دیمانه

چاوپێکەوتنی تایبەت لەگەڵ ئەندامێکی پێشووی پژاک؛ ئەوەی لە قەندیل بینیمە، لە دادگا دەیسەلمێنم

ئاشکراکردنی شۆکهێنەری «سیروان. ئەلف» لە پێکهاتەی تیرۆریستیی پژاک، بەڵگەنامەکانی چوونەدەرەوە لە ئینفۆرماسیۆن و پشت پەردەی سڕینەوەی جەستەیی ئەندامان

ئەم بابەتانە، لێدوانەکانی ئەندامێکی پێشووی پژاکە کە ماوەی ١١ ساڵ، سەرەتا لە پەکەکە و پاشان لە پژاکدا بووە و لە نزیکەوە لەگەڵ سەرکردە و ئەندامانی دیاری ئەم گرووپە چەکدارە کوردییە لە پێوەندیدا بووە. ناوبراو دوای ١١ ساڵ ئامادەبوون لەم گرووپە چەکدارە کوردییەدا، بەو هۆکارانەی کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدەکرێت، لەم گرووپە جیا بووەتەوە و ئێستا لە وڵاتێکی ئەورووپایی دەژی.

ئەو لە پێوەندییەکدا کە لەگەڵ ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران (IKHRW) گرێی داوە، بابەتگەلێکی هێناوەتە ئاراوە کە دوای مۆڵەت وەرگرتن لێی، بەشگەلێک لەم چاوپێکەوتنە بۆ ڕوونکردنەوەی بیروڕای گشتی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و چالاکانی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ بڵاو دەکەینەوە.

شایانی باسە، بەپێی ڕاگەیاندنی خۆی، ئەگەر دادگایەکی دادپەروەر و لێهاتوو لە هەر شوێنێکی جیهاندا پێکبێت، بەڕێز «سیروان. ئەلف» ئامادەیە بەڵگەنامەکانی ئەو بابەتانەی کە دەیانخاتە ڕوو، پێشکەشی سەرچاوە لێهاتووکان بکات.

ناوبراو لەو کاتەی لە نێو پژاکدا بووە، چەند ساڵێک لە ناوەندێکدا بە ناوی «ئینفۆرماسیۆنی پژاک» چالاکیی هەبووە و لە کاتی چوونەدەرەوەیدا، بەڵگەنامەی گرنگ و بێگومان سەرنجڕاکێشی لەگەڵ خۆی هێناوەتە دەرەوە. بەشێک لەم بەڵگەنامانە کە پێشکەشی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران کراون، لە ڕوانگەی پارێزەرانی چاودێرییەوە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن کە پێکهاتەی تیرۆریستی و توندوتیژیخوازیی ئەم گرووپە چەکدارە کوردییە دەسەلمێنن.

چاودێری هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پارێزەرەکانیەوە ئەم بەڵگەنامانە بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییە لێهاتووەکان بنێرێت و هەڵسەنگاندنی پارێزەران ئەوەیە کە میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان، یاسای توند لە دژی ئەم جۆرە نموونانە جێبەجێ دەکەن.

سیروان لە چاوپێکەوتندا لەگەڵ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: «راستییەکەی ئەوەیە کە ناتوانرێت پژاک وەک پارتێکی کوردیی ئێرانی هەژمار بکرێت. سەرەنجام پارتەکانی تری کورد، وەک دێموکرات و کۆمەڵە، بە ڕوونی ئەندامەکانیان ئێرانیین و بڕیاردان لەم پارتانەدا لەژێر کاریگەریی ئەو کەسانەدایە کە ئێرانیین، بەڵام لە پژاکدا هەموو بڕیارەکان لەژێر کاریگەریی کۆنسەی سەرکردایەتیی پەکەکە و بە زاراوە قەندیلدان.»

«ئەگەر سەرنج بدەنە ئەو بەڵگەنامەیەی کە تێیدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پژاکی وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناساندووە، وەک گرووپێک لەژێر پێکهاتەی پەکەکەدا لێکی داوەتەوە و ئەمەش قسەیەکی ڕاستە. ساڵانێکی زۆر پژاک سڵ و شەرمی نەبوو لەوەی کە کەسانی دیکە لەژێر چەتری پەکەکەدا پێناسەی بکەن.»

«بۆ ئەوەی بزانین چی بوو کە لە قۆناغێکەوە پژاک پێی خۆش نەبوو زۆر بە ئاشکرا بڵێت لەژێر فەرمانی پەکەکەدایە و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا دەیگوت ئێمە سەربەخۆین، دەبێت ئاماژە بە پاشخانی ئەم ڕووداوە بکەم. کاتێک گۆڕانکارییەکانی سووریا ڕوویان دا و PYD (پارتی کوردی سەر بە پەکەکە) هاتە نێو گۆڕەپانەکەوە، پێوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ ئەمریکاییەکان شێوەی گرت و لێرەدا بوو کە ئەمریکاییەکان پێیان گوتن ئەگەر دەتانەوێت پشتگیڕیمان هەبێت، دەبێت ناوی خۆتان بگۆڕن و بەپێی ویستی ئێمە بجوڵێنەوە.»

