لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەک ڕاپۆرت سەبارەت بە ململانێ چەکدارییەکان لە ناوچەکانی مەریوان، بانە و مەهاباد، جارێکی دیکە سەرنجی ڕای گشتیی ڕاکێشایەوە سەر گەڕانەوەی نائاسایشیی چەکداری لە بەشێک لە ڕۆژئاوای ئێران. لەم ڕاپۆرتانەدا، باس لە پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکومەت و گرووپە چەکدارەکان، هێرشی درۆنەکان، بەکارهێنانی تۆپخانە و داخرانی ڕێگاوبانە سەرەکییەکان دەکرێت؛ ڕووداوگەلێک کە بێ گوێدانە گێڕانەوە جیاوازەکانی لایەنە ناکۆکەکان، ڕاستییەکی هاوبەش ئاشکرا دەکەن: خەڵکی مەدەنی قورسترین باجی ئەم خولەی توندوتیژییە دەدەن.
لە یاسای نێودەوڵەتی مرۆییدا، بنەمای پاراستنی مەدەنییەکان یەکێکە لە بنەڕەتیترین یاساکانی زاڵ بەسەر هەر ململانێیەکی چەکداریدا. تەنانەت لەو بارودۆخانەدا کە لایەنە ناکۆکەکان بانگەشەی بەرگریی ڕەوا یان پێویستیی سەربازی دەکەن، ئەم پرەنسیپانە پابەندیان دەکەن کە کاریگەریی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەسەر دانیشتووانی مەدەنی بگەیەننە کەمترین ئاست و ڕێگری لە گەیشتنی زیانی ناپێویست بە گیان، ماڵ و بژێوی خەڵک بکەن.
بەڵام واقیعی مەیدانیی ناوچە سنوورییەکان نیشانی دەدات کە هەر جارێک ململانێیەکی چەکداری ڕوو بدات، یەکەمین لێکەوتەی بریتییە لە سنوورداربوونی ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان. داخرانی ڕێگاکان، دانیشتنی بازگەی پشکنین، توندبوونی کەشی ئەمنی، پەکککەوتنی گواستنەوە، کەمبوونەوەی چالاکیی بازاڕەکان و ڕاوەستانی ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەکان، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ئابووریی ئەو خێزانانەی کە داهاتی ڕۆژانەیان بەستراوەتەوە بە کشتوکاڵ، باخداری، بازرگانیی سنووری، گواستنەوە یان کاسبییە بچووکەکانەوە.
نموونەی ئەم دواییانەی ڕاپۆرتکراو سەبارەت بە زیانگەیشتن بە باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان لە دەوروبەری بانە، بێ گوێدانە بەرپرسیارێتی هەر کام لە لایەنە ناکۆکەکان، ئەم ڕاستییە وەبیر دەهێنێتەوە کە زەوییە کشتوکاڵییەکان، سەرچاوەکانی ئاو، باخەکان و ژێرخانەکانی بژێوی خەڵک نابێت ببنە مەیدانی کێبڕکێی سەربازی. زیان گەیاندن بەم سەرچاوانە، تەنها زیانێکی دارایی کورتخایەن نییە؛ بەڵکو هەڕەشە لە ئاسایشی مرۆیی، ئاسایشی خۆراک، هەلی کار و سەقامگیری ئابووریی خێزانەکانیش دەکات.
ململانێ چەکدارییەکان هەروەها شوێنەواری کۆمەڵایەتی قووڵ لەسەر کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بەجێدەهێڵن. خێزانەکان بە هەستی نائاسایشی هەمیشەییەوە دەژین، منداڵان لە کەشێکی پڕ لە ترسدا گەورە دەبن، قوتابخانەکان ڕەنگە ڕووبەڕووی پەکککەوتن ببنەوە و دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە خزمەتگوزارییە تەندروستی، پەروەردەیی و فریاگوزارییەکان قورستر دەبێت. ژنان، بەساڵاچووان، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و منداڵان زۆرجار زیاتر لە کەسانی دیکە لەم دۆخانە زیانمەند دەبن، چونکە توانای کەمتریان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی ئاوارەیی، نائاسایشی یان پەکککەوتنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
ئەزموونی زۆرێک لە ناوچە شێواوەکانی جیهان نیشانی داوە کە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە لە نزیک ناوچە نیشتەجێبوونەکان یان ژێرخانە مەدەنییەکان ئەنجام بدرێت، تەنها لە چوارچێوەی ئامانجە سەربازییەکاندا نامێنێتەوە. تەنانەت کاتێک ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئۆپەراسیۆنەکە تەنها سەربازی بێت، لێکەوتە ئابووری، دەروونی و مرۆییەکانی زۆرجار بە شێوەیەکی بەربڵاوتر لە سنووری پێکدادانەکە بڵاودەبنەوە و ژیانی هەزاران هاوڵاتی ئاسایی دەخەنە ژێر کاریگەرییەوە.
لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، پاراستنی مەدەنییەکان نابێت ببێتە داواکارییەک کە بەستراوەتەوە بە ناسنامەی سیاسی یان لایەنگریی لایەنە ناکۆکەکانەوە. بەرپرسیارێتی ڕێزگرتن لە ژیان، ئاسایش و بژێوی خەڵک لە ئەستۆی هەموو ئەو لایەنانەیە کە هێز بەکاردەهێنن. ڕاگرتنی پرەنسیپەکانی جیاکاری، هاوسەنگی و وریایی، هەڵبژاردنێکی سیاسی نییە، بەڵکو پابەندبوونێکی یاسایی و مرۆییە.
لە دۆخێکدا کە ناوچە سنوورییەکان زیاتر لە هەمیشە پێویستیان بە ئاسایش، وەبەرهێنان، ڕەخساندنی هەلی کار و بنیاتنانەوەی متمانەی گشتی هەیە، دووبارەبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکان ئەم پرسیارە بنەڕەتییە دەخاتە بەردەم ڕای گشتی کە دەستکەوتی واقیعیی ئەم کارانە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە چییە؟
پژاک و گرووپە چەکدارە کوردییەکانی دیکە ساڵانێکە پشتیان بە ستراتیژی خەباتی چەکداری، ململانێ و توندوتیژی بەستووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونیان بە پرسیارێکی بنەڕەتی نەداوەتەوە: ئەم هەموو ساڵە لە جەنگ, پێکدادان و گرژی، لەگەڵ هەموو هەوراز و نشێوەکانیدا، چ دەستکەوتێکی بەرجەستەی بۆ خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان هەبووە؟ ئایا ئەنجامی ئەم خولە، زیادبوونی ئاسایش، خۆشگوزەرانی، گەشەپێدان و بەهرەمەندبوون لە مافی زیاتر بووە یان پەرەسەندنی نائاسایشی، سنووردارکردنی ئەمنی، زیانی ئابووری و لێدانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان؟
ئەگەر ئەنجامی هەر ئۆپەراسیۆنێک، داخرانی ڕێگاکان، توندبوونی کەشی ئەمنی، زیانگەیشتن بە باخ و کێڵگەکان، کەمبوونەوەی چالاکی ئابووری و زیادبوونی نیگەرانی خێزانەکان بێت، قازانجی ئەم کارانە دەچێتە گیرفانی کێ و باجەکەی کێ دەیدات؟ ئایا ڕێبەرانی گرووپە چەکدارەکان ئەم تێچووانە دەگرنە ئەستۆ یان جوتیاران, کاسبکاران, کرێکاران, ژنان, منداڵان و ئەو خێزانانەی کە هیچ ڕۆڵێکیان لە بڕیاردان بۆ دەستپێکردنی پێکدادانەکاندا نییە؟
ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی دیاریکراو ئاڕاستەی پژاکیش دەکرێت؛ گرووپێک کە خۆی وەک لقی ئێرانی پ.ک.ک دەناسێنێت. لە کاتێکدا پ.ک.ک چووەتە ناو پرۆسەی ڕاگەیاندنی کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و داماڵینی چەک و هەوڵدان بۆ تێپەڕین لە ڕێگای سەربازی بەرەو ڕێڕەوە سیاسییەکان دەستپێکردووە، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە پژاکیش بە پێداچوونەوە بە ستراتیژی خۆیدا، لە بەردەوامیی خولی توندوتیژی دوور بکەوئتەوە و بچێتە پاڵ پرۆسەکانی بنەمادار بە کەمکردنەوەی گرژی و دانانی چەک؟
لە کۆتاییدا، بەرپرسیارێتی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ تەنها لە ئەستۆی دەوڵەتەکاندا نییە. گرووپە چەکدارەکانیش لەبەردەم لێکەوتەکانی کارەکانیان لەسەر ژیان، ئاسایش، بژێوی و داهاتووی مەدەنییەکان بەرپرسیارن. تا ئەو کاتەی وەڵامێکی ڕوون بۆ ئەم پرسیارانە پێشکەش نەکرێت، ئەم نیگەرانییە بەردەوام دەبێت کە گەورەترین دۆڕاوی هەر قۆناغێکی نوێ لە توندوتیژی، نەک لایەنە ناکۆکەکان، بەڵکو هەمان ئەو خەڵکەن کە ماڵ، کێڵگە، بازاڕ، قوتابخانە و داهاتووی منداڵەکانیان لە ژێر سێبەری ئەم خولە فرسایندەیەدا زیانی پێدەگات.





