گومان و پێشبینییە میدیاییەکاندا ماونەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تەنیا هێنانەگۆڕی ئەگەرێکی لەم شێوەیە، بابەتێکی گرنگ دەخاتە بەردەم هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ ئەویش ئەوەیە کە هەر بڕیارێکی ئەگەری سەبارەت بە گواستنەوەی ئەندامان یان سەرکردەکانی حیزبە چەکدارەکانی کوردی ئێرانی نابێ ببێتە هۆی پشتگوێخستنی مافی قوربانیان، سکاڵاکارانی تایبەت و ڕەوتە دادوەرییە بەردەوامەکان.

دکتۆر عەلی فەرەهمەند، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری چاودێری مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران، بە ئاماژەدان بەم ڕاپۆرتانە جەختی کردەوە کە ئەزموونی گواستنەوەی ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق (ڕێکخراوی ڕەجەوی) بۆ ئالبانیا نیشانی دا کە بڕیارە ئەمنی و سیاسییەکان، ئەگەر بەبێ پێشبینیکردنی میکانیزمە دادوەرییە کاریگەرەکان بدرێن، دەتوانن بۆ چەندین ساڵ ڕێگەی دەستەبەرکردنی مافی قوربانیان ڕووبەڕووی دژواری بکەنەوە. لەبەر ئەوە، پێویستە هەر بڕیارێکی ئەگەری سەبارەت بە گواستنەوەی ئەم گرووپانە، لە سەرەتاوە لەگەڵ تێبینییە یاسایی و دادوەرییەکاندا بێت.

بە وتەی ناوبراو، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئێرانی کە خۆیان یان ئەندامانی خێزانەکەیان بەهۆی کردەوە چەکدارییەکانی ئەم گرووپانەوە زیانیان پێگەیشتووە، لە ڕێگەی پارێزەرەکانیانەوە سکاڵایان دژی هەندێک لە سەرکردە و ئەندامانی ئەم حیزبانە لە ناوەندە دادوەرییەکانی ئێراندا تۆمار کردووە. پارێزەرانی ئەم دۆسیانەش چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لە ڕوانگەی یاسای ناوخۆیی، یاسای نێودەوڵەتی و میکانیزمەکانی هاوکاریی دادوەریی نێوان دەوڵەتان، هیچ بنبەستێکی یاسایی بۆ ڕاکاتن بەم سکاڵایانەدا نییە و گواستنەوەی ئەگەریی کەسەکان نبێ ڕێگر بێت لە جێبەجێکردنی دادپەروەری.

بنەمای مافی دەستڕاگەیشتنی قوربانیان بە دادپەروەری، بنەمای قەرەبووکردنەوەی کاریگەری زیانەکان، مافی بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنی کاریگەر و بنەمای بەرەنگاربوونەوەی بێسزاومانەوە، لە ڕیزی ئەو بنەما ناسراوانەی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ و یاسای سزایی نێودەوڵەتین کە دەوڵەتان پابەند دەکەن ڕێگری بکەن لەوەی گۆڕینی جوگرافیایی کەسەکان ببێتە ئامرازێک بۆ هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی. هەروەها «ڕاگەیەندراوی بنەما بنەڕەتییەکانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی تاوان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات» کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، دەوڵەتان ناچار دەکات کە دەستڕاگەیشتنی کاریگەری قوربانیان بە پرۆسە دادوەرییەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەستەبەر بکەن.

چاودێری مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران (IKHRW) داوا لە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی ئێران و هەروەها هەر دەوڵەتێکی ئەگەریی وەرگر لەوانەش ئالبانیا دەکات کە لە ئەگەری بوونی هەر جۆرە گفتوگۆ یان ڕێککەوتنێک سەبارەت بە گواستنەوەی ئەم کەسانە، دۆخی سەرجەم دۆسیە دادوەرییەکان، سکاڵا تایبەتەکان، داواکارییەکانی هاوکاریی یاسایی، داواکارییەکانی ڕادەستکردنەوە لەو حاڵەتانەی کە بنەمای یاساییان هەیە، و شێوازەکانی دیکەی هاوکارییە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکان پێش هەر بڕیارێک ڕەچاو بکەن.

ئەم داواکارییە سیاسی نییە، بەڵکوو سەرچاوەی لە مافە بنەڕەتییەکانی قوربانیانەوە گرتووە. هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی یان بڕیارێکی دیپلۆماتی نبێ ببێتە هۆی لاوازکردنی مافی دادخوازی یان دروستکردنی پارێزبەندیی کرداری بۆ ئەو کەسانەی کە تۆمەتی سزاییان لەسەرە. دادپەروەری ئەو کاتە مانای دەبێت کە مافەکانی قوربانیانیش هاوکات لەگەڵ تێبینییە ئەمنی و سیاسییەکاندا، لە چەقی بڕیارداندا بن و هیچ گواستنەوەیەکی ئەگەری، ڕێگەی وەڵامدانەوەی دادوەری و بەدەستهێنانی مافەکان دانەخات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button