«پێدەچێت زۆر کەس نەزانن مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی کوردی سووریا، ھەمان شاهین جیلۆیە کە لە منداڵییەوە، واتە لە تەمەنی نزیکەی هەشت ساڵییەوە، لە تەنیشت ئۆجەلان لە پەکەکەدا بووە. بەڵام بینیمان کە مەزڵووم کۆبانی، بە پێچەوانەی ڕای کۆنسەی سەرکردایەتیی پەکەکە، لەژێر گوشاری ئەمریکادا ـ و بێگومان ئەمە ڕای خۆشی بوو ـ ناوی YPGی گۆڕی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە ـ SDF) و تا ئێستاش بەم ناوەوە چالاکی دەکات.»

«کەواتە پژاکیش کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم بارودۆخە و بێگومان من زانیارییەکی وردم نییە، بەڵام هەر ئەمەی کە دەبینم هەندێک لە سەرکردەکانی پژاک سەردانی ئەمریکا دەکەن، لە کاتێکدا ناوی پژاک لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەمریکادایە، بە بڕوای من پێوەندیی پشت پەردە لە نێوان پژاک و ئەمریکادا دروست بووە. ئەم بابەتانەم لەبەر ئەوە خستە ڕوو تا بزانن پشت پەردەی ئەم ڕەفتارانە، پێوەندی و مامەڵەی سیاسییە.»

«بەڵام کاتێک بینیم ئینتەرپۆل ئاگادارکردنەوەی سووری (Red Notice) بۆ دەرکردوون، هەڵسەنگاندنم ئەوە بوو کە ئەگەری هەیە ئەم پێوەندییە سیاسییانە، لەژێر کاریگەریی پێوەندیگەلێک لە ئاستێکی بەرزتردا، ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووبێتەوە. ئینتەرپۆلی نێودەوڵەتی بەم ئاسانییە ئاگادارکردنەوەی سوور بۆ کەس دەرناکات و پێدەچێت بارودۆخەکە بۆ پژاک و پارتەکانی تری کورد گۆڕابێت.»

«سەبارەت بەو بابەتانەی کە ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران دەیانخاتە ڕوو، سەرەنجام کۆمەڵێک مرۆڤ بە ناسنامەی ڕاستەقینەوە کە هەندێکیان ڤیدیۆشیان لە خۆیان بڵاو کردووەتەوە، بابەتگەلێکیان باس کردووە. منیش شاهیدی هەندێک لەم بابەتانە بووم. بە هەر حاڵ، ئەمانە گرووپی چەکدارن کە تەواوی پێکهاتەکەیان لەسەر ئەم بنەمایە شێوەی گرتووە؛ بۆیە زۆرێک لەوانەی کە لەژێر کاریگەریی ئینستاگرام و کەشی پڕوپاگەندەدا ڕادەکێشرێنە نێو ئەم گرووپانە، بە خێرایی لێیان جیا دەبنەوە. بێگومان ئەم جیابوونەوەیەش بەم ئاسانییە نییە.»

«خاڵی گرنگ ئەوەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە نزیکەیی هێزی ئایدیۆلۆژی ڕانەکێشراوە. زۆربەیان ئەو کەسانەن کە کێشەیان هەیە و بۆ ڕاکردن لە کێشەکان وایان بە خەیاڵدا دەهات کە دەتوانن لەم ڕێگەیەوە کێشەکەیان چارەسەر بکەن، بەڵام کاتێک دێنە ناوەوە، دەبینن بارودۆخەکە زۆر لەوە سەختترە کە بیریان لێ دەکردەوە.»

«لەبیرمە چەند کەسێک هاتبوون کە ئاڵوودەی سەختی ماددەی هۆشبەر بوون. دەیانگوت هاتووین لێرە تەرکی بکەین، چونکە لە چیا ماددەی هۆشبەر دەست ناکەوێت و ناتوانین بەکاری بهێنین؛ بەڵام کاتێک بارودۆخەکەیان بینی، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ڕاکردنیان دەدا. ئەوانیان بردبوو بۆ هەڵکەندنی ئەشکەوت و سەرەنجام دیارە کە کەسێکی ئاڵوودە لە بارودۆخێکی ئاوهادا چۆن دەبێت.»

«گوشاری دەروونیی زۆر لەسەر ئەندامان هەیە و زیندانیش بە مەرجی زۆر سەخت بەڕێوە دەچێت. تەنانەت حاڵەتمان هەبوو کە گوتیان لایەنەکە سیخوڕە و سیخوڕی بۆ ئێران دەکات؛ جلیان لە بەری داماڵد، بردیانە سەر لوتکەی چیاکە و لەو سەرەوە فڕێیان دایە خوارەوە. ئەم شێوازە بۆ ئەوە بوو کە هیچ شوێنەوارێک لە کەسەکە نەمێنێتەوە. ئەم بەستەزمانانە بە هەر حاڵ دەکوژران و تەرمەکانیان لەلایەن ئاژەڵە کێوییەکانەوە دەخوران.»

