پێشنیاری سەرنوسەرڕاپۆرت

دادپەروەری بۆ قوربانیانی توندوتیژیی چەکداری لە کوردستان؛ ئایا کاتی کۆتاییهێنان بە خولی بێسزامانەوە هاتووە؟

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ڕەهەندە یاساییەکانی بەدواداچوونی تاوانکاریی دەرەسنووری و ئاگاداریی سووری ئینتەرپۆل دژی سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکانی کورد لە ژێر ڕۆشنایی بنەما نێودەوڵەتییەکانی دادخوازی و مافەکانی قوربانیاندا.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن، داواکاری ڕادەستکردنەوە و بەدواداچوونی ئاگاداریی سووری ئینتەرپۆل بۆ ژمارەیەک لە ئەندامان و سەرکردەکانی گرووپە چەکدارە کوردییەکان، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو لێپرسینەوەی دادوەری لەو دۆسیانەی کە ساڵانێکە داواکاریی سەرەکیی خێزانی قوربانیان، برینداران و زیانمەندانی توندوتیژیی چەکداری بووە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا.

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران (IKHRW) پێشوازی لە هەر ڕێکارێکی یاسایی و دادوەری دەکات کە لە چوارچێوەی یاسادا، بە ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دەستەبەرکردنی مافی هەموو لایەنەکانی داواکە، ببێتە هۆی بەدیهاتنی دادپەروەری بۆ قوربانیان. لە هەمان کاتدا، ئەم دامەزراوەیە جەخت دەکاتەوە کە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی دادوەری تەنها یەکەم هەنگاوە لە ڕێگای دادپەروەریدا؛ جێبەجێکردنی کاریگەری بڕیارەکان، هاوکارییە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکان، قەرەبووکردنەوەی زیانی قوربانیان و دەستەبەرکردنی دووبارەنەبوونەوەی توندوتیژی، بەشگەلێکی دانەبڕاو لەم پرۆسەیە هەمەلایەنەیە ئەژمار دەکرێن.

ساڵانێکە سەدان خێزان لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێراندا، ئازیزانی خۆیان لە ئەنجامی تێرۆر، هێرشی چەکداری، تەقینەوە، ڕفاندن، چاندنی مین، هێرش بۆ سەر دانیشتووانی سنوورەکان، هێزەکانی فریاگوزاری، کارمەندانی خزمەتگوزاری گشتی، مامۆستایان، کرێکاران و هاوڵاتیانی دیکەی مەدەنی لەدەستداوە یان لەگەڵ شوێنەوارە بەردەوامە جەستەیی، دەروونی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم توندوتیژیانە دەژین. زۆرێک لەم خێزانانە تا ئێستا دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە کە لە پرۆسەیەکی کاریگەری دادوەریدا داوای ڕاستی بکەن، بکەران لە بەردەم یاسادا ببینن و لە مافە یاساییەکانی خۆیان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بەهرەمەند بن.

یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ، یاسای نێودەوڵەتیی تاوانکاری و ڕێکارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، قوربانیانی پێشێلکارییە توندەکانی مافی مرۆڤ و تاوانە جیدییەکان وەک خاوەن مافی سەربەخۆ دەناسن. “بنەما بنەڕەتییەکان و ڕێنماییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی دادخوازی و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی پێشێلکارییە زەقەکانی مافی مرۆیی نێودەوڵەتی” کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ۲۰۰۵دا پەسەند کراوە، بە ڕوونی جەخت لەسەر مافی قوربانیان دەکاتەوە بۆ دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە دادپەروەری، ئاشکراکردنی ڕاستی، قەرەبووکردنەوە، گەڕاندنەوەی شکۆ و دەستەبەرکردنی دووبارەنەبوونەوە.

هەروەها لەسەر بنەمای پابەندبوونی دەوڵەتان لە ژێر سایەی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا، حکومەتەکان ناچارن بۆ پێشێلکردنی مافی ژیان، ئاسایشی کەسەکان و مافە بنەڕەتییەکانی دیکە، لێکۆڵینەوەی کاریگەر، سەربەخۆ و بێلایەنانە ئەنجام بدەن، بکەرانی گومانلێکراو ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە و دەرفەتی دەستڕاگەیشتنی قوربانیان بە ڕێگەچارە کاریگەرەکانی دادوەری فەراهەم بکەن. ئەم پابەندبوونە هەڵبژاردنێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە بەرپرسیارێتی دەوڵەتان لە دەستەبەرکردنی سەروەریی یاسادا.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌کارهێنانی تواناکانی هاوکاریی دادوەری لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری عێراقدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. پەیماننامە دوولایەنەکان لە بواری یارمەتیدانی دادوەری، گواستنەوەی زانیاری، ڕادەستکردنەوەی تۆمەتباران و سزادراوان، هاوکاری نێوان دەسەڵاتە دادوەرییەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات، توانای یاسایی گرنگن بۆ پێشخستنی ئەو دۆسیانەی کە ڕەهەندی دەرەسنوورییان وەرگرتووە. جێبەجێکردنی وردی ئەم پابەندبوونانە دەتوانێت ڕێگری بکات لە دروستبوونی پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەو کەسانەی کە لە دۆسیە دادوەرییه فرە سنوورییەکاندا داواکراون.

لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، بەکارهێنانی میکانیزمەکانی هاوکاریی تاوانکاریی دەرەسنووری، لەوانەش تواناکانی ڕێکخراوی پۆلیسی تاوانکاریی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)، بەشێکە لە سیستمی هاوکاری نێوان دەوڵەتان لە بەدواداچوونی تۆمەتبارانی هەڵاتوو. ئەگەرچی ئاگاداریی سووری ئینتەرپۆل خۆی لە خۆیدا فەرمانی دەستگیرکردن یان سزای تاوانکاری نییە، بەڵام ئامرازێکی گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی کەسانی داواکراو، دەستبەسەرکردنی کاتیی ئەوان بەپێی یاسا ناوخۆییەکانی وڵاتی خانەخوێ و دەستپێکردنی پرۆسە یاساییەکانی پەیوەندیدار بە ڕادەستکردنەوە. لەم ڕێگایەشدا پێویستە هەمیشە ڕێز لە بنەمای بێتاوانی، مافی بەرگری، سەربەخۆیی دەزگای دادوەری و دەستەبەرکردنی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بگیرێت.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەو حکومەتانەی کە کەسانی داواکراو لەسەر خاکەکەیان نیشتەجێن، یان دارایی، چالاکیی دارایی، میدیایی و ڕێکخراوەیی پەیوەندیدار بەم دۆسیانە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، بەپێی پابەندبوونەکانی ناتەوە لە پەیماننامە دوولایەنەکان، بنەماکانی هاوکاری دادوەری و یاساکانی نیازپاکی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، داواکارییە دادوەرییەکان بە وردی، خێرایی و بێلایەنییەوە لێکبدەنەوە. شەڕی دژ بە بێسزامانەوە (بی‌کیفرمانی) بەبێ هاوکاریی کاریگەر لە نێوان سیستمە دادوەرییەکانی وڵاتاندا مەحاڵ دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، جێبەجێکردنی دادپەروەری نابێت تەنها بە بەدواداچوونی تاوانکارییەوە سنووردار بکرێت. قوربانیان مافی خۆیانە لە چارەنووسی دۆسیەکان ئاگادار بن، بەشدارییەکی کاریگەریان لە پرۆسەی پێڕاگەییشتندا هەبێت، زیانە ماددی و مەعنوییەکانیان لێکۆڵینەوەی لێبکرێت و خزمەتگوزارییە تەندروستی، دەروونی و پشتگیرییە کۆمەڵایەتییە پێویستەکانیان بخرێتە بەردەست. ئەم مافانە لە چەندین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتیدا دانیان پێدانراوە و بەشێکی گرنگ لە دادپەروەریی گێڕەرەوە (Restorative Justice) پێکدەهێنن.

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران لەو بڕوایەدایە کە دادپەروەری ئەو کاتە مانای دەبێت کە قوربانیان بخرێنە چەق و ناوەندی سەرنجەوە، نەک ململانێ سیاسی و ئەمنییەکان. چەندین دەیە توندوتیژیی چەکداری، بەر لە هەر شتێک، ڕەنج و ئازاری بەسەر خەڵکی ئاسایی کوردستاندا هێناوە؛ ئەو منداڵانەی کە لە دایک و باوکیان بێبەش کراون، ئەو ژنانەی کە ئەرکی قورسی سەرپەرشتیکردنی خێزانیان گرتووهته ئەستۆ، ئەو گەنجانەی کە دەرفەتی ژیان، پەروەردە و گەشەپێدانیان لەدەستداوە و ئەو خێزانانەی کە ساڵانێکە بە ئازاری لەدەستدان و نائاسایشییەوە ژیاون.

له‌م ڕووه‌وه‌، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ده‌ستی پێکردووه‌ به‌ جیدییه‌ت، شەفافیه‌ت و سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت و هیچ جۆره‌ تێبینییه‌کی سیاسی، ئه‌منی یان بەرژەوەندیخوازیی کاتی ڕێگری لە بەدیهاتنی مافەکانی قوربانیان نەکات. بنەمای لێپرسینەوە دەبێت بەسەر هەموو بکەرانی پێشێلکارییە جیدییەکانی مافی هاوڵاتیاندا، بەبێ جیاکاری و بەبێ جیاوازی جێبەجێ بکرێت؛ چونکە دادپەروەریی هەڵبژێردراو، دادپەروەرییەکی ڕاستەقینە نییە.

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران لە پاڵ خێزانی قوربانیان و سەرجەم زیانمەندانی توندوتیژیی چەکداریدا، داوا دەکات کە ئەم دۆسیانە تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی، جێبەجێکردنی کاریگەری بڕیارە دادوەرییەکان، هاوکاری تەواوی دامەزراوە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، قەرەبووکردنەوەی زیانی قوربانیان و دەستەبەرکردنی دووبارەنەبوونەوەی توندوتیژی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت. داهاتووی کوردستان نە لە بەردەوامیی چەکدا، بەڵکو لە سەروەریی یاسا، ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ، لێپرسینەوە، دادپەروەری و دابینکردنی مافەکانی نەوەکانی داهاتوودا نەخش دەکرێت.

بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، پێویستی بەوەیە کە ماف و ئاواتەکانی خەڵکی ڕەنجدیدی کوردستان، بەتایبەت منداڵان، ژنان و گەنجانێک کە ساڵانێکە باجی توندوتیژییان داوە، پێش بخرێت لە هەر تێبینییەکی سیاسی. دادپەروەری بۆ ئەوان، نە داواکارییەکی کاتی، بەڵکو مافێکی بنەڕەتی و حاشاهەڵنەگرە.

نووسەر: د. یەزدان پوورشەمس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button