«خەمناکتر ئەوەی کە دوای چەند ساڵێک ڕایانده‌گەیاند فڵانە کەس لە فڵان پێکدادان لەگەڵ سوپای تورکیا یان شتێکی هاوشێوەی ئەمە کوژراوە و کاری پڕوپاگەندەیان بۆ دەکرد و ئینجا دەچوونە لای بنەماڵەکەی و دەبوو بنەماڵەکەی بە تەواوی بخەنە ناو ڕێڕەوی بەرنامە پڕوپاگەندەییەکانەوە.»

«ئێستا چۆن دەکرێت ئەم حاڵەتانە بەڵگەدار بکرێن؟ بە بڕوای من ئەو بزووتنەوەیەی لە کوردستانی ئێران دەستی پێکردووە، نەوەی Z دەستی پێکردووە. ئەمانە مێردمنداڵ و گەنجانێکن کە تاقەتی ئەم گوشار و ئازار و ئەشکەنجانەیان نییە و دوای جیابوونەوەشیان زۆر بە ئاسانی و بێ ترس ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن. ئەم بابەتە، بۆ من کاتێک لە دەرەوە سەیر دەکەم، نیشان دەدات کە پێگەی کۆمەڵایەتیی پارتە کوردییەکانی لەناو بردووە.»

«ئەوان شارێکی نموونەیی (یۆتۆپیا)یان بۆ خەڵک دەکێشا، بەڵام ئێستا کاتێک کۆمەڵێکی زۆر لە گێڕانەوەکان دەبینن، ئیتر ناتوانرێت نکۆڵییان لێ بکرێت. دەکرێت بگوترێت چەند کەس درۆ دەکەن؟ ناکرێت هەمووان درۆزن بن و ڕێبوار ئاودانان ڕاستگۆ بێت!»

سیروان بەردەوام بوو: «من بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتی زۆرم لایە کە ئەگەر ڕۆژێک دادگایەک بەڕێوە بچێت و سەرکردەی ئەم پارتانە بۆ وەڵامدانەوە ئامادە بکرێن، هەموویان پێشکەشی دادگا دەکەم.»

سیروان لە کاردانەوەی بە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ڕێبوار ئاودانان گوتی: «ئەو شتێکی نوێی باس نەکرد، تەنیا بە پەلەپڕوزێ هەموو شتێکی ڕەت کردەوە و بەردەوام دەیگوت درۆیە. دەبێت کەسێک پێی بڵێت ئاساییە، تۆ دەڵێی درۆیە؛ زۆر باشە، لە دادگایەکدا ئامادە بە کە تێیدا سکاڵاکارانیش ئامادە بن و با دادگا بڕیار بدات کە درۆیە یان نا.»

«ئەگەر بەڕاستی ترستان لە دڵدا نییە، دەقیقەن ئەم کارە بکەن. ئەگەر ئیدیعایەکتان هەیە، پێشکەشی دادگای بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن تا هەر کەسێک تاوانێکی کردووە، سزا بدرێت. بەڵام ئەوەی کە بۆ نموونە کەسێک لە شوێنێکدا هەڵەیەکی کردووە، نابێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی منیش هەڵە بکەم و بڵێم چونکە ئەو ئەم کارەی کردووە، منیش مۆڵەتم هەیە هەمان کار بکەم. ئەمە چ لۆژیکێکە؟»

سیروان لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: «ئەم پارت و گرووپە چەکدارانە لە کوردستانی ئێران تەنیا لە نەزانی و هەژاریی خەڵک سوود وەردەگرن. بۆیە ئەگەر بۆ بژێوی خەڵک و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە بە دروستی کار بکرێت، هیچ گەنج و تەنانەت مێردمنداڵێکی کورد ناچێتە پاڵ ئەم گرووپانە.»

«قبووڵمە ئەمە خولێکی بەردەوامە کە نائەمنیی بووەتە هۆی ئەم دواکەوتووییانە، بەڵام حکوومەت ئەرکی لەسەر بوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. من و تۆ ناتوانین ئەم کێشانە لەناو ببەین.»

«ئەگەر بچن لێکۆڵینەوەش بکەن، تێدەگەن کە بە نزیکەیی هەمووان، یان لانی کەم زۆربەی ئەو کەسانەی دەچنە نێو ئەم گرووپانە، لەسەر بنەمای عەقیدە و بیرکردنەوە نییە؛ زۆربەیان کەسانی گرفتار و دەستەوەستانی کۆمەڵگەن؛ لە هەژاری، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، ئاڵوودەیی و تەنانەت کێشەگەلێک کە ڕەنگە بۆ من و تۆ پێکەنیناوی بێت، بەڵام بۆ مێردمنداڵێک کە لە باوکی مۆتۆرسکیلێکی ویستووە و بۆیان نەکڕیوە و سەری لەم گرووپانە دەرچووە، کێشەیەکی جدییە. بۆیە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە خەڵک زۆر بڕوایان بەمانە نییە.»

بابەتە گێڕدراوەکان، لێدوانەکانی کەسی چاوپێکەوتنکراوەن و ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران بەرپرسیارێتیی ڕاستیی ئەم بانگەشانە دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتی دادوەری و پرۆسەکانی ڕاستکردنